ڕۆژی یادكردنەوەی تاوانێكی گەورە، ڕۆژی یادكردنەوەی سەردەشت عوسمان
5/5/2020 4:17:00 PM
مەریوان وریا قانع
ھەموو یادكردنەوەیەك بەشێكە لە كردەی دروستكردنی شوناسێك، شوناسێك كەرەستەكانی لەو ڕووداوەوە وەردەگرێت، كە یادیدەكەینەوە و لەسەری ڕادەوەستین.
یادكردنەوەی سەردەشت عوسمان ھەنگاوێكی بنەڕەتییە لە كردەی دروستكردنی شوناسێكی بەرپرس، شوناسێك نایەوێت بێدەنگ و بێلایەن بێت بەرامبەر بەو تاوان و بەدكارییانەی لە بەردەیدا ڕوودەدەن. شوناسێك دەیەوێت بەشداربێت لە كردەی پاكژكردنەوەی جیھاندا.
لەگەڵ كوشتنی ئەم گەنجە بەرپرس و ئازایەدا، پێوەرێكی ئەخلاقیی نوێ دروستدەبێت ناچارمان دەكات شێوازی مرۆڤبوون و ئیتیما بۆ جیھان و ڕادەی بەرپرسیارێتی خۆمانی پێبپێوین. پێوەرێك لەیەككاتدا دەمانكاتە مرۆڤێكی بەدەربەست و بوێر و بەرپرسیار. ھەموو ئەمانە وادەكات ناتوانین مردنی ئەم گەنجە لەیادیبكەین و بە بەردەوامی قورساییە ئینسانیی و ئەخلاقییەكەی لەبەرچاو نەگرین.
لە كۆمەڵگای ئێمەدا ھەموو شوناسێكی بەرپرس و ھەموو ڕێزگرتنێك لە مرۆڤبوونی مرۆڤ، بە ناچاری بەناو وێستگەی مردنی سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت.
سەردەشت كۆڵەكەیەكی زۆر سەرەكیی شوناسی ھەموو ئەو كەسانەیە كە بەرپرسانە دەژین و بۆ درێژەدانیش بە ژیان كۆمەڵێك مەرجی ئینسانیی گەورەیان ھەیە.
شوناسێك نەیەوێت لەت لەت و دەمامكدار و شیزۆفرینی بێت، دەبێت بچێتە پەیوەندییەكی ئەخلاقییەوە لەگەڵ شوناسی ئەم مرۆڤە و مردنەكەیدا. ھەموومان قەرزاریی ئەم كۆڵەكە گەورەیە و ئەم پێوەرە ئەخلاقییە تازەیەین.