سێ تێبینی ئاڕاستە جیاواز لەسەر سەرۆک وەزیرانی نوێی سکۆتلەندا حەمزە یوسف
4/1/2023 10:16:00 AM
153 جار خوێندراوەتەوە
د. یادگار ئهستێر
هەروەک
لای هەموان ئاشکرایە کە بەڕێز حەمزە یوسف وەک سەرۆک وەزیرانی سکۆتلاندا (First
Minister) هەڵبژێردرا لە چەند ڕۆژی ڕابووردوودا.
بەندە بەش بە حاڵی خۆم پێشتر لە چەند مناسەبەتێکی
چالاکی مەدەنی و خوێندکاران لە چوارچێوەی کاری ئەکادیمی و زانکۆیی لە نزیکەوە ئاشناییم
پێی هەبووە بەتایبەت کاتێک کە خوێندکاری دکتۆرا بووم لە زانکۆی دەندی لە سکۆتلاند.
ئەم کورە گەنجە تا بڵێی کوڕێکی خوێنگەرمی دڵسۆزی
لێهاتووە. دەزانێت چی دەڵێت و بەمتمانەیەکی زۆرەوە قسە دەکات. ڕیفۆرمخوازو دیبەتکارێکی
لێهاتووەو داکۆکیکارێکی بەهێزە لە بۆچوونەکانی خۆی. لە کاتی قسەکردن لەگەڵیدا، هەست
دەکەیت زۆری پێیە و کەمی دەردەخات، زوو دەچێتە دڵەوە، شایەنی ئەو پۆستەیەو پیرۆزی
بێت چونکە بڕوای بە مبدئی خۆی هەیە. هەر حیزبێک کەسانی وەک حەمزەیان هەبێت، دەبێت
شانازی بە خۆیەوەبکات لە هەر جێگەیەک بێت. ئەمە دەربارەی بەڕێز حەمزە یوسف زۆر بە
کورتی و بەبێ ئەوەی باسی پیشەکەی و ژیانی بکەم لێرەدا.
بەڵام
دەمەوێت (٣)سێ تێبینی بخەمە ڕوو لەپاش بوونی بە سەرۆک وەزیران
یەکەم:
ئەم پۆستە نوێیەی شتێکی ئیجابییە، چۆن؟
لەڕاستیدا
شانازییە بۆ کۆمەڵگای موسوڵمانان لە سکۆتلەندا کە ڕۆڵەیەکیان هەیە گەیشتووەتە ئەو
ئاستە. هیوادارم ئەویش بتوانێت کار لەسەر هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا بکات لەوێ کە
لە بنچینەوە کاریگەری نەرێنیان هەبووە لەسەر کۆمەڵگای سکۆتلەندی بەگشتی. بەڵام دووەبارە
لێرەدا باس لە بەهاو بیرو باوەڕی سکۆتلەندی ناکەم لەم بارەیەوە کە تا چەند بەڕێز حەمزە
یوسوف بتوانێت ئیشتی لەسەر بکات.
دووەم:
ئەم پۆستە نوێیە شتێکی نامۆیە، چۆن؟
لەبەر
ئەوەی حەمزە بە ئەصڵ خەڵکی پاکستانەو سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەڕیتانیاش بە ئەصڵ هیندییە،
شتێکی زۆر سەیروسەمەرە دەردەچێت ئەگەر بەڕێز حەمزە ببێتە هۆی سەربەخۆیی سکۆتلەندا،
کە خەونێکی سەدان ساڵەی گەلی سکۆتلەندایە و چی بە جەنگ یان بە ئاشتی نەیانتوانیوە
بەدەستی بهێنن. هەرچەندە کارێکی ئێجگار سەختە.
سێیەم:
حەمزە زۆر زوو کارێکی هەڵە بەسەریدا تێپەڕی، چی بوو؟
لەپاش
سوێندخواردنی یاسایی لە پەرلەمانی سکۆتلەندا، حەمزە چووە ماڵە فەرمییەکەی خۆی کە تەنها
بۆ سەرۆک وەزیران و خێزانەکەی ئامادەکراوە. زۆری نەخایاند وێنەیەکی بڵاو بووەوە کە
تیایدا لە شوێنێکی ماڵەکەیدا پێشنوێژی دەکات بۆ چەند کەسێک. هەتا ئێرە دەڵێین خوای
گەورە لێێیان قبووڵبکات.
بەڵام
گەورەترین هەڵەبوو کە هێشتی ئەو وێنەیە بڵاو ببێتەوە لە میدیاکاندا. ڕاستە کۆمەڵگای
سکۆتلەندی بە گشتی کراوەن و کێشەیان نیە لەگەڵ ئاینەکاندا، بەڵام ئەم وێنەوە دەکرێت
مەسیحیەکانی سکۆتلەندا کە بە هەموو مەزهەبەکانیەوە نزیکەی لە ٪53.4 دەبن و لەپاش ئەوانیش
مولحیدەکان کە نزیکی لە ٪ 36.7پێکدێنن. بەڵام موسوڵمانەکان تەنها ٪1.4ی گەلی سکۆتلەندا
پێک دەهێنن کە نزیکەی لە ٪80ی خەڵکی ئەصڵی سکۆتلەندا بیانین.
ئەو وێنەیەی
بەڕێز حەمزە نەدەبوو دزەبکات چونکە وەک تەحەددایەک بڵاو کرایەوە لە بۆ مەسیحیەکان
و مولحیدەکان کە ڕنگە خودی بەڕێز حەمزە خۆی پێی ناخۆش بووبێت بەو دزەکردنە. بەوپێەی
ئاینی پیرۆزی ئیسلام خێراترین ئاینە بۆ گەشەسەندن و بڵاوبوونەوە لە بەریتانیا و ئەوروپا
بە گشتی، وێنەکەی بەڕیز حەمزە ئەو پەیامەی گەیاند کە بڵێت "گەلی شانشینی یەکگرتووی
بەریتانیا، ئێمەی خەڵکی بیانی و موسوڵمان گەیشتینە لوتکەی دەسەڵات لە وڵاتەکەتان".
ئەم پەیامە ڕەنگە هەزم نەکرێت بۆ گەلی سکۆتلەندی و ئینگلیز، لانی کەم لەم قۆناغەدا
بێگومان نیگەرانی و دڵەڕاوکێ درووستدەکات. واتە ئەو وێنەیە زۆر زوو بوو بۆ گەلی بەریتانیا
کە بتوانن هەزمی بکەن چونکە هەموو گەلێک تایبەتمەندییەکی سۆشیۆ-ئاینی خۆی هەیە، زۆر
دەخایەنێت تا گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ئاینی وەربگرێت.
لێرەدا
دەمەوێت ئەوە بڵێم کە زۆر لە تۆڵەسەندنەوهیان دەترسم لە دژی کۆمەڵگا بەئەصڵ بیانیەکان
(هەر ڕەگەزو ئاینێک بن) بە گشتی لە مەودایەکی کورت بۆ مام ناوەنددا، چی جای درێژخایەن.
لانی کەم پێم وابێت بەڕێز حەمزە باجەکەی دەدات و ئیغتیالی کەسایەتیە سیاسیەکەی دەکرێت
گەرچی بەجەستە زیندوو دەمێنێتەوە. خوای گەورە رەحم بکات.