465وتار

«مۆدێرنێتە و کۆرۆنا»

4/5/2020 1:40:00 PM
مەولود باوە موراد


لەگەڵ دەسپێکردنی سەردەمی مۆدێرنێتەدا ژمارەیەک لە بیرمەندان وفەیلەسوفان وایان گریمانەکردبوو کە ئیتر لەمەودوا مێژوو ئاڕاستە دەکەن، بزوانی مرۆڤ و ڕوداوەکان لەبەرژەوەندی ئینسانیەت کۆنترۆڵ دەکرێن، مرۆڤایەتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ڕوداو پێشهاتی خراب و نەخوازراوبەدەستی مرۆڤەکان ئیترکۆنتڕۆڵ دەکرێت، چونکە نهێنی بزوانی مێژوو لەهەموو قۆناغەکانیدا کەشفکراو زانرا، حەتمیەتی مێژوو ئەوچارەنووسەیە کە مرۆڤ خۆی دەینووسێتەوە، نوقتەو سەری دێڕ.


بەڵام هەرخودی مێژوو پێی ووتین ئەمە جگە لەوەهم وگریمانەیەکی خەڵەتێنەر بەولاوە نەبوو؟ لەوساتەوە بۆئێستە خراپتر لەهەموو قۆناغە ڕابردووەکانی مێژوو دەمێ بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە، دەمێ بەناوی خوداوە، دەمێک بەناوی بەرژەوەندی باڵاوە، دەمێک بەناهەق بەناوی سەروەری یاساوە، هەزاران هەزار جار مرۆڤ وژیان وژینگەو شارستانیەت و هەموو پیرۆزیەک هەتک و نابوودکراوە؟ ئینکاری ناکرێ مرۆڤ لەمێژووی پاش مۆدێرنێتەدا ڕێی چووەتە سەر چەندین داھێنان و دۆزینەوەی زانستی باش و بەکەڵک بۆ ئاسودەیی و باشترکردنی بەڕێوەچونی ژیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەرامبەر دەستی بەتەکنەلۆژیایی باشتر وبەهێزتری قڕکردنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژیان گەشتووە و بەرھەمی ھێناوە. 


مرۆڤی سەردەمی مۆدێرنێتە «چێژ و سوود و دەسکەوت»ی کردەگەورەترین تەوەرەی ئامانجی ژیان، سەرەنجام ژینگەی هەواو ئاووگڵی ژیانی خۆی خستە بەرمەترسی بۆگەن بوون و ژەھراوی بوون، بەمەش چەقۆی مەرگی لەملی ئەم هەسارەی جێگەژیانەی خۆی توندکردوە، هەزاران دەردو دەرکەوتەی ناهەمواری چاوەڕوان نەکراو لەپێشتر نەبووی بەدوای خۆیداهێناوە ودەهێنێ.


لەم سەردەمەی مۆدێرنێتەدا هەروەک ژیانی مرۆڤەکان وگەلان یەکسان وعادیلانە نەبوو مەرگ و لەناو چوونی مرۆڤەکانیش بەهەمان شێوە نایەکسان بوون، هەندێک تاجەگوڵینەو سەرەخۆشییان بەهەزاران و ملێۆنان بوو، لەولاشەوە ملێۆنەها لەهۆڵۆکۆست و وگۆڕی بەکۆمەڵ وژان و ئازاری برسیەتیدا لەدوانوزەی دەنگ وهەناسەداڕوحیان دەسپارد. 

ئێستە چی؟ ئێستە کۆڕۆنا هەموو سەردەمەکان و هەموو مێژووەکان و هەموو داهێنراوەکانی دواقۆناغی پێشکەوتنی مۆدێرنێتەی لەم ساتەی مێژوودا کردەسەردەمی خۆی، هەموو وەک یەک دەژین،هەموو وەیەک دەترسین، هەموو وەک یەک خانەبگیر کراوین، هەموو وەک یەک بەبێ نازی تاجەگوڵینەی سەرگۆڕ سەردەنێینەوە.


داخۆ ئێستە یان دوای زەمەنی کۆڕۆنا مرۆڤایەتی چۆن بیردەکاتەوە لەژیانێکی جیاوازتر لەمەی ڕویدا؟ داخۆ مۆدێرنێتە لەمەودوا لەبەرامبەر چۆکدادانی لەبەردەم دیاردەی کۆرۆنادا، بە بیری «خودا زانستیدا» دەچێتەوە!! تابەشێوەیەکیتر مانا و وێنایەکیر بۆ ژیان بکرێت؟؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن