24 کوردستان

دامەزراوەی پەی: ئاگادارییەکانمان ئێستا بوونەتە ڕاستی، هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و پاراستنی بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکانە

01:46 - 26/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دامەزراوەی پەی، دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێم و بەغداد و هۆشدارییەکانی حکومەتی عێراق بۆ هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و پاراستنی بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکانە.

دەقی بەیاننامەکە؛

 "بەیاننامەی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٢٦٨/ ئیتیحادی/ ٢٠٢٦) و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان"
لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا، دادگای باڵای ئیتیحادی لەسەر داواکاریی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری لێکدانەوەیی ژمارە (٢٦٨/ ئیتیحادی/ ٢٠٢٦)ی دەرکرد. بڕیارەکە ماددەکانی (١، ١٠٩، ١١٠/ دووەم و سێیەم، ١١١، ١١٢/ یەکەم، ١١٤/ یەکەم و ١٤٣)ی دەستووری عێراقی لێکداوەتەوە. بە زۆرینە و بە موخالەفەی دوو ئەندام دەرچووە، بە پێی دەستوور (کۆتایی و پابەندکەرە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان). بڕیارەکە لە حەوت خاڵدا سنووری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی سنوور، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، نەوت و گاز، داهاتە نانەوتییەکان و چوارچێوەی جوگرافیی هەرێمدا دیاری کردووە.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ئەم بڕیارە بە ڕووداوێکی یاسایی و لەناکاو نابینێت. بەڵکو دوایین ئەڵقەی ڕێڕەوێکە کە ئێمە ساڵانێکە لە توێژینەوە، کتێب، ڕاپۆرت و یادداشتەکانماندا ئاگادارییمان لێ داوە و ڕادەستی دەسەڵاتی کوردی و هێزە سیاسییەکانمان کردووە. بەڵام گوێیان لێ نەگیرا، و ململانێی حیزبی و پەکخستنی دامەزراوەکان هەرێمیان گەیاندە ئەم سەرەنجامە.
بڕیاری دادگا لە بەرامبەر پێشبینییەکانی دامەزراوەی پەیدا
لە ساڵی ٢٠٢٤دا، دامەزراوەی پەی کتێبی (دادگای باڵای ئیتیحادی و ئایندەی هەرێمی کوردستان: توێژینەوەیەکی یاسایی سیاسی)ی لە نوسینی یاساناس بەڕێز (بڵند دلێر شاوەیس) بڵاو کردەوە، سمینار و بەرنامەی لەسەر ئەنجامدرا و کتێبەکە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ سەرجەم دەسەڵاتداران و هێزە سیاسییەکان ناردرا. لە تەموزی ٢٠٢٦یشدا، لە راپۆرتێکد بە ناونیشانی (هەرێمی کوردستان لە لێواری بۆشایی دامەزراوەییدا)ی بڵاو کردەوە، کە ڕاپۆرتی پێنجەمی پڕۆژەی چاودێری پەرلەمانی کوردستانە بە هاوکاری رێکخراوی (NED)ی ئەمەریکی. ئەم دوو بەرهەمە و یادداشتەکانی پێش و دوایان، بە ڕوونی ئاماژەیان بەم سەرەنجامە کردبوو.
پێشبینییە گشتییەکان
کتێبەکەمان دوو ساڵ پێش ئەم بڕیارە ئاگاداریی دابوو کە لە داهاتوودا هەرێم ڕووبەڕووی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دەبێتەوە، و ڕەنگە ئەمە پەل بکێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی (ژمارەیەک وەزارەت و دەستە و ئەنجومەن و فەرمانگە و یاسا). هەروەها کتێبەکە ئەوەی ڕوون کردبووەوە کە بڕیارەکانی دادگا کۆتایی و پابەندکەرن، و دواخستن و جێبەجێنەکردنیان ٠هیچ سوودێکی تێدا نییە و ناوەڕۆکی بڕیارەکان ناگۆڕێت). ئاماژەی بەو دژایەتییەش کردبوو کە حکومەتی هەرێم دادگاکە بە نادەستووری ناودەبات، بەڵام هاوکات خۆی سکاڵا لەبەردەم هەمان دادگادا تۆمار دەکات.
ڕاپۆرتەکەشمان بە ڕوونی نووسیبووی: مەترسیی سەرەکی بۆ هەرێم (هەڵوەشاندنەوەی فەرمی و لەناکاو) نییە، بەڵکو (بەتاڵبوونەوەی هێواشی ناوەڕۆکی قەوارەکەیە). ڕاپۆرتەکە دەستنیشانی کردبوو کە لاوازیی دامەزراوەکانی هەرێم دەرفەت بە حکومەتی فیدراڵی دەدات دەسەڵاتی کرداریی خۆی فراوانتر بکات، لە ڕێگەی یاسای بودجە، بڕیاری دادگای فیدراڵی، مەرجی ناردنی مووچە و کۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتەوە. هەروەها نووسیبووی کە کاتێک هەرێم بودجەی ساڵانەی خۆی بە یاسا پەسەند ناکات و داهاتەکانی ئاشکرا ناکات، توانای بەرگریی یاسایی و سیاسیی لە بەرامبەر بەغدادا لاواز دەبێت. لە خستنە رووی یەکێک لە سیناریۆکاندا، ڕاپۆرتەکە ڕاستەوخۆ نووسیبووی: (دادگای فیدراڵی کێشە سەرەکییەکان یەکلایی دەکاتەوە). ئەمە رێک ئەو شتەیە کە ئێستا ڕوویداوە.

بەراوردی حەوت خاڵەکەی بڕیارەکە
خاڵی یەکەم: پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان
بڕیارەکە: پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان تایبەتمەندییەکی حەسریی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە. حکومەتی فیدراڵی بۆی هەیە هێزە چەکدارەکانی لەسەر هەموو سنوورەکان بڵاو بکاتەوە، لەوانەش سنوورەکانی ناو ئیدارەی هەرێم، و ئەمە بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێمەوە بەستراو نییە. دادگا هێزەکانی هەرێمیشی بە پێی ماددەی (١٢١/ پێنجەم) لە چوارچێوەی پۆلیس، ئاسایش و پاسەوانی هەرێمدا سنووردار کرد.
پێشبینیی ئێمە: کتێبەکەمان هەر بە پشتبەستن بە ماددەکانی (١١٠/ دووەم) و (١٢١/ پێنجەم)، ئەم لێکدانەوەیەی پێشبینی کردبوو. نووسیبووی کە ئەگەر پێشمەرگە وەک سوپا ئەژمار بکرێت، دەبێت بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، و دەسەڵاتی هەرێم لە سێ جۆر هێزی ئاسایشی ناوخۆدا (پۆلیس، ئاسایش و پاسەوانی هەرێم) کورت دەبێتەوە. هەروەها پێشبینیی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و گەڕانەوەی ئەرکی هەواڵگریی سەربازی بۆ ناوەندی کردبوو. ڕاپۆرتەکەشمان هۆشداریی دابوو کە دوای ٣٤ ساڵ، پێشمەرگە و ئاسایش هێشتا لە ژێر یەک زنجیرەی فەرماندەیی نیشتمانیدا یەک نەخراونەتەوە. خودی سەرۆکی هەرێمیش لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا ڕایگەیاندبوو کە یەکخستنەوەی پێشمەرگە بە پێویست پێش نەکەوتووە. هێزێکی دابەشبوو لەسەر دوو ناوچەی نفووز، ناتوانێت بەرگری لە سنوور بکات و ببێتە بیانووی دەستکاریکردنی پێگەی پێشمەرگەش.
خاڵی دووەم: بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان
بڕیارەکە: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بە پێی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠١٦، سەرپەرشتی و چاودێری و کۆنترۆڵی هەموو ئەو فەرمانگانە دەکەن کە لە دەروازە سنوورییەکاندا کار دەکەن، لەوانەش دەروازەکانی هەرێم. بەڕێوەبردنی گومرگیش بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمدا دەبێت.
پێشبینیی ئێمە: کتێبەکەمان نووسیبووی کە ئەستەمە جارێکی تر حکومەتی هەرێم بتوانێت گومرگەکان بەو شێوە ڕەهایەی جاران بەڕێوە ببات. بە دڵنیاییەوە بەڕێوەبردنی گومرگ بە یاسا ڕێکدەخرێتەوە، و داهاتەکەی دەبرێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی و دووبارە دابەش دەکرێتەوە. ڕاپۆرتەکەشمان هۆشداریی دابوو کە دابەشبوونی ناوخۆیی، داهات و گومرگ و باج و خەرجی پارچە پارچە دەکات. ئەم پارچەبوونەش پاساوی سەرەکیی ناوەندکردنی دەروازەکان بوو.
خاڵی سێیەم: ئۆتۆماتیککردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ
بڕیارەکە: دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ ئۆتۆماتیککردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ لە سەرانسەری عێراقدا، لەوانەش هەرێم، و بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییەکانەوە، دەچێتە ناو تایبەتمەندیی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە.
پێشبینیی ئێمە: کتێبەکەمان پێشبینیی کردبوو کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، جگە لە کۆکردنەوەی داهات و ڕادەستکردنی بە خەزێنەی فیدراڵی، هیچ ئەرکێکی تری نامێنێت و بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی سەر بە وەزارەتی داراییی فیدراڵی. ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە ڕاپۆرتەکەمان پێشنیاری کردبوو حکومەتی هەرێم خۆی داهاتەکانی لە یەک هەژماری خەزێنەی گشتیدا کۆبکاتەوە، داهاتی گومرگ یەک بخات و سیستەمی ئەلیکترۆنیی باج دابمەزرێنێت. ئەو چاکسازییەی هەرێم خۆی ئامادە نەبوو بیکات، ئێستا لە بەغداوە بەسەریدا دەسەپێنرێت.
خاڵی چوارەم: کێڵگەکانی نەوت و گاز
بڕیارەکە: بەڕێوەبردنی نەوت و گاز بە پێی ماددەی (١١٢/ یەکەم) ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و لایەنە چاودێرییە فیدراڵییەکان دەسەڵاتی سەرپەرشتی و چاودێری و وردبینییان لەسەر کێڵگەکان، کردارەکان و گرێبەستەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن هەیە. گرێبەستکردنیش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە و بە پێی یاسا دەبێت، و ئەمەش درێژکراوەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/اتحادیة/٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/اتحادیة/٢٠١٩) لە ڕێکەوتی 15/2/2022.
پێشبینیی ئێمە: کتێبەکەمان بە پشتبەستن بە بڕیاری ساڵی ٢٠٢٢ و بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس و یاسای بودجە، پێشبینیی کردبوو کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەڵدەوەشێتەوە و لە جێی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و لقێکی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێتەوە. ڕاپۆرتەکەشمان ئاماژەی بەوە کردبوو کە بڕیاری ساڵی ٢٠٢٢ دەستی حکومەتی فیدراڵیی لە گرێبەست و هەناردەی نەوتی هەرێمدا بەهێزتر کردووە. نەوتی هەرێم لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ەوە لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە دەکرێت، و بڕیاری ٢٦٨یش ئێستا سەرپەرشتیی فیدراڵی دەگەیەنێتە خودی کێڵگەکان و گرێبەستەکان.
خاڵی پێنجەم: داهاتە نانەوتییەکان
بڕیارەکە: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان سیاسەتی دارایی و گومرگی و تەعریفەی گومرگیی یەکگرتوو دیاری دەکەن، سەرپەرشتیی کۆکردنەوە، وردبینی، تەسویە و ڕادەستکردنی ڕسووم و باج و داهاتە نانەوتییەکانی سەرانسەری عێراق بە خەزێنەی گشتی دەکەن، لەوانەش هەرێم. ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیاری (٢٢٤ و یەکخراوەکەی ٢٦٩/ ئیتیحادی/ ٢٠٢٣) دەبێت.
پێشبینیی ئێمە: کتێبەکەمان دوای شیکردنەوەی بڕیاری ٢٢٤ و ماددەی (١٢/ دووەم/ د) لە یاسای بودجە، بە ڕوونی نووسیبووی کە ئەرکی وەزارەتی داراییی هەرێم تەنیا کۆکردنەوە و ڕادەستکردنی داهات دەبێت. ئاماژەشی بەوە کردبوو کە حکومەتی هەرێم لەجیاتی چاکسازی، پەنای بۆ زیادکردنی باج و ڕسووم بردووە: داهاتی باج لە نێوان ٢٠١٢ و ٢٠٢١دا بە ڕێژەی ٦٢١٪ زیاد بووە، و باج و ڕسووم بە ٤١٧ ڕێگە وەردەگیرێن. ئەمەش باری سەر شانی هاوڵاتیانی قورستر کردووە. ڕاپۆرتەکەشمان پێشبینیی کردبوو کە لە ماوەی ناوەنددا، کۆنترۆڵی بەغدا بەسەر بودجە و داهاتدا فراوان دەبێت، و مووچە، نەوت و گاز، گومرگ و داهاتە نانەوتییەکان زیاتر دەکەونە ژێر بەڕێوەبردن و چاودێریی دامەزراوە فیدراڵییەکانەوە.
خاڵی شەشەم: چوارچێوەی شوێنیی دەسەڵاتەکانی هەرێم
بڕیارەکە: چوارچێوەی شوێنیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بە پێی ماددەی (٥٣/ أ) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەری دیاری دەکرێت. واتە ئەو زەوییانەی کە لە ١٩/ ٣/ ٢٠٠٣دا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوە دەبران، و دەسەڵاتی هەرێم ناتوانێت لەو سنوورە تێپەڕێت. لێرەشدا ماددەکانی (٥٨)ی یاسای ناوبراو و (١٤٠)ی دەستوور ڕەچاو دەکرێن.
پێشبینیی ئێمە: ڕاپۆرتەکەمان هۆشداریی دابوو کە ناکۆکیی ناوخۆیی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆسیەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماددەی (١٤٠) هەیە. نووسیبووی کە هەرێمێکی دابەشبوو هەڵوێستێکی یەکگرتووی لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی تر نابێت، و ناتوانێت بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پاراستنی ماف و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دابنێت. هەروەها هۆشداریی دابوو کە نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا بەسەر چەند گروپێکی جیاوازدا دابەش دەبێت. بڕیاری ٢٦٨ ئێستا ئەم لاوازییە دەکاتە دەقێکی دەستووریی پابەندکەر.
خاڵی حەوتەم: ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی چوارچێوەکەن
بڕیارەکە: بەڕێوەبردنی ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی شوێنیی دیاریکراون، بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەگەڕێتەوە. بەکارهێنانی کارگێڕیی کرداری لەلایەن هەرێمەوە لەو ناوچانەدا، هیچ تایبەتمەندییەکی دەستووری بۆ هەرێم دروست ناکات.
پێشبینیی ئێمە: ڕاپۆرتەکەمان پێشبینیی کردبوو کە هەرێم لە ماوەی درێژدا ببێتە (هەرێمێکی دەستووری بەبێ دەسەڵاتی کرداریی تەواو)، و ناوەکەی بمێنێتەوە بەڵام ناوەڕۆکی لەدەست بدات. ڕاپۆرتەکە جیاوازیی خستبووە نێوان (هەڵوەشاندنەوەی فەرمی) و (هەڵوەشاندنەوەی کرداری)، و دووەمیانی بە مەترسیدارتر دانابوو، چونکە بەبێ فەرمان و ڕاگەیاندنی فەرمی ڕوو دەدات. خاڵی حەوتەمی بڕیارەکە یەکێکە لەو ڕووبەرانەی کە ئەم هەڵوەشاندنەوە کردارییەی تێدا دەست پێ دەکات. ئەو دامەزراوە و فەرمانبەر و خزمەتگوزارییانەی هەرێم لە دەرەوەی هێڵی ١٩/ ٣/ ٢٠٠٣ هەیەتی، ئێستا لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی بنەمای دەستوورییان دان.
سەرەنجامی بەراوردەکە
حەوت خاڵەکەی بڕیاری (٢٦٨) هەمان ئەو ئاراستەیەن کە کتێبەکەمان لە ساڵی ٢٠٢٤دا وێنای کردبوو. هەمان ئەو سیناریۆیانەشن کە ڕاپۆرتەکەمان بە (بەتاڵبوونەوەی هێواش) ناوی بردبوو: بەغدا کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر نەوت، بودجە و داهاتدا دەگرێت، و هەرێم بە ناو دەمێنێتەوە بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کەم دەبێتەوە. بەرپرسیارێتیی ئەم سەرەنجامە تەنیا هی بەغدا یان دادگای ئیتیحادی نییە.
بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هێزانەی کە ساڵانێکە پەرلەمانیان پەک خستووە، هەرێمیان بێ دەستوور و بێ بودجەی پەسەندکراو هێشتووەتەوە، و هێزی چەکدار و داهاتیان بە حیزبی کردووە. وەک لە ڕاپۆرتەکەماندا هاتووە، کورد ناتوانێت داوای پابەندبوون بە دەستوور لە بەغدا بکات، لە کاتێکدا لە ماڵی خۆیدا ماددەی (١٢٠)ی هەمان دەستوور بۆ ماوەی نزیکەی ٢١ ساڵ جێبەجێ ناکات.
کۆتایی
دامەزراوەی پەی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم بەیاننامەیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بڵاودەکەینەوە کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە، وە بیرهێنانەوەیەکە بۆ دەسەڵاتداران و رای گشتی کە پێشتر خەمخۆرانی ئەم میللەتە هەموو لایەکیان لەم مەترسیانە ئاگادار کردۆتەوە بەڵام بەداخەوە بەهەند وەرنەگیرا. هەر بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، تەنیا ئەنجامی بڕیارێکی دادگا نییە. ئەنجامی ساڵانێک گوێنەگرتنە لەو ئاگادارییانە. ئەگەر ئەمجارەش گوێ نەگیرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا ناوێکە بەبێ ناوەڕۆک.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان
26/11/2026

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن