عێراق و موعجیزە
1/6/2020 6:47:00 PM
مەریوان وریا قانع
عێراق بە ئاسانی
لەو دۆخە ترسناکەی ئەمڕۆکەی دەرباز نابێت، کێشەکانی کێشەی بونیادیی گەورە و ھەمەلایەنن،
لە ئێستادا ئەگەری ڕاستەقینەی چاککردنی ھیچ کێشەیەک لەو کێشە بونیادیانە لە ئارادا
نییە.
بەر لە ھەموو شتێک
عێراق لەوە کەوتوە دەوڵەت بێت، چ جای دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی. چەندان ھێزی ئیقلیمی
و موخابەراتیی ھەمەجۆر لە زاخۆوە تا فاو لەم وڵاتەدا چالاکن و تەڕاتێن لە شار و
گوندەکانیدا دەکەن.
ئەم ھێزە موخابەراتیانە
پلان و ئەجێندای دوژمنانکارانە و ناکۆک بەیەکیان ھەیە. لەپاڵ ئەمەدا بڕێک لە
ململانێ نێودەوڵەتییە گەورەکانی ناوچەکەش لە عێراقدایە. لەمەش بترازێت وڵاتەکە لەناو
خۆیدا پارچەپارچە و ھەڵوەشاوەیە. ئەوەی لەناوخۆی عێراقدا گەمەکەری سەرەکییە دەوڵەتی
عێراقی نییە، بەڵکو ”دەوڵەتی قووڵ“ە، deep state،
کە ھەر بەش و لایەنەێکی ئەو دەوڵەتە قووڵە لەچەندان گەمە و تەماحی ئیقلیمی و نائیقلیمییەوە
ئاڵاوە.
”دەوڵەتی قووڵ“
سەرجەمی ئەو دەزگا و ھێز و گروپ و کەسایەتییانەن کە دەسەڵاتێکی گەورە و ھەمەلایەنیان
ھەیە، بەڵام مەرجنییە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتە فەرمیەکە خۆیدا ئامادەبن.
لە عێراقدا دەوڵەتی
فەرمی ھەڵقە لاوازەکەی دەسەڵاتە و لەناو ئەو لاوازییەی خۆشیدا بە ”عەقڵیەتی دەوڵەت“
بیرناکاتەوە و کارناکات و بەڕێوەنابرێت. بەڵکو لۆژیکی تائیفیی و خێڵەکیی و خێزانیی
و خزمایەتیی و مافیایی لەزۆر شوێنیدا ئامادەیە. لە دەرەوەی ئەم دەوڵەتە فەرمیەدا چەندان
میلیشیای بەھێز و تەریب بە سوپای عێراق بوونی ھەیە لە ھەرە دیاردەکانیان ھێزەکانی
حەشدی شەعبیی و ھێزەکانی بەدر و سوپای مەھدیی و خانە چەکدارییە سونییە نووست و بە
ئاگاکان لە بەشە عەرەبییەکەی وڵاتەکەدا و، لە کوردستانیشدا ھێزە حیزبییەکانی پارتیی
و یەکێتی ئامادەن کە ئەوانیش ھێزی حیزبیی و زۆرجاریش شەخسیی و خێزانین.
ئەمانە ھەموویان لۆژیکی تایبەتی ئیشکردنی خۆیان
ھەیە، لەناوخۆی عێراقدا ھەر یەکێکیان لە قازانجی چەند گروپ و ھێز و خێزان و بنەماڵەیەکی
دیاریکراودا کاردەکەن.لە دەرەوەشدا لە قازانجی ھەندێک ھێزی ئیقلیمیدا. ھێزە ئەمنییەکان
و پۆلیس و بیرۆکراسیەتی وڵاتەکەش ھەمان لۆژیکی دابەشبوونی ناوەکیی لەناویاندا
ئامادەیە و ئەمەش کۆتایی بە ھەموو ”ھاوبەش“ێکی ئەتنیی و دینیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی
لەو وڵاتەدا ھێناوە.
لە دەرەوەی ئەمانەدا
پێگە و ناوەندی تری دەسەڵات ئامادەیە کە ھەریەکێیان ئەجەندای خۆیان و تەماح و
قازانجی خۆیان ھەیە. لە بەشە شیعیەکەی عێراقدا مەرجعەیەتت ھەیە کە دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا
و لە کوردستاندا بارەگای بارزانی ھەیە، کە بە کردەوە نەفیکردن و بە کارکاتێرکردنی
سەرجەمی دەزگا فەرمییەکانی تری حوکمڕانییە لە ھەرێمدا. سونەی عەرەبیش مەرجعیەتیی دینیی
و سیاسیی خۆیان ھەیە و لەگەڵ زیاد لە ھێزێکی ئیقلیمیدا تێکەڵن.
لە دەرەوەی ئەمانشدا
چوار وڵات زۆر بە خەستیی لە ناو عێراقدا بە پلان و خەونی جیاوازەوە ئامادەن. ئەمریکا
و ئێران و تورکیا و سعودیە. ئەمانە لەسەر زەمینی واقیع ھێز و توانای چەکداریان ھەیە،
ھەندێکیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک ئەمریکا، ھەندێکیان لەڕێگای پرۆکسییەکانیانەوە،
وەک ئێران و تورکیا.
قاسم سلێمانی بەشێکی
بچووکی ناو ئەو وێنە گشتییە ئاڵۆزەیە. کوشتنی نە کۆتایی بە وێنەکە دەھێنێت، نە جێگرتنەوەشی
بە کەسێکی تر کردەیەکی زەحمەت و نەکراوە. ئەو ژێرخانە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی
و میلیشیایی و تائیفییەی لە عێراقدا ھەیە، بە کوشتنی ئەم یان تاکەکەس کۆتایی پێنایەت.
ئەم ژێرخانە دۆخی مێژوویی و تەماحی سیاسیی و دەسەڵاتارێتی نیمچەمافیایی و نفوزیی گەورەی
ناکۆک بەیەک و غیابی تەواوەتی ھەر پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، دروستیکردوە.
ئەم گشتە ناکۆک
و ڕقاویی و دوژمنکارە، تێکەڵێکی دوژمنکارە، کە ناتوانن بەیەکەوە بژین، بەڵام
ناشتوانن لەیەکتری جیاببنەوە. کێشەی عێراق ئەوەیە نە دەتوانێت بەشە جیاوازەکانی بەیەکەوە
کۆبکاتەوە و بە ھەموویان نیشتیمانێکی ھاوبەش ببەخشێت، نە ئەوەیە بکرێت دابەشبکرێت
و ھەر بەشەی بە لایەکدا بڕوات. ئەم دۆزەخە سیاسییە ماوەیەکی درێژ دەمەێنێتەوە و بەردەوام
دەبێت. مێژوویەکی پڕ دووکەڵ و خواێناویی و پڕ جەردەیی بەرھەمدەھێنێت. بەڵام خاڵی پۆزەتیڤ
لە مێژوودا، لە ھەر مێژوویەکدا، وەک یەکێک لە فەیلەسوفەکان دەڵێت، ئەوەیە کە مێژوو
ھەمیشە فێڵی تایبەتی خۆی ھەیە و ھەمیشە موعجیزەی تایبەتی خۆی دروستدەکات. مەگەر فێڵ
و موعجیزەیەکی مێژوویی ئەو وڵاتە ڕزگاربکات.