لەنێوان ئاشتیەکەی ئۆجەلان و شەڕخوازی ئەردۆغان دا
9/7/2019 1:37:00 PM
رێبین شەمامكی
لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئۆجەلان دوو جار لە ئاشتی دوا و پەیامی بە گوێی ئەردۆغان و پەکەکەش دا، کەوا تەنیا رێگا چارە بۆ ئەو دۆخە ئاشتیە.
ئەو پەیامە لە کاتێکی وەهادا رەوان دەکات، کە هێزی سەربازی تورکیا بە قوڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆ مەتر هاتۆتە ناو خاکی باشوری کوردستان بە ئاڕاستەی قەندیل، کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە دەستی پێکردوە.
هاو کات رۆژئاوای کوردستانیش لەژێر هەرەشەی وڵاتی تورکیا و سوریاش دایە بۆ شەڕ!
بۆیە ئەو پەیامەی ئۆجەلان لەو وەختە، رەنگە بە مەبەستی پێکانی چەند ئامانجێک بێت ... گرنگترینیان بەتاڵکردنەوەی پاساوی ئەو شەڕە نەزیفەیە کە بە خوێنی رۆڵەی تورکان دەستی پێکردەوە و لە بە هەدەردانی تێچووی ئەو شەڕە ناسەنگرنەوەو درێژەی هەیە٠
بۆیە فڕێدانی پەیامی ئاشتی ئۆجەلان بۆ گۆڕەپانی شەڕو تەنگژەی ئابووری تورکیا،
لە حزووری هەبوونی ئەو هەموو دەرەنجامە خراپە لە سیاسەتە ناماقوڵییەکەی ئەردۆغان کارێکی پڕ بایەخە، دەیەوێ لە رێی ئەو پەیامەوە شەرعیەتی ئەو دژایەتیەی ئەردۆگان لە دژی پەکەکە بخاتە ژێر پرسیارو بێ بەهای بکات.
بە تایبەتی لەو پاشەکشانەی پارتەکەی ئەردۆگان تووشی هاتووە لە سەر ئاستە جەماوەریەکەی بە هۆی ئەو کێشانەی رووبەڕووی بۆتەوە:
- کێشەی دابەزینی بەهای لیرەو بێ بازاڕی.
- دۆڕاندنی شارەداری ئیستەنبۆڵ و چەند شارێکی تر.
- هەڵکشانی ئاڵۆزیەکانی لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاو لەق بوونی پێگەکەی.
- ئۆپەراسیۆنە بێ ئەنجامەکانی لە دژی پەکەکە بە هۆی ئەو هەموو تێچوونە زەبەلاحەی ماددی و گیانیەوە.
لەسەر ئاستی دۆخی پەکەکەش ئۆجەلان هەست دەکات ئەو هەڕەشانەی لە رۆژ ئاوا دەکرێت، نە هێزەکەی یەپەگە بێ پشتیوانی ئەمریکا بەرگەی ئۆپەراسیۆنێکی وەهای تورکیا دەگرێت، نە بەم هێزەی بەردەستی بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەڕەشەکانی سوپای سوریا پارێزراو دەبێت بێ پشتیوانی نێو دەوڵەتی، بۆیە هیچ هێزێکیش دەرەکیش گرەنتی پشتگیری نین کاتێ بەرژەوەندی خۆیان لە پشتێکردنی ئەوان ببینێتەوە، وەک لەڕابردوو دیتمان.
کەوابوو زمانی ئاشتی لەو دۆخە، ئەگەر زەمانەتی پاراستنی بەشێکی مافەکانیش بێت، باشترە لەوەی گرەو لەسەر هەڕەشەی مان و نەمانی یان هەمووی یان هیچ بکەیت. واتە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی ئەسەدیش بۆ پاراستنی قەوارەکەی هەر دروستە. نەک بکەویتە نێوان بەرداشی دوو هێزی داگیرکەرەوە واتە هەم لە قەلان ببیت و هەم لە کۆتریش!
بە دیوێکا ئەگەر پەیامە ئاشتیەکەی ئۆجەلان بەشێکیش بێت لە تاکتیکی کاتی شەڕ، بۆ خاو کردنەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەر بڵاوەی لە باشووری کوردستان دەستی پێکردووە بە ئاڕاستەی قەندیل، ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر نەتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ کە کۆنترۆکردنی قەندیلە، دوای ئەو بەروارە کەش و هەوای قەندیل رێگر دەبێت لە پێشڕەوی سوپا، رەنگە ئەو پەیامە ئۆڤەرێکی باش بێت بۆ قبوڵکردنی ئاشتی و شاردنەوەی شکەستی سوپا.
بەڵام بە دیوەکەی تردا، ئۆجەلان دەیەوێ ئەو پەیامە ببێتە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر بۆ هەموو پارت و خەڵکی تورکیاو نوێنەرانی گەلان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، کە ئەوە ئەردۆغانە شەڕ دەخوازێ و مافەکانی گەلانی تورکیا پێشێل دەکات و شارەدارە شەرعیەکانی کورد لادەبا کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، قەییومەکانی خۆی لە جیاتی دادەنێ و پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵات دەخاتە حاڵەتی فەنا بوون .
هاوکات لەگەڵ ئەو پەیامە دەیەوێ هەژموونی پەکەکەش وا پیشان بدات، ئەگەر هەموو دەروازەیەکی لێ دابخرێ و لە قەندیلیش نەمێنێ! کە ئەگەرێکی ئەستەم و هەوڵێکی بیژۆک و خەونێکی نالۆژیکە، لە دەروویەکی دیکەوە بە ژمارەیەکی گەورەتر دێتەوە ناو هاوکێشەکان ، کە لە ئێستادا پەکەکە بەشێوەیەک لەشێوەکان نەک هەر سەفارشی کوردانی باکورن بە تەنیا، بەلکو هی رۆژ ئاواشن بە دیفاکتۆ، بەواتایەکی تر دەیەوێ بڵێ هەدەپەش لە فۆڕمە مەدەنیەکەی وەک و حیزب هەر پەکەکەیە، لە قەندیلیش بێینەخوارەوە لە ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە لێتان دێنە ژوورەوە ! پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندی ئێوە تێکدەدەن.
تازە هەژموونی پەکەکە باندۆڕی خۆی وەها شۆڕکردۆتە ناو ناخی تاک بەتاکی کۆمەڵگای باکوورو رۆژئاوا ئەستەمە لە غیابی قەندیل و گەریلاش ئاپۆچی لەزیهنی کوردان کاڵبێتەوە.
هەر بۆیە پەیامە ئاشتیەکەی ئۆجەلان فەلسەفەیەکی قوڵی هەیە بە دیوە لۆژیکیەکەی، واتا گەریلاو قەندیل و چەک تا ئێرە پەیامەکەی خۆیان گەیاندوە! لە رێی ئەوان کێشەو زوڵمی نەتەوەیەکی بە شوناس کردوە و بە خەبەری هێناون! ئەو پارتە مەدەنیانەی لە ماوەی ئەو زەمەنەش دروست بوون، بەرهەمی خەباتی شاخ و سێبەری ئەوانن، لە ئێستادا رۆڵ و ئەرکیان لە قەندیل کەمتر نیەو تەرجەمەی عەقڵی قەندیلن.
بۆیە پەیامە ئاشتیەکەی ئۆجەلان، کرانەوەیەکی ترە بەڕووی مەدەنیەتو ئاشتیخوازی، بۆ بەدرۆخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئاکپارتی، بەوەی پەکەکە هێزێکی تیرۆریستن!!
ئەو پەیامە هاوکاتە لەگەل دەنگۆی دروست بوونی پارتێکی تازە کە کارەکتەرەکانی کەسی قیادی و دامەزرێنەری ئاکپارتین، عەلی باباجان و داود ئۆغلو، کە رۆژی لە رۆژان دوو عەقلی سیاسی و ئابووری بەهێزی ئاکپارتی بوون، ئێستا لە ئەردۆگان هەڵگەراونەتەوە، رەنگە بۆچوونیان لەهەمبەر مافی گەلان و پرسی دیموکراسی خاڵی جیاوازی بەهێز بن لەگەڵ ئاکپارتەکەی ئەردۆغان.
کە ئەوەش سەرەتایەکە بۆ کۆنترۆڵکردن و کەرتکردنی جەماوەری ئاکپارتی، کەرەنگە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو پارتە تازەیە دەست بۆ مەلەفی زۆر ترسناکی ئۆردوگان ببات کە پرسی هەماهەنگی لەگەڵ داعش و پیلانەکانی دژی هەدەپە ئەنجامداوە.
کەوابوو دروست بوونی پارتە دروشم دادپەروەریەکەی ئۆغلو و باباجان، شەڕ لە نێو ماڵی ئاکپارتی دەکەوێتەوە، دەبێتە سەرەتایەک بۆ دوورخستنەوەی ئۆردوگان لەدەسەڵات.
چیتر ئاکپارتی هێزی براوەی یەکەم نابێ.
جارێکی تر ئەردۆغان سوڵتان نابێ!!