وتار

سیاسەتی ڕۆژئاوا لە جەنگدا

2/26/2022 5:46:00 PM 205 جار خوێندراوەتەوە
د. یادگار ئه‌ستێر

سەرەتا ئەم جەنگەی ئۆکرانیا زۆر بابەت هەڵدەگرێت کە پێویستە شیکردنەوەیان بۆ بکرێت، جا بابەتێکی یاسایی بێت، میژوویی بێت، ئابووری بێت یان پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بێت. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا بەکورتی تیشکی بخەینەسەر بزانین سیاسەتی ڕۆژئاوا لە جەنگدا چۆنە؟

پێش هەموو شتێک، سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان لەنێو یەک سێگۆشەدا جێگیرە، کە گۆشەکانیش بریتین لەسێ خاڵی گرنگ: سەرمایەداری، بەرژەوەندی، و بەها (قیم) کە کلتورو دیموکراتی پێکەوە گڕیی داون.
کاتێک کە جەنگ دەگێڕن لەگەڵ لایەنێکی لاوازدا (نموونەی عێراق و ئەفغانستان)، ئەوا ستراتیژییەتی گەلەگورگ پیادە دەکەن کە هەروەک چۆن بەجارێک دەدەن بەسەر ڕانە مەڕێکدا، ئەوەی خواردیان دەیخۆن، پاشان مەڕەکانی دیکە لەناو دەبەن پێش ڕۆیشتنیان. لێرەدا خاڵەکانی سێگۆشەکە هیچ کاریگەری لەسەر نابێت.  

بەڵام کاتێک کە دەکەونە جەنگەوە لەگەڵ لایەنێک کە کە لە خۆیان بەهیزتر بێت یان لانی کەم هاوتای هێزی ئەوانی هەبێت، (وەک ڕووسیا یان چین)، ئەوا ستراتیژییەتی کەمتیار (Hyenas) بەکاردەهێنن. كەمتیار کاتێک کە ڕاوی ئاژەڵێکی گەورە وەک فیل یان هەر گیاندارێکی کێوی گەورە دەکەن، ئەوا هیچ کات بە تەنیا هێرش نابەن، بەڵکو دەبێت کۆمەڵیک بن. وە یەکەم جاریش هێرشی بۆ نابەن، بەڵکو بەدەوریدا دەسوڕێنەوەو دەنگەدەنگێکی بێزارکەر دەکەن بۆ ئەوەی گیاندارەکە سەرقاڵ  بکەن و لەپاشان شپرزەی دەکەن بۆ ئەوەی هەڵە بکات و لە ڕانەکەی خۆی دووربکەویتەوە. بەمەش گیاندارەکە ناتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە ناو ڕانەکەی خۆی، سەرئەنجام هیلاک دەبیت و هێزی پێنامێنێت. لە پاشان هێدی هێدی ئازاری دەدەن و لەئەنجامدا بەچۆکیدا دەدەن. لەبەر ئەوەی ڕووسیا بە وورچەکەی ئاسیا ناسراوە، وا بە ئاسانی نا کەوێت.

 

بۆیە ستراتیژییەتی کەمتیار (Hyenas) باشترین بژاردەیە بۆ ڕۆژئاواییەکان. ئەمەش بۆ جەنگی ئۆکرانیا ڕاستە. زیاتر لە هەفتەیەکە ئەمەریکاو ووڵاتانی ئەوروپا بەدەوری ئەم ناکۆکیەدا دەهاتن و پرپاگەندەیان بڵاو دەکردەوە کەوا رووسیا نیازی هێرشکردنی هەیە لەسەر ئۆکرانیا و رووسیاش هەواڵەکەی بە درۆدەخستەوە. لەپاشان ڕۆژئاواییەکان دەستیان کرد بە گێرانەوەی هاوڵاتیانی خۆیان لە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن کە ئەوان ڕاست دەکەن. ڕوسیا شپرزە و توڕە بوو. ئەمە خاڵی یەکەم. لەم لاشەوە هاوکاری لۆجیستی سەربازی ئۆکرانیان کرد و ئیشتاش دەیکەن بۆ ئەوەی سەرقاڵی بکەن بە ئۆکرانیاوە تاوەکو هەڵەیەکی گەورەتر بکات و زیاتر بە لاڕێدا بچێت. ئەمە خاڵی دووەم. لەپاشان ڕووسیا بە تەنیا دەمێنێتەوە وە هیلاک دەبێت و چۆکی پیدادەدەن لەڕێگەی سەپاندنی سزاو ئابڵوقەی ئابوورییەوە. ئەمەی کەئەمڕۆ ڕوودەدات، زیاتر لە ١٧ ساڵە ئەمەریکا چاوەڕێی دەکات. ئەمەش خاڵی سێیەم. ئێستا ڕووسیا دوو بژاردەی لەبەردەمدا هەیە بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە.

 

یەکەم: کشانەوە لە ئۆکرانیا لە ماوەیەکی کورتدا لەپاش پێکانی جەند ئامانجێکی خۆی و دانووستان بکات لەگەل ئۆکرانیەکان. چونکە ئەگەر ئەوروپا جێگرەوەی گازی دەست بکەوێت تەنانەت بە ڕێژەی لە سەدا ٦٠یش بێت، ئەوا قەیرانی ڕوسیا گەورەتر دەبێت، ئەوەشمان بیر نەچێت کە نیوەی باکوری گۆی زەوی بەرەو بەهارو هاوین دەڕوات، واتە داواکاری لەسەر گازس سرووشتی کەمتر دەبێت بەبەراورد لەگەڵ وەرزەکانی پایز و زستاندا.
دووەم: ڕوسیا بەردەوام بێت و بگاتەوە بە ڕانەکەی خۆی کە چین و ئێران و هەندێک ووڵاتانی دیکە و بەرەی جەنگەکەش فراوانتر بکات.

 

تا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون دیار نیە بۆ ئەو دوو بژاردەیەی باسمان کرد، بەڵام ئەوەی کە دیارە ئۆکرانیا کراوەتە قوربانی بۆ سەرقاڵکردنی ڕوسیا. لە هەمانکاتدا ئۆکرانیا ووڵاتێکی کەم نیە و ڕوسیا ناتوانیت بەردەوام بێت لە مانەوەی سەربازەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن. وە ئەو قسەیەی سەرۆکی ئۆکرانیا کە ئەمڕۆ ووتی: "ئێمە بەتەنیاین و هاوڕێکانمان بەجێیان هێشتین" پێدەچێت تەنها مەبەستێک بێت بۆ زیاتر بەلاڕیبردنی ڕوسیا و زیاتر تیوەگلانی جەنگەکە، چونکە ناتۆ و بەریتانیا ژێربەژێر هاوکاری لۆجیستی سەربازی ئۆکرانیان کردووە پێشتر جگە لە بوونی هێزی مرۆیی، چونکە بوونی هێزی سەربازی ووڵاتانی ناتۆ لە ئۆکرانیا لەم قۆناغەدا، ئەوا سێگۆشەکەی لە سەرەوە باسمان کرد دەخاتە مەترسییەوە. 
با چاوەڕیبین!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن