708وتار

کورد رێز لە “زەمەن” دەگرێت !

4/2/2019 3:05:00 PM
شوان محەمەد


ئاستی رێزگرتن لە “زەمەن” لەلای هاوڵاتییەکی سادە کە پیشەیەکی ئاسایی هەیە، زۆر بەرزترە لە ئاستی پابەندبوونی سیاسی و رۆشنبیرانی کورد بە زەمەنەوە، هەربۆیە ژیانی ئاسایی دەڕوات بەڕێوە، بەڵام ژیانی سیاسی چەقی بەستووە.

 


ئێستا لە عێراق حکومەتێکی نوێ بەسەرۆکایەتی د. عادل عەبدولەمەهدی کە دۆستێکی دیاری کوردە لەسەر کارە، دەتوانرا بەشێک لەو کێشە هەڵپسێردراوانەی دەیان ساڵە لەنێوان (بەغدا و هەولێر)دا درێژەیان هەیە، هەر لە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، نەوت، شەریکی راستەقینە لە حوکمدا، کێشەی پێشمەرگە، چارەسەربکرانەیە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی گەورەی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی ترەوە، نەک کورد نەک تەنها خاوەنی گوتارێکی یەکگرتوو نییە، بەڵکو “شەش” مانگی رەبەقە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنایەت. ئەمە رێزگرتنێکی کوردە لە “زەمەن”، لەوە دەچێت سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی واهەست بکەن، حکومەتەکەی عەبادی تەمەنی نوحی هەبێت!.

 


گەر بڵێین مێژوویەکی درێژە سیاسیەکانی کورد رێز لە “کات” ناگرن، بەهەڵەدا نەچووین، با زۆر نەگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆ سەردمی شەڕی ناوخۆ کە چەند بەچاوی سووک تەماشای “زەمەن” کراوە، با لەسەر ئەو سەردەمە بدوێین کە کورد لەبەردەم دەستکەوتی گەورەدا بووە، بۆ نموونە لەسەردەمی شەڕی داعشدا هەرچی ناوچەی جێناکۆکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی کوردەوە، بەڵام بارزانی بە رێفراندۆمێک بێ لەبەرچاوگرتنی “کات” لەپێناو دەستکەوتێکدا بۆ مێژووی خۆی ریفراندۆمی ئەنجامدا، هەموو دنیا ئاگاداریان کردەوە ئەو ریفراندۆمە ئەنجام نەدات، بەڵام ئامۆژگاری دۆستەکانی پێش دوژمنەکانی پشتگوێ خست، لەئەنجامی رێزنەگرتن لە “کات” نیوەی باشوری کوردستانمان لەدەستدا.

 


یەکێتی لەسەردەمی پێش ریفراندۆمدا زیاتر لە وەرزێکی سێ مانگی لەبەر دەستدابوو، تا بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بگرێت و بەراشکاوی بەپارتی بڵێت “زەمەن” بە قازانجی ریفراندۆم نییە، بەڵام نەیکرد، چەند شەوێک پێش ٢٥/٩/٢٠١٨ کە هەردوو گێمی یاریەکە کۆتایی هاتبوو، یەکێتی داوای ئەنجامنەدانی ریفراندۆمی لە ناوچە جێناکۆکەکان کرد، هەموو ئەو کاتە زۆرەی لەبەردەمدا بوو ئەو بڕیارەی نەداو ستۆپی بە بارزانی نەکرد، بەڵام لە نا “زەمەن”دا کە پرۆسەکە گەیشتبووە لێدانی شاوری کۆتایی، ئەوجا ژمارەیەک لە سەرکردەکانیان ئەو داوایەیان کرد.

 


رێز نەگرتن لە “زەمەن” تەنها لای سیاسیەکان باو نییە، بەڵکو لەناو رۆشنبیرانیشدا هیچ کەمتر نییە لە سیاسیەکان، بۆ نموونە رۆژنامەی “زەمەن” لە کاتێکدا دەردەچێت کە کاتێکی سروشتی نییە، زۆرێک لە میدیای حیزبەکان بەم قۆناغەدا رۆشتن، بۆ نموونە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و کوردسات، گەلی کوردستان کە خاوەنی مێژوویەکی زۆر و ژمارەیەک میدیاکاری بەتوانا بوو، لەپڕ کوردسات قوتکرایەوەو لەرێگای بەخشینی چەندین ئیمتیازاتەوە، توانا و وزەیان لە گەلی کوردستاندا نەهێشت، بەڵام کوردسات نیوزیش نەبوو بە تەلەفزیۆن.

 


رۆژنامەی “زەمەن”یش کە لەهەمان سەرچاوەی میدیاکانی گۆڕانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە زەمەنێکی نا “زەمەن”دا دەردەچێت، میدیا سەرەکییەکانی گۆڕان لەرووی گوتارو دامەزراوەییەوە بەرەو لاوازبوون دەچن، بەڵام لەملاوە ژمارەیەک رۆژنامەنووسی هەمان حیزب رۆژنامەی “زەمەن” دەردەکەن، گەر هاوشێوەی تەلەفزیۆنی کوردسات نیوزیش نەبێت، ئەوا هەریەکێک دەبێت لە میدیا سێبەرەکانی کوردستان، کە “زەمەنێکە” دەبێت ئەم جۆرە میدیایە کۆتایی پێبێت.

 


منیش بۆخۆم ماوەیەکە رێزگرتنم لە “کات” کەمبۆتەوە، بۆ نموونە دەبوایە ئەم وتارە بەیانی رۆژی  پێنج شەممە ٢٨ی ئازار بەدەست رۆژنامەی “ زەمەن” بگەیشتایە، بەڵام شەوەکەی بەدەست رۆژنامەکە گەیشت، کەواتە لە کوردستاندا دیاردەیەک هەیە، هەمووان گاڵتەمان بە “زەمەن” دێت..!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن