639وتار

چەند پێشنیازێکی خۆڕایی بۆ کابینەی نۆ

7/31/2019 10:09:00 PM
فرمان عەبدولڕەحمان

مێژوو تۆماری کردووە کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا تەنها لە شاری سلێمانیدا دەیان کارگەی گەورەو بچوک و مامناوەندی هەبوون، ژمارەی ئەو خێزانانەی بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردن بوو لە کارگەکاندا، نزیک بوو لە ٤٠ لە سەدی دانیشتوانی شارەکە. ئەوێرۆژێ نیوەی شەکری عێراق لە کارگەی شەکرەکەی سلێمانی و بە چەوەندەری شەکری چێنراو لە شارەزوور، بەرهەم دەهێنرا. جگەرەوبەرهەمەکانی شیرەمەنی و جلوبەرگ و بەرهەمە خۆراکیەکانی دیکەش هەر لە ناوخۆی شاردا بەرهەم دەهێنران. ئێستاشناوی هەندێ گەڕەکی سلێمانی هەر بە ناوی ئەو کارگانەوە ناودەبرێن “شەکرەکە،ئەلبیسەکە، ئەلبانەکە، سایلۆکە، سەهۆڵەکە، کارگەی جگەرەکە، کارگەی چیمەنتۆکە”. سودی ئەو کارگانە تەنها دابینکردنی هەلی کار نەبوو بۆ خەڵکی، بەڵکو رێگرییەکی باش بوو لە چوونە دەرەوەی سەرمایە بۆ وڵاتانی دەرەوە.


لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاتێک دەروازەی سنورەکان بە بێ پلان و بەرنامەڕێژیی واڵاکران بۆ هاوەردەکردنی شمەک و کەلوپەل لە وڵاتانی دەرەوە، نەک ئەو کەمە کارگانەشی توشی داڕووخانکرد کە بەرهەمی ناوخۆییان دابیندەکرد، هاوکات نەزیفێکی گەورەشی کردە ئەو سەرمایە داراییەی کە  وەکو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە دەهات، بەپێی ئەو ژمارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بونیان هەیە، لە ١٣ ساڵی رابردوودا ١٣٧ ملیار دۆلار لە كوردستان بۆ كڕینی كاڵاو شمەک و پێداویستی چووەتەدەرەوە.


با سەرنج لەم ئامارانە بدەین*:
• ساڵانە بە بەهای ٢ملیار دۆلار جلوبەرگ و قوماش هاوردە دەکرێت.
• ساڵانە بە بەهای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دارو تەختە هاوردە دەکرێت.
• ساڵانە بە بەهای نزیكەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار شووشەوات و جوانكاریی نێو ماڵ هاوردە دەكرێت .
• ساڵانە بە بەهای ١٢٧ ملیۆن دۆلار چوكلێت و بسکیت هاوردە دەکرێت.
• هەموو وەرزێکی هاوین بە بەهای ١ملیۆن دۆلار ئایسکریم و شەربەت هاوردە دەکرێن.
•  ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار جگەرە لە ٤٢ وڵاتەوە هاوردە دەکرێت.
• ساڵانە بە بەهای ١٧ ملیۆن دۆلار زۆپا دەهێنرێتە كوردستان.
• ساڵانە بە بەهای ١ملیارو ٤٠٠ هەزار دۆلار مۆبایل دەهێنرێتە كوردستان.
• ساڵانە نزیكەی ٢ملیار دۆلار بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل دەچێتە دەرەوە.
• ساڵانە ٥٠ هەزار تۆن گوڵەبەرۆژە هاوردەی کوردستان دەکرێت.
• ساڵانە ١٠ ملیۆن نەمام و گوڵی سروشتی هاوردە دەكرێن.
• ساڵانە ٦ملیۆن تایەی ئۆتۆمبێل دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان.
• ساڵانە بەهای زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار برنج هاوردە دەكرێت.
• لە ٨ساڵی رابردوودا بە بەهای ٢٠ ملیۆن دۆڵار باڵندە و ئاژەڵی جوانی هاوردە كراوە.
• ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی گەنمەشامی دەچێتە دەرەوە


ئەمانە مشتێک بوون لە قەبارەی ئەو دیاردە ترسناکەی بە ناوی بازرگانیەوە لە هەرێمدا بەڕێوە دەچێت، کێشەی ئەم نەزیفە بەردەوامەی چونە دەرەوەی سەرمایە ئەوە نیە کە لە ماوەی رابردوودا ئابوری هەرێمی توشی داڕوخانێکی گەورە کرد، بەڵکو مەترسیە جدیەکەی ئەوەیە کە داڕووخانی گەورە توشی پیشەسازی ناوخۆیی دەکات، ئەوەش لە سادەترین کاردانەوەیدا مانای داڕمانی ئابوری نیشتیمانی و نەمانی هەلی کار دەگەیەنێت.


با هەندێ لەو ئامارانەی پێشوو شەن و کەو بکەین، وەک ئاماژەمان پێدا ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار جگەرە هاوردەی هەرێم دەکرێت، لایەن نەرێنیەکەی ئەم هاوکێشەیە تەنها ئەوە نیە کە پارەیەکی زۆر بەهۆیەوە دەڕواتە دەرەوەی کوردستان، کاریگەریە ئابوریە خراپەکانی ئەم حاڵەتەش هێندە دیارو بەدیهین پێویست ناکات لە رووی زانستی ئابوریەوە شرۆڤەو شیکاریی بۆ بکەین. دیارەئەو خاڵەش ئاشکرایە کە بازرگانی جگەرە لە بزنسێکی قازانجدارە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستایدا، ئەم کەرتە تەنها گروپێکی بچوک لە بازرگانان کە دابەش بوون بەسەر چەند بەرپرسێکی حیزبیدا سودمەندو دەوڵەمەندبوون. بیهێنەپێشچاوی خۆت ئەگەر لە کوردستان زیاتر لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جگەرە هەبونایە، لە بری ئەوەی جگەرە لە ٤٢ وڵاتەوە هاوەردە بکرێ، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنراو هەزاران هەلی کاریشی فەراهەم دەکرد، سەرباری ئەوەش بوونی ئەو کارگانە دەبوونە بزوێنەری جوتیاران و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، بەوپێیەی جوتیاران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی توتن دەبوون و کارگەکانیش دەبونە وێستگەی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، ئەمە ئەگەر بزانین لە حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئەم دیمەنە بە تەواوی ئەو وردەکاریە خەیاڵیانەی باسی لێوە دەکەین بونی هەبووەو بەشێک بوون لە واقیعی ئابوری کوردستان.


هەڵبەت ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێکی دیکە لەو کەلوپەلانەی تریش راستن کە هاوەردەکردنیان نەزیفی خستۆتە نێو سەرمایەی ناوخۆیی کوردستانەوەو بەوەش هەم پیشەسازی نێوخۆیی توشی ئیفلیجی بووەو هەمیش رێژەی بێکاریی زیادکردووە. هەربۆیەبەشێک لە ئەرکە هەنوکەیی و زۆر جدیەکانی کابینەی نۆ راگرتنی نەزیفی چوونە دەرەوەی سەرمایەیە، ئەویش زۆر بە سادەیی بە پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکان دەستپێدەکات

گەشەپێدانی پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکان
ئەڵمانیا یەکێکەلە وڵاتە پیشەسازیەپێشەنگەکان لەسەر ئاستیدونیا، گوزارەی “made in Germany” بوەتە براندوشوناسێکی پیشەسازی گرنگ‌و متمانەپێکراو،بەشداریی پیشەسازی لەهاوکێشەی ئابوری ئەڵمانیائەو وڵاتەی کردۆتەیەکێک لە ئابوریەهەرە بەهێزەکانی جیهان،کە نەک تەنهابۆ خودی ئەڵمانەکانبەڵکو پایەکانی ئابوریکیشوەری ئەوروپاشی راگرتووە. هەڵبەت نەخوێندەوارییەکی گەورەیەپێمانوابێتپشکی پیشەسازییبوونی ئابوری ئەڵمانیا تەنها بەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو مارسیدس و سیمینس و بی ئێم دەبلیو و پیشەسازییە قورسەکان دەکەوێت، بەڵکو سیحری بەهێزیی ئابوری ئەڵمانیا لە پیشەسازیە بچوک و مامناوەندییەکاندایە، ئەو پیشەسازیانەی کە دەچنە خانەی پێداویستیە رۆژانەییەکانی بەکاربەر، لە گرنگترینیان پیشەسازیە خۆراکیەکان و جلوبەرگ و پاکەرەوەو بابەتی جوانکاریی و پێداویستیەکانی دیکەی ناوماڵ و پیشەسازی ریسایکلین. بەشێکیگەورەی بازاڕی کاریش لەو وڵاتە هەمیشە پیشەسازییە بچوک و مامناوەندییەکان فەراهەمی دەکەن.


ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ کوردستان، ئایا رەوایە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار سەرمایە بۆ نمونە تەنها بۆ هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەو بەرهەمەکانی ماکەرۆنی، دەچنە دەرەوە، لە کاتێکدا ئەو دوو کاڵایە هێندە سادەو ئاسان بەرهەم دەهێنرێن هاونیشتمانییەکی سادەش لە ماڵەوە خۆی دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. کابینەینۆ دەتوانێت بە پێی چەند رێوشوێنێکی یاسایی و زانستی و ئابوری، هەڵمەتێکی گەورە بۆ دامەزراندن و  پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی چەندین پیشەسازی بچوک و مامناوەندی دەستپێبکات، بە تایبەتی ئەو پیشەسازیانەی کە جگە لە دروستکردنی هەلی کار، برەوو بازاڕیش بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان فەراهەم بکات، بۆ نمونە ئەگەر لە کوردستان ١٠ کارگەی دۆشاوی تەماتە هەبێت بە کوالیتەکی باش پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، بازاڕەکانی کوردستان پێویستیان بە بەرهەمی دەرەکی نامێنێت، هاوکات جوتیاران دەتوانن بەشێکی زۆر لە زەوی و بەیتە پلاستیکیەکانیان بکەنە بەرهەمی تەماتە، ئەوەش قازانجێکی دیکەیەوە دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی جوتیارو کەرتی کشتوکاڵ. ئەمهاوکێشەیە بۆ زۆرێک لە شمەک و کاڵاکانی دیکەش هەر راستە، بۆ نمونە ئەو کاغەزو کارتۆنەی وەکو زبڵ و خاشاک دەسوتێنرێ دەتوانرێ بەهۆی پیشەسازی ریسایکلینەوە جارێکی دیکە بکرێتەوە بە کلێنس و کاغەزو کارتۆن و پێویست نەکات بازرگانان ساڵانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار کلێنس لە دەرەوە بهێنن و نەزیف بخەنە سەرمایەی نێوخۆیی کوردستانەوە.
لە دونیای مۆدێرن و سیستماتیکدا هەر کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێ، یەکەم گوتارو کارنامەی کابینەکە ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو هەلی کارانەیە کە بۆ گەنجەکانی فەراهەم دەکات، شانازی هەر کابینەیەکیش زۆریی قەبارەی ئەو هەلی کارانەیە کە بۆ ئابوری وڵاتی دەڕەخسێنێت، ئەو پرۆسەیەش تەنها یەک رێگەی هەیە کە بریتیە لە دامەزراندن و پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی پیشەسازییە بچوک و مامناوەندییەکانە، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت بەشێکی باش لە “نەزیفیچوونە دەرەوەی سەرمایە” لەکوردستان رابگیرێت.


* ئامارەکان زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوونە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستووە بەشێکی زۆریان لە رێگەی رۆژنامەنووس رەوا عەبدوڵڵاوە بڵاوکراونەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن