2198وتار

حەقیقەت بەھایەکی مانا بەخش بەژیان

4/19/2020 10:38:00 AM
مەولود باوە موراد

 چەمکی حەقیقەت بەھایەکی گەورەی ژیانە، ئاینه‌كان، فەلسەفە و فەیلەسوفان، بیرمەندان، عاریفانی ئەھلی عیشق و دڵ، تەنانەت ھونەرمەندان و شاعیرانیش، بەشێکیان لەم گەڕان و عەوداڵ بوونە بە دوای حەقیقەتدا پێبڕاوە، گەورەیی چەمکی حەقیقەت لەژیاندا لەو سۆنگەوەیە کە دەبێتە بەھایەکی مانا بەخش بەژیان، بەتایبەت لەڕوی ئارامی ویژدان و ئاسودەیی ڕۆح و دڵنیایی شعورەوە، ھەروەک سەقامگیری بەژیان و جوڵەی مرۆڤ دەبەخشێت. 
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئەرێ حەقیقەت چیە و چی حەقیقەتە؟ و لەکوێ و لەچیدا بەرجەستە و نمایش دەبێت؟ لێرەوە دەگەینە ئەو وێستگە جەدەلیەی، کە دەڵێت: حەقیقەت چەمکێکی یاخی و بەدەرە لە گەمارۆدان، ڕاستیەکی ئاڵۆز و ئاوێتەیە، لەبەکارھێنانی گشتیدا ھەکەسە بەمەزەندەی تێگەشتنی و ڕوانینی خۆی مانای حەقیقەتی لا دروست دەبێت، ڕەنگە حەقیقەت ئەوە ھەست دەکرێت و لای ئەو ڕاستە یان لای خەڵکی بەگشتی بەڕاست دانراوە، بەدور لە بابەتی حەقیقەتی ھەستکراو و حەقیقەتی زیھنی،  ئەگەر بڵێین حەقیقەت یانی (ئەوەی ڕاست و نەگۆڕ و یەقینه‌)  بەدڵنیایی ڕاستی و نەگۆڕ و یەقیین، لەژیانی مرۆڤدا بەڕەھایی بوونی نیە، لەلایەک ھەموو ڕاستیەکان لەیەک دید و عەقڵ بۆچووندا کۆنابێتەوە، سروشتی ژیان وایە نەگۆڕان و بەردەوامی لەسەر یەک ھێڵی نەگۆڕی تیانیە.  
لەلای دووھەمەوە مرۆڤەکان لەسەر چیەتی و جەوھەر و دەلالەتی حەق و کامە حەقە و بەچی دەوترێت حەق و نەگۆڕ، جیاوازی و میانەی زۆریان لەنێواندا ھەیە؟؟ کەواتە ئەم دوو پایەی حەقیقەت کە «ڕاستی و نەگۆڕ»ن یەک دەنگی کۆک بوونیان لەسەر نیە؟ کە ڕاستی و نەگۆڕ بەڕەھایی دەسنەکەون «یەقین»یش دەسکەوتن و پەیدابوونی نایەتەدی.  
ئەگەر مانایەکیتری فەرھەنگی بۆ پێناسەی حەقیقەت وەرگرین کە دەڵئت حەقیقەت دەکاتە: پرەنسیپەکانی یان یاساڕەھاکانی ھەموو بوونەکانی گەردوونە، بۆشایی ئەم پێناسەیە ئەوەیه‌:  
١-لێرەدا مەبەست لە باسی حەقیقەت، حەقیقەتەکانی ناو ژیان و بوونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانە، نەک جیھانی ھەستی و بوونەکانیتر..  
٢-کێن ئەوانەی، کە زانیاری و ئاگایی تەواویان بەسەر گەردوون و ژیان و یاساکانیدا ھەیە، تابتوانن بڕیاری ئەوەبدەن کە دەستیان کەشتووە بەو حەقیقەتە؟؟ 
ئەو دوو پێناسە کورتە و ھەر پێناسەیەکیتر، شتێکی یەکلاکەروە دەربارەی دەستگەیاندنە حەقیقەت وەک چەمکێکی ڕەھا بەدەستەوە نادەن.  
تێگەشتنی بیرمەند و فەیلەسوفان لەبارەی حەقیقەتەوە تەواو جیاواز و لێک دوورن، بۆنموونە: 
*دیکارت: حەقیقەت ئەو بیر و زانیاریەیە کە عەقڵ، بە ڕێگای میتۆدە زانستیەکان دەیگاتێ. 
* کانت:حەقیقەت بەھایەکی ئەخلاقیە. 
* داڤید ھیوم: حەقیقەت جووتبوونی فیکرە لەگەڵ واقیع. 
* نیچە: ھەرچی دەڵێن دەربارەی حەقیقەت ھەمووی وەھمە، بنەڕەتی حەقیقەت ئینسان و ئارەزووی وەچە خستنەوەیەتی. 
* ولیام جێمس: ھەرچی بەسوود و بەکەڵکە ئەوە حەقیقەتە. 
ڕوونە ڕای ئەو فەیلەسوفانەی ئاماژەم بۆکردن ھەریەکە و سەر بەقوتابخانایەکی فەلسەفین.  ڕاستیەکە ئەوەیە، کە خودی ئەم بوون و بوونەوەرە، خودا وەھای خولقاندوە، کە لەگەڵ زیاد لە تێگەشتن و بۆچوون و ھەڵوێستێکدا گونجاو و ھەماھەنگە، ڕاست و مەنتیقیە کە جیھان و بوون و کەون یەک حەقیقەتی ھەیە، بەڵام بەقەولی مەولانا وەک ئاوێنەی شکاوە ھەر پارچەیەکی لای کەسێکە، واتە وێنەی مرۆڤ لەبەردەم ئاوێنەی شکاودا دەبێتە چەندین پارچە و ھەرپارچەیەک لە ئاوێنەکە بەشێک لەمرۆڤەکە نیشاندەدات، بەلام لەڕاستیدا مرۆڤەکە ھەر یەک مرۆڤە، پارچەکانیشی بەشێکن لە حەقیقەتی بەشەکانی ئەو. 
ئەنجام حەقیقەتەکانی دنیای ژیانی مرۆڤ ھەرچی بن و ھەر سەرچاوەیەکیان ھەبێت حەقیقەتی ڕێژەیین. حەقیقەتی ڕەھا لای خودا باوەڕان، تەنھا خودایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن