گوتراوە گەورەکان: ئایا تاکەکەس تا کوێ و چەند ئازادە؟
1/28/2019 11:53:00 AM
مەریوان وریا قانع
پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان. harm principle
لە ساڵی ١٨٥٩ دا دو کتێب لە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە کە کاریگەرییەکی ھێجگار گەورە لەسەر دونیای دوای خۆیان بەجێدەھێڵن. یەکەمیان کتێبی ”ڕەچەڵەکی ڕەگەزەکان“ی چارلس داروینە و دوھەمیشیان کتێبی ”دەربارەی ئازادیی“ فەیلەسوفی ئینگلیزیی جۆن ستیوارت میلە. کتێبەکەی میل کتێبی بەرگریکردنێکی سەرسەخت و ھەمەلایەنە لە ئازادیی تاکەکەس و وەک ئینجیلی لیبرالیزمیش وێنادەکرێت. لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا میل یەکێک لە پرنسیپە ھەرە سەرەکییەکانی ناو فیکر و دونیابینیی لیبرالیزم بەرھەمدەھێنێت، کە ”پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان“ە، harm principle. ئەم پرنسیپەش پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆی بە چەمکی ئازادیی تاکەکەسەوە ھەیە.
لەم کتێبەدا میل بەرگریی لەوەدەکات کە تاکەکەس پێویستە ئازادییەکی گەورە و بەرفراوانی ھەبێت، نە دەوڵەت و نە کۆمەڵگا، نە دین، بڕیاری سیاسیی و نە ڕای گشتیی، نابێت ئەو ئازادییانە سنوردار بکەن. جەوھەری تاکەکەس ئازادیە و پێویستە ئەم ئازادییەی بۆ دەستەبەربکرێت. بێگومان بێگومان میل دەزانێت ئازادیی ھیچ تاکەکەس و گروپێک ئازادییەکی ڕەھا و بێسنور نییە. ھەمیشە بەربەستێک ھەیە کە ئەو ئازادییە نابێت و ناکرێت تێیپەڕێنێت. بۆیە پرسیاری سەرەکیی کتێبەکەی ئەوەیە ئایا ئەو بەربەستە چییە و کامەیە؟ لە وەڵامدا میل ”پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان“دا پێشنیاردەکات. لەم ڕوەوە میل دەنوسێت: ”تەنھا ئامانجێک کە بەھۆیەوە دەکرێت دەسەڵات بەشێوەیەکی یاسایی بەسەر ھەر ئەندامێکی ناو کۆمەڵەیەکی شارساتنیدا، دژ بە ویست و ئیرادەی خۆی، پیادەبکرێت، ڕێگرتنە لە زیانگەیاندن بە وە ئازاردانی کەسانی تر“.
بە مانایەکی دیکە تاکەکەس لە ھەمو کار و کردەوەیەکیدا ئازادە و نابێت ھیچ سنور و ڕێگرێک لەبەردەم ئازایدا بەرزبکرێتەوە، چ لەڕێگای دەوڵەتەوە یان لە ڕێگای کۆمەڵگاوە، تەنھا لەو کاتەدا نەبێت کە ئەو ئازادییە ببێتە ھۆکاری زیانگەیاندن و ئازاردانی کەسانیتر. ئازادیی تاکەکەس مەسەلەیەکی بنەڕەتییە و ئەگەر پیادەکردنی نەبێتە ھۆی گەیاندنی ئازار و زیان بە کەسانی دیکە، نابێت ھیچ لایەنێک سنورداری بکات. نە دەوڵەت لەڕێگای دەسەڵاتەکانی خۆیەوە، نە کۆمەڵگاش لە ڕێگای ”ڕای گشتیی“ یان ئەو دەسەڵاتە مەعنەوی و ئەخلاقییەوە کە لە فۆرمی توندوتیژیی رەمزیدا دەتوانێت تاکەکەس بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. لای میل مرۆڤ خاوەنی ئیرادەیە و ئەم ئیرادەیەش بە بەردەوامی ئازادە، تەنھا لەو کاتەدا نەبێت کە ئازادیی ئەم ئیرادەیە زیان بەوانیتر دەگەیەنێت و دەبێتە ھۆی ئازاردانیان. مادامەکی کەسێک ئازار بە دەوروبەرەکەی ناگەیەنێت، پێویستە ئەو دەوروبەرە وازیلێبھێنن بەو شێوەیە بژی کە خۆی دەیەوێت.
لە دیدی ئەم فەیلەسوفەدا مرۆڤ لە ژیانیدا دوجۆر ئاکاری ھەیە. یەکەمیان ئەو ئاکارانەیە کە تایبەتە بە خودی خۆیەوە. دوھەمیان ئەو ئاکارانەیە کە پەیوەندیی بە کەسانیترەوە ھەیە. بە بۆچونی میل مۆرڤ لە یەکەمیاندا تەواو ئازاد و سەربەخۆیە، بەڵام لە دوھەمیاندا پێویستە ئەو ئاکارانە بەپێی یاسا ڕێکبخرێن.
تاکەکەس خاوەنی جەستە و بیرکردنەوەی خۆیەتیی و بە شێوەیەکی ڕەھا ئازادە تیایاندا. لێرەدا تاکەکەس بونەوەرێکی سەروەرە و ھێندەش ئازادە تەنانەت ئەگەر ھەڵسوکەوتەکانی زیان بە خودی خۆی بگەیەنێت و خۆی ئازار بدات، دەوڵەت و کۆمەڵگا بۆیان نییە دەستبخەنە ژیانی ئەو تاکەکەسەوە و ڕێگری لێبکەن. ”پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان“ پەیوەندیی بە ڕێگرتن لە ئازاردانی کەسانیترەوە ھەیە، نەک ئازاردانی خود خۆیەوە.
پاراستن و بەرگریکردن لە قازنجی کەسە خۆی، پاراستنی لەوەی کە خۆی ئازاری خۆی نەدات و زیان بەخۆی نەگەیەنێت، نابێت ڕێگا بەوە بدات کە دەوڵەت یان کۆمەڵگا سنور بۆ کارەکانی دابنێن. تاکەکەس ھێندە ئازادە دەتوانێت ئازاریش بەخۆی بگەیەنێت و زیان لە ژیانی خۆی بدات، بەبێ ئەوەی لەدەرەوەڕا ڕێگریی و کۆسپ بۆ ئەو کارە زیانبەخشانە دروستبکرێت، مادامەکی ئەو کارانە نابنە ھۆی ئازاردان و زیانگەیاندن بە کەسانیتر. بە کورتیی کاتێک ھەڵسوکەوتی تاکەکەسێک ھەڵەیە و دەبێت ڕێگریلێبکرێت، کە زیان بە کەسانی دیکە بگەیەنێت، یان ئەوەی ئەرک و بەرپرسیاریەکی لەسەربێت و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییانە جێبەجێ نەکات و بەمەش ئازاری ئەوانە بدات و زیانیان پێبگەنەیێت کە چاوەڕوانی ئەوەن ئەو کەسە ئەو کارانە ئەنجامبدات. یەکێک لەو نمونانەی کە بەردەوامی بۆ شیکردنەوەی ئەم پرنسیپە دەھێنرێتەوە مەسەلەی خواردنەوەی ئەلکھولە، بەپێی ئەم پرنسیپە ئەگەر خواردنەوەی ئەلکھول بەجۆرێک بێت تەنھا زیان بەو کەسە بگەیەنێت کە دەیخواتەوە، تا ئەو شوێنەش کە بیکوژێت، ئەمەیان مەسەلەیەکە و خۆی لێیبەرپرسیارە. نە دەوڵەت و نە کۆمەڵگا بۆیان نییە دەست بخەنە ئەم مەسەلەیەوە. بەڵام ئەگەر ئەو کەسەی کە ئەلکھول دەخواتەوە بەڵام دوای خوردنەوەکە لەسەر شەقامێکی گشتیی ئۆتۆمۆبێل لێبخوڕێت، ئەودەم خواردنەوەکەی دەشێت زیان بە کەسانی تر بگەیەنێت، بۆیە دەبێت سزا بدرێت.
پرنسیپی زیانگەیاندن و ئازاردان جیاوازە لە مەسەلەی بێزاربون و بێتاقەتکردنی کەسانیتر، ڕەنگە کەسانێک بە جۆرێکی تایبەت لە ھەڵسوکەوت قەڵس ببن، پێیان ناخۆشبێت و بێزارببن، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە زەرەریان لێبدات. بێزاربون و زیانگەیاندن دوشتی لەیەکدی جیاوازن، قەڵسبون و ناڕەحەتی سایکۆلۆژیی بەرامبەر بەوەی کەسێک ئەنجامیئەدات، یەکسان نییە بەوەی کە کەسێک لەڕێگای ھەڵسوکەوتێکی تایبەتەوە زیان بە کەسێکی دیکە بگەیەنێت. بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە مرۆڤ کاتێک دەبینێت مرۆڤێکی دیکە خەریکی ئازاردانی خۆی و گەیاندندی زیانە بە خۆی، بێدەنگبێت و ھیچ نەکات. دەکرێت لەگەڵ ئەو کەسەدا قسەبکرێت، گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجامبدرێت، زیانەکانی کردەوەکەی بۆ شەرحبکرێت، بەڵام کەس بۆی نییە ناچار یان زۆری لێبکات، بۆئەوەی ئەو کارە نەکات.
لە ئەزمونی دیموکراسیی لیبرالیانەدا ئەم پرنسیپە کاریگەرییەکی ھێجگار گەورەی ھەبوە لەسەر دەرکردنی یاساکان و ڕێکخستنی یاسایی ناو سیستمە دیموکراسییە لیبرالییەکان. ئەو وێنەیەی تاکەکەس لەپشتی ئەم پرنسیپی ئازاردانەوە ئامادەیە وێنەی کەسێکی عەقڵانیی و سەربەخۆیە کە خۆی بەرپرسیارە لە ھەڵسوکەت و بڕیارەکانی خۆی، نەک کۆمەڵگا و دەوڵەت. ئەم وێنەیە وێنەی تاکەکەسە وەک کەسێکی سەربەخۆ و کامڵ، خاوەن عەقڵ و ئیرادەیەکی سەربەخۆ، نەک وەک منداڵێک یان بونەوەرێکی نوقسان کە پێویستی بە چاودێریکردنی کەسانێکی تر ھەبێت، کە خۆیان بە چاوساغ و ڕێنیشاندەری ئەو بزانن. بەبۆچونی من مامەڵە نەکردنی تاکەکەس وەک بونەوەرێکی کامڵ و سەربەخۆ و دەستخستنە ناو بڕیارەکان و ژیانییەوە، بەناوی ھەر جۆرە چاوساغیەکەوە، لەڕوی ئەخلاقییەوە ھەڵەیە، لەڕوی سیاسییەوە دەبێت ھۆی دروستکردنی دیکتاتۆریەت، لەڕوی کۆمەڵایەکتیشەوە دەبێت بەھۆی ڕێگرتن لە دروستبونی کۆمەڵگایەکی ئازاد.