3234وتار

ژنکوشتن و ژینگەیەکی ئەخلاقیی نەخۆش

9/1/2019 9:00:00 PM
مەریوان وریا قانع

 

فەیلەسوفی بەریتانی سایمۆن بلاکبورن، Simon Blackburn ، (1942-..)، لە کتێبی ”باشبون“دا, Being good، دو جۆر ژینگە لەیەکتری جیادەکاتەوە. یەکەمیان ئەو ”ژینگە فیزیایی“ سروشتییەیە کە بونێکی بابەتی ھەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. دوھەمیان ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“ەیە کە مرۆڤ خۆی دروستیدەکات و لەناویدا دەژیی. ئەم نوسەرە پێیوایە وەکچۆن پێویستە مرۆڤ لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەی دوھەمیشیاندا بێت بۆ ئەوەی ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات و خۆشی وەک مرۆڤێکی باش و چاکەکار ھەبێت و بژیی.

”ژینگەی ئەخلاقیی“ ئەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکریەیە کە دەوری داوین و پێماندەڵێت چۆن بژین، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبوڵبکەین و چیش قبوڵنەکەین، پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. دەستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبون و داڕماندایە. لە پەیوەندیشماندا بە ئەوانیترەوە، ئەم ژینگە ئەخلاقییە، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین و چیش پێویستە بەرامبەرمان ئەنجامبدرێت. ئەم ”ژینگە ئەخلاقیی“یە ” کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاری دەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردنە و چی مایەی شەرمکردنە، چی توڕەمان دەکات و چی وامان لێدەکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین و چاو لەچیش نەپۆشین و کام شت لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە.


ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“یەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، ژینگەیەکە لە ھەمو رویەکەوە بۆگەنی کردوە
ئەوەی ئەم دیاردەی ژنکوشتنە بەردەوامە لە کوردستاندا بە ئێمەی دەڵێت و نیشانمان ئەدات، بێگومان ئەگەر گوێمان ھەبێت بۆ بیستن و چاومان ھەبێت بۆ بینین، ئەوەیە ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“یەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، ژینگەیەکە لە ھەمو رویەکەوە بۆگەنی کردوە، شتێکی تێدا نەماوە بەناوی ئەخلاقەوە، پێوەرەکانی لەوە کەوتون بتوان باش لە خراپ و ”ئەشێ“ لە ”ناشێ“ جیابکەنەوە. ”شڵەژانێکی پێوانەیی“ وا دروستبوە، ھەمو توانایەکی پۆلینکردنێکی ئەخلاقیی لەناوبردوە. ئەم ژینگە ئەخلاقییەی ناو کۆمەڵگای ئێمە، لە زۆر روەوە لە دۆخی بەر لە دروستبونی ئەخلاقدا دەژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی روتی ھێزدا کە چاودێرینەکراوە و سنورێکی تیادا نەماوە نەھێڵێت بەھێز ھەمو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەمو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا ئەنجامنەدات، تا ئاستی کوشتن و لەناوبردن. 

لەزۆر سەرەوە ئەم ژینگە ئەخلاقییە بۆگەنە، ژینگەی بەر لەدایکبونی ئەخلاقە. ژینگەی بەر لەدایکبونی ”ویژدانێکی ئینسانیی“ە کە بەرامبەرەکەی وەک ئینسانێکی یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵە بکات. ئەوەی دەبێت بگۆڕدرێت ئەم ژینگە نائەخلاقییەیە کە میکانیزمە سەرەکییەکانی بریتین لە دەستەبەرکردنی توانای سوکایەتیکردن بە بەشە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، لە پێش ھەموانیشەوە سوکایەتیکردن بە ژنان، وەک بونەوەری پلە دو و پلە سێی ناو ئەو کۆمەڵگایە، تا ئاستی سڵ نەکردنەوە لە کوشتنیان وەک ئاژەڵێکی بێماف. ھەنگاوی یەکەم و ھەرە سەرەتاییی ئەم گۆڕینە بەوە دەبێت نەھێڵدرێت تاوانبارانی ئەم کوشتنانە بە ئاسانی بۆی دەرچن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن