وتار

پرسی هەڵاوێردنی كاری بانگەواز لەكاری سیاسی

8/9/2019 10:20:00 PM 33 جار خوێندراوەتەوە
مەولود باوە موراد

 

ئەنجامگیری "فیكری جیاكردنەوەو ڕۆڵی سەركردەكان"
وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد پرسی جیاكردنەوەی كاری بانگەواز لەكاری سیاسی، بە مشتومڕی لێرەولەوێی و گفتوگۆی لێكدابڕاو، یان پێویستیەكانی ڕۆپۆشكردنی شكست، یان ڕەغبەتی دووبارە خۆخستنەوە بەردەم جەماوەر لەبەرگ و ڕەنگێكی نوێدا ناكرێت، ئەمانە هەموو شتی ڕواڵەتی و نمایشین، ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو پیشانیداوە سەركەوتنیان بەنسیب نەبووە و نابێت. 

شتی جەوهەریی بەهەمهێنانی"فیكری جیاكردنەوە"یە. 
خاڵی گرنگی دەستپێك كۆدەنگیەكی بێدووڵی و ڕاڕایی سەرۆك و سەركردایەتی و بەرپرسانی باڵای حزب و كۆمەڵەی سیاسیە ئیسلامیەكانە، لەسەر قەناعەت بە پێویستبوون و زەرورەتی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە و كەڵك و سوود و جەدوای وەرگرتنی ئەم هەڵوێستە، ئەمەش بێوێناكردن، بێهاتنەبەرچاو، بێبینینی، ئەو دنیا نوێیەی پاش ئەنجامدانی پرۆسەی جیاكردنەوە، حزب و كۆمەڵەی ئیسلامیی تێدەكەوێت لەلایەن سەرۆك و سەركردایەتیەوە، هاتنەدی ئەستەمە، سەركەوتوونابێت، ئەنجامی خوازراو بەدەستەوەنادات!! دواجار ئەمە بەرپرسیاریەتی ئەوانە وەك حزب و كۆمەڵەی ئیسلامیی لەبەردەم خودا و جەماوەرەكەشیاندا، سەركێشی و ڕاڕایی و تاقیكردنەوەی هەڵە وڕاست هەڵناگرێت.

پاش ئەو پێشمەرجەی پەیوەست بەڕۆڵی سەركردە و سەركردایەتی حزب و كۆمەڵە سیاسیە ئیسلامیەكان، ئەوەندی پەیوەندی بە"فیكری جیاكردنەوە"وە هەیە، كەبەڕای بەندە ئەوخاڵە بنەڕەتیەیە كەتەواوی پرۆسەكەی لەسەر بینادەكرێت، وادەزانم ئێرە جێگەی ئەو موناقەشە فیكریە بێزارگەرە نەبێت، تەنها ئاماژە بەدوو خاڵدەكەم:

1-نەبوونی كۆمەڵەیەك، ڕێكخراوێك، دەستەیەكی سەربەخۆ لەدەرەوەی حزب و كۆمەڵە ئیسلامیەكان لەكوردستاندا، خاوەی ئەزموونی كاری بانگەوازی سەربەخۆی دور لەچوارچێوەی ئەم حزب و كۆمەڵانەدا بوونی هەبێت، گرفتی جیاكردنەوەی ئەم دووكایەیەی قورستركردوە، لەئێستای پرۆسەی جیاكردنەوەدا، یەكێك ئەركە سەخت و قورسەكان، پرۆسە چۆنیەتی و شێوازی دابەشبوون، یان دابەشكردنی ئەندامانی ئەم چوارچێوە بانگخوازیە/سیاسیەیە بەسەر هەردوو تەوەرەكەدا، كێ‌ دەچێتەكام بوار؟ بۆچی دەچێت؟ كێ‌ پێوەری چوونی هەركەس بۆ لایەك لەودابەشبوونەدا دەسنیشاندەكات؟،...هتد، بەدەیان پرسیاریتر.

ئیدعایەكی بێبنەما و نادروستە گەر وابزانین حزب و كۆمەڵەی ئیسلامیی بەم چوارچێوەی ئێستایەوە، كە بەڕێگەی بانگەواز كەسبی ئەندام و لایەنگر بۆكارە سیاسیەكەی دەكات، پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی ئیسلام و مۆرگی ئیسلامیی بوون و شوناسی ئیسلامیی دەكات، ئەمكارە ئەوەندەی بە كۆمەڵەیەكی بانگەوازی ئیسلامیی تایبەت بەم ئەركە دەكرێت و گرنتی بەردەوامبوونی هەیە، نیوئەوەندەی بەحزب و كۆمەڵەی سیاسی ئیسلامیی ناكرێت، كە هەمیشە بانگەوازەكەی لەژێر هەوری ئاسمانی ململانێی سیاسی و هەڵكشانی و داكشانە سیاسیەكانی ئەواندا ڕاگرتووە، وەك كۆمەڵەی ئیخواموسلیمینی میسر پاش ئەزموونە ناحەق و تاڵەكەی كرانەدەرەوەیان لەدەسەڵات، كۆكبوون لەسەر ئەوڕایەی كە"ئەوەی بەدەعوە بەدەستمانهێنا لەسیاسەتدا دۆڕاندمان"

2-ناڕوونی و ئاڵۆزی فیكرەی حزبی پاشخان ئیسلامیی لە دید و ڕوانینی بەشی هەرەزۆری سەركردە و ئەندامانی حزب و كۆمەڵە ئیسلامیەكاندا، بەچی و چۆن حزب دەبێتە حزبی خاوەن مەرجەعیەتی ئیسلامیی؟ لەڕوەكانی فیكر و بیر و ئەندێشەی سیاسی، گوتاری سیاسی ستراتیژ و بەرنامەی سیاسی، ڕۆشنبیری و پەروەردە و هۆشیاری سیاسی، ڕێكخستنی پەیكەری حزب و ئۆرگانەكانی؟ جیاوازی لەوەی ئێستا هەیە و دەكرێت چیە؟ بەچی لەحزب و كۆمەڵە سیاسیەكانیتر جیادەكرێتەوە؟ ئایا حزبی پاشخان ئیسلامیی چوارچێوەیەكی سیاسیە بۆ كەسە پابەند بەئیسلام و ئیسلامدۆستەكان؟ یان ئەو حزبەیە ئەوان ڕابەرایەتیدەكەن؟ وەك پارتی عەدالەی توركیا، یان حزبی پاشخان ئیسلامیی بەڕێگە و شێوازیتر تەئصیل دەكرێ‌ و ڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە؟ و....هتد. 

بەدڵنیایی ئەم پرۆسەیە قابیلی گوێزانەوەی كۆپی ئاسا نیە، بەوەی كۆمەڵە كەسێك سەردانی حزبی ئەو وڵاتانەبكەن و ئەزموونەكە بگوازنەوە، سەركەوتنی ئەستەمە، چونكە قەناعەت و تەقلید لێكجیاوازن، پرۆسەی سیاسی و بیر وئەندێشەی سیاسی موجەڕەد لێكجیاوازن، هەموو پرۆسەیەكی سیاسی بەهەرمی هەلومەرجی ژینگە سیاسیەكەی خۆیەتی، جگە لەڕۆڵی ڕێنمایی نابێ‌ چاوەڕوانی سودێكیتری لێبكرێت.

لەكۆتایدا: لەقەناعەت بەوەی ئەم پرۆسەی جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و سیاسەتە سەركەوتنی لەچارەنانوسرێت، تائەوكاتەی سەرۆك و سەركردەكانی حزب و كۆمەڵە سیاسیە ئیسلامیەكان لەڕوی تیۆریەوە بەرچاوڕوونی و هۆشیاری و تێگەشتن و قەناعەتی پێویست لەسەر جیاوازەیە حەقیقیەكانی نێوان ئەم دووكایە و كێشەكانی ئاوێتەكردنیان لادروست نەبێت، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێگەشتن و قەناعەت و هۆشیارە، بڕیاڕی ڕوون و ئاشكرا و پێویستی بێدڵەڕاوكە و ڕاڕایی لەسەر ڕێكارەكانی پیادەكردنی وەرگرن. لێرەوە، ئەگەر ئیرادەی جیاكردنەوەی ئەم دووكایە جدیە، گفتوگۆیەكی بەردەوامی پشوودرێژی بەرنامە بۆكراوی دور لەچاوی كامێرا و هەواڵی سۆشیال میدیای سەرۆك و سەركردایەتی ئەم حزب و ڕێكخستنە ئیسلامیانەی دەوێت، تا لەڕوی تیۆریەوە هەردوو بەشی كۆمەڵەیەكی بانكخواز، هەر لەپێناسەوە تا دوا ئەڵقەی ڕۆڵ و ئامانج، و حزبێكی سیاسی پێناسەكراو بەخاوەن مەرجەعیەتی ئیسلامیی تا دواهەنگاوی مۆڵەت وەرگرتن، وەك فیكری جیاكردنەوە بەرهەمبێنن.

ئەگەر ئەمە كارێكی قورسە و ناكرێت، تكایە:-
1-خەمی بانگەوازی ئیسلامیی و بڵاوكردنەوەی ئیسلام و گەیاندنی بەخەڵك و كۆمەڵگە مەكەنە پاساوی نەتوانینی گەلاڵەكردنی پرۆژەی"فیكرەی جیاكردنەوە" و شێوانە-خلل-فیكریەكانتان لەم پرسەدا. 
2-دەستبەرداری ئەم مشتومڕە پەرتەوازە و جەدەلە بێزەنتیەی جیاكردنەوەی دەعوە وسیاسەتە ببن، كە ڕەنگە هەندێجار ببێتە مایەی دڵڕەنجاندن و نیگەرانی نێوخۆیی لێبكەوێتەوە.
3-ئۆباڵی شكست و بچوكبوونەوە و ناكارایی سیاسی لەبەدەستهێنای زۆرینەی سیاسی ومتمانەی جەماوەری كۆمەڵگە بەعەقڵیەتی پیلانگێڕی شرۆڤەمەكەن. 
4-دستبەرداری ناوناتۆرە ووتن ببن بە خەڵكانێك وەك لێكۆڵینەوە یان وەك نووسەر و بیرمەند كە مافی خۆیانە ئەم پرسە بكەنە بابەتی قسەكردن و ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی خۆیان.....ان ارید الا اصلاح ماستگعت و ماتوفیقی الاّ بالله

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن