355وتار

140 ئایا مردوو زیندوو دەبێتەوە؟

12/10/2022 3:16:00 PM
شوان داودی

سەرەتا ی هەفتەی رابردوو سەردانی شاری بەغدام کرد و چەند ڕۆژێک مامەوە ، ئەبدەیەتی پەیوەندیەکانم کردەوە ژمارەیە زۆر  لە هاوڕێ و دۆستەکانم لە هەموو پێکهاتەکان بەسەر کردوە ..
هاوکات بە چاوی موشتەرییەوە پرسیارم دەکردو ڕۆژانە چاودێرێ ڕۆژنامەکانی بەغدام دەکرد ، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام تەنها لە ماوی 48 کاتژمێردا و لە ڕۆژانی  5و 6 ی مانگدا سێ لە ڕۆژنامە دیارەکانی بەغدا لە ڕووپەڕی لاپەڕە یەکیاندا و بە بایەخەوە گرنگیان بە پرسی کارا کردنەوەی مادەی 140 داوە بەڵام بە نەفەسی جیاواز ...

* ڕۆژنامەی( العالم ) لە ژمارە 3041ی ڕۆژی دووشەممە 5 کانونی یەکەمی 2022 بە مانشیتی ( المادة 140 .. لغم دستوري كفيل باحالة مناطق عراقية إلى جحيم)  ڕۆژنامەکەی کردۆتەوە .

* ڕۆژنامەی ( کل الاخبار)  لە ژمارە3092ی رۆژی دووشەممە 5 کانونی یەکەمی 2022  بە هەمان شێوە لە ڕوپەری لاپەڕە یەک و بە مانشێتی ( ضرورة إجراء استفتاء شعبي ... احتدم الجدل بعد  الإعلان عن تشكيل لجنة لتفعيل مادة 140) راپۆرتە هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە .

* ڕۆژنامەی( الصباح ) ي نزيك لەحکومەت کە لە لایەن تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقیەوە پەخش دەکرێت لە ژمارە 5560 ی ڕۆژی سێشەممە 6ی کانونی یەکەم 2022  لە لاپەڕە یەک بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە لە ژێر تایتڵی( قبول كردي و غضب عربي و تركماني ...المادة 140 تستيقظ بعد سبات .. ترحيب و تحذير  واتهام ).

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە وەرەقەی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و لە کارنامەی حکومەتی سودانیدا کاراکردنەوە و جێبەجێکردنی مادەی 140 جێگیر کراوە و لە دواکۆبونەوەی هێز و لایەنە سیاسیە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و حکومەتەکەی سودانی بەئامادەبوونی خودی سەرۆکی حکومەت لە ماڵەکەی تاڵەبانی لەبەغدا بڕیاری ئەوەدرا کارکردنەوەی مادەی 140 بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە و لیژنەی بۆ پێکبهێنرێت و لە پرۆژە یاسای بودجەدا ،بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت .

ئەوەی لای بەندە مایەی هەڵوەستەو جێی تێڕامانە هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەبی سونە و تورکمانیش بە هەمان نەفەسی سەردەمی نوسینەوەی مادەکە بیر دەکەنەوە  لە کاتێکدا عێراقی ئێستا و هەرێمی کوردستانی ئێستا و کەرکوکی ئێستا بەراورد بە عێراقی ئەو کات و هەرێمی کوردستانی ئەو کات و کەرکوکی ئەوکات  زۆر گۆڕاون و  هاوکێشە سیاسیەکان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە ! .

لێرەدا نامەوێ لەسەر بۆچونی عەرەب و تورکمان بووەستم ئەوەی مەبەستمە تەنها لە سەر دۆخی کورد هەڵوەستەیەک دەکەم .

وەک کوردێک پێم سەیرە دوای 18ساڵ لە شکستی مادەیەکی دەستوری کە بە ئیفلیجی لە دایک بوو ، بریار وابوو لە ماوەی تەنها 2 ساڵدا جێبەجێ بکرێ ، بە پێچەوانەوە لەو ماوەیەدا گیانی سپارد ، جارێکی تر بگەڕێیتەوە چوارگۆشەی یەکەم  و بە دەسکەوتی بزانی و بەسەرکەوتن بفرۆشرێتەوە بە کوردی بەشمەینەتی کەرکووک و ئەو ناوچانە .

 لە کاتێکدا دەوڵەتی عێراق دەڵەمە بوو ، حکومەت لاواز بوو ، سوننەی عەرەب لەدۆخی شکست و پاشکشەدا بوو ، تورکمان چونکە لەسەر داوای تورکیا نەبوونە بەشێک لەپرۆسەی ئازادی عێراق  لە دۆخی بەرگری لە وجودی خۆیدا بوو ، لە بەرامبەردا کورد زۆر کارتی بەهێزی هەبوو هەرێمی کوردستان لە ترۆپکی بەهێزیدا بوو ، بەشێک بوو لە پرۆسەی ئازادی عێراق و هێزەکانی ڕێکخراو بوون و نێوان هێزە سیاسیەکانی باش بوو ، مام جەلال سەرۆک کۆمار و بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو ، زیاتر لە 70پەرلەمانتاری لە یەک فراکسیۆندا هەبوو ، جێگرانی سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمانی هەبوو وەزارەتی پلان دانان و دەروەو کۆمەڵێ وەزارەتی تری گرنگی بەدەستەوە بوو ،  پشتوانی نێودەوڵەتی زۆر وگەورەی هەبوو ، هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لە سەر زەوی بونیان هەبوو ، دەستوەردانی ئێران و تورکیا سنوردار بوو ، زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگاری هەبوو ، لە سەدا 17ی بودجەی عێراقی دەستەبەر کردبوو  لە کۆی 12 پەرلەمانتار 8ی کورد بوو, هێزی پێشمەرگە لە حەمرین بوو ، تەعریب هەڵدەوەشایەوە ، کوردێکی زۆری شارەکە گەڕابوونەوە جێ و رێی خۆیان و هەزاران ماڵە عەرەبی هاوردە گەڕێنرابونەوە زێدی خۆیان ، ئەوجاش  لە جێبەجێکردنی مادەکە فەشەلەمان هێنا و سەرکەوتوو نەبووین .

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە ،  دۆخی هێزە سیاسیە کوردیەکان لە هەرێم و لە بەغداش زۆر ناکۆک و شڵەژاوە مام جەلال لە بەغدا و لە ژیان نەماوە ، کاک مەسعود ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کۆتایی هات ،  بودجەی هەرێم لە عێراق نەماوە ، یا اللە حکومەتی هەرێم خۆی پێ بەرێوە بچێت ، ژمارەی پەرلەمانتارەکانی کەمی کردوە بۆ خوار 60 و دابەشی 5 فراکسیۆنن ، بەشدارییەکەی لە بەغدا نیمچە تەشریفاتیە و لەدوای ریفراندۆمەوە ئەو متمانەیەی جارانی لەدەست داوە ، هێزەکانی ئەمریکا وەک جاران لە سەر زەوی نەماون و پشتوانی نێو دەوڵەتی لاواز بووە و دەستی وڵاتانی ئیقلیمی ئێران و تورکیا و کەنداویش واڵا تر بووە ، دەوڵەت بە هێز و حکومەت تۆکمە بۆتەوە عەرەبی سوننە خۆی گرتۆتەوە و دۆخی خۆی لە گەڵ دەوڵەتدا گونجاندوە و تورکمانیش فێری یارییەکە بووە بە دەنگی بەرز ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرێ و هەڕەشەی شەری ناوخۆ دەکات لە ئەگەری هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی دۆخی شارەکە بۆ پێش ئۆکتۆبەری 2017 ،  و کوردیش هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکانی لە دەست داوە زیاتر لە 5 ساڵە لە کایەکانی ئیداری و سەربازی و ئەمنی دور خراوەتەوە ، ئەنجومەنی پارێزگا نەماوە و پارێزگاری لە دەست داوە و ژمارەی پەرلەمانتارەکانی کەرکوکی لە 8 پەرلەمانتارەوە کەمی کردوە بۆ 6 پەرلەمانتار  و هێزی پێشمەرگە گەڕاوەتەوە قەرەهەنجیر و شێراوە.. و کۆچی پێچەوانەی کورد بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی زیادی کردوە و گەڕانەوەی پرۆسەی تەعریب بە نەرمی دەستی پێکردۆتەوە  ، ئەمانە و کۆمەڵێ بابەتی تر....

بە بەراوردێکی سەرپێیی لە نێوان هەردوو زەمەنەکەدا و لە کاتێکدا زۆربەی کارتە بەهێزەکان لە دەست دراون وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ داون.  دەپرسم لە دۆخێکی وادا چۆن دەتوانرێ ئەو مادە مردووە زیندوو بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت ؟

پێوست بوو کورد سودی لەو ئەزمونە  وەرگرتایە ، ڕەچاوی باری دەرونی کوردی ئەو ناوچانە کردبا ،  وەبەرهێنانی لە فەشەلی ئەو ماددە دەستوریەدا بکردایە و بەدوای ئەلتەرناتیفی گونجاودا بە مەبەستی چارەسەر بگەڕێت و خۆی بە دوور بگرێت لە بەرهەم هێنانەوەی فەشەل لەو پرۆسەیە جارێکی تر .

دەستبردن بۆ کارکردنەوەی ئەو مادەیە لەم کات و ساتەدا کە هیچ ئامادەییەکی بابەتی بۆ نەکراوە ، ئەو پەڕی بێ ئاگایی و بێ باکی بڕیار بە دەستانی کورد دەردەخات لە دۆخی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان ، کە لە ئەگەری جێبەجێ کردنیدا وەک خۆی،  ئەگەری لە دەستدانی ئەو ناوچانە بە کەرکوکیشەوە بە شێوەی دەستوری و یاسایشەوە واتە لە چاڵ نانی یەکجاری ،  لە ئەگەری بردنەوەی زۆرترە ، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە کورد هیچ  دید و هیچ پرۆژەیەکی بۆ کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان نیە و نەیتوانیوە خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ئەو دۆزە هەستیارە بکات .. بە کوردیەکەی خۆمان بە پێ خاوسی چۆتە پاقلەکەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن