392وتار

دادگای فیدراڵی و قسەیەکیتر

2/17/2022 1:51:00 PM
مەولود باوە موراد


ماڵی نائارام و ناکۆک بێ دەرگا و پەنجەرەیە، دانیشتوانی وەھاماڵێک ھەریەکە و بۆخۆی دەژی!! کەس بەرپرسیاریەتی نەماڵەکە و نەکەسیتری ناوماڵ لەئەستۆ ناگرێ

وەک پەندە کوردیەکە دەڵێت: ئاوی زۆردار بەرەسەرەوە دەڕوات!! ھەمووشمان دەڵێین: ماڵی نائارام و ناکۆک بێ دەرگا و پەنجەرەیە، دانیشتوانی وەھاماڵێک ھەریەکە و بۆخۆی دەژی!! کەس بەرپرسیاریەتی نەماڵەکە و نەکەسیتری ناوماڵ لەئەستۆ ناگرێ!بیرمەندانی سیاسیش ڕایان وایە ئەگەرنەتەوەیەک لەقۆناغێکی مێژووەکەیدا تووشی قەیرانی قورس و شەڕی ناوخۆ، و برینی قوڵھات، ئەرکی سەرکردەکانیەتی وێسگەیەک بۆچارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ پاکتاوکردن و بنەبڕکردنی دانێن،کە ئەو مێژووە تێپەڕێنێ، ئەگەرنا بۆھەمیشە خۆی بەرھەمدێنێتەوە و وەک برینێکی کراوە لەھەر قۆناخێکی ژیانی و ھەستیاردا  ئەگەری خولقاندنی قەیرانی کوشندەتری ھەیە کە نابووتی و ماڵوێرانی دەکاتە تراژیدیایەکی ئامادە.

ئەمە ئەو ئەنارشتيه کۆمەڵایەتیە سیاسیە نەتەوەییە ساڵانێکە ڕۆحی خەڵکی ئەم ھەرێمەی لەھەموو ئەوەی پێیدەوترێت شوناس و پێکبەستی ڕەچەڵەک و مێژوو، نەک ھەرکاڵ و بێڕەنگ کردوە بەڵکو ھەندێک لەجەخاردا دەڵێن: خۆزگە قەرەچ دەبووین و لەگەڵ کۆچەریە قرەچەکاندا دەژیاين.

ئەمە جگە لە ئێڵنجدانی قوڵپی ئەو زوخاوانەی ویژدانی نەتەوەیی بریندار کردووین، لە  وێسگە ترسناکەکانی ژیانی نەتەوەییدا -وەک ئەوەی ئێستە ڕودەدات- شتێکیتر نیە.

*بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەربارەی یاساو پرۆسەی نەوت وگازی ھەرێم وەک پارێزەر و موفەسیری دەستوری عێراق، لەحاڵی بیماری نەتەوییماندا کەس لەخۆی ڕانابینێ بڵێ بەڕێزانی دادگای باڵای دەستوری فیدراڵی عێراق، ئەم ھەرێمە لەسەر ئەو دەستورە دروست نەبووە وبەودەستورە پێکنەھاتووە، کەئێوە بوونەتە پارێزەری!! مادەی ١١٧ی دەستوری عێراق بەڕوونی دیارە دەرخەرە نەک دروستکەر- کاشف ولیس منشىء- ھەرێم ھەمان سەرزەمینی دیفاکتۆی بڕیاری ٦٨٨ ی نەتەوە یکگرتووەکانە، دادگای باڵای دەستوری مافی بڕیاری دەستوری و نادەستوری بوونی ڕەفتار و کردارێکی بەناوی ئەقلیمی کوردستانەوە ئەوکاتە ڕەوا و دەستوریە کە بەجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق سنوری ئەم ھەرێمەی لەدیفاکتۆی بڕیاری ٦٨٨ وە بکردایەتە سنوری ڕاستەقینەی دەستوریی عێراقی فیدراڵی !! بەڵام مەخابن ئاوی زۆردار سەروژور دەچێت.

٠بەشێک لەخەڵکی ھەرێم بەگەشبینیەوە دەڕواننە بڕیارەکە - ئەگەرچی بەشێکی بەرچاوی دەرھاویشتەی ململانێ سیاسیەکانی ناوخۆی ھەرێمەکەیە-!! بەوھیوایەی کۆتایی بەپرسی موچە و گەندەڵی و ناڕوونی داریی نەوت وگاز بێت!! پێویست بەزیادە ووتن ناکات ھەرلەسەرتاوە ووتم سروشتی ماڵی ناكۆك و نائارام و دابەشبوو ئەوەیە کە درگا و پەنجەرەی نیە و کەس بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ ناگرێت!وەک تۆپی باسکە ھەریەکە بەخێرایی خەتا لەکۆڵی خۆیدەکاتەوە بەئاڕاستەی ئەویتر!!

بەڵام خۆزگە بڕیارەکە بۆ ئەو خواست و پێویستیەی خەڵکی ھەرێم بووایە، بەڵام لەدور و نزیک باس لەم پرسە ناکات و دڵخۆشیەکە ناپێکێ!! جگە لەوەش لەکام بڵاوکراوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا دەربارەی پرسی گەندەڵی و ناڕوونی و نائارامی و چی وچی عێراق لەپلەی ھەرەخوارەوەی کۆتاییدانیە؟؟

گومانم لەوەنیە بەشێک لەم گەشبینیە سەرچاوەکەی مەیلی مۆدێلێک لە عێراقچیەتیە کە لەزێرابی ھەمان پانئێرانیزمەکەی ڕەزاشای پەھلەویەوە ئاودەخواتەوە کە دەیووت: لەئێرانی ئێمەدا فارس وەک نەتەوەی گەورەی دروستکەری مێژووی ئێرانەو کورد ھەیە، ئازەری ھەیە، بەلوچ ھەیە، بەڵام ھەموومان ئاریایی ولەژێرسایەی ئاریامھردا دەژین، ئایا عێراق لەھیچ قۆناغێکی مێژووییدا لەعەباسیەکانەوە تا ڕژێمی بەعس و تا ئەمڕۆش  بانگەشەی عێراقی بوونی بۆھاوڵاتی یەکسان ھەڵکردوە؟ یان ھەمیشە کێشەی شوناسی کۆکەرەوەی عێراقیەکانی ھەبووە؟

  ڕێکەوتن و پێکھاتن لەگەڵ عێراق پێش ئەم بڕیارە و پاش ئەم بریارەش زەرورەت بووە و زەرورەتیشە، بەگەرەنتی ئەوەی بڕگەی (٣) ی مادەی (١٢٢) ی دەستور جێبەجێ بکرێت، بکرێتە سەنتەری گفتوگۆگان، ژیان وگوزەرانی  ئاسودە و کەمکردنەوەی مەینەتی بژێوی خەڵکی ھەرێم لەڕێگەی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆخۆی لەخۆیدا ئامانجێکی گەورەیە، سەرباری ئەوەی کەمکردنەوەی خەمی ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان گەرنتی مانەوەی قەوارەی ھەرێمەکە و دەربازبوونە لە زۆر مەترسی و کێشەی قورستر کەئەگەری ھەیەلە قۆناغی ئێستادا ڕوبەڕوی ببێنەوە!   

 لەبەردەم وەھادادگایەکدا بەودەسەڵاتەی ھەیەتی و بەوئامادەییەی بەدوای سکاڵایەدا  پەیکەر و پێکھاتەی سیاسی و دەستوریی ھەرێم بخاتە بەمەترسی ھەڵوەشاندنەوە!  چ گەرەنتیەک ھەیە سبەی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی پێشمەرگە مادەی «١٢١»/ بڕگەی «٥»بەناوی« حرس الاقلیم» بەنادەستوری دەرنەکات، بەبیانوی ئەوەی ئەرکی ھێزی چەکداری فیدراڵی نابین!!

خودا خەڵکی ھەرێم و قەوارەکەی لەناحەزانی ناوخۆیی ودەرەکی بپارێزێ...ئامین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن