بژاردەی شەڕ یان ئاشتی؟
5/13/2025 11:14:00 AM
سەباح محەمەد ئەشکەنەیى
لەزانستی سیاسەتدا؛ دوو مقولەی شائع هەیە؛
لەسەر بابەتی ئاشتی و جەنگ؛ یەکێکیان“ الحرب من أجل السلام"؛ ئیزر
وایزمەن؛ سیاسەتمەدار و ژەنەڕالی ئیسڕائیلی؛ کتێبیکی بەم ناونیشانە چاپکردوە؛ مقولەی
دووەمیش بریتیە لە ” الحرب طريقة السلام".
کۆی شۆڕش و جەنگەکان؛ لە منداڵدانی پرسێکەوە
سەرهەڵدەدەن؛ دۆزەکانیش لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر جیاوازە؛ دەشێ پرسەکە؛ ئاینی
بێت؛ چینایەتی بێت؛ نەژادی بێت؛ مەزهەبی بێت؛ دەشێت پرسەکە فراوانتر بێت؛ و نیشتمانی
و نەتەوەیی بێت.
کورد لەباکور؛ خاوەنی پرسێکی نیشتمانی؛
و نەتەوەییە؛ پارتی کرێکارانی کوردستان؛ نوێنەرایەتی ئەم پرسەی کردوە؛ بەدرێژایی
چل و حەوت ساڵی ڕابردو.
ئەو پەیامەی کە پارتی کرێکاران مەبەستی
بوو؛ گەیشت“ الحرب من أجل السلام"؛ پرسەکە تەنها لەناوخۆی تورکیادا نەماوەتەوە؛
و بوەتە پرسێک لە جیهانی دەرەوەی تورکیاش نیقاشی لەسەر دەکرێت؛ ئەمە لەلایەک؛ لەلایەکی
تریشەوە؛ لەناوخۆی تورکیاش؛ جۆرێک لە کۆدەنگی دروستبوە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم پرسە“
تەنانەت ئەگەر وەک تاکتیک”یش بێت.
لەڕاستیدا؛ جەنگی ڕابردوی کورد؛ بۆ بەدیهێنانی
ئاشتی بوو؛ کورد با ئەلتەرناتیڤی جەنگ؛ کە ئاشتیە تاقیبکاتەوە.
لەئێستادا؛ ئەم تایپ و فۆڕمە لە خەبات؛
بەرەو لاوازی؛ و لەناوچون دەچێت؛ خەباتی پەرلەمانی؛ بوەتە ئەلتەرناتیڤی ئەم خەباتە؛
وێڕای ئەو تێبینیە زۆرانەی لەسەر خەباتی پەرلەمانی هەیە لە تورکیا.
یەکێک لەمەرجەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی چەکداری؛
ئەمەیە کە پێویستە شۆڕش لە قوڵایی نیشتماندا بێت؛ دەیان ساڵی تریش؛ پارتی کرێکاران
لە قەندیلەوە ناتوانن ئامەد ئازاد بکەن.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکاران
لە کۆنگرەی دوانزەهەمینی خۆیدا؛ نە ئاشبەتاڵە؛ نە دەستکەوتێکی گەورەیە؛ کە بە ئاشبەتاڵ
ناوببرێت؛ اجحافە؛ کە بە دەستکەوتی گەورەش ناوببرێت؛ خۆش خەیاڵیە؛ چاوەڕێی هەنگاوەکانی
دواتر؛ و ئەنجامەکەی دەکەین.
گرنگە توانای لۆجستی؛ و مرۆیی پارتی کرێکارانیش
لەبەرچاو بگیرێت؛ و حزبێکی تر نیە توانیبێتی چل و حەوت ساڵ بە بەردەوامی لەشاخ درێژە
بە خەبات بدات؛ وێڕای نابەرامبەری هێز؛ و توانای لۆجستی و سەربازی پارتی کرێکاران
و تورکیا.
زەمانەتی ئەساسی بۆ چارەسەری دۆزی
کورد؛ هەمواری دەستوری تورکیایە؛ کە دڵنیایی بە کورد دەدات؛ و نیەت پاکی دەوڵەتی
تورکیاش دەسەلمێنێ.
پرسی کورد لە باکور؛ درێژکراوەی هەیە؛
بۆ باشور؛ و ڕۆژهەڵات؛ و ڕۆژئاوا؛ عێراقو؛ و ئێران؛ و سوریا؛ بە تایبەت بۆ باشور؛
و عێراق؛
گریمان؛ پارتی کرێکاران کۆتایی بە خەباتی چەکداری
هێنا و قەندیلی جێهێست؛ ئەم بۆشاییە سەربازی؛ و ئەمنیەی دروست دەبێت؛ کێ پڕی دەکاتەوە؟
حکومەتی هەرێم؛ و حکومەتی عێراق دەتوانن؟ قەندیل لە چیاکانی تۆرا بورا عاسی ترە؛
گروپێک یان ڕێکخراوێکی هاوشێوەی ئەلقاعیدە یان داعش تیایدا نیشتەجێبێت؛ چۆن دەتوانرێت
ڕوبەڕوی ببنەوە؟.