733وتار

فەسادو نا عەدالەتی و داڕووخان

2/12/2019 7:27:00 PM
فرمان عەبدولڕەحمان

هیچ شتێک نیە هێندەی فەسادو گەندەڵی مەترسی بێت بۆسەر شکست و لەناوچونی کیانە سیاسیەکان، ئەمە دەرەنجامێکی مێژووکردەو لە نێو هەناوی مێژوودا دەیان نمونەی ئاشکرامان لەبەردەستە کە لێرەدا هەندێکی باس دەکەین :

کاتێک سوپای مەغۆلەکان بەسەرکردایەتی هۆلاکۆ هاتن بۆ داگیرکردنی بە‌غدا، دەوڵەتی عەباسی بەشێوەیەکی ترسناک نغرۆی فەساد بوبوو، ئیبن کەسیر مێژوونوسی گەورەی ئیسلام دەڵێت خەلیفە موستەعسیم بیللا کۆتا خەلیفەی عەباسیەکان هێندە سەرمەستی چێژو لەزەتە بچوکەکانی بوو، ئەو کاتە هەستی بە مەترسی هاتنی مەغۆلەکان کرد کە تیری سوپاکەی هۆلاکۆ، کەنیزەکە سەماکەرەکەی نێو باوەشی خەلیفەی کوشت.. 

جا دەوترێت کاتێ هۆلاکۆ بەغدای داگیرکرد دەستی بەسەر سەروەت و سامانی خەلیفەدا گرت کە ١٠ هەزار دیناری ئاڵتون و سەدان کیلۆ خشڵ و زێڕی گرانبەها بوو پاشان هۆلاکۆ بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە بێ خۆراک خەلیفە گەندەڵەکەی عەباسیەکانی لەنێو خشڵ و زێڕەکانیدا زیندانی کردو هەر کاتێک داوای خۆراکی بکردایە هۆلاکۆ پێی دەگوت دەتوانی زێڕەکانت بخۆیت، کاتێکیش خەلیفەی کوشت هۆلاکۆ پێی گوت بەو سەروەت و سامانە زۆرە دەوتوانی شوراو دەروازەکانی بەغدات بەهێز بکردایەو موچەی سەربازەکانت بدایە کە زۆرینەیان بەهۆی برسێتیەوە توانای بەرگریان نەبوو..

لە ٢٦ کانونی دوەمی ١٩٩١ یەکێتی سۆڤێت هەڵوەشایەوە، دەوڵەتێک کە لەسەر دەستیدا سوپا زەبەلاح و ترسناکەکەی هیتلەر شکستی هێنا، دەوڵەتێک کە ٧٤ ساڵ تەمەنی بوو. جا دەوترێت هۆکاری گەورەی ئەو هەرەسە ترسناکە نغرۆبون و بڵاوبونەوەی فەسادو گەندەڵی بوو لە یەکێتی سۆڤێتدا، بەشێوەیەک ئەو کاتەی میخائیل گۆرباتشۆف کۆتا سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت دەسەڵاتی گرتە دەست لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، زۆرێک لە کاربەدەست و بەرپرسانی وڵات لە سەردەمی لیۆنید بریگنیفەوە لە پۆستەکانیان بەردەوام بون واتە نزیکەی ٢٠ ساڵ هەمان دەموچاوو کاراکتەر جومگە جیاوازەکانی وڵاتیان دەبرد بەڕێوە کە جگە لە فەسادو نادادیی شتێکی دیکەیان بەرهەم نەدەهێنا، هەربۆیە هەوڵە چاکسازیەکانی گۆرباتشۆف نەیتوانی بەر لە شکستی یەکێتی سۆڤێت بگرێت.

حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی سیاسی کورد تەمەنی لە سێ دەیە نزیک دەبێتەوە درێژترین ماوەیە کە کورد خاوەنی دەسەڵات و ئیدارەی خۆی بێت لانیکەم لە ۱۰۰ ساڵی رابردوودا بەڵام لە ئێستادا فەسادو گەندەڵی و ناعەدالەتی بەشێوەیەک ئەم دەسەڵاتە کوردیەی نغرۆ کردووە هێڵی سوری تێپەڕاندووە جا ئێمە کە رەخنە دەگرین خەم لەم کیانەمان ئەخۆین نەبێتە قوربانی گەندەڵی گەندەڵکاران چونکە ئەوەی ئێستا بە ناوی حوکمڕانیەوە بەرێوە دەچێت لە باشوری کوردستان گلۆر بونەوەیەکی هێواشی ئەو کیانەیە بۆ نێو خەرەندە ترسناکەکانی شکست و هەڵدێران دەبێت بەرپرسان لەم دۆخەی هەرێم باش تێبگەن کە قۆناغێک دێت چاکسازی و هەوڵدان بۆ ریشەکێشکردنی گەندەڵی هیچ سودێکی نابێت ئەوکاتە هەرچیەک لە گەندەڵیدا کۆکراوەتەوە وەک بای بەیان بەهەدەر دەچێ و مێژووش رەحم بە کەس ناکات.چ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن