150وتار

دیزاین کراو

11/2/2024 11:08:00 AM
نەبەز جەلال

( دیزاین کراو ) وشە بە توێکڵە نێو پوچەکەی ئەمڕۆی سیاسەت ، کۆنە بێتامێکی ، بە تام نوێ گەرمکراوە.!

لەم سەردەمی پێشکەوتنە گشتی و مێژووییەدا هەر جارەی چیرۆکێکی کۆنی جەندین جار تاقیکراوەو تێپەڕیو، بە چێژی گەرمە درۆیەکی گەوجانەی نوێ دەکەنە وێردی سەر زمانی خەڵکە نا کامڵ و سادەکەی وڵات و ، سیاسییە بێ ئابڕووەکانیش بە دۆخ و ژینگە سازو فێڵاوییە گونجاوەکەی خۆیان رۆژی پێ قاندەدەن ، ناویشیان لێناوە ژیانکردن بە ( ئازادیی و سەربەخۆیی ) .!

ئاخر کامە لە  ( مەلیک ، سەرککۆمار ، سەرۆک حکومەت ، سەرۆک حیزب ، سەر و دەست سوڕاو ، یان هەر دەسەڵاتی پلە و پۆستێکی حیزبی و حکومی ) ناوچەکە، بە گشتی هەموو سەرو بەرۆکەکانی کەهاتوون بە بەرگریکار و بێ بەرگرییەوە؛ کامیان بە بێ بڕینی هەنگاوەکانی پرۆسەی قاڵبی داڕێژراو و دیزاینکراو هاتونتە سەر کورسی دەسەڵات و حکومیان بە پاکی و پێویستییەکانی ژیانی خەڵک کردووە، ناویشیان لێناوە ( هەڵبژاردن بە دیموکراتی ) .!

بێگومان ئەوەشی یەکجار لە دیزاینەکە لا بدات و پێیەکانی خوار دابنێ ، بۆ هەتا هەتایە ناتوانێت قاچ بخاتەوە سەر شانۆ و نمایشی سیاسی لە کاردەخەن ،کورد ووتەنی : ( متمانە یەکجارە ). چانسی دوبارە بوونەوەی دەربڕینی ئەو چاکەیەش تەنها بە دوورگرتنە لە هەمان جۆرو شێوازی کۆتاییهێنانە بە قەدەری ڕێگای ڕۆشتوان .
ناویشیان لێ ناوە  ( دەستاو دەستی ئاشتیانەی دەسەڵات ).!

بەگشتی تا ئاوەزی سیاسی لە ئاستی بینین و بیرکردنەوەی سەرانی پوچ لە قۆناغی ( جێ نشینی ) یەوە نەگوازینەوە بۆ قۆناغی بەدەست هێنانی بەرهەم و دەستکەوتی ( سەر نشینی ) بوون ، ناتوانیین ئەم جۆرەر لە سەپاندنی قۆناغی دیزاینکراوی چوارچێوەگیراو تێپەڕێین. ئەمەشیان ناو لێ ناوە ( خەبات و تێکۆشان ).!

گەرچی زۆرگەلێکی سیاسی کورت بینی ئەزموون شکست ئەم جۆرە هەنگاوە بە دەرفەت و سودی میلەتەکەمان دەبینن بۆ تێپەڕاندنی گشت ئەو ئاڵۆزکاویی و ئازارەی توشی کورد بووەو هاتووە ،

بەڵام لە دواجاردا بەستنەوەی کێشەو خەباتی گەلێکی قوربانی بەخش ناچێتە چوارچێوەی شانۆیەکی دیزاینکراوەوە وەک چارەسەری ئازارشکێنک و نمایشی چەند ئەکتەرێکی جوڵاو بۆ پیشاندان و بەدەست هێنانی دەستکەوتی گەورە لەم قۆناغی پارچە پارچە بوون و وێرانکارییەدا کە گڕی شەڕ بەرەوە گەرمییەکی زیاتر بە سوتانی ناوچەکە جۆش دەدەن ، کە یەک هەڵەی بچوکی ناوخۆیی دەبێتە تەقینی باڵۆنە پف تێکراوەکەی باشورو دۆخەکەش پوچەڵ دەبێتەوە بۆ ژێر خاڵی سفر. ناویشیان لێناوە ( ئاوەدانی و کۆڵنەدان ).!

٢ی١١ی٢٠٢٤

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن