هەراهوریای زیندووکردنەوەی میساقی میلی تورکیا خەونی پڕ کێشە و شێواوی نیۆ عوسمانییەکان بۆ ناوچەکە
8/2/2022 3:48:00 PM
451 جار خوێندراوەتەوە
د.فەرەیدون نوری
کاتێک نیشانەکانی جەنگی جیهانی یەکەم بوون بە واقع، سەرەتا عوسمانییەکان بێلایەنییان ڕاگەیاند، چونکە متمانەیان بە قەیسەری ئاڵمان نەبوو و بە بەریتانیایش دڵخۆش نەبوون و هەروەها لەڕووسیاش دڵنیا نەبوون، بۆیە پێیان باش بوو تا ئەو کاتەی کە هاوسەنگی دەسەڵات ڕوونتر دەبێتەوە، بێلایەنی خۆیان بپارێزن و پاشان لەگەڵ یەکێک لە لایەنەکانی جەنگ کە ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە ببن بە هاوپەیمان.
بێ بەڵێنی بەریتانیاییەکان لە ئامادەکردن و ڕادەستکردنی ئەو دوو باخیرە جەنگییەی کە عوسمانییەکان لە دوای شەڕەکارەسات بارەکانی نیمچە دوورگەی کریمە لەگەڵ ڕووسەکان، بۆ بەهێز کردنی هێزی دەریاوانی خۆیان لە بەریتانیایان کڕی بوو.
بوو بە هۆکاری سەرەکی نزیکبوونەوەی زیاتری عوسمانییەکان لە ئاڵمانیا و قەیسەر کە پێشتر بەستێنەکانی دابینکرا بوو. و دەرەنجام ئەو هەلەی ڕەخساند تا ئەو پیاوە نەخۆشەی(عوسمانی) کە دەمێک بوو لە حاڵی گیانکەنیشتا بوو لە شەڕێکەوە بگلێت کە بوو بە هۆکاری هەرەس هێنان و هەڵوەشانەوەی ئەم ئیمپراتورییە کۆنە و سەرهەڵدان و لە دایک بوونی وڵات و وڵاوتەکەی تازە کە لە نێوانیاندا کۆماری کەمالیستی تورکیا میراتگێڕی سەرەکی بوو.
گرنگی و پێگەی ژئۆپۆلیتیک و بەرفراوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی وایکردبوو کە هەموو زلهێزە گەورەکان و جەمسەرەکانی ناو شەڕەکە بکەونە ئامادەکاری بۆ دەست بەسەرداگرتنی پارچە جیاوازەکانی ئەم ئیمپراتۆریەی کە لە شکۆمەندی کەوتبوو بگرن. هاتنی دوو کەشتی جەنگی ئەڵمانیا لە کاناڵی داردانلەوە بۆ دەریای ڕەش بە ئاڵای عوسمانی و دوای گۆڕینی ناوەکانیان بە تورکی، ئاگری لەهەمباری بارووتەکە بەردا و وایکرد ڕووسەکان لە ٤ی نوامبر و ڕۆژی دواتریش فەرەنسا و بەریتانیا شەڕی دژە عوسمانییەکان ڕابگەیەنن.
لە ساڵانی سەرەتای جەنگدا سەرکەوتنی هاوپەیمانان کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوەی چارەنووسی جەنگی جیهانی یەکەمی لە ساڵی 1917 بە دواوە دیاریکرد، دوو ڕووداوی زۆر گرنگ بوو: یەکەم، شۆڕشی بلشوییەکان لە ڕووسیا، ڕووخانی دەسەڵاتی تزار و کشانەوەی بەلشوییەکەکانی فەرمانڕەوای موسکۆ لەم جەنگە و دواتر بڕیاردانی ئەمریکا بۆ بەشداری لە جەنگی جیهانی یەکەم بە پشتگیریکردن لە فەرەنسا و بریتانیا.
دەرنجام ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بوونە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان زلهێزە داگیرکەرەکان و ڕووخان بوو بە چارەنووسی مۆرکراوی ئەم ئیمپراتوریەتە بەرین و لاوازە، کاتێک ڕەئوف ئەربای، ئەفسەرێکی باڵا مەقامی هێزی زەریایی عوسمانی، لە ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩١٨ زایینی لە بەندەری "مۆدرۆس" لە یۆنان، بەناوی عوسمانییەکانەوە پەیمانی ئاگەربەست و کۆتایی هێنانی شەڕی لەگەڵ ئەدمیراڵ کالترۆپی بەریتانی وەک نوێنەری هاوپەیمانان واژۆ کرد دەمێک بوو کە عوسمانی (پیاو نەخۆشەکەی ئەوروپا) دوا هەناسەکانی ژیانی دەکێشا و هەروەها نەتەنیا سەردەمی شکۆمەندی و دەسەڵاتی سوڵتان و حکومەتەکەی کۆتایی هاتبوو، بەڵکوو کۆنترۆڵی زۆربەی بەشەکانی ئەم ئیمپراتۆریەتییە دوای ڕاپەڕینی عەرەبەکان و چوار ساڵ شەڕ لە دەستی فەرمانڕەواکانی ئەستەنبوڵ دەرهێنرابوو.
دواجار عوسمانییەکان خۆیان ڕادەست کرد و ئەستەنبوڵ و ئیزمیر، دوو شاری ستراتژیکی ڕۆژئاوای ئاناتولیش داگیرکران و هاوپەیمانان لەم شەڕەدا بارودۆخی نالەبار و دژواریان بەسەر عوسمانییەکاندا سەپاند و ئەمە تەنها سەرەتای ڕێگە بوو. عوسمانی و تورکیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەو سەردەمە بە پێی بنەمای رێککەوتنەکانی ئەو سەردەمە لەوانە رێککەوتنی سایکس پیکۆی نێوان ئینگلیز و فەرەنسا (١٩١٦)زایینی، پەیمانی سیڤەر (١٩٢٠)زایینی و دواجار پەیمانی لۆزان (١٩٢٣)زایینی بۆ هەمیشە چوونە ژێر کاریگەری دەرئەنجامی بڕیار و کردارەکانی براوەکانی شەڕ و لە کەمتر لە دوو دەیەدا، چەندین حکوومەت بەپێی ویست و بەرژەوەندی براوەکان(فاتحان) لەسەر نەخشەی جوگرافی ناوچەکە دەرکەوتن.
دوو ساڵ دواتر لە 10ی ئابی 1920دا، عادل فەرید پاشا، یەکێک لە دوایین سەرۆک وەزیرانی عوسمانی، بە واژۆکردنی پەیمانی "سیڤەر" لە یەکێک لە شارەکانی فەڕەنسا، بزماری کۆتایی بە تابوتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا کوتا. بە پێی ئەم پەیمانە ئیزمیر و ژمارەیەک دوورگە لە دەریای ئیجە بوون بە بەشێک لە یوونان و لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆلیش ئەرمینیایەک دروست کرا. سەبارەت به چارەنووسی كوردیش، ناوچه كوردییەكانی باكووری موسڵ بەمەرجی وەرگرتنی سەربەخۆیی لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریدا مایەوە و مافی کوردەکان بۆ ڕەوانەکردنی داواكاری سەربەخۆیی بۆ كۆمەڵی گەلان(کۆمەڵگای نێونەتەوەیی) له ماوەی ساڵێكدا دانی پێدا نرا.
پەیمانی سیڤەر کە لە هەمان کاتدا لەگەڵ داگیرکردنی زۆربەی خاکی عوسمانییەکان لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیاوە بەسەر عوسمانییەکاندا سەپێندرا، هەنگاوێکی دیکە بوو لەلایەن زلهێزە براوەکانەوە بۆ زەلیلکردنیان و لە ڕاستیدا پەیمانی مراندنی عوسمانییەکان بوو، بۆیە کاردانەوەی توند و دژایەتی زۆری ناسیۆنالیستەکانی تورکیای لێکەوتەوە و هەروها بووە هۆی شۆڕشی ناسیۆنالیستەکان و سوپا بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال (١٨٨١-١٩٣٨) دژی سوڵتان محەمەدی شەشەم.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، ئەستێرەی بەختی ئەم ئەفسەرە گەنجە، کە بۆ خۆی لە شاری سالۆنیکی پایتەختی یۆنان لەدایکبووە و لە مێژ بوو پەیوەندی بە گرووپی ئەفسەرانی ناسیۆنالیستی تورکەوە کردبوو و بەردی بناغەی چاکسازییە بنەڕەتییەکانی ناو سوپا و حکومەت کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی تورک دانابوو، له گەشەکردندا بوو. درەوشاوەیی و گەشەی ئەو لە شەڕ لەگەڵ ئیتالییەکان لە لیبیا و پاشان ئازایەتییەکەی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا وای لێکرد ببێتە هێمای خەباتی ناسیۆنالیستەکانی تورک بۆ ڕزگارکردنی تورکیا.
ئەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەنادۆلی کە سەنتەری ئەنقەرە بوو کۆنتڕۆڵ کرد و لەوێشەوە دژایەتی خۆی بۆ پەیمانی سیڤەر ڕاگەیاند و سەرکردایەتی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا و ڕاونانی داگیرکەرانی عوسمانی و ڕووخاندنی خەلافەتی دەکرد.
ئەو فەرماندەی شەڕەکانی سەربەخۆیی تورکیا کرد و توانیویەتی بە پشت بەستن بە ناسیۆنالیزمی تورک و کۆکردنەوەی هێزی سەربازی بناغەکانی تورکیای نوێ لەسەر وێرانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بنیات بنێت. دهسكهوته سهرهتایهكانی به چهندین سهركهوتن له بهرهكانی جهنگ و له جهنگهكانی سهربهخۆیی توركیا دهستی پێكرد و دواجاریش به واژۆكردنی پهیماننامهی لۆزان له ساڵی 1923، سنوورهكانی ئێستای توركیای دیاری کرد و كۆماری نوێی توركیای لهسهر دوو بنەمای سکولاریسم و ناسیۆنالیزمی تورکی دامەرزاند. بۆیە لەخۆڕا نەبوو کە پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ نازناوی ئاتاتورک (باوکی تورک)ی پێبەخشی.
ناسیۆنالیزمی خواستراوی ئەو لەسەر بنەمای توخمەکانی زمان و ڕەگەزی تورک بوو و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تورکیای مۆدێرن بوو بە زیندانێک بۆ هەموو ئەو کەمینە شوناسخوازانەی کە لەم وڵاتەدا دەژین بە تایبەتی کوردەکان کە لەژێر توندترین فشاردا بوون بۆ ئەوەی شوناس، زمان و کولتووری خۆیان لەبیر بکەن و پرۆسەی ئاسمیلەکردنیان لە کولتوور و ناسنامەی تاک ڕەگەزی تورانیدا لەلایەن کەمالییەکان و میراتگرەکانیانەوە بوو بە پلانێکی سەرەکی ستراتیژی حوکمڕانی لە تورکیا.
بۆیە کوردکان گەورەترین قوربانی پەیمانی لۆزان بوون چونکە بووە هۆی هەڵپەساردن و جێبەجێنەکردنی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر و ڕێگریان لێکرا لە بەشێک لە کوردستان سەربەخۆیی بەدەست بهێنن و لە قەفەسی ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرەستی ئەو حکومەتە یەک لە دوای یەکانەی کە جڵەوی دەسەڵاتیان لە تورکیادا گرتە دەست گیریان خوارد.
ڕێککەوتنی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ دوای هەشت مانگ لە دانوستان لە نێوان نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە لایەک و ئینگلیس، فەرەنسا، ئیتالیا، یابان، یۆنان، ڕۆمانیا، بولگاریا، پورتوگال، بەلجیکا و یوگسلاڤیا لە شاری لۆزان واژۆ کرا و خەونی ناسیۆنالیستە کوردەکانی بۆ دامەرزاندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی لەبار برد. ئاتاتورک بە شانازییەوە سەبارەت بەم ڕێککەوتنە وتی: (ئەم ڕێککەوتنە وەک بەرپەرچدانەوەی و پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی مەترسیدار دژی نەتەوەی تورکە، کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر ئامادەکرابوو بۆ لەناوبردنی ئەم نەتەوەیە و پەیمانی سیڤەر دواین قۆناغی بوو، بەرزدەنرخێنین). لەم رێککەوتنەدا زۆربەی پرسە ناکۆکەکان چارەسەرکران.
جگە لە دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان تورکیا و عێراق و چارەنووسی موسڵ کە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و بەریتانیا عێراق ئاماژەی پێکرا و بڕیاردرا کە لە ماوەی ٩ مانگدا هەردوو حکومەت لەسەر چارەنووسی موسڵ و دیاری کردنی سنووری نێوانیان بکەونە ڕێککەوتن. بە پێچەوانەوە لەئەگری ڕێکنەکەوتنی دوولایانە، پرسەکە ئاراستەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بکرێت تا ئەو کۆمەڵە بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بە پێی ڕێککەوتنی نێوان فەرانسا و بەریتانیا بۆ دابەشكردنی میراتی عوسمانی موسڵ پشکی فەرەنسییەكان بوو، بەڵام دواتر ئەوان و ئینگلیزەكان رێككەوتن كە لە بەرامبەر پشتیوانیكردن لە داواكارییەكانی فەرەنسا لە سوریا و پێدانی بەشێک لە نەوت لە ئەگەری دۆزینەوەی، موسڵ بچواتە ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا.
چونکە دانوستانەکانی نێوان هەردوو لایەن هیچ ئەنجامێکی نەبوو. دوای تەواوبوونی وادەی ٩ مانگ لە ٦/٨/١٩٢٤ بەریتانیا بابەتەکەی ڕەوانەی کۆمەڵی نێونەتەویی کرد کە خۆی تێیدا دەستی باڵای هەبوو و هەروا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لایەنەکان هیچ گۆڕانکاری و جوڵەیەک بەسەر دۆخی ئێستا نەهێنن تا کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی کە پێکهاتووە لە دیپلۆماتکارانی وڵاتانی جیاواز، بە سەرۆکایەتی دیپلۆماتێکی بە ئەزموونی سویدی و بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنەکانی ناکۆکییەکە، سەردانی ناوچەکە بکات و بە شێوەیەکی مەیدانی پرسەکە تاوتوێ بکات و بیر و ڕای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لەسەر چارەسەرکردنی چارەنوسیان وەربگرێت و ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەڵ پێشکەشی کۆمەڵەکە بکات. سەیر لەودایە کە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی تورکەکان دوو کەسی خەڵکی عێراق بوون، یەکێکیان فەتاح بەگی زاوای شێخ مەحموود و ئەوی دیکەیان تورکەمەنێک بوو لە بنەماڵەی نەوتچییەکانی کەرکووک کە هەر دووکیان سەر بە تورکیا بوون.
هەڵبەت کۆمەڵگای نێونەتەویی بەپێی ناڕەزایەتی بەریتانیا بەرامبەر بە ڕەگەزنامەی ئەم کەسانە شایستەیی ئەوانی بۆ ئامادەبوون و ئەندامبوون لە شاندەکە خستە ژێر پرسیارەوە. بۆردەكە راپۆرتێكی درێژی لە دەرەنجامی توێژینەوەكانی له ئەو پارێزگایەی كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كورد بوون خستەڕوو. ئەنجامی كۆتاییش بەم شێوەیە بوو: (خەڵكی مووسڵ نایانەوێت ببنە بەشێك لە هیچ كام لەو دوو وڵاتە، بەڵام ئەگەر ناچار بن یەکیان هەڵبژێرن، عێراقیان پێ باشترە.
کۆمسیۆنەکە خۆی پێشنیاری کرد کە مووسڵ بەشێک بێت لە عێراق بەو مەرجەی کە مونتەدای(قەیموومییەت) بەریتانیا لەم وڵاتە بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵی دیکە بەردەوام بێت و مافی و ئازادی سەرەتاییەکانی گەلی کورد و لەوانە خودموختاری ڕەچاو بکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە کۆمەڵی نێونەتەوەیی لە بەرواری16/12/1925 دەنگی دا بە لکاندنی موسڵ بە عێراقەوە و لەم ڕێکەوتەوە باشووری کوردستان و پارێزگای موسڵ بوونە بەشێک لە عێراق.
بەڵام تورکەکان سەرەڕای ئەوەی پەیمانی لۆزانیان واژۆ کردبوو و تورکیا بە فەرمی ئەندامی کۆمەڵی نێونەتەوەیی بوو، لەم بڕیارە ناڕازی بوون و ئیدیعاکانیان ڕانەگرت و دەستیان کرد بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای باڵای دادپەروەری نێودەوڵەتی و ئەم دادگایە بڕیاری کۆمەڵەی گەلانی پشتڕاست کردەوە و سکاڵای تورکیکەی ڕەفز کرایەوە.
بەریتانیا دوای دۆزینەوەی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوت لە مووسڵ و کەرکووک، پێشنیاری کرد کە تورکەکان لە بەرامبەر وەرگرتنی پازدە لە سەدی ئەو نەوتانەی کە لەو ناوچانە بەرهەم دێن بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک ڕازی بکات سنوورە دیاری کراوەکان بە فەرمی بناسێت. تورکەکان بەم پێشنیازە ڕازی بوون بەو مەرجەی کۆی پشکەکەی ئەوان سەرجەم حسێب بکرێت و بە یەکجار بدرێت، هەر بۆیە ئەم پێشنیارە پەسەند کرا و تورکەکان نیو میلیۆن لیرەیان وەرگرت.
ئهگهر تورکهکان ئهو سهردهمه له گرنگی نهوت وهک کاڵایهکی ستراتیژی تێبگهیشتایان، به ڕێککهوتنێکی وا ڕازی نهدهبوون. هەڵبەتە لۆزان هەندێک ئەرک و وەزیفەی بۆ دەوڵەتی تازەی تورکیا دیاری کردبوو کە بریتی بوون لە: لە پاراستنی مافی کەمینەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی کەشتیوانی لە گەرووەکان و هەروەها پابەند بوون بە بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان.
هەرچەندە ئەو پەیماننامەیە بۆتە هۆی هەڵپەساردنی سیڤەر، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی نەداوە و لە ڕاستیدا مۆرکردنی هیچ پەیمانێکی تازە خۆی لە خۆیدا بە مانای هەڵوەشاندنەوەی پەیمانێکی دیکە نییە مەگەر بەو شەرتەی کە لایەنەکانی هەر دوو پەیمانەکە یەکسان بن و ڕێک بکەون لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێشووتریان کە لێرەدا هیچ کام لەو دوو مەرجەی سەرەوە بوونیان نییە.
جگە لەوەش، لە دەقی پەیماننامەی لۆزاندا هیچ وادەیەکی بەسەرچوون دیاری نەکراوە و بەپێی بنەما دامەزراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی هیچ وڵاتێک ناتوانێت یەکلایەنە ڕێککەوتنە دوولایەنە یان فرەلایەنەکان هەڵوەشێنێتەوە. ژاوەژاوی میدیای ناپڕۆفیشناڵ و بانگەشەی هەندێک کەس لەم ساڵانەی دواییدا لەم ڕووەوە کە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و خوێندنەوەی دەوڵەتمەدار و پارتە سیاسییەکان و جەمسەرەکان ناو تورکیاش لەسەر لۆزان جیاواز و هەندێک جار دژ بەیەکە.
بۆ نموونە: کەمالیستەکان و لایەنگرانی ئاتاتورک ئەم پەیماننامەیە بە دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی دەزانن چوونکە بووە هۆی ئەوەی کە تورکیا لە پێدانی قەرەبووی جەنگ بەخشرا و لەسەر بنەمای ئەوەش دامەزراندنی ئەرمینیا لەناو جوگرافیای تورکیادا لەبیرکرا و پرسی دامەزراندنی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ بەتەواوی ڕەتکرایەوە.
ئەوەی کە لە پەیمانی سیڤەر وەک ناوچەی یۆنان لە خاکی تورکیادا دیاری کرابوو، لە پەیمانی لۆزاندا بوونی نییە. ناوچەکانی باشووری ئانادۆڵ کە بڕیار بوو بدرێت بە بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتالیا، بە تەواوی درایە تورکەکان. خاکی تورکەکان لە هەر کوێیەک بووبێت، وەک خۆی مایەوە و سەروەری دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیش بەسەر گەروویەکاندا بە فەرمی دانی پێدانرا. لەبەر ئەم هۆکارانە پەیمانی لۆزان سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ وڵاتێک کە لە جەنگدا بە تەواوی شکستی هێنا بوو. بۆیە کەسێکی وەکوو یاڵچین بایر، شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسی تورک، پێیوایە پەیمانی لۆزان گرنگترین بەڵگەنامەی یاسایی کۆماری تورکیایە و لە ساڵیادی ئەم پەیماننامەیەدا پێویستە یادی ئاتاتورک و عیسمەت ئینونو بەرز ڕابگرین و بزانین نەیارانی لۆزان دواکەوتوو و کۆنەپەرستن.
سەیر لەوەدایە ئەو کەسەی لە دانوستانە درێژخایەنەکانی لۆزاندا سەرکردایەتی شاندی تورکەکانی کردبوو، عیسمەت ئینونو دووەم سەرۆک کۆماری تورکیا بوو کە باوکی دادوەرێکی کورد بوو لە ئیزمیر. بەم شێوەیە یۆنانییەک و کوردێک لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا بناغەداڕێژەرانی سەرەکی تورکیای مۆدێرن و بیرۆکەی یەک دەوڵەت-یەک نەتەوە (تورک) بوون کە لە دامەرزاندنی تورکیا تا ئەمڕۆ بیرۆکەی ئەوان ناوڕۆکی سەرەکی پلان و ستراتیژی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی یەکدا دیاری دەکات.
رێبازێکی تریش لەناو حکومەتی تورکیادا چەند ماوەیەکە سەری هەڵداوە و ڕەنگدانەوەی بۆچوونی ئەرۆدغان و نیوعوسمانیەکانە. ئەم بزووتنەوەیە کە گرنگی بە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەدات لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر هەندێک ناوچەی جوگرافی کە لە بڕگەی یەکەمی میساقی نیشتمانیدا ئاماژەیان پێکراوە کە بریتین لە: هەندێک ناوچە لە سنوورەکانی عێراق، سوریا، قوبرس، یۆنان، ئەرمینیا و بگرە ئێران دەیەوێت خەریتەی سیاسی ناوچەکە بگۆڕێت.
ئەردۆغان کە دژەیەکبوونی هەڵسوکەوتەکانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ئەمڕۆ بۆ هەمووان ئاشکرایە، پێشەنگی ئەم ڕەوتەی لە دەسی دایە و هەوڵدەدات بە هێنانەئارای بابەتی تورانیستی سەرنجی خەڵک لە قەیرانە ناوخۆییەکان و کێشە ئابوورییەکان و هەروەها جیابوونەوە و ناکۆکی کەسایەتییە کاریگەرەکانی پارتەکەی لەوانە عەبدوڵڵا گوڵ و داود ئۆغلو و.........بە هۆی ڕەفتاری تاکڕەوانەی خۆیەوە بەلاڕێدا ببات و بە ئەنگوست دانان و هێنانە کایەی هەندێک پرس لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا ڕەزامەندی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورکیا بەدەست بهێنێت و سرنجیان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت. هەر بۆیە لە بۆنە جیاوازەکاندا باس لە زەروورەتی پێداچوونەوە بە پەیمانی لۆزان و زیندووکردنەوەی میساقی میللی دەخاتە بەر باس و پێداگری لەسەر دەکات. ئەم جۆرە پروپاگەنداو و هەڵوێستانەی سەرۆک کۆماری تورکیا زۆر جار بۆتە هۆی سەرسووڕمان و نارەزایەتی دەوڵەتەکانیتر لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا.
بۆ نموونە ئەو لە ساڵی ٢٠١٦دا دەڵێت: هەندێک پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە لۆزان وەک سەرکەوتنێک بۆ ئێمە وێنا بکەن؟ هەر ئێستا لە دەریای ئیجە ئەگەر لە کەنارەکانی تورکیاوە هاوار بکەن لە دوورگەکانی یۆنان گوێیان لێدەبێت، لۆزان بووە هۆی دابڕانی ئەو دوورگانە. لە بیرتان نایەت؟ ئەمە کەی سەرکەوتنە؟ ئەگەر ئەو لیژنەیه به درووستی و لێهاتوویی دانوستانیان بکرایه، ئێسته ئێمە ئەم کێشەمانەمان نەدەبوو.
هەرچەندە کە ئەو لە ٧٩هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئاتاتورکدا، بەم شێوەیە ستایشی کرد: «ناوی ئاتاتورک بیرهێنەرەوەی خەبات بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری ئەم وڵاتەیە، نابێت تەنیا ئاتاتۆرک بە یادێک ببەستینەوە بەڵکوو پێویستە لێی تێبگەین. بە بیرکردن لەم بابەتانە لە ساڵیادی 79هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئاتاتورکدا، دروود و سڵاو بۆ ڕۆحی ئەو و شەهیدان دەنێرین).
ئەو لە لایکی ترەوە لە دژایەتی ئەم ستایشەدا، ڕەخنە لە دامەزرێنەران و بنیاتنەرە سەرەکییەکانی تورکیای نوێ کە خودی ئاتاتورکیش یەکێک لەوانەیە دەگرێت، و پەیمانی لۆزان بە زیانێکی گەورە دەزانێت بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تورکیا و هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتە تورانییەکەیدا دەڵێت: "ڕووبەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە دوو میلیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ساڵی ١٩١٤ لە ماوەی نۆ ساڵ تا پەیمانی لۆزان بە ٧٨٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە گەیشتووە و ئەمەش هێمای نەزانی و گەمژەیی سیاسەتمەدارانی تورکیا له ئەو سەردەمەدایە».
هەوڵ و تەقەلای ئەو بۆ داگیرکاری لە دەریای ناوەڕاست و قبرس و هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەدوای غازدا لەو ناوچەیەدا، بۆتە هۆی ناڕەزایەتی و دژایەتی بەرفراوانی وڵاتان. پارێزگاکانی کوردستانی عێراق و سوریا بەشێکیتر لەو ناوچەیەن کە ئەردۆغان هەوڵ دەدات خەونەکانی خۆی بۆ پەرەپێدانی ڕووبەری تورکیە بە داگیرکردنی ئەو ناوچانە پراکتیزە بکات.
بۆیە هاوکات لەگەڵ قەیرانەکانی ساڵانی ڕابردووی هەردوو وڵاتدا، زیاتر لە جاران تورکیا دەیەوێت بەتەواوی هژموونی خۆی لەم ناوچانە بسەپێنێت و ئەگەر پێی بکرێت ڕووبەرێکی فراوانی لێ داگیر بکات و ئەگەر هەلی بۆ ڕەخسا بەندی یەکەمی میساقی میللی 1920 ئەو ناوچەیە بسەپێنێت.
بۆیە ماوەیەکی زۆرە بەشێک لەو ناوچانە داگیر کردووە و لە هەندێک ناوچەادا لە باشووری کوردستان بنکەی سەبازی و ئەمنی هەمیشەیی دامەزراندووە و ساڵانە بە بیانووی جیاواز و بە ناونیشانی جۆراوجۆر و بە ڕەچاو نەکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان هێرش دەکاتە سەر ئەم ناوچانە و تا ئێستا بە هۆی ئەم ئۆپراسیۆنە مەلهۆڕانەی تورکیا دەیان کەس لە خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
حەز و مەیلی ئەردۆغان بۆ بەردەوام بوونی لە دەسەڵاتدا هیچ سنوورێک ناناسێت بۆیە تورکیای سەرقاڵی بابەتگەلێک کردوە کە لەدەرەوەی دەسەڵات و تواناکانی ئەم وڵاتە دایە و لە کۆتاییدا ئەم ڕێکارە دەبێتە هۆی ڕووخان و داکشانی خۆی و تورکیەش دەبات بەرەو هەڵدێرێکی مەترسیدار، چونکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەبێت ئەو سنوورە جوگرافییانە زیندوو بێتەوە کە لە ساڵی ١٩٢٠ بە پێی "پەیمانی میساقی میللی لە دواین کۆبوونەوەی نوێنەرانی مەجڵسی عوسمانی و لە ٧ بڕگەدا پەسەند کرا و سنوورەکانی تورکیای لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم دیاری دەکرد. بەو پێیە و بەشێک لە باکووری سووریا و عێراق و هەندێک دوورگەی دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستی دەخستە سەر ڕووبەری تورکییە.
ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەردۆغان لە سووریا دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە قووڵایی 30 كیلۆمیتر لە ناو خاکی سووریایە کە تێیدا هێزەكانی سووریای دیموكرات كە گەورەترین هۆكاری شكستی داعش بوون لەوێ هیچ ئامادە بوونیەکیان نەبیت. ئەمەیە تەماح و خەونی ئیمپریالیستی و ناڕەوای ئەردۆغان بە بیانووی بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
دامەرزاندنی بنكهی سهربازی و ئهمنیەتی لهناو هەرێمی كوردستان و خاكی عێراق، بۆردومان و تۆپ بارانی بەردەوامی ناوچه جۆربهجۆرهكانی نیشتهجێبوون خەڵکی مەدەنی به بیانووی ڕووبەڕوو بوونەوە و شەڕ لەگەڵ حیزبی كرێكاران له ژێر درووشمی بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر، دهستێوهردان له کاروباری ناوخۆی ناوچەکە و پشتگیریکردنی ئاشکرای کەمینەیەکی تورکمانەکانی سەر بە تورکیا، گرنگی نەدان بە ناڕەزایەتی و ناڕازیبوونی دەسەڵاتدارانی عێراق، یەکێکی ترە لە دەرکەوتە ئاشکراکانی سیاسەت و ڕەفتاری ئەردۆغان و تورکیا لە گرینگی نەدان بە بنەما حاشاهەڵنەگرەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پشتگوێخستنی مافی سەروەری و نیشتمانی و حەقی حوکمڕانی وڵاتانی دراوسێی.
بەپێچەوانەی زۆرینەی سیاسەتمەدارانی عەرەبی عێراقی، بەتایبەت شیعەكان کە خوازیاری کۆتایی هاتنی دەستێوەردان و دەستدرێژییە نایاساییەكانی تورکییە لا ناو خاکی عێراقن. بەداخەوە سیاسەتێكی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستاندا لەم بارەیەوە پەیڕۆ ناکرێت و دووبەرەکی و جیاوازی بۆچوون بە شێوەیەکی بەرفراوان هەم له ڕاگەیاندن و میدیای کوردی و هەم لە گوتار و ئاخافتنی ناکۆکی نێوان سەرکردەی حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و ئەو ناتەبایی و لەیەک ترازانە لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکاندا هەلێکی لەباری بۆ تورکەکان ڕەخساندووە کە زیاتر شەڕانگێز بن و بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانە.
ئەم ناتەباییەی کورد هۆکارێکە بۆ ئەوەی تێچووی مەعنەوی، سیاسی و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم، دابەزێت. بۆیە بە پێچەوانەی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان و پێشێل کردنی مافی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بە هێرشی بەردەوام بووەتە هۆی دروستبوونی نائەمنی و کوشتنی هاوڵاتییانی کورد و کەمترین بایەخیش بۆ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دانانێت.
لە پرسی سوریاشدا بە کەڵک وەرگرتن لە پێشهاتەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و بە داگیرکردنی بەشێک لە سوریا بە ئیدیعای دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری ئەو وڵاتە، هەوڵ دەدات ئامانجی نایاسایی دیکە جێبەجێ بکات، وەک: گۆڕینی پێکهاتەی دیموگرافی دانیشتوانی باکووری سووریا بە زیانی کوردەکان و گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری لە تورکیاوە بۆ سووریا بۆ جێگرتنەوەی کوردە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچانە.
بەدەستهێنانی دڵی جەماوەر بە تایبەتی ناسیۆلیستە توندە ئاژۆکان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا و درێژەپێدانی ماوەی دەسەڵات و حوکمڕانی تاکڕەوانەی خۆی و گواستنەوەی قەیرانەکانی ناوخۆی تورکیا بۆ جیهانی دەرەوە گرنگترین فاکتەر و هۆکارەکانن کە ئەردۆغانی ناچار کردووە سیاسەتی توورانیگەری لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکات.
هەر لەم پێناوەدا سەرۆکی تورکیا لە هەوڵی گەشەپێدان و ڕۆحییەتی نیۆعوسمانی لە تورکیادایە و بە ڕەچاو نەکردنی بارودۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە درێژە بە گوتاری سیاسی توند ئاژۆ و شەڕەنگێزانە دەدات، کە لێکەوتەی سلبی زۆری دەبێت. کاریگەری و دەرنجامی ئیدیعا و لێدوانە توندەکانی ئەردۆغان، ئەگەر سنوورێکی بۆ دیاری نەکرێت، لەوانەیە ئاگری گرژییە وێرانکەرەکانی ناوچەکە زیاد بکات و بێتە هۆکاری ئاڵۆزی و بشێوەی زیاتر و سەرهەڵدانەوەی شەڕە نەخوازراوەکان و دووبارە بەهێز بوونەوەی هێزەکانی وەک داعش، کە تورکیا پێشتر تۆمەتبارکرابوو بە پشتیوانیکردنیان.
فەلسەفەی وجوودی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەرکی سروشتی ئەم ڕێکخراوانە وا دەخوازێت کە ئەوان بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتەکانی تورکیا بکەن و ڕێکاری یاسایی و دیپلوماتییەک بگرنە بەر بۆ ئەوەی گوشار لەسەر تورکییە درووست بێت و ڕێگە لە درووست بوونی قەیران و گرژی نوێ لەم ناوچەیەدا بگرن. لەم ڕوانگەیەوە ڕا و بۆچوونی شوکری سینا گوڵ، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی تورکیا، شایانی سەرنج و ڕامانی جدییە، ئەو پێی وایە کە: (ئەو ناوچە و شوێنانەی کە ئەردۆغان داوای دەکات لە سەردەمی عوسمانیدا بە گوێرەی پەیماننامەیەکی فەرمی واژۆ کراو کە بایەخی یاسایی و نێودەوڵەتیشی هەیە لە تورکیە جودا کراونەتەوە.
ئەو بانگەشانەی کە سەرۆک کۆماری تورکیە دەیکات ئێستاکە لە بازاڕی سیاسەتدا بۆتە هۆی ئەوە کە دونیا وا تێ بگات کە تورکیا دەیەوێت بە پەلهاوێشتن بۆ سەر قەلەمڕەوی وڵاتانیتر لەسەر حیسابی ئەوان پانتایی خاکی خۆی پەرە پێ بدات و ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە دەتوانێت کاریگەری سەلبی لەسەر عەلاقاتی سیاسی و نێونەتەوەیی تورکیا دابنێت. پێدەچێت ئەردوغان لە قەیراندا ببێت و بۆ دەربازبوون لێی، تووشی نۆستالۆژیای گەڕانەوەی رۆژانی شکۆمەندی عوسمانی بووە.
خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تایبەت بە ئەردۆغان نییە، بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی تورکیاش باوەڕیان بە بەدیهێنانی ئایدیاڵەکانی نیوعوسمانیزم هەیە و بەدوای ڕۆڵێکی زیادتر و کاریگەرتردا دەگەڕێن بۆ تورکیا، بەڵام شێواز و ئوسلووبی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لە لای ئەوان جیاوازە لە ئەو ڕێکارە نیزامی ڕووتەی کە ئەردۆغان پەیڕەوی دەکات.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و وەزیری دەرەوەی پێشووتری تورکیا، سەرەتا کتێبێکی بە ناوی "قوڵایی ستراتیژی" بڵاوکردەوە و ئامانجی حکومەتی تورکیای سەبارەت بەم پلانە ئاشکرا کرد، دواتریش لە کانوونی دووەمی ٢٠١٠، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا، باسی لەوە کرد حکومەتی عوسمانی وەک نموونەیەک لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان(قەومەکان) دەکرێت ببێتە نموونە بۆ ئاشتەوایی! و هەروەها لە وتارێکدا لە مانگی ئایاری ٢٠١١ لە شاری "چەنکەلای" لە تورکیا ڕایگەیاند: ئەو گەلانەی کە لە ئێمە جیابوونەتەوە دەیانەوێت بە ئاشتی و ئاشتەوایی ببنەوە بە بەشێک لە تورکیا.
لەدوای دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا، زۆر جار لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لێدوانی جۆراوجۆر سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی میساقی میللی خراونەتە ڕوو کە لەم وتارەدا بە کورتی وەک نموونە ئاماژە بە هەندێکیان کراوە.
ئێستا کە نزیکەی سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێدەپەڕێت و لە ساڵی ٢٠٢٣دا سەدەیەک بەسەر مۆرکردن و دیاریکردنی سنوورەکانی تورکیای نوێدا تێپەڕ دەبێت، هەندێک هەواڵ، دەنگۆ و پرۆپاگەندی بێ بنەما لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەوروژێنرێت کە گوایە دوای سەد ساڵ لە مۆرکردنی ئەم ڕێککەوتنە حکومەتی تورکیا دەتوانێت تاکلایەنە لۆزان هەڵبوەشێنێتەوە و دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت کە وا بە خاکی خۆی دەزانێت.
ورووژاندن ئەم جۆرە هەواڵ و شیکاری و ئیدیعا بێ بنەمایانە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری کەسانێکە کە کەوتۆتە ژێرکاریگەری ژاوەژاوی نیوعوسمانییەکان و کەمترین زانیارییان لەسەر پرەنسیبە سەرەکییەکانی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە. لە ڕوانگەی پسپۆڕان و شارەزایانی مێژووی سیاسی و دیپلۆماتكاران كە ئاگاداری بنەما بنەڕەتییەكانی یاسای نێودەوڵەتین ئەم بابەتە مایەی سەرسووڕمانە و زیاتر وەک گاڵتەجاڕ دەردەكەوێت.
بەڵام بەداخەوە لە كەش و هەوای گشتی ئەمڕۆی كۆمەڵگا و لەناو بەشێک لە جەماوەر بە تایبەت توێژە کەمتر ئاگادارەکانی کۆمەڵگا، ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەبێت و پێویستە کە میدیای پرۆفەشناڵ ئەرکی خۆی بە بانگهێشتکردن و دواندنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا لەم جۆرە حاڵەتانەدا بەجێ بهێنێت.
ئەوەی کە بارودۆخی کوردستان و کورد دەخاتە مەترسی گەورە و ئەزموونی حوکمڕانی کورد بەرەو هەڵدێر دەبات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی حکومەتەکانی دراوسێ مافی مانەوەی ئەم کیانە یاساییە ڕەچاو نەکەن.
بەردەوامی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، حوکمڕانی کاستی و ناڕوون، نەبوونی ستراتیژێکی هەمەلایەنە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی کە لەدژی مانەوەی هەرێم دێنە ئاراوە و هەوەها لەدەستدانی پشتیوانی خەڵکی هەرێمە لە لایەن حیزبە کاربەدەست و حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەگینا ئەگەری گۆڕینی سنووری فەرمی دەوڵەتان و سڕینەوەی خەریتەی هەرێم لە نەخشەی سیاسی ناوچەکە لە چوارچێوی سیاسەتی نیۆعوسمانی یان هەر پرۆژەیەکی دیکە لەلایەن هەر حکومەتێکەوە کارێکی زۆر قورس و تا ڕادەیک داتوانین بڵێن مەحاڵە.