لاهور شێخ جەنگی لەبەردەم بڕیاری بوێرانە و دەستپێشخەرییەکی نوێدا
7/29/2023 12:03:00 PM
شوان داودی
بە پێی کاتە دیاری کراوەکانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی
دووشەممە 31ی تەموز واتە سێ ڕۆژی تر ، دوا مۆڵەتە بۆ تۆمار کردنی لیست و قەوارە و
هاوپەیمانێتیە سیاسیەکان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵی
ئەنجومەنی پارێزگاکان ، لەدوای یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە
ساڵی 2005 وە ، یەکەم جارە ئەو پرۆسەیە لە کەرکوک ئەنجام دەدرێت .
لە 2005 وە بۆ ئێستا هاوکێشە سیاسیەکانی شارەکە گۆڕانکاری زۆر و گەورەی بەسەردا
هاتووە و ئەو گۆڕانکارییانە لە بەرژەوەندی کورددا نەبووە و کورد زۆربەی کارتە بەهێزەکانی
خۆی لە دەست داوە ، ئەگەر کارتێکی بەهێزی کورد لە شارەکەدا مابێتەوە خۆڕاگری و مانەوەی
کوردی شارەکەیە توانیویانە قەبارەو بارستایی کورد بپارێزن ئەمە لە کاتێکدایە هێزی
سیاسی کوردی هەبووە بە بڕیاری حزبی هەوڵی ئەوەی داوە کورد ئەوشارە جێ بهێڵن و دوای
ئەو بکەون بۆ هەولێر لە پێناو شەرعیەت دان
بە فەشەلی بەرپرسە حزبیەکانی ، وە هێزی سیاسی تر کە خۆی بە خاوەنی شارەکە دەزانێت
هەرچی لێپرسراوی هەیە ماڵ و منداڵی بردۆتە سلێمانی وەک ئەوەی لە کوردی بەشمەینەتی
کەرکوک زیاتر بن .
دیارە هەڵبژاردنی ئەمجارە بە یاسای سانتلیگۆی ڕێژەیی هەموار کراو يەک پۆینت
حەوت( 7.1) ئەنجام دەدرێت ، لە فرە لیستیدا
دەنگێکی زۆر بە خەسار دەچێت ، بۆیە دەبێ هێزە سیاسیە کوردیەکان بەو پەڕی هەستیاری
و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیەوە مامەڵە لە گەڵ دۆخی کەرکوک دا بکەن .
ئاشکرایە پێش هەموو هێزە سیاسیەکان لاهور شێخ جەنگی دەستپێشخەری کرد و پرۆژەیەکی
بۆ یەکلیستی کورد لە کەرکوک و ناوچە جێ
ناکۆکەکان دا بەهەموو هێزە سیاسیەکان ، هاوکات باس لەوەش دەکرێ شێخ جەنگی ئامادەکاری
ئەوە دەکات کە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکات و لیستی تایبەت بەخۆی هەبێ بە ناوی لیستی
گەل .
بەپێی چاودێری کردنم بۆ دۆخەکە پێناچێ لاهوری شێخ جەنگی لەلایەن هێزە سیاسیەکانەوە
وەڵامی پۆزەتیفی بۆ پرۆژەکەی وەرگرتبێ ،
چونکە ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان دەیبینین هەریەکە لە پارتی و یەکێتی تاک لایەنانە لە
هەوڵی کۆکردنەوەی حزب و لایەنەکانی ترن بۆ ئەوەی بیانبەنە بەرەی خۆیانەوە ، نەوی نوێش بڕیاری ڕونی هەیە لە گەڵ یەکێتی و
پارتی ناڕواتە هیچ هاوپەیمانێتیکەوە ، واتە تا ئێستا بەڕوونی سێ لیستی ڕانەگەینراو
لە ئارادایە ئەوانیش ( پارتی و هاوپەیمانەکانی ، یەکێتی و هاوپەیمانەکانی ، نەوەی
نوێ ) لە ئەگەری ڕاگەیاندنی لیستی گەل ئەوە دەبێتە چوار لیست .
سێ هێزی سیاسی تر ( یەکگرتوی ئیسلامی ،کۆمەڵی دادگەری ، بزوتنەوەی گۆڕان )
کە سەنگی خۆیان هەیە ، تائێستا لە نێوان بەشداری کردن بە جیا یان پێکەوە لیستێک
دروست کەن یان بچنە کام بەرەی یەکێتی و پارتی کە چونیان بۆ هەر بەرەیەک لەو دوو بەرەیە
باشی و خراپی خۆی هەیە بۆیان، بۆیە تا ئێستا
خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە کە چۆن و بەچی شێوازێک بەشداری پرۆسەکە دەکەن .
وەک پێش هەموو هەڵبژاردێک لەماوەی رابردوو حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان
بۆ کەرکوک و ناوچە دۆڕێنراوەکانی تر ، وەک دروشمێکی سواوی هەڵبژاردن باسی پێکهێنانی لیستی هاوبەش و هاوپەیمانی دەکەن
و لە ڕاستیشدا ئەوە خواستی ڕاستەقینەیان نییە و چونکە ئەوەی ئەو ئیدعایە دەکات نابێ ڤیتۆی
لەسەر هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی بەشدار بووی پرۆسەکە هەبێ .
ئێستا چەند ڕۆژێکی کەم ماوەو کاتی قسە و کات کوشتن و دروشمبازی نەماوە ، بەڵکو
کاتی یەکلا کردنەوەی هەڵوێستەکانە لە چۆنێتی بەشداری کردن یان نەکردن لەو پرۆسەیەدا .
وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا وا دەردەکەوێ پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ لیستی خۆیان
هەیە ، لیستی گەلی لاهوری شێخ جەنگی بە فەرمی ڕانەگەینراوە و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵیش
خۆیان لە چۆنێتی بەشداری کردن یەکلایی نەکردۆتەوە .
لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆر ئومێدی زۆری لە سەر لیستی گەل هەڵچنیوە بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری یەکێتی و گێڕانەوەی هاوسەنگی دۆخی نەخوازراوی کورد لەو شارە .
بە داوی لێبوردنەوە پێم وایە ئەو لیستە چەند براوە بێت و چەند ئەندام
سەربخات لە کۆتاییدا لەم دۆخە سیاسیەدا لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورددا نابێت و زیاتر
دەنگی کورد پەرت دەکات و ڕەنگە ئەو پەرت بونە و خەسارەتی ڕێژەیی دەنگەکان لە نێوان
لیستە جیاوازەکاندا ببێتە هۆی کەمکردنی کورسیەکی کورد بەرامبەر پێکهاتەکانی
تر بەراورد بە ژمارەی کورد لە شارەکەدا ئەمەش
بەتەنها ڕای من نیە .
شێخ لاهور لەپرۆژەکەیدا بۆ یەکلیستی درکی بە مەترسیەکانی فرەلیستی بۆ کورد
کردوە و پێم وایە لەو دەستپێشخەرییەدا پێچەوانەی
لایەنەکانی تر زۆر ڕاستگۆ بووە چونکە هەموو
هەوڵێکی خۆی دا و ڤیتۆی لەسەر هیچ کەس و هێز و لایەنێک نەبوو ، لە کاتێکدا هێز و
لایەنە سیاسیەکان بە دەنگیەوە نەچوون و پرۆژەی یەکلیستی کورد فەشەلی هێناوە ، ئێستا
لەو ماوە کەمەی لە بەردەمدا ماوە چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکی تر لە
شێخ لاهور دەکەین کە لە گەڵ ناوەڕۆکی پرۆژەکەیدا یەکبگرێتەوە و نەبێتە بار
گرانیەکی تر بەسەر کوردە بەشمینەتەکەی کەرکوک و لە خەسارەت و پەرت بوون و بە هەدەر
دانی دەنگی کورد کەم بکاتەوە و برياري ئەوە
بدات بە لیستی جیاواز بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا
نەکات ، ئەم ڕایە بۆ خورماتوو و خانەقنیش هەر وایە .
ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی دونیا نیە ، بە دڵنیاییەوە لە لیستەکاندا خەڵکی شایستەی
تێدا دەبێت بۆئەوەی دەنگیان پێ بدرێت ، من لەوە تێ دەگەم کە بڕیارێکی لەو جۆرە
قورسە و ئاسان نیە ئەوەش پێویستی بە بڕیاری
بوێرانە هەیە ئەو جۆرە بڕیارەش لە کاتە هەستیار
و قۆناغە مێژویەکاندا تەنها بە سەرکردە بوێر و ئازاکان دەدرێت .
2023/7/28