1112وتار

چەند پێشنیازێکی خۆڕایی بۆ کابینەی نۆ

7/23/2019 11:44:00 PM
فرمان عەبدولڕەحمان

بێکاریی لە ئێستای کوردستاندا یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکان ئەگەر ترسناکترینیشیان نەبێت، بە پێی ئامارە نافەرمیەکان رێژەی بێکاریی فیعلی٢٠ لە سەدی تێپەڕاندووە، ساڵانە هەزاران خوێندکاری زانکۆو پەیمانگاکان خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە سەر قەبارەی کەڵەکەبووی قەیرانی بێکاریی، بە بڕوای من ئەم کێشەیە یەکێکە لەو ئەرکە قورسانەی رووبەڕووی کابینەی نۆیەم دەبێتەوە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی. کێشەکە قورس و ئاڵۆزە بەڵام چارەسەرکردنیشی کارێکی مەحاڵ و ئەستەم نیە، تەنها پلانێکی تۆکمەو زانستی و واقیعی دەوێت. بە بڕوای ئێمە رێگای درێژو سەختی ئەو قەیرانە کوشندەیە بە یەک بڕیارو هەنگاو، کورت و ئاسان دەبنەوە، ئەویش بڕیارێکی ستراتیژیە و بریتیە لە : 

 گواستنەوە لە کەرتی نەوتەوە بۆ کەرتی ئاو
زیاتر لە ١٠ ساڵە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا دەکەن بەڵام دەرەنجام جگە لە ملیۆنان دۆلار قەرزی هێنایە ئەستۆی حکومەت و قەیرانی دارایی، چی دیکەی بەرهەمهێنا، تەنانەت ئەم سێکتەرە کەمترین هەلی کاری نێوخۆییشی فەراهەم کردووە، کارمەندێکی کورد لە دانەگاز پێی راگەیاندم بە نزیکەیی لە ١٠٠ کارمەندی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە ٦٠ کارمەندیان بیانین. کابینەی نوێ دەتوانێت بەپێی پلانێکی ستراتیژێ لە سێکتەری ئاوی هەرێمدا دەست بە وەبەرهێنان و پرۆژەسازی بکات، چونکە دەرفەتەکانی ئەم کەرتە ئەگەر زیاتر نەبن هیچی کەمتر نین لە سێکتەری نەوت.
ئەگەر کابینەی نۆ تەنها پرۆژە ئەفسوناویەکەی بەنداوی بێخمە جێبەجێ بکات گەورەترین خزمەت بە مێژووی خۆی و خەڵکی کوردستان دەکات. من پێشنیاز دەکەم بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی لە دەرەوەی ئەو خوێندنەوە ئایدۆلۆژی و بەرتەسکەی لەلایەن هەندێ لە کاربەدەستانی پارتیەوە بۆ پرۆژەی بەنداوی بێخمە دەکرێت، چەند راوێژکارێکی بیانی رابسپێرێت بۆ دەرخستنی جەدواو بایەخی ستراتیژیی ئەم پرۆژەیە، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی کە جێبەجێکردنی پرۆژەی بەنداوی بێخمە چ گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر ئابوری و بایەخی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستاندا دەهێنێت. جا بۆ قەرەبوکردنەوەو نەهێشتنی ئەو پاساوەش کە گوایە حکومەتی شانشینی عێراق کاتی خۆی وەکو هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناوچەی بارزان پێشنیازی ئەو بەنداوەی کردووە، دەتوانرێت ناوی بەنداوەکە بنرێت بەنداوی بارزان یان موستەفا بارزانی، بەوەش بۆ هەمیشە هەم ناوی بارزان و هەم ناوی موستەفا بارزانیش بۆ هەمیشە نەمر دەکرێن.
بەنداوی بێخمە یەکێکە لە پرۆژە مەزن و ستراتیژیەکان، بۆ گلدانەوەی ئاوی زێی گەورەو لقەکانی، پرۆژەکە هێندە مەزنە بە پرۆژەی گاپی عێراق ناسراوە توانای گلدانەوەی 17 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، کە بەهۆیەوە 1 ملیۆن دۆنم زەوی بەراو دەکات (هەر دۆنمێک ٢ هەزرو ٥٠٠ مەترە). پرۆژەکە لە کاتی جێبەجێکردنیەوە هەتاوەکو ٨ ساڵی داهاتوو ١٠ هەزار هەلی کاری راستەوخۆ فەراهەم دەکات، ئەمە جگە لەو هەزاران هەلی کارە ناراستەوخۆیەی بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کرێکارانی پرۆژەکەوە دروست دەبن، کاتێکیش پرۆژەکە تەواو دەبێت، دەبێتە پرۆژەیەکی ستراتیژیی خێردار نەک تەنها بۆ نەوەی ئێستا بەڵکو ئەو نەوەیەشی ٥٠ ساڵی دیکە لە دایک دەبن دەتوانن سودمەندی راستەوخۆی پرۆژەکە بن، بەوەش هەم مێژووی کابینەی نۆو هەم ناوی سەرۆکوەزیرانەکەشی پرشنگدارو نەمر دەکات.. 


کاریگەریە ئەفسوناویەکانی 
بەنداوی بێخمە

بە تەواوبونی پرۆژەکە، ئەم سودە ئابوریانە لە بەردەوامی پرۆژەکەوە دروست دەبن:
* دەریاچەیەکی گەورە دروست دەبێت کە پانتاییەکەی ١٤٦ کم دەبێت، کە بەهۆی ئەو رووبەرە ئاویە زەبەلاحەوە، ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری گەورە کە دەتوانرێت بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی گەشتیاریی تێدا ئەنجام بدرێت، ئەوەش دەیکاتە ناوچەیەکی گەشتیاریی بەناوبانگ نەک تەنها بۆ گەشتیارانی ناوخۆو عێراق بەڵکو بۆ گەشتیارانی بیانیش، ئەوەش کراستەوخۆو ناراستەوخۆ هەزاران هەلی کار بۆ هاوبتشتماناین دەڕەخسێنێت.
* ئەو دەریاچەیەی لە بەنداوی بێخمەوە دروست دەبێت، سێ هێندەی دەریاچەی دوکان دەبێت، ئەوەش ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ گەشەکردنی سەدان جۆر ماسی، ئەوەش نەک توانای دابیکردنی پێداویستی بەرهەمی ماسی هەموو عێراقی دەبێت بەڵکو دەتوانرێت چەندین کارگەی لە قوتونانی ماسیش دروست بکرێت، لە هەردوو بارەکەدا هەلی کاری زیادە بۆ بێکاران دەڕەخسێنێت.
* بەنداوەکە توانای بەرهەمهێنانی 2500 مێگاوات کارەبای هەیە، کە پشتیوانیەکی باش دەبێت بۆ کەرتی کارەبا، هاوکات هەر بەهۆی زەبەلاحی خودی پرۆژەی بەنداوەکە، پرۆسەی ئیدارەدانەکەی پێویستی بە ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ کارمەندی جۆراوجۆر هەیە لە ئەندازیارو تەکنیکی و کرێکار.
* بەنداوەکە توانای بەراوکردنی یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵیی هەیە، لە ئابوریشدا زەوی بەراو مانای کشتوکاڵێکی زامن و ستراتیژیی، کێشەی هەرە گەورەی کشتوکاڵ لە هەرێمدا ئەوەیە کە کشتوکاڵێکی ناگەرەنتیکراوەو بەشی هەرە زۆری پشت بە شێوازی دێمی دەبەستێ کە شێوازێکی زۆر سەرەتایی و ناجێگیرە چونکە لەم رۆژگارەدا کە گۆڕانکاری کەشوهەوا بۆتە حەقیقەتێکی زانستی و پشت بەستن بە سروشت و بارانبارین ناتوانێت کشتوکاڵێکی باش و ئابوریانە فەراهەم بکات. بەراوکردنی ئەو رووبەرە بەرگراوانە بەهۆی بەنداوی بێخمەوە، کشتوکاڵ لە قۆناخێکی بچوک وسەرەتاییەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناخی کشتوکاڵی پیشەسازی، بەوپێیەی کشتوکاڵی بەراو گونجاوە بۆ هەموو بەروبومێک، هەر بۆیە دەتوانرێت لە رێگەی کشتوکاڵی پیشەسازیەوە، کە ئەم بەنداوە فەراهەمی دەکات، سەدان جۆر بەروبومی پیشەسازیی بەرهەمبهێنرێن وەکو لۆکە و کونجی و گوڵەبەڕۆژەو توتن و گەنمەشامی و چەوەندەری شەکرو برنج و فستەق، کە هەر یەکێک لەو بەروبومانەش دەتوانن ببنە بنەمای چەندین کارگەی پیشەسازی نەک بۆ هەرێم بەڵکو بۆ هەموو عێراق، چونکە لە غیابی ئەم جۆرە پیشەسازیانەدا، بازارەکانی کوردستان و عێراق بونەتەبەکاربەری بەرهەمەکانی وڵاتانی دراوسێ.
* بەپێی توێژینەوەکانی حکومەتی عێراقی کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەربارەی بایەخی ستراتیژیی و ئابوری بەنداوی بێخمە ئەنجامی داوە، بەنداوەکە بە کۆی گشتی و بەشێوەیەکی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ توانای ئەوەی هەیە هەلی کار بۆ ٢٥٠ هەزار هاونیشتمانی بەشیوەیەکی باش دەستەبەر بکات، ئەمە ئەگەر بزانین ساڵی 1933 کاری رووپێوو توێژینەوەکانی بەنداەکە تەواوکراوەو ساڵی 1987 دەستکراوە بە جێبەجێکردنی تا ساڵی 1991 توانراوە 33 لەسەدی پرۆژەکە تەواو بکرێ. هاوکات ساڵی 2005 ئەمریکیەکان و حکومەتی عێراقی پرۆژەکەیان زیندووکردەوەو بڕی ۵ ملیار دۆلاریان لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ تەرخانکردەوەو بریار بوو بە 8 ساڵ پرۆژەی بەنداوەکە بە هەموو وردەکاریەکانیەوە تەواو بێت.. ئێستا تەنها بڕیارێکی بوێرانەو هەوڵێکی دڵسۆزانەی سەرۆکی کابینەی نوێی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە زەبەلاحە ئەفسوناویەی کە ئابوری هەرێم دەگەیەنێتە کەناری ئارام. 
ئەوەی کە کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کردووە، بوونی چەند جۆرێک دیزاینی جیاوازە بۆ پرۆژەی بەنداوەکە، بۆ نمونە پلانی A قوڵی بەنداوەکە ٦١٩ مەتر دەبێت، هەموو ئەو قازانجە ئابوریانەی پێشتر باسمانکرد پەیوەستن بەم دیزاینەوە، بەڵام پلانی Bی پرۆژەکە بریتیە لەوەی کە قوڵی بەنداوەکە ٥١٩ مەتر بێت، بە پیی بە دواداچونەکانی ئێمە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە پلانی C بۆ پرۆژەکە ئامادەکراوەو لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رەشنوسەکانی بەردەستن. لە کاتی جێبەجێکردنی هەر یەکێک لەو پلانانەدا هیچ لە بایەخی ئابوری بەنداوەکە کەم ناکاتەوە جگە لەوەی قەبارەی سودە ئابوریەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.
ستراتیژی گواستنەوە لە کەرتی نەتەوە بۆ کەرتی ئاو دەرفەتێکی ناوازە دەبێت بۆ کابینەی نۆ، تەنانەت ئەگەر ئەم پرۆژە ئەفسوناویەش جێبەجێ نەکات، دەرفەتی وەبەرهێنان و کارکردن لە کەرتی ئاوی هەرێمدا هێشتا هەڵگری سەدان دەرفەت‌و هەلی ناوازەن بۆ ئابوریی هەرێم.. بۆ نمونە کوردستان ١٨٠ ناوچەی گونجاوی هەیە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچوک و مامناوەندی، خۆشبەختانە دابەشبونی ناوچە گونجاوەکان بۆ دروستکردنی بەنداو تا ڕادەیەکی زۆر بەشیوەیەکی هاوسەنگ بەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا دابەش بوون، وێنای ئەو دۆخە بکە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی  ١٨٠ دەریاچەو گۆم و رووبەری ئاوی، چەندین ناوچە لە رووی گەشتیاری و کشتوکاڵەوە چەند دەرفەتی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دەڕەخسێت.
کەواتە ستراتیژیی گواستنەوە لە کەرتی نەوتەوە بۆ کەرتی ئاو، پلانێکی ستراتیژیی‌و میکانیزمێکی پراکتیکی کپمەکبەخشە بە کابینەی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە بەشێک لەو قەیرانانەی کە کەرتی نەوت بەسەر ئابوری هەرێمیدا هێنا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن