وتار

ناحەقیش سنورێکی ھەیە: پۆینت تو پۆینت و دنیایەک سەرنج

5/24/2023 3:43:00 PM 39 جار خوێندراوەتەوە
ئالان جەلال شوانە

جارێ ئەمە دەقی قسەی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆیە:

 

"لەبارەی شێوازی تۆماركردنی سەرپێچی بۆ شۆفێران و خێرایی رێگەپێدراو، رائید بەهمەن وتی، "خاڵی سەرەتای دەستپێكی كامێراكە تا كۆتا كامێرا بەرزترین خێرایی كە شۆفێری سەرپێچیكار تۆماری كردوە، بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت، بۆ نمونە تاسڵوجە بۆ دوكان 100 خێرایی رێگە پێدراوكیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لە شوێنەكانی نیشتەجێبون 80 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا، پاش ئەوەی شوێنی نیشتەجێبون تەواو دەبێت خێراییەكە دەچێتە 100 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، هیواداریشین كەس سەرپێچی نەكات بۆئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت ئیفلاس بكات".

سەبارەت بەبڕی سزاكان، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرایكرد، "پێنج سزامان هەیە لە 70 هەزار دینارەوە تا 250 هەزار دینار دەستپێدەكات، لەیەك كیلۆمەتر تا 15 كیلۆمەتر لەو خێراییەی بۆ شەقامەكە دیاریكراوە 70 هەزار دینارە و بەو شێوازە بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە 250 هەزار دینار، لەو 12 كامێرایەی لەهەر سایدێكی رێگای تاسڵوجە- دوكان دانراوە لەكامیان بەرزترین خێرایی تۆماركردبێت ئەوەیانی بۆ هەژماردەكرێت و بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت"
————————————————————————
سەرنجی یەکەم : ئەوەی من بیزانم و تەواوی دنیا بەم شێوەیەیە:

خاڵی سەرەتای چونە ناو شەقامەکە  لە یەکەم کامێراوە کە سەیارەکە پیایدا دەڕوات دەست پێ دەکات ، تا ئەو کامێرایەی کۆتا جار سەیارەکە پیایدا ڕەت دەبێت، بە ھاوکێشەیەک ڕێژە(موعەدەلی)ی خێراییت بۆ ئەژمار دەکات لەگەڵ دووری بڕدراودا ، بەواتای : لادان\ کات، خێرایی  ڕێژەییت بەمشێوەیە بۆ دیاری دەکات و ئەگەر خێراییت لەسەروو ئەوە وە بێت ئەوجا سزای سەرپێچیت بۆ دێتەوە..

ھیچ کاتێک تاقە کەمێرایەک ئەگەر زیاتریش لەبڕی پێویست بە بەردەمیا ڕۆیشتبیت ئەوە ئەژمار ناکات لە سیستەمی P2P دا، چونکە ئەوە لە سیستەمی کامێرای جێگیر و فیکسد یان نا جێگیر و پۆرتەبڵا، یەک جار لە خێرایی ڕێپێدراو زیاتر بھاژویت سەرپێچیت بۆ دێتەوە..

بەڵام لە ووڵاتی فەنتەڵۆسا P2P  و سیستەمی جێگیر تێکەڵکراوە و ھەردووکیت بۆ حساب دەکات بەیەکجار..

واتە ھەرچۆن لێخوڕیت دەبێ ببیتە تەڵەکەوە..

سەرنجی دووەم: لە سیستەمی فیکس یا پۆرتەبڵا ڕێژەی سەدا ١٠+٢ ھەیە،واتا ئەگەر خێرایی ڕێپێدراو ١٠٠ کم لە کاژێرێکا بێت، تا ١١٢ کم کاژێرێک سەرپێچیت بۆ نایەتەوە، بەڵام ئەمان ئەوەشیان بەھەند وەرنەگرتوە چونکە لە P2P  دا ئەوە نیە و ئەگەر لەڕێژەی دیاریکراو زیاتر بێت سەرپێچیت بۆ دێتەوە.

کە ئەمەش لە یاسادا: تعسف فی استعمال الحق ە، واتا ھەموو شتەکان تێکەڵکراوە بەمەبەستی سزا کۆکردنەوە نەک کۆنترۆڵی ڕێگا..

سەرنجی سێ: دەبێت بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ ھێندەی خەمی سزا کۆکردنەوەی بێت، دەبێ بزانێت  ھێڵی سەرەکی ئەمڕۆی سلێمانی ھەولێر ئەو ڕێگەیە یە و دەبێ بزانێت کە ڕێگەی جێگرەوە وئەڵتەرناتیڤ کامەیە؟
چۆن بە خێرایی ژێر ٨٠ کم بۆ کاژێرێک دەبێت دابنرێت بۆ ھێڵێکی سەرەکی دەرەوەی شار، چونکە ھەر تاو نا تاوێک چەند دێیەک و شوێنێکی نیشتەجێی یە و نابێت لەھیچ کامێرایەک بدەیت..

سەرنجی ٤: کۆنترۆڵکردنی خێرایی:

 ا/ شەقامەکە ھێندە ڕێک و چۆڵ نیە بیخەیتە سەر کروز کۆنترۆل و لەو ڕێژەیە دەرنەچیت ھەمووی بەرز و نزمی و پێچاو پێچە، جاری وا ھەیە سەیارەکە لە نشێوێکا یا سەرکەوتنێکا تاو وەردەگرێت و بەچەند کم کاژێرێک خێراییت زیاتر دەبێت، و بەر کامێرا دەکەویت..
ب/ جادەکە ھێند پان و بەرین نیە، زۆر جار دەتەوێت ئیجتیاز بکەیت و پێش سەیارەیەکی لا شان بدەیتەوە کە تازە دێتە ھێڵەکەوە بۆ ئەوەش گوڕ وەردەگریت و دیسان بەر کامێرایەک ئەکەویت!!

بە ھەموو واتایەک ئەمە ستەم و نادادی تێدایە..

سەرنجی کۆتاییم:

 کاتێک ئەرک بەسەر ھاوڵاتیدا دەسەپێنیت دەبێت ھەندێک مافیشی بدەیتێ، کامەتا ؟ ئایا تۆ ڕێگایەکی جێگرەوە و باشترت بۆ ھاوڵاتی دابین کردوە؟؟

ئەی  بۆ نەچون لای سماقوڵیەوە کامێرا دانێن بۆ تاسەکان و ژمارەی تاسەکان بپێوێ، بزانین لە خەلەکانەوە تا کەسنەزان چەند تاسە ھەیە لە کم\ کاژێرێکا؟؟

تێبینی: زۆرێک لە سەیارەکان خێرایی نیشاندراوی شاشەکەی بەردەمیان ڕاست نیە و زۆر جار ھەڵەی تێدایە و یەکناگرێتەوە لەگەڵ خوێندنەوەی کامێراکان ھەر بۆیە سەدا ١٠ بواری کالێبرەیشن دراوە..ئەوەش لای ئەمان حساب نەکراوە..

سەرتان نەیەشێنم، ئەم بڕیارە پێداچونەوەی پێویستە و نابێت خەڵک بێدەنگ بێت..

ئەگەر ھاوڕێیەکت ھەیە لە پێگەی دەسەڵاتدایە لەم بوارەدا ئەو تێبینیانەی بۆ بنێرە بەڵکو پێداچونەوەیەکی بۆ بکرێ..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ