ئیشی گەورە بە پیاوی بچووک ناکرێت!
8/7/2022 1:12:00 PM
رێبین شەمامكی
وتار خوێنێکی هەولێر،
ناوەکەی ناهێنم، رۆژێک بە یەکێک لە فەقێیەکانی دەڵێت لە خوتبەی جومعەی ئەوجارە،
کاتێ حەماس گرتمی، یەکسەر تەکبیری لێ بدە. فەقێیەکەش لە ناو خوتبەکەی خەوی لێ دەکەوێت، وەختێک
دێتە خەبەر بەشی دووەمی خوتبەیە و مەلا گەیشتۆتە ( اللهم اغفر للمؤمنين
والمؤمنات) فەقێش ناکاتە نامەردی یەک تەکبیری
پێدا دەدات و دەڵێ اللە اکبر اللە اکبر کەس
بە دوای دا ناڵێتەوە مەلا دەخاتە ئیحراجیەوە.
شکەستی خۆپیشاندانەکەی
شاسواریش وەک تەکبیری فەقێیەکە، لەو چەند خاڵە بەرجەستە
دەکەین:
- شاسوار ویستی بە تەنیا شەقام بجولێنێ بە
ژمارەی دەنگەکانی خۆی سەرچیغ چوو بوو، پێی وابوو ئەگەر لەسەدا ٢٠ ی دەنگدەرانی بێنە
شەقام، دەتوانێت ٢٠ هەزار کەس کۆ بکاتەوە، لە بیری چوو بوو نەوشیروان مستەفا بە
کارێزمایی خۆی و هەموو بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش نەیتوانی لە ١٠٠٠٠ کەس خۆپیشاندەر برژێنێتە سەر شەقام! بە تۆپخانەکەی Knn یشەوە ئەوەش وەهمی
پیاوێکی بچووکە لە کارێکی گەورەی وەها! خۆی لێ ببووە غاندی هیندیەکان!
- شاسوار ئەو کاتەی هەڵیبژاردبوو بۆ خۆپیشاندان،
هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆڵی نارەزایی بەغدا، بە سەرۆکایەتی موقتەدا. بەڵام لەوەشیان بە
سەهوو داچوو بوو، چونکە شەڕی موقتەدا ئەوەندە لەسەر زەعامەت و وەلا نانی پێگەی سەدریەکان
بوو، لە حکومەتی داهاتوو، ئەوەندە بۆ باری خراپی خەڵک نەبوو وەک لە کوردستان هەیە
وەک کێشەی کارەبا و مووچە و ئاو.
- شاسوار دەیزانی دووبارە ئەگەری هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی عێراق لە
گۆڕێدایە، بۆ ئەوەی هەندێ کەرەسەی هەڵبژاردنی دەست بکەوێ قسەی هەبێ لەو گۆمە لێخنە
دەستی بە مەلە کرد. ئەگەر بیست سی ئەندامیشی لێ بگیرێت بۆ ریکلام هەر باشە، واش دەرچوو.
- زۆر کاتی تر ناڕەزایی گەیشتۆتە لووتکە، گروپەکەی
شاسوار بە چەند تانکەرێکی ئاو و چەند هەزار لیترێک بەنزین ناڕەزاییەکانی خەڵکی هەڵمژیوەو
فریایی دەسەڵات کەوتووە! ئەوەندە رۆڵی وەک دەزگایەکی خێرخوازی بینیوە، ئەوەندە وەک
وەزیفەی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن بە دیار نەکەوتووە.
- لە رابردوو دوای مردنی نەوشیروان شاسوار ئەستێرەی
بەختی هەڵات و بە سپۆنسەری پارتی و یەکێتی تەوریان پێداو و وەک بەدیلی گۆڕان لە رێگای دەزگایەکی ئیعلامی
بەهێزی وەک Nrt و لە غیابی جوولە و ئیفلیجی قیادەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، مەیدانەکەی قۆستەوە
و بوو بەو ژمارەی ئێستا خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و لە دەستیان دەردەچێ!
- رەنگە زۆر کەس و لایەنگری شاسوار بەو وتارە
قەڵس ببن، بەڵام بۆچی رۆژێک ئەو پرسیارەیان لە خۆ نەکردووە ، ئەگەر جووڵانەوەیەک ئەوەندە
خەتەر بێت بۆ سەر دەسەڵات خێرە ٨٦ ملیاری حکوومەت قەرزارە و لێی وەرناگرنەوە ؟خێرە
دۆسیەی ٩٠٠٠ پشکی چاڤی لاندی بۆ دیزە بەدەرخۆنە دەکەن؟
- لای هەمووان روونە تا کۆتایی رۆژەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی پەڕلەمانی
عێراقی رابردوو، نەوەی نوێ لە رووی نەدەهات کاندیدەکانی پیشان بدات و رەسمیان هەڵبواسێ، چونکە ئەو پێشوەختە وادەی ژمارەی کورسیەکانی پێدرابوو،
لەیەکەم دانیشتنی پەڕڵەمانیش ئاوڕەحمانی کردە پاساو بۆ سەرۆکی کۆمارو چوونە ژوورەوە،
لەوێ نیصابي دانیشتنی تەواو کردو فریای پارتی و موقتەدا کەوت!
- بەڵام راستیەک هەیە لە زۆر کەسیشم گوێ لێ بووە هەر لە رقی پارتی و یەکێتی نا، بەڵکو لە رقی بێ هەڵوێستی
گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکانی تر دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە و دەیدەن! بەڵام ئەوەی پێی
وابێ نەوەی نوێ فریاد رەس و بەدیلی ئەو دەسەڵاتەیە، ئەوە وەهمەو بە قەد ئەو دەسەڵاتە
خەتەرە لەسەر ئاییندەی هەرێم.