367وتار

لەبارەی بۆردومانەکان بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر

6/24/2022 8:39:00 PM
د. یادگار ئه‌ستێر



١. زیادبوونی ئەم دواییەی بۆردومانەکان بۆ سەر کێڵگەی دانا غاز لە ناوچەی کۆرمۆر ئەگەری سیناریۆی پێشوەختەمان پێدەڵێت.

٢. سەرچاوەی موشەکەکان تا ئێستا نەزانراوە، بۆیە هەر شیکارییەکی سیاسی بۆی دەبێتە کارێکی ناواقیعی بەبێ ئەوەی هەموو بارودۆخەکان لەبەرچاو بگیرێت.

٣. بەڵام دەتوانرێت وەک پێشهاتێکی ترسناک بیبینرێت و دەکرێت بە یەکێک لەم دوو سیناریۆیەی خوارەوە ڕوون بکرێتەوە:

یەکەم: ئەگەر سەرچاوەکە لە خاکی حکومەتی فیدراڵیەوە هاتووە، و لەلایەن هێزە نیمچە سەربازییەکانی عێراقەوە، (هەرچەندە سەلماندنی تاڕادەیەک ئەستەمە) ئەوا پێویستە چاوەڕێی پرۆسەی بە "خۆماڵیکردنی خشۆک" (کە جۆرێکە لە خۆماڵیکردن) بۆ داناغاز بین لە پاش ئەوەی حکومەتی نوێی عێراق یەکلایی دەبێتەوە. ئەمە ڕاستییەکی حەتمییە.  چونکە جگە لە مەترسی سیاسی، مەترسیی ئەمنی لەبەردەم دەرگاشدا بۆ داناغاز دروست بووە، کە ڕەنگە درێژکردنەوەی ململانێکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بێت لەسەر پرسەکانی نەوت و گاز. بەڵام پرۆسەی بە "خۆماڵیکردنی خشۆک" چەند کاتی دەوێت، دەکەوێتە سەر چەندین هاوکێشە کە پێویست بە باسکردنیان ناکات لێرە.
بەڵام ئەگەر موشەکەکان لە هەر میلیشیایەکی دژە عێراقەوە هاتبن، ئەوا چیرۆکەکە جیاوازە.

دووەم: ئەگەر موشەكەكان لە ناوەوەی هەرێمی كوردستانەوە رەوانە بكرێن، ئەوە پێمان دەڵێت كۆنترۆڵی هەرێم بەسەر ناوچەکانی خۆی لە داکشاندایە، پێویستە چاوەڕێی پێشهاتە ترسناكەكان بین.

بۆ هەردوو سیناریۆکە ئەگەر من بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای داناغاز بم، بیر لە باشترین ڕێگا دەکەمەوە کە چۆن عێراق بەجێبهێڵم بە باشترین قەرەبوو لە عێراق یان هەرێمی کوردستان. چونکە هەرێمی کوردستان تەنیا دەتوانێت ئاسایش و سەلامەتی لەسەر زەوی بۆ داناغاز گەرەنتی بکات، و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەوەی نییە کەچی لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە.

بە هەموو شێوەیەک، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز زیاتر لە جاران پێویستە، چونکە نزیکە بگاتە کاتژمێری سفر.

با چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن