فەیسبوک چۆن ژیانی گۆڕیوین ؟!
10/30/2019 5:58:00 PM
فرمان عەبدولڕەحمان
ئەوکاتەی نەنکی هاوڕێیەکم بووە خاوەنی ئەکاونتی تایبەت بە خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ئیدی تێگەیشتم ئەم جیهانە وەحشەتناکەی “دنیای گریمانەیی” تا دێت کەسانی دی بۆ نێو کوچە ئاڵۆزو تەلیسماویەکانی خۆی کەمەندکێش دەکات. پێشبینی دەکرێت ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی بەکاربەرانی فەیسبوک بگاتە ٣ ملیار کەس، کە ئەوەش دەبێتە یەکەم تۆڕی کۆمەڵایەتی کە خاوەنی ئەو ژمارە زۆرەی بەکاربەربێت لە جیهاندا.
فەیسبوک تەنها نەبۆتە مینبەرێک بۆ گوزارشتکردن لە ئایدیا جیاوازەکان و دواتر بەهێزکردنی بەهاکانی ئازادی و دیموکراتی وەکو پێنجشەمەی رابردوو مارک زوکەربێرگی خاوەنی فەیسبوک لە زانکۆی جۆرج تاون ئاماژەی پێدا، بەڵکو فەیسبوک بۆتە جیهانێکی ترسناک کە زۆرجار هەم راستی تێدا دەبێتە قوربانی هەمیش پاڵەوانی ساختە هەڵدەتۆقێنێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو جیهانە گریمانەییەی لە نێو فەیسبوکدا دەگوزەرێ، هەستێکی وەها لای مرۆڤ بەرجەستە دەکات کە ئیکتیفا بکات بە پراکتیک کردنی نەریت و پرەنسیپە جوانەکان تەنها لە نێو ئەم جیهانە گریمانەییەدا بێ ئەوەی واقیعی راستەقینە بایەخێکی بمێنێ لەلای.
بۆ نمونە بەکاربەری فەیسبوک وتەو هەستی جوان پۆست دەکات بۆ دایکی یان بۆ خۆشەویستانی، واز لەوە بێنە کە هەستەکەی هەڵقوڵاوی ناخی خۆی نیەو کۆپی پەیستی شوێنانی دیکەیە، هاوکات ئەو شعورەشی لەلا گەڵاڵە دەبێت کە مادام لە فەیسبوک ئەو خۆشەویستیەی دەربڕیوە ئیدی پێویست ناکات لە واقیعدا بە فیعلی دەریبڕێت. ئەمە بۆ شتەکانی دیکەش هەر راستە، مادەم لە فەیسبوک هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ رۆژاڤا دەربڕێوە ئیدی پێویست نەکات لە واقیعدا بڕژێتە سەرشەقامەکان و بەشداری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بکات. مەسەلەکە وای لێهاتووە لەمڕۆدا مرۆڤەکان هێندە گرنگی بەو ژیانە گریمانەییە دەدەن کە لە نێو فەیسبوکدا بونی هەیە، نێو هێندە بگرە کەمتریش ژیانی راستەقینەیان بیرنەماوە.
لە نێو فەیسبوکی کوردیدا هیچ شتێک هێندەی بابەتە سۆفستایی و پۆپۆلیستیەکان بازاڕیان گەرم نیە، لایک و کۆمێنت ئێستا بونەتە بەهای کاریگەر لە ژیانی خەڵکدا، کردن و نەکردنیان لێکەوتی جیاواز دروست دەکەن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ساردو گەرم دەکەنەوە، چەندان دەناسم پەیوەندی نێوانیان لەسەر لایک و کۆمێنت ساردوسڕ بونەتەوە لەکاتێکدا پێشتر بێ کێشە بوون.
لەمانە ترسناکتر ئەو رووداوانەیە کە ژیانە گریمانەییەکەی فەیسبوک هێڵە گشتی و چوارچێوە سەرەکیەکانی دادەڕێژێت، چی لەوە ترسناکترە راستی و رووداوەکان بۆ خاتری لایک و کۆمێنت ئاوەژوو بکەیتەوەو ئاڕاستەی دیکەی پێ ببەخشی، بێ گوێدانە ئەوەی کە لێکەوتی ئەوە چی دەبێت لەسەر واقیعی راستەقینە. بە کوردیەکەی ئەوەی لە فەیسبوکدا دەگوزەرێ بەرجەستە بونێکی ئاشکرای ئەو گوزارەیەی ئیرێش فرێدی شاعیری ئەڵمانیایە کاتێک وتی “منداڵەکان بە گاڵتەوە بەردیان لە بۆقەکان دەگرت، بەڵام بۆقەکان بە ڕاستی دەمردن”.
تەنانەت ئێستا وای لێهاتووە پارتە سیاسیەکانیش بە فەیسبوک ئیکتیفایانکردووە، میدیاو بەیاننامەو خۆپیشاندان و بایکۆتی کاڵای تورکی و پشتیوانی رۆژاڤاو پرسەو هەواڵپرسین و یەکتربینین هەموو شتێک لە نێو ژیانی گریمانەیی فەیسبوکدا بازاڕیان گەرمترە، پێ دەچێ خەڵک ژیانی راستەقینەیان فەرامۆش کردبێ، بۆ نا ؟ هیچ لەوە ئاسانتر نیە لە ژیانی گریمانەیی فەیسبوکدا بژیت و چێژ وەربگری چونکە تەنها گوتارو گفتارت پێویستەو پێویستت بە هیچ کردارێک نیە، کردار لەوێ فلسێک ناکات. لە واقیعدا دڵرەق بە بێ بەزەیی بە مایەی بێزاری دەوروبەرت بە، بەڵام کاتێک هاتیتە ژیانی گریمانەیی فەیسبوک پۆستێکی جوان لەسەر لەسەر جوانی لەسەر مرۆڤایەتی بکەو بە بەها باڵاکاندا هەڵبدە، هەم ویژدانت ئاسودە دەکات هەمیش پاکت دەکاتەوە لەو ئازارانەی ویژدان کە واقیع بۆی دروستکردووی..
هەر ئەمەیە کە رۆژنامەنوس لاورا پۆتەر فەیسبوک بە یەکێک لە “کۆڵانە تاریکەکانی دۆزەخ” وەسف دەکات