لە دكتۆرەوە بۆ هەویەی داڵ!
1/3/2026 1:08:00 PM
حسێن عەلی شەریف
بەر لە ماوەیەک ڕاپرسییەک لە ناو ژنانی نەرویجیدا ئەنجامدرا لە بارەی سەرنجڕاکێشترین پیاو !
لە ئەنجامدا بە پلەی یەکەم پیاوانی پۆلیس و ئاگركوژێنەوە
و بە پلەی دووهەم کرێکاری بیناسازی هاتبون!
ئەڵبەتە پیاوانی پۆلیس و ئاگركوژێنەوە جگە لەوەی هەیکەل و قیافەیان جوانە و ڕێکپۆشن، لە زیهنی تاكی ئەوروپیشدا هەر لە منداڵیەوە بە بە فریادڕەس و یارمەتیدەر ئەیان ناسێنن، هەربۆیە ئاساییە لە پلەی یەکەمدا بن.
ڕەنگە بپرسیت بۆچی کرێکاری بیناسازی لە ڕیزبەندی دووهەمی ویستی ژنان لە ئەوروپادا دێن!
ئەڵبەتە ژنەکان بە دیدێکی جیاوازتر لە دیدی ئیمەی پیاوان سەیری جوانی ئەکەن، کاتێک کرێکارەکان ئەبینن دەستەکانیان تۆز و خۆڵی پێوەیە و بە جلەکانیانا چەکوش و مەتر و کڵاویان هەڵواسیوە و لاشەیان بتەو وتۆکمەیە، ئەوە ڕەنگە بۆ ئەوان دیمەنێكی سەرنجڕاکێش و هەستبزوێنبێت، جگەلەوەش لە کۆمەڵگایەکی پێشكەوتودا كە ئیش گرنگە نەک بڕوانامە، بێگومان ئیتر ئەوەش ئاسایی ئەبێت کە کرێکار بە پلەی دووهەمبێت!
گەنجە كرێكارەكانی ئەوروپا جگەلەوەی ئەهلی كەیفیشن خاوەنی پارەشن و دەستودڵیشیان باشترە، چونكە زۆرینەی ئەو گەنجانەی كە قوتابخانە پیشەییەكان هەڵئەبژێرن ئەوانەن كە حەزیان بە ژیانە و ئەیانەوێت بەزوترین كات ببنە خاوەن موچە، خۆیان واتەنی تاقەتی ئەوەیان نییە بە پیری تەخەروج بكەن.
لێرەدا بەوپێیەی كۆمەڵگا كاری بۆ گرنگە نەك بڕوانامە ئیتر کچەکان بەدوای دکتۆر و ئەندازیاردا ناگەڕێن و کرێکارەکان زیاتر لەبەر دڵانن.
زۆرینەی کچانی ئیمە بە دوای قات و ڕیبات لەبەردا ئەگەڕێن و بە نوسین و شیعری ناسک و ریباتی سور ئەخەڵەتێن، زۆرینەیان پێیان خۆشە بڵێن شومان بە موهەندیسێک کردوە یان شومان بە دکتۆرێک کردوە، شومان بە دەرچوی زانکۆیەکە کردوە وکوڕی فڵانە کەس هاتۆتە داوامان.
لەو شارەی ئێمەدا تەنها دوو موزەمیدی تیابو كەچی ئاوازی میمكە ناهیم ئەیگوت: وە دكتۆر نەوێ شو وە كوڕی ئەسحاوەیش ناكەم!
چوارساڵ چاوەڕێی دكتۆری كرد و نەهات، دواتر گوتی قەیناكە بە موهەندیسیشی ئەكەم ، سێ ساڵیش چاوەڕێی موهەندیسی كرد كەس نەهات.
دواتر گوتی مودەڕیسیش باشە ، دواتر هێنایە خوارەوە بۆ خڕیجی سەناعەش هەر پەیدانەبوو، دواتر گوتی قەیناكە شو بە خەفیفەش ئەكەم بەومەرجەی هەویەی داڵی هەبێت*!
ئەو کرێکارەی کە بەیانی زوو لە خەو هەڵئەسێت و ئێوارە بە دوو کیسە میوە و دەبەیەک شەربەتەوە ئەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئەکرێت زۆر زیاتر بەختەوەری و خۆشەویستی و دڵسۆزی بدات بە ژنێک بەراورد بەو پیاوە شیکپۆشەی دەرچوی زانکۆ کە لەدەرەوە قسەكانی هەنگوینە و لەماڵەوە لە جنێو زیاتر هیچی تر نازانێت.
ئەو کوڕە دوکاندارەی کە تۆ لەبەر نەبونی پلەوپایە و بڕوانامە ڕەفزی ئەکەیت، ڕەنگە ئەو کوڕەبێت کە لە نەخۆشیتا بەسەر سەرتەوە دابنیشێت بۆت بگری.
ئەو پیاوە دەستگێڕەی کە بتوانێت مەلابانگدان سنگی شەقامەکان بکوتێت بۆ پەیداکردنی بژێوی، بێگومان هەرگیز مانای خیانەت نازانێت و ژیانی خۆییت بۆ ئەکاتە قوربانی.
زۆرینەی ئەو پیاوانەی کە تۆ پێیان ئەخەڵەتێیت و لات وایە ئەوان پیاوی رۆمانسی و عاشق و ناسک و پەمەیین، ئەکرێت لە ناخیاندا بوڕكانێكی ژەهراوی هەبن و ژیانت بکەن بە دۆزەخ.
تاکە عەیبەی کوڕە کرێکارەکان ئەوەیە کە ناتوانن وەک ئەوانی تر درۆتان بۆ بکەن، ناتوانن بەڵێنی قەبەی درۆیینەتان پێبدەن، ناتوانن بتانخەڵەتێنن بە شیعری ئەو شاعیرانەی کە هۆنراوە سێکسییەکانیان بۆ دەیان ژن کۆپی ئەکەن!
ئەوان نازانن دیمەنی خەیاڵاوی گەشتوگوزار و چونە باخچە و مۆڵ و چێشتخانە بەناو ڕاقییەکانتان بەر لە هاوسەرگیری بۆ دروستبکەن، بەڵام ئەوان لەو دونیا ڕاستەقینەی کە هەیانە ئەتانکەن بە شاژنی ماڵ و ئەتانکەن بە تاجی سەریان.
ئەوان وەک پیاوە شیکپۆشەکان تەلەفۆنەکانیان قوفڵناکەن و لە پشتەوە لەلای دۆستەکانیان زەمی خراپەتان ناکەن.
باوکم پیاوێکی لادێیی نەخوێندەوار و جوتیارێكی نەخوێندەواری هەژاربوو، بەڵام ئەوەی کە لە دوای مەرگی خۆی بیستم ئەیانگوت، بۆ پەیداکردنی خورمایەک کە دایکم بێزوی پێوەکردوە لە بناری بەمۆوە بە سواری کەر ڕۆشتۆتە خانەقین!
كاتێك كوڕێك دێتە داوای كچەكانتان ، لە بری ئەوەی لێی بپرسن چەند مسقال ئاڵتونی بۆئەكەیت، لێی بپرسن چەند باوەش خۆشەویستی پێئەدەیت.
هەتا کچی کورد لەم خەونە پەمەییەی دونیای رۆمانسیەتی کوڕە پلەدار و بڕوانامەدار و پارەدارەکاند بێدار نەبێتەوە، ئەوە ژمارەی جیابونەوە لە ژمارەی هاوسەرگیری لە دادگاکاندا زیاتر ئەبێت!
.........
تێبینی: هەویەی داڵ ئەو هەوییە بوو كە هەر خەفیفەیەك هەیبوایە پۆزی پێوە لێئەدا چونكە لە سەیتەرەدا ئەیخوارد.
جا كوڕێكی خزمی ئێمە ڕۆشتبوە داوای كچێك، دایكی كچەكە گوتبوی: كچەكەمان مامۆستایە، میمكیشم گوتبوی: وەڵا بومەسیاقەی سەرت فاتیحی كوڕیشم هەویەی داڵەكەی هەیە!