پرسیارە بێوەڵامەکانی دوای چەکدانانی پەکەکە و سێ ئاڵنگاری گەورە!
5/10/2025 1:44:00 PM
شوان محەمەد
لێرە بەدواوە قۆناغی ڕاگووزەری خەباتی کوردانی باکوور، لە چەکەوە بۆ خەباتی مەدەنی و دیموکراتی دەست پێدەکات.
ڕەنگە هەستیارترین هەنگاو لە نێوان دوو سەردەمی توندوتیژی و ئاشتی، قۆناغی ڕاگوزەر بێت
پرسیارەکان زۆرن:
١. ئایا جەنگاوەرەکانی قەندیل، کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی قەیرانی نێودەوڵەتی نزیکەی شەش هەزار کەس دەبن، چیان بەسەر دێت و لە کوێ چێگیر دەکرێن؟ سەرکردایەتی بازنەی یەکەم و دووەمی حیزب دەچنە کوێ و ئایندەی کادرە پێشکەوتووەکان و جەنگاوەرەکان چۆن دەبێت؟
٢. ئایا تورکیا ئامادەی پرۆسەی ئاشتییە؟ گومانەکان زۆرن!
٣. چەکەکان بە کێ ڕادەسپێرێن، ئایا ڕادەستی پژاک دەکرێن، یان دەگوێزرێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، یان یەکێتی نیشتمانی؟ سیناریۆکان زۆرن!
٤.. بودجەی ساڵانەی قەندیل نزیکەی پازدە ملیۆن دۆلارە! ئەم بڕە پارە زۆرە بەشێکی لە ئابوونەی ئەندامانەوە کۆ دەکرێتەو، بەشەکەی تری لە رێگەی پرۆژەی وەبەرهێنانی نادیار، لە پارچەکانی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و ئەروپا و ئەمریکا دەستەبەر دەکرێت.
٥. قەندیل وەک زنجیرە چیا، ڕادەستی کێ دەکرێت؟
پرسی ڕادەستکردنی قەندیل تەنها پرسێکی کوردی وتورکی نییە، بەڵکو پرسێکی ناوچەیی ستراتیجییشە! پێگەی جیۆپۆلیتیکی قەندیل ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی ئێران و سوریا و تورکیاشەوە هەیە، ڕەنگە ئیسرائیلییەکانیش بە ئامانجی ستراتیجی خۆیان، گرنگی بەم پرسە بدەن.
سێ ئاڵینگاری گەورە:
ئاڵنگاری یەکەم: لە ئەزموونەکانی ئایرلەندا لەگەڵ بەریتانیا و ڕێکخراوی فارک لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبیا و ئەزموونی باشووری ئەفریقا، چەکدانان قۆناغی دواکەوتووی پرۆسەکانی ئاشتی بوون.
ئەم ئەزموونەی ئێستا، نەک بۆ کورد و تورک، بەڵکو بۆ جیهانیش ئەزموونێکی نوێییە!
ئاڵنگاری دووەم: مێژووی سەدساڵەی دەوڵەتی تورک و مینتاڵی سیاسی تورکی و پەروەدەی ڕەگەزپەرستانە، تورک دەخاتە بەردەم تاقیکردەوەیەکی مێژوویی!
ئایا تورک دەتوانێت چالینجی ئێستا و مێژووی خۆی بکات؟
ئاڵنگاری سێیەم: بە ئەگەری زۆر دوای بڕیاری چەکدانان، دەنگی ناڕازی و دەستە وگروپی جیاواز، لەبەر بێمتمانەی بە دەوڵەتی تورک، ئامادەی چەکدانان نابن.
یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان، درووستکردنەوەی هێزی چەکداری نوێیە، لەژیر فەرمانی سەرکردایەتی نوێدا.
مێژووی سەدساڵەی کورد، مێژووی شاخ و چەک و یاخیبوون و دژە سیستمە. ئایا کورد دەتوانێت ئەو مێژووە بگۆڕێت، دوور لە چەک و تووند وتیژی، تێکەڵ بە ژیانی سیاسی مۆدێرن ببێت؟