849وتار

روونكردنەوەیەك لەسەر من و NRT

3/23/2019 10:02:00 AM
شوان محەمەد


ژمارەیەك هاوڕێ لەڕێگای نامەی فەیسبووك و تەلەفون، یان لە كاتی بینیندا پرسیاری ئەوەم لێدەكەن كە ماوەیەكە لە بەرنامەی دیالۆكی كەناڵی NRT بەشداری ناكەم و دەرناكەوم، هەستمكرد پێویست بەم روونكردنەوەیە دەكات:


سەرەتا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی لە بەرنامەی دیالۆكدا بەشداریم كردووە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە بۆ تەنها ساتێكیش سانسۆر لەسەر ئەو بەرنامەیە نەبووەو ئازادانە رای خۆمان خستۆتەڕوو، بەڵام هەستمكرد لە دوای دروستبوونی نەوەی نوێوە وردە وردە وردە بەشێوەیەكی گشتی ئەو كەناڵە بۆتە كەناڵێكی ئۆپۆزسیۆنی نزیك جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بۆ منیش كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە دووركەوتوومەتەوە لە كاری حیزبی، لەو مێژوەوە نامەوێت و نەمویستووە بە راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ ببمە بەشێك لە بەرنامەی هیچ هێزێكی سیاسی، هەر لەو ڕوانگەیەوە لەو بەرنامەیە كشامەوە، پێشموایە ئەوەی ئێستا لەنێو میدیا ئاسمانییەكانی كوردستاندا دەگوزەرێت، دەكرێت پۆلێن بكرێن بەسەر دوو فۆرمی میدیای، ئەوانیش میدیای ئۆپۆزسیۆن و میدیا دەسەڵاتە، بە  سێبەر و لق و پۆپەكانیانەوە، منیش نامەوێت ببمە بەشێك لە هیچ لەو دوو فۆرمە میدیایە.


دەمەوێت ئەو راستیەش هاوڕێكان و بینەرانمان بیزانن كە ئێمە لەو بەرنامەیە بۆ هەر هەڵقەیەك بڕێك پارەمان وەردەگرت، مانەوەم لەو بەرنامەیە بەو شێوەیە، پێی بزانم، یان نا، بە ناڕاستەوخۆ دەبووم بە بەشێك لە پەیامێكی سیاسی لایەنێكی دیاركراو، هەر بۆیە لە بەرنامەكە كشامەوە.


كشانەوەشم لەسەرەتای ٢٠١٩ ەوە لە بەرنامەی " دیالۆك " بەو مانایە نایەت كە من بایكۆتی NRT بكەم، بەڵكو هەر كاتێك وەك میوان هاوشێوەی میوانەكانی تری ئەو كەناڵەو سەرجەم كەنالەكانی تر ڕای متەوازعی ئێمەیان بووێت، بە دڵنیایەوە بەشداری دەكەین، ئەمە بەو مانایەی من نامەوێت لەو كەناڵەو كەنالەكانی تری كوردستانیش لەم قۆناغەدا بەرامبەر بەشداریكردنم بڕێك پارە وەربگرم و وەك ستافێكی ئەو كەناڵە تەماشا بكرێم.


دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوەش بكەمەوە كە داكۆكیكارێكی راستەقینە دەبم كە تەواوی ئازادی بۆ ئەو كەناڵە بەرێزەو سەرجەم میدیاكانی كوردستان دەستەبەربكرێت، وەك هەمیشەش كردوومانە لە پێشەوەی ئەو كەسانەوە دەبم كە داكۆكی لە ئازادی كاری میدیای لە كوردستاندا دەكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن