491وتار

پرسی نەوت

4/28/2020 12:28:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج

بێ پێشەکی، چارەسەر ئەوە نیە نەوتی هەرێم ڕادەستی عێراق بکرێت، ئەمە نەک هەر کێشەیە بەڵکو هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانیی کوردستان. چارەسەر ئەوەیە نەوتی هەرێم لەدەستی گەندەڵکارانی هەرێم بێتەدەر‌و لە پڕۆسەیەکی شەشافدا دەربهێنرێت‌و بفرۆشرێت‌.

ئەدی چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراق بکرێت؟ نەوتی عێراق گەندەڵانەتر لە نەوتی هەرێم ئیدارە دەدرێت، بۆیە تا ئەو ڕۆژەی نەوتی عێراق لە دەست گەندەڵکارانی عێراق دەرنەهێنرێت هەر قسەیەک لەسەر ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم جگە لەپەرچەکردارێکی ناعەقڵانەو موزایەدەیەکی سیاسی‌و پۆپۆلیستانە هیچی دیکە نیە.
خۆ ئەگەر عێراق نەوتەکەی شەفافانەو ئیدارەداو بوو بە دەوڵەتێک کە کوردستانیان هاوبەشێکی فعلی بوون، کە ئەگەرێکە نە لە نزیکمەودا نە لە دوورمەودا بوونی نیە، ئەوە دەکرێت نەوتی عێراق‌و کوردستان وەک ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتوە یەکسانانە بەسەر عێراقییەکاندا دابەش بکرێت. ئەوکات کوردستانیان قازانجیانە زەرەریان نیە.
پرسیارێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، داخۆ نەوتی هەرێم دەکرێت لەژێر دەستی گەندەڵکاران دەربهێنرێت، وەڵامەکەی بە سانایی نەخێرە. ئەدی کە دەرناهێنرێت بۆ ڕادەستی بەغدا نەکرێت. وەڵامی ئەمەش ئاسانە، نەوتی هەرێم لەژێر دەستی گەندەڵکارێکی کورد بێت هەر هی کوردە ڕۆژێک دادێت لەژێر دەستی دەردێت، دوور یان نزیک، بەڵام نەوتی هەرێم ڕادەستی عێراق بکرێت نەوتەکە لەژێر دەستی کوردستانیان بۆ هەتا هەتایە دەردێت‌و دەکەوێتە ژێر دەستی کۆمەڵێک گەندەڵکاری دیکە کە لە دژی مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانی کوردستانیان بەکاری دێنن.
بەکورتی، نەوتی کوردستان موڵکی دەسەڵاتدارانی کوردستان نیە بەڵکو موڵکی کوردستانیانە. ئەمڕۆ گەندەڵکارانی هەرێم ئیدارەی دەدەن بەڵام سبەی دەکرێت کوردستانیان ئیدارەی بدەن، بۆیە تکایە هیچ کاتێک نەوت ڕادەستی بەغدا مەکەن. نەوت کارتێکی گرنگە بۆ کوردستانیان لە جیوپۆلەتیکی عێراق‌و ناوچەکە نا بەڵکو لە جیهاندا. کارتێک کە سەد ساڵە لە دژی کوردستانیان بەکاردێت ئێستا ئەگەر لە قازانجی کوردستانیانیش بەکارنەێت ئەوە لەدژی بەکارنەهاتوە، ئەمە جیاوازییەکە.
لەوەش گرنگتر پرسێکی ستراتیجی‌و دوورمەودا لە پرسی کورتمەوداو بچوکدا کورت مەکەنەوەو مەیخنکێنن.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن