1003وتار

رووسیا لە کوێی هاوکێشەی شەڕی رۆژئاوایە

10/16/2019 9:59:00 AM
رێبین شەمامكی


دوای چوار رۆژ، هاوکێشەی شەڕەکە گۆڕانی بەسەر داهات،  روسیا لە دەستپێکی شەڕەکە دا  پرسی پێکرا بوو لە لایەن تورکیاوە بۆ شەڕێکی وا،  چونکە روسیا لە گۆڕەپانی ناکۆکیەکانی سوریا حزورێکی کاریگەری هەیە و  فاکتەری مانەوەی ئەسەدیشە لە رابردوو بە ئێستاشەوە ، بۆیە بە لای رووسیا گریمانەیەکی سیاسی بوو! ئەگەر ئەو شەڕە  پیگەی ئەمریکا لەناوچەکە سفر بکاتەوە هەرچەندە  لەسەر حیسابی خاکی سوریاش بیت، دواجار دەرکردنی تورکیا ئاسانترە لە غیابی ئەمریکا.
هەروەها بێ دەنگی  سوریاش لەو هێرشەی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا پێش چوار رۆژی شەڕ، هەر لە ژێر تەمێ و ئۆکەی روسیا بوو، پێی وتن هاتنی تورکیا بۆ لێدانی پێگەی  قەسەدەو ئەمریکایە کە خەتەرە لەسەر چارەنووسی رژێمەکەت!  رەنگە لە خراپترین حالەتیش  شەڕەکەدا، کە چەکدارانی سەر بەتورکیا  لە لایەک و  سوپای دیموکراتیش لە لایەک، هەر کامێکیان براوە بێت تۆ دوژمنێکت لە کۆڵ بۆتەوە.

بەڵام کاتێ هێرشەکە دەستی پێکرد، ئەمریکا لە پشتیوانی  کوردان هاتە دەرەوە، ئیدی گومان لەسەر چرای سەوزی ئەمریکا نەما  بۆ ئەو هێرشە و سەرێ کانی و گرێ سپی کۆنترۆڵ کران و کورد تەنیا مایەوە، روسیا  بە قەبارە و هەژموونێکی دیکەوە گەڕایەوە ناو هاوکێشەکان.
گەورەترین  چاڵاکی سیاسی کە ئەنجامی دا  رێکخستی ئەو لێک تێگەیشتنەی نێوان سوریاو  رۆژئاوا بوو

روسیا دیتی پاساوی هاتنە ناوەوەی تورکیا، وەزیفەی یەکەمی لە سەر شان لاچوو کە لێدانی  پێگەی ئەمریکا بوو، بۆیە لە ئێستادا  هاتنی تورکیا  بە  مەرامی   ناوچەی ئارام، ئەگەر لە رابردوو شەرعیەتێکیشی هەبێ، لە ئێستا دا  سیحری ئەو پاساوە  بەتاڵ دەبێتەوە، ئەگەر سوپای سوریا   سنوورەکان کۆنترۆل بکات، وەک لەو  لێک تێگەیشتنە بڕیاری لێدرابوو .
وە خەمی ئاوارە  سوریەکانیش چیتر کێشەی تورکیا نین بۆ نیشتەجێکردن، کە  هەمیشە ئەردۆگان  وەک و کارتی فشار لە دژی ئەوڕوپا بەکاریان دێنێ! کە لە بنەڕەتدا پلانی جێگیرکردنی هەیە لە سەر خاکی کوردان، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە، نەک خەمی ئاوارەکان.
بۆیە ئەو بیدەنگیەی وڵاتان، لە هەمبەر  دۆزی رۆژ ئاوا  بە تایبەتی ئەمریکا، لە بەرانبەر وەحشی ترین هێزی ئەندام لە ناتۆ ، مەساحەیەکی رەخساند بۆ روسیا تاوەک و باشتر رۆڵ ببینێت و
ئۆپشنێک بداتە  شەرڤانان، لە نێوان مەرگی حەتمی ئەزموونەکەیان و  پاراستنی خەڵکی سڤیلی رۆژ ئاوا  لە کارەسات  و کۆمەڵ کوژی، هەمیشە دەرفەتێکی تر ماوە بۆ  ژیان، ئەگەر  کەمتر بێت لەوەی جارانیش، بەڵام  هەر بژاردەیە مادام خاکت پارێزراو بێت.
لە کاتێکدا ئەو لێک تێگەیشتنە لەگەڵ روسیا بووە و زامنی جێ بەجێکردنیشی هەر روسیا لێی بەر پرسیارە، تەنانەت خاڵێ پارێزگاری هێزەکانی سوریاش خۆی دیاری دەکات.
وە وا رێکەوتوون هێزەکانی سوپای سوریا لە خاڵەکانی سەرێ کانی درێژ دەبیتەوە تا منبج ، واتە بە درێژایی سنووری لەگەڵ تورکیا، ئیدی ئەگەری شەڕەکان چووە فۆڕمێکی تر بە کارەکتەرەکانی شەڕیشەوە.

شەڕەکان چۆن دەبن؟
تا ئەو ساتەش تورکیا سوورە لەسەر هێرشەکانی و هەڕەشە لە سوپای سوریاش دەکات، ئەگەر ببنە رێگر لە بەردەمیان !  کەوا بوو ئەو جارە راستەوخۆ لەگەڵ سوریا دەبێت ئەگەرچی روسیا هێشتا نەیهێشتوە بەریەککەتن دروست بێت، لەگەل سوپای سوریا،   بەڵام  شەڕڤانان جگە لە کۆبانێ و مەنبج، تا ئێستا لە بەرەکانی تر کۆڵیان نەداوە.
رەنگە لە داهاتوو کارەکتەرانی شەڕ لە مەیدانی شەڕو ئەوانەی پشتی ئەو شەڕەش دەبن سوپای سوریاش بێتە ناو شەڕەکە بە ئیعازی روسیا.

ئامانجی شەڕەکە...
ستراتیژی شەڕەکە بەلای  تورکیا، گواستنەوەی ناڕەزاییەکانی ناوخۆی بوو لە دژی ناڕەزایی لە سیاسەتەکانی ناوخۆی حیزب ، وە کۆمەڵێ ئەندامی قیادی گەورەی لێ هەڵوەری و بەو نزیکانە حیزبیش دروست دەکەن ، بۆیە بە هۆی ئەو شەڕەوە ناچاری کردن پشتیوانی لێ بکەن ، وە ئەگەر  ئەو دۆخە لە ناکاوەی رۆژ ئاوا دروستی کرد لە گۆڕینی هاوکێشەی شەڕەکان، رەنگە ئەردۆغان بەسەرکەوتووی لەو شەڕە دەرباز بوایە.

ئامانجی رووسەکان

وا دەخوێندریتەوە... کە ئیدی کاتی قایمکردنی پێگەکەیتی لە رۆژ ئاوای سوریا لە غیابی ئەمریکا،  بۆ دوو مەبەست: یەکیان گەڕاندنەوەی سەروەری تەواوی خاکی سوریایە بۆ ژێر کۆنترۆڵی  رژیمی ئەسەد، کە لەبنەرەتدا هەر روسیا زەمانەتی مانەوەی بووە لە و دۆخەی بەسەری داهاتووە، لە بەهاری عەرەبییەوە تا وەک و ئێستا ، واتە تا قەوارەی دەسەلاتی ئەسەد فرەوان بێت،  دواجار پێگەی روسیا بە هێز دەبیت لە ناوچەکە.
دوەمیان: دەیەوێ بە  بە کوردان بڵێ من وەک ئەمریکا بێ وەفا نیم، ئامادەی نێوەندگیریم! بەلانیکەم ئەزموونەکەتان نەسڕێتەوە. بەڵام سەروەری خاکی سوریاش خواستی روسیایە، کە دەیەوێ سنوورێک بۆ ئەردۆگان و سروشتە شەڕانگیزیەکی دابنێ، دەمێکە ئیدارەی دەدا و دەیەوێ لە بەرەی ئەمریکا دایبڕێ، جارێ بە فرۆشتنی رۆکێتی S400 تەیاری دەکا تا لەگەل ئەمریکا حەماقەتێک ئەنجام بدات، جارێ  ڤیتۆی بەکار هێنا  وەک ئەمریکا، تاوەک و بە یەکجاری رایبکێشتە ناو زڵکاوی شەڕێکی چارەنووس نادیارەوە!

ئەمریکا محەلی چی دەبێ لە هاوکێشەکە٠٠٠؟
هەموو ئەو روداوانەی دەگوزەرێن ئەمریکا لێی ئاگادارە، ئەوان سیاسەت دەکەن ، بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ چی هات کە داعش هات؟  بۆچی دەڕوات و گۆڕەپانەکە بۆ روسیا بە جێ دیڵێت، ئەگەر لە بیرتان بێت، ترامپ لە تویتیکدا دەلێ  ناوچەکەمان بۆ روسیاو تورکیاو کورد و سوریا بە جێهێشت، خۆیان کێشەی خۆیان با چارەسەر بکات،
ئەو تویتە ئەوەندەی تر ئەردۆگانی مکوڕتر کرد لە بەردەوامی شەڕ، وەک دەبینین ناڕەزاییەتێکی زۆر لەسەر بڕیارەکەی تڕامپ کەوتۆتەوە، بە بۆچوونی من ئامانجی هەردوولا بۆ راکێشانی تورکیایە بۆ ناو زلکاوی جەنگێکی بێ کۆتا و تەپاندنی ئابوریەکەی و دواجار دۆڕاندنی حیزبەکەی ئەردۆگان دەبێ لە هەڵبژاردنی داهاتوو،
یان بەلانی کەم تەنیا حەماقتەکەی لە هەلگیرسانی شەڕەکە بەس بێت، بۆ ئەوەی سزایەکی قوڕسی بدەن.
کە بەلای ئەمریکا پیگەی تورکیا کاریگەرە لە رۆژ هەڵاتی ناوەراست وەک ئەندامیك لە غیابی ئەردۆگان، کەڕەنگە ئەوەش  بیت لە ستراتیژی ئەمریکا بۆ داهاتووی تورکیا. وە ئەمریکا لە ئێستادا لەگەڵ نەمانی ئەسەد دا نیە ، رەنگە نموونەی لە ناوچوونی سەدام  بەس بێت بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەدیش بەلای روسیاش، دوای ئەوشەڕە دۆڕاوەی ئەردۆگان، هیچ نەبێ پیگەی خۆی لە  سوریا بە هیز دەبێتەوە دەتوانێ خاوەنداریتی یان شەریکی ئەمریکابێ لە رۆژهەڵاتی ناوین.

پێگەی کورد چی دەبێ لە هاوکێشەکە؟
کورد لە رۆژ ئاوا  ئەگەرچی هەنگاوێکی بەناچاری قوڕسی نا، بەڵام لە کۆتاییدا دەتوانێ ئەزموونە خۆ سەریەکەی  بە فۆڕمیکی دی بپارێزێ،  رەنگە بە حوکمی دیفاکتۆ وەک هەرێمی باشور هەرێمیکی پاریزراوی هەبێ و مافەکانی لە دەستوور مسۆگەر بن!
  ئەگەرچی ئێمە زمانمان بە شیری گەرم سوتاوە بۆیە فو لە ماستاویش دەکەین، بەڵام ئیدی ئەوەش  قەدەری ئێمەیە، ئەوەی زۆر گرنگە هەنگاوەکانی سیاسەتی پڕ لە عەقڵانی  هەسەدەیە ، بۆیە سەرکەوتن بۆ رۆژ ئاوا ئەگەرێکی کراوەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن