چوار دەردە بێ دەرمانەکەی عێراق
2/12/2020 10:33:00 AM
مەولود باوە موراد
پاش گۆڕانی ڕژێمی عێراق لە نیسانی ٢٠٠٣دا، خەڵکی عێراق و ھەموو دنیا چاوەڕوانی سەرلەنوێ بونیادناوەی دەوڵەتی عێراقی نوێ بوون، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ١٧ ساڵ بەسەر تەمەنی گۆڕانکاریدا دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق بەچەندین ھەنگاو بەرەو وێرانی و داڕوخان و نائارامی ڕۆشتوە بەجۆرێک توانای بەراوردکرنی بە نیوسەدەی مێژووی سیاسی عێراق ڕابردووی نیە، شکستی نوخبەی سیاسی لە بونیادنانەوەی عێراقی پاش گۆڕانی ٢٠٠٣ چەندین فاکتەری لەپشتەوەن:
١. شکست و ناکارامەیی نوخبەی سیاسی ئیسلامی شیعی کە لەسەردەمی ئەنجومەنی حوکمەوە تا ئێستە موقەدەراتی سیاسی عێراقیان بەدەستبووە، بەتایبەت حزبی دەعوەی ئیسلامیی.
ناکارایی و لێنەھاتنی ئیداریی و سیاسی ئەم نوخبە سیاسیە تینوەی دەسەڵات، حکومەت و دەوڵەتی عێراقی غەرقی دەریای گەندەڵی و دزی و گزی کردوە بەھەموو ئاست و ڕەھەندەکانیەوە، تەنیا بۆنموونەی یەک لە ھەزاران، مەزھەر محمد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: چەندین پرۆژەی تۆمارکراو لای حکومەت ھەیە بەکولفەی ٢٢٢,٣ ملیار دۆلار لەسەر زەوی ھیچی دیار نیە.
٢. شەڕو کێشەی مەزھەبی وتایفی بەھەردوو جۆری گەرم و ساردی کوشتنو ڕاگواستن و مەحرومکردن لەمافی ھاوڵاتی بوونی یەکسان، دابەشبوونە کۆمەڵایەتیەکەی بەجۆرێک قوڵکردووەتەوە، توانای پێکەوە ژیانی ئەم دوو پێکهاتەیەی ئەستەم کردووە، چونکە لەپشت ئەم پرۆسەیەوە گیانی تۆڵەی مێژوویی و ئێستای پەیوەندی مەزھەبی ھەمیشە ناکۆکی شیعە و سوننە ئامادەیی ھەبووە و ھەیە.
٣. ئیرھاب و توندوتیژی بەردەوامی بێ بەزەیی و کوێرانە کە بۆساتێکیش بەرۆکی حکومەت و کۆمەڵگەی عێراقی بەرنەداوە، بەزۆری وەک کاردانەوەی ڕەفتاری تایفیو مەزھەبی نوخبەی حاکمی عێراق لێکدەدرێتەوە، لە بەرامبەردا لەبری بەھێزکردنی دامودەزگەی سەربازی و ئەمنی و موخابەراتی یاسایی و دەستوریی فەرمی وڵات کە پارێزگاری لە سەقامگیری گشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵکەی عێراق بکات، بەدەیان جۆر ھێزی چەکداری میلیشیایی بەفەرمانی مەرجەع و وەک باڵی سەربازی حزب و ڕێکخراوە سیاسیە شیعیەکان پێکھینراوە کە بوونەتە سەرچاوەی بڕیاری عەسکەریو سیاسی و دارایی، لەبری حکومەت لەناوچەکانی نفوزی خۆیاندا.
٤. دەستێوەردانی دەرەکی لەسەر ھەردوو ئاستی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا بەھۆکار و بیانوو و پاساوی جۆروجۆر، سەرەنجام سەروەری عێراقی خستوەتە ژێر پرسیاری ھاوڵاتیان و نەوەی نوێی پاش سەردەمی گۆڕانی ٢٠٠٣. بەتایبەت ئەگەر ئەو ڕاستیە لە بەرچاو بگرین کە گۆڕانی ڕژێمی پێشوو بە ھێزی دەرەکی ئەمریکا بوو، ئەم نوخبە سیاسیە حاکمە شانازیەکی ئەوتۆیان لەم بوارەدا پێنەبڕاوە.
ئێستا خۆپیشاندانەکانی پارێزگا شیعەنشینەکان دەرەنجامی ئەوشکستەی نوخبەی حوکمڕانی ئیسلامیی شیعی عێراقن کە نە ئارامی و سەقامگیریان دەستەبەرکرد و نە ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵگەی عێراق بەھەموو پێکھاتەکانیەوە.
ئەم دەردانە “شکستی نوخبەی سیاسی ئیسلامیی شیعی، کێشەی مەزھەبیەت و تایەفەگەریی، ئیرھاب و میلیشاگەریی، دەستێوەردانی دەرەکی” سەرچاوەی ھەموو دەرد و قەیران و داڕمانەکانی پرۆسەی سیاسی و شکستی بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقە پاش گۆڕانی ٢٠٠٣. ئەم قەیرانە قوڵ و ڕیشەییانە بە بڕیاری پەرلەمانو گۆڕینی سەرۆک وەزیران چارەسەر نابن، چونکە وەک دەبینین قوڵترن لەوەی لەڕوکاری سەرەوەی کۆمەڵگە و پرۆسە سیاسیەکەدا دەبینرێت.