83وتار

مەرگی واقیع یان واقیعی ساختە: لە نێوان فیلمی 'ترومان شۆ' و خەونە راستەکەی دیکارت

11/9/2024 1:36:00 PM
نەوزاد جەمال

جیاکردنەوەی 'واقیع' لە ناواقیع و راستی لە 'خەون' لە هەموو کاتێک پێویسترە. ژیانکردنی نێو تۆڕەکان ژیانێکی تەریب بەوەی کە "هەیە". هەر ئەوەشە کە وامان لێ بکات بپرسین: واقیع چییە؟

پێش هەڵبژاردن- هەرێم- بە ووتارێک دووپاتمکردەوە کە هەرچییەک رووبدات و ببێت، چیتر ئێمە داناچڵەکێنێت. ئینجا، ئەوە بەهۆی مردنی-هزری/هۆشەکی "ئێمەوە" بێت یان بەوەی کە بە'مەرگی واقیع'ە بێت. پاش، هەڵبژاردنیش، پرسیارم لادرووستبووەوە، ئایا واقیع چۆن مرد و ئەی ئەوەی ئێمە تێدا دەگوزەرێنین، بە ڕاست خەونە یان چی؟

پێش نزیکەی چوار سەدەلەمەوبەر 'دیکارت' (1596-1650) ئەپرسی: ئایا ئەوەی 'هەیە راستە یان خەون؟ چۆن بزانم راستە، لە کاتێکدا 'خەون' ئەبینم، هەستەکان-پێنجهەستەکە-م کاردەکەن و چالاکن؟ ئیتر، چۆن هێڵێ لە نێوان راستی و ناڕاستییدا بکێشین؟

رەنگە بپرسین؛ ئەو بیرۆکە ساویلکەیەی دیکارت چییە. ئاخر، کەس هەیە درک بە جیاوازی خەون و راستی نەکات؟ هەڵبەت، ئامانجی دیکارت ئەوەبوو؛ خەون بەڵگەیەکیترە لەسەر ئەوەی کە هەستەکانمان لە زانینی راستییەکاندا بە هەڵەماندا دەبەن. بۆیە، واقیع دەبێتە پرسیارێکی تەنگپێهەڵچن و دیکارت بەرەو میتۆدی 'گومانکردن' پەلکێشدەکات(لە دەرفەتێکی تردا باسی دەکەم).

بێمەوەسەر فیلمی خەیاڵئامێز 'ترومان شۆ' کە لە ساڵی (1998)دا پەخشکراوە، ئایکۆنی سینەمایی 'جێم کەێری' رۆڵی سەرەکی دەبینێت. کرۆکی فیلەمەکە ئەوەیە؛ رواڵەت، ئەوەی دەبینرێت، دەستکردە، هۆنینەوەیەکە لە زمان و ئەندێشە. واقیع ساختەکراوە، بابەتێکی دروستکراوە.

بۆیە، نەک هەر جیهان، راگەیاندن و سیاسەت، بەڵکو تەنانەت هاوڕێ و نزیکەکانیشمان درۆمان لەگەڵدا دەکەن. بۆیە، ئێمە و ترومان لە 'مەنیاکێ-نەخۆشیکی دەروونی- ئەچین کە واقیع لە هۆشیدا ئاوەژووە بۆتەوە. لە رێی چەپاندن و رەشکردنەوەی راستییەکان هەڵگێڕدراوەتەوە.

ژینگە، رووداو، بابەتەکان هەموویان لەو 'شوێنە رێکخراوە'دا ئامادەکراون کە دواجار وەک بابەتێکی راگەیاندن پەخشدەکرێت. ژیانی 'ترومان' لە نێو پێنج هەزار کامێرادایە. ئیتری ژیانێکی کامێراڕێژکراو، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوەی دەبینرێت، هەمووی سیناریۆیە. کارەکەی، ژنەکەی، هاوڕی و هاوکارەکانی هەموویان ئەکتەرن. بەشێکن لە زنجیرە پەخشێکی تەلەفزیۆنی راستەوخۆ کە لەسەرتاسەری جیهاندا دەبینرێ.

بەسەرهاتەکە؛ پاش ئەوەی 'ترومان'  دایکی بە منداڵی بە جێیدەهێڵێت، کۆمپانیایەکی 'بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی' هەڵیدەگرێتەوە. هەموو ژیانی لە دورگەی 'سی هاڤن' نەچۆتەدەرەوە. دواتر، کۆمپانیاکە دەیخاتە ناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە. هەڵبەت، ترومان بێ ویست و خواستی و زانیاری خۆی، لە زۆر شت بێبەشکراوە، تەنانەت ناشتوانێ توخنی ئاوی دەریا بکەوێت. چونکە، بە سیناریۆیەک 'باوکی' بەبەرچاوی خۆیەوە لە بەلەمێکدا ئەخنکێت و بەو هۆیەشەوە لە ئاو دەترسێت.

ئەو جێگەیەی-ستۆدیۆ- کە تێیدا گەورەبووە، وەک ژینگەیەکی واقیعی هەستپێدەکات. لە کاتێکدا ئاو، ئاسمان، پلەی گەرما، دیمەنەکان، کۆڵان و خانوو، مارکێت و هتد... بەشێکن لە ستۆدیۆ ئامادەکراوەکە. نازانێ، ئەو ژیانەی هەیەتی راستیی نییە.

لە ژیانی 'ئێمە'شدا، دیاردەی 'داخزانی واتا' هەستپێدەکەین و بەسەرماندا دەڕووات. لە میدیا و تۆڕەکاندا سیاسییەکان، کاراکتەرە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیی و ئایینی و نیولیبراڵ، خەریکی دەستکاریکردنی واتا و "راستییەکانن". ئەوەشی روودەدات، ئاگاییمانی خستۆتە بەردەم مەترسیەکیتر؛ دەسەڵاتخوازی هێز و بکەرە ناوخۆییەکان.

لە پێناو درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان، خەریکی وەهمسازیین. پاش سێ دەیە، هەر لە 'گرەوێکی فاوستیانە'دان لەگەڵ ئەهریمەن/شەیتان. بە چیرۆکە ساختەکانیان، لە هەڵبژاردن و دیموکراسی دڕندەیەکی وەک 'فرانکشتاین'یان دروستکرد. کە توانی ویست و خواست و هیوا و مافی خەڵک کەلەپارچەبکات.

دروستکردنی واقیعێکی ساختە، پاساودراو و بەهانە بۆ هێنراو، بریتییە لە گزی، گەندەڵی و درۆکردن لەگەڵ خەڵک. ساختەکردنی واقیع جا هەڵبژاردن بێت یان هەر بابەتێکیتر، بە گێڕانەوەی ناڕاست دخرێتە هزر و هۆشی مرۆڤی ئێمەوە. دۆخی کۆمەڵگای ئێمە بە کۆمەڵگای پاش- هەقیقەت دەچێت کە لێوانلێوە لە زانیاری و هەواڵی هەڵبەستراو و راستی شێوێنراو.

دۆخێکی تراجیک کە لە زانی فیلەکە دەچێت: کە دواجار ژانی بە مشکێکەوەگرت کە خۆی لێی ئەترسا! ئەمە کارەساتێکی مێژووییە؛ مارکس ووتەنی مێژوو جارێک وەک تراجیدیا و جارێکیش وەک گاڵتەجاڕیی دووبارە ئەبێتەوە. لای ئەو تراجیدیاکە مردنی ناپۆلیۆنە، گاڵتەجاریەکەش هاتنی 'ناپۆلیۆنی سێیەمە'. ئاخر، کەسێکی بوودەڵە، چۆن دەسەڵات بۆ خۆی دەبات. لە دەقی 'هەژدەی برۆمێر'دا مارکس ئەیەوێ وەڵامبداتەوە؛ چۆن و بۆچی پاش شۆڕێکی گەورەی فەرەنسی، بوودەڵەکان دەگەنە دەسەڵات؟

لە بەرامبەر دیاردەی 'شێواندنی واقیع'دا، پێویستە لە پەیامەکەی نیگارکێشی ئینگلیزیی 'فرەنسیس بەیکن' (1909–1992) تێبگەین؛ ''ئەگەر بتەوێت ڕاستییەکان بگەیەنی، دەتوانی تەنها لە ڕێگەی جۆرێ لە "شێواندنەوە" ئەنجامی بدەیت. دەبێت، بیشێوێنیت بۆ ئەوەی کە پێیدەوترێت 'دەرکەوت' بە وێنە بگۆڕێت".


لە سۆنگەی خەونەکەی دیکارت و وەهمەکەی ترومان و فڵچەکەی 'بەیکن'ەوە، دەکرێ بیری 'فەلسەفی' لەو خەوە ناحەزەی ناوی واقیعە، بێدارمان بکاتەوە. کە 'هەموو' گوتار و گێڕانەوەکانیتر سەرگەرمی خەواندنی مێشکمان بن، دەبێ لەوێدا ئاگایی بەدەستبهێنینەوە. لە یادەوەری ساڵانی مامۆستایەتی 'بەشی فەلسەفە' رۆژانە لەگەڵ 'خۆشیاد' د.حەمید عەزیز' دا دەکەوتینە گفتوگۆ کە باسی بابەتێکی ئەکرد ئەمپرسی 'بەڕاست'؟ ئەویش بەتەوسێکەوە ئەیووت؛ ئەی خۆ بە درۆ؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن