سەبارەت بە پارەی پەرلەمانتاران
11/7/2022 8:43:00 PM
مەریوان وریا قانع
ھەموومان دەزانین پەرلەمانی کوردستان, لە ڕۆژی
دروستبوونییەوە, ھەرگیز تیپی یەکەمی سیاسەتکردن نەبووە لە ھەرێمدا. ھەموو کەسایەتیی
و گروپە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو ھەرێم, بەردەوام لە دەرەوەی پەرلەمان و زۆربەی جاریش
لە دەرەوەی حکومەتەدا بوون. بەشێکبوون لە ”دەسەڵاتێکی تەریب“ کە ھیچ کەس و لایەنێکی
فەرمیی نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە و کەس نەتوانێت بەرپرسیاریان بکات. مەکتەبی سیاسیی
حیزبەکان نموونەیەکی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دەرەکیی و تەریبەیە، یان مەڵبەند و لق و دەزگا
حیزبییەکانی تر. ئەم مۆدێلە سیاسییە ھەرزوو دۆخێکی دروستکرد تیایدا پەرلەمان ببێت
بە جۆرێک لە ”دیکۆری سیاسیی“ و کاری سەرەکیی ئەوەبێت ڕەوایەتییەکی درۆزنانە بە ھێز
و دەسەڵاتی ھەموو ئەوانە بدات، کە دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی ھەرێمەکە بوون، بە تایبەتی
دەسەڵاتی دوو بنەماڵە سوڵتانییەکە و مەکتەبی سیاسییەکان و ھەندێک کەسایەتی سێبەر و
بڕێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی دوو پارتە حوکمڕانەکە. جگە لەمە پەرلەمان وێنەیەکی
بە جیھانی دەرەوەش نیشانئەدا کە سیستمە سوڵتانییەکەی وەک سیستمێکی پەرلەمانی
پلورال نمایشدەکرد. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانەش پەرلەمانتاران ھەم مووچەیەکی زۆر بەرز
و ھەم کۆمەڵێک ئیمتیازاتی زۆریان بۆ دابینکرا.
لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و ھاتنەکایەی
ئۆپۆزسیۆندا، کەمە گۆڕانێک بەسەر ڕۆڵ و ئەرکی پەرلەماندا ھات. ئەگەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیش
تیمێکی بۆ پەرلەمان نارد. کە تیمی یەکەمی سیاسەتکردنی نەبوو، بەڵام ئەندام پەرلەمانەکانی
ئەم ھێزە و ئەوانی ئۆپۆزسیۆنیش، لە درێژەی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیاندا، توانیان پەرلەمان
لە ”دیکۆرێکی سیاسیی“ەوە بگۆڕن بۆ ”ھێزێکی پەراوێزیی“ خاوەن ”دەسەڵاتێکی پەراوێزیی“.
کێشەکە لەوەدایە ئەو سیستمە سوڵتانییەی دەسەڵاتادارانی ھەرێم لەسەر بنەمای خراپ بەکارھێنانێکی
بەردەوامیی دەسەڵات و گەندەڵییەکی کەموێنە و قۆرخکردنێکی ترسناکی دەسەڵاتەکان
دروستیانکردوە، بەرگەی ھیچ میکانیزمێکی سیاسیی کۆنترۆڵنەکراو و ھیچ شێوازێک لە
چاودێریی و لانی ھەرەکەمی لێپرسینەوەی یاسایی ڕاستەقینە، ناگرێت. ئەمە وایکردوە بۆشاییەکی
گەورە لەنێوان دەسەڵات و پەرلەماندا دروستببێت کە پڕکردنەوەی ھەمیشە ئاسان نەبێت و
جارنەجار کێشە دروستبکات.
دوو خولی یەکەمی پەرلەمان لە سەردەمی بزوتنەوەی
گۆڕاندا، زۆرجار لە پێگەی پەراوێزییەکەی خۆیەوە
دەیتوانی کێشە و قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەکە و بۆ پەیوەندییە باڵاکانی دەسەڵات
لە دەرەوەی پەرلەماندا، دروستبکات. تا ئەو سنوورەی لە ھەندێک ساتدا سیستمە سیاسییەکە
گیری بە دەستی ئەو دەسەڵاتە پەراوێزییەی پەرلەمانەوە دەخوارد، تا کار گەیشتە ئەوەی
مەسعود بارزانی، کە سەرۆکی ھەرێم و بەرزترین سێنتەری دەسەڵات لە ناو سیستمەکەدا، لەسەر
یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، کە پەیوەندیی بە کورسییەکەی خۆیەوە ھەبوو، دەرگای پەرلەمان
دابخات و پەرلەمانتارەکان بنێرێتەوە ماڵەوە.
لەدوای داخستنی پەرلەمانیشەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم،
بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەوتنە پرۆسەی بێنرخ و ناشیرنینکردنێکی سیستماتیک
و فراوانتری پەرلەمان و کەسایەتی پەرلەمنتارانەوە، بەسەدان شێوە کەوتنە گاڵتەکردن
و شکاندنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و بەتاڵکردنەوەیان لەلانی ھەرەکەمی ڕێز و مانا
لەناو کۆمەڵگادا. لوتکەی ئەم بێنرخکردن و شکاندنە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا (ساڵی
٢٠١٨) لە کاندیدکردنی چەندەھا کەسدا دەرکەوت، کە ھیچ ئاکارێکی وایان تێدا نییە ببنە
ئەندامی دەزگایەکی وەک پەرلەمان.
مەسەلەی ئەم ملیۆنەھا دینارەی ئێستاش کە بە پەرلەمانتاران
دەدرێت ھەڵقەیەکی ترە لە شکاندنی شکۆی تەواوەتی پەرلەمان وەک دەزگایەک و پەرلەمانتاریش
وەک بکەرێکی سیاسیی بەرپرسیار و خاوەن کەسایەتیی. کێشەکە لەوەدایە ئەمجارە زۆرینەی
ھەرە زۆری پەرلەمانتاران خۆیان، بەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بەشدارن لەم بێنرخکردنە
سیستماتیک و گەورەیەی خۆیان و دەزگاکەیان. لە ئێستادا دۆخێک لە ھەرێمدا دروستبووە
تیایدا پەرلەمان لە چاوی ھاوڵاتیانەوە بووە بە سوکترین دەزگای سیاسیی ناو مێژووی سیاسیی
ئێمە و پەرلەمانتارانیش بە سوکترین کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. ئێستا پەرلەمان
لەوە کەوتوە ڕۆڵێکی دیکۆریش بگێڕێت، بەڵکو بووە بە دەزگایەک ناشیرنتر لە دەزگا سیاسییەکانی
تر. ئەوەی دەسەڵات چاوەڕوانی ئەنجامدانی بوو، پەرلەمانتارەکان لەو چاوەڕوانییانە زیاتر
دەکەن و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆش بەشدارن لە سوکایەتیکردنێکی ڕەھادا، ھەم بەخۆیان و ھەم
بە پەرلەمانەکەیان.