129وتار

میراتی وەیشوومەی کسینجێر و شا بۆ کوردەکان

12/10/2023 10:03:00 AM
د.فەرەیدون نوری


(بە بیانوی کۆچێ دوایی دوایین ئەندامی کابینەی نیکسۆن)

لە ڕۆژی سی مانگی نوامبێردا نووچە و هەواڵی مەرگی یەکێک لە داڕێژەران و دامەزرێنەرانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و کەسایەتی ئەوتۆ و باندۆر بەسەر گۆڕانکاری و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی دۆنیا لە سەردەمی شەڕی ساردا، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جیهاندا بڵاو کرایەوە.
هێنری کسینجێر جولەکەی بە ڕەچەڵەک ئاڵمانی کە وەکو زۆرێک لە جوەکانی‌تری ئۆروپا پاشەڕۆژ و ژیانیان پاش ئاشکرا و ڕابوونی نازییەکان بە سەرۆکایەتی هیتلر گۆڕانی بەسەردا هات، لە هەڕەتی میرمنداڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەیدا بەرەو ئامریکا کۆچی کرد و لە نیۆیۆرک و گەڕەکێکدا کە زۆرینەی دانیشتووانی کۆچبەرانی جولەکە بوون، ئاکنجی بوو.
هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی ڕیچارد نیکسۆن ۳۷ مین سەرۆککۆماری ئامریکا لە بەرە و حزبی کۆماریخواز لە هەڵبژاردنەکانی١٩٦٨ زایینیدا، کسینجێری خولیای پلە و پایەوە، وەکو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دانرا و وردە وردە ئەستێرەی بەختی درەوشایەوە و ناوبانگی لە یاگەی یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەنێو دنیای سیاسەت و ڕامیاریدا دەنگی دایەوە و نێوی بە زۆرێک لە ڕووداو و پێشهاتە گرنگەکانی جیهان لە دەیەی حەفتای سەدەی پێشودا هەڵپێکرا.
کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی چەکداری ئەمەریکا لە شەڕی وێتنامدا، چالاکی سەرکەوتووانەی بۆ دەست پیکردنەوەی پەیوەندی دیپلوماسی ئەمەریکا لەگەڵ چینی مائۆییستدا، بە کەڵکوەرگرتن لە مژاری دوبەرکی نێوان ئۆردوگای کۆمۆنیستەکان (چین و ڕووسیا)، دیداری نیکسۆنی سەرۆککۆمار لەگەڵ چووئێن لای و مائۆ زدۆنگ و واژۆی ڕیککەوبنی کەم کردونەوە بەرتەسک کردنی راژەی بەرهەم هێنانی موشەکی بالێستیکی (S.A.l.T)لەگەڵ یەکیتی سوڤیەتی سەردەمی برێژنێڤ، بۆردومانی کامبوج، دەستێوەردان و پشتگری ئەمەریکا لە کودەتای چەکداران لە شیلی لە ساڵی  ۱۹۷۳، پشتیوانی لە کوشتن و سەرکوتی خەڵکی مەدەنی لە لایەن هیزە ئەمنی وچەکدارانی ئارژانتینینەوە،پاڵپشتی پاکستان لە شەڕە خوێناوییەکانی جیابوونەوە لە بەنگلادێش و پشتیوانی ڕاشکاوانە لە ئسرائیل لە شەڕی یەوم کیبۆر (ڕۆژی پشو) لەگەڵ ئەرەوەکاندا و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنانی شەڕی نێوانیان لە ساڵی ۱۹۷۳، دۆستایەتی و هاوپیمانی تۆکمە لەگەڵ شای ئێراندا و پێسپاردنی ژاندارمی ناوچەکە و فرۆشتنی چەن ها ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئەو ،هاندان و پشتگری نهێنییانەی لە ڕاپەڕینی کوردەکانی باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزانی و پشت تێکردن و تەنیا هێشتنیان لە ئەستەمترین کاتەکاندا، بەشێک لە ڕامیاری و سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لە سەردەمەکانی شەڕی سارد دایە کە ئەم دیپلوماتکارە لە خۆبایی و باندۆرەی ئامریکایی -ئاڵمانیە لە داڕێژان و بەئاکام گەییشنیان ڕۆلی کاریگەر و ئەساسی هەبووە .کیسنجر داڕیژەرو و هۆکاری سەرەکی ئەم هەمو گۆڕانکارییانیە لە سەردەمانی ئامادەبونی فەرمی خۆیدا لە چەقی دەسەلاتی سیاسی ئەمەریکا -لە ساڵی ۱۹٦۸ هەتا ۱۹۷۷  وەک بەریوەبەری دوو پۆستی گرنگی "ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و "وەزیری کاروباری دەرەوە"" لە سەردمی  هە ردو سەرۆککۆمار نیکسۆن و فۆرد دایە. لە دەیەکانی دواتر و هەتا کوتاروژەکانی ژیانی لە هەوڵ و تێکۆشان بو دەستەبەرکردنی داخوازی و بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکەی واتا ئسرائیل وچانی نەدا. و سەرەڕای نووسینی چەندین کتێب و سەدان وتاری پسپوڕانە، بە بونیاتنانی کۆمپانیێک بۆ پێشکەشکردنی مژاری ڕاوێژکاری بە سەرجەم سەرۆککۆمارەکانی ئامریکا ـ بە بی ڕەچاوکردنی پێگەی حزبیان ئامۆژگاری و ڕاوێژی  پی دەدان ـ بەچەشنێک باندۆر و کاریگەر بوو کە
جۆرج بۆش مەرگی ئەوی بە "کوژانەوەی یەکێک لە گرنگترین و زوڵاترین دەنگەکان لەنێو سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا چوواند." ئەم ڕادە لە باندورێتی هاوڕێ لەگەڵ پلەخوازی و خۆباییبوون، بوەتە هۆکاری لیکدانەوەی جیاواز و جاری واش دژبەر لە سەر کە سایەتی و کارنامەی ئەم زاتە.
سیاسەتواونان و دیپلوماتکارانی لایەنگری ئەو وەکو دیپلۆماتێکی هەڵکەوتوو و بێوێنە پەسنی ئەدەن ،بەڵام بریکاران،پاریزەران و چالاکڤانانی مافی مرۆف وەکو سیاسەتوان و دیپلوماتیکی دڵڕەق و گومانلێکراو تێوگلاو لە تاوانە جەنگییەکان ناوی دەبەن.
بەڵام بۆ نەتەوەی کورد و کوردەکان ئەو وەکو هێمای ڕاشکاوانەی نائاکاری و پلەویستی و هەلپەرەستیە لەنێو سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دایە، کە نێوبانگی لەکەڵ تێکچوون و نسکۆی خوێناوی ڕاپەڕینی کوردەکان بەرانبەر بە دەسەڵاتی بەعسی ئێراق لە ساڵی ۱۹۷٥ زایینیدا گرێ دراوە. هەروەهاکە «لاری ئۆرێست »کەسایەتی چەپ لەنێو پەڕتوک و کتێبی "نەوت، هێز، ئمپراتۆری - ئێراق پروگرامی جیهانی ئامریکادا" لە بەشی کوردستانی ئەم پەڕتوکەدا زۆر چڕوپڕ و ڕێکوپێک بەسەرهاتی خیانەتی شا و ئامریکا لەئاست کوردەکاندا شرۆڤە دەکات.
ئەو پێی وایە هاوکات لەگەڵ ڕوونینی کسینجێر لەسەر کورسی داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا ،کوردەکان بە سەرۆکاتی بارزانی پاش ساڵیانێک شۆڕش و بەرخودان لە بەرواری ۱۱ مارسی ۱۹۷۰ زایینیدا توانیان ریککەوتنێک بەسەر دەوڵەتی بەعسی ئێراقدا پسەپینن و سە دام حوسێن بەو قەنائەتە بگەیە نن تا ریکەوتنیک سەبارەت بە پێکهاتن و دامەزراندنی ناوجەیێکی خودموختار لەنێو کوردستاندا و بە فەرمی ناساندنی بەشێک لە مافی نەتەوەیی و چاندی کۆردان لە ئیراقدا، واژۆ بکات.
بەپێی ڕیکەوتنی١٩٧٠ مافی کوردەکان لە ڕووبەرێکی بەرفراواندا و بەراورد لەگەڵ دوو هاوپەیمانی ئامریکا لە ناوچەکەدا واتا تورکیا و ئێران و بە چەشنێکی یاسایی پێداگری لەسەر کرا.
مەیڵی  بەعسییەکان بو نزیکبوونەوە لە یەکیتی سوڤیەت و واژۆی گرێبەستی برایەتی و هاوپەیمانەتی لەگەڵ ئەم زلهێزەدا لە ساڵی ۱۹۷۲ لەلایێکەوە و هاندان و دنەی پرسی ناسێونالیزمی ئەرەوی و دژایەتی لەگەڵ ئسرائیلدا لە لایەکی ترەوە، ئەمەریکا و دارەدەست و ژاندارمەکەی(شای ئیران) لە ناوچەکەدا هەژاند،بویە بیریان لە یاری کردن بە کارتی کوردەکان بۆ لاوازکردنی بەعسەکان کردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بەروارەدا و ماوەیێکی نەتشت پاش ڕێککەوتنی ڕژێمی بەعس و کوردەکان، ئاشکرا بوو کە ئاماژە بە پرسە گرنگ و ئەوتۆکانی میناکی دەسەڵاتی کوردەکان بەسەر هێزه ئەمنییەکانی ناوخۆ، وەرگرتنی بەشێکی شیاو لە داهاتی نەوت و بەشداریکردن لەنێو پەیکەری هێزی نەتەوەییدا، دیاریکردنی ڕووبەری ڕێکی ناوچەی خودموختار نەکراوە و ڕێژیمی بەعسیش بە ڕەچاو نەگرتنی گرێبەستەکە، بەرنامەی بە ئەرەب کردنی (تەریب)ناوچە نەوتییەکانی دەسپێکرد و تەنانەت هەوڵی تیرورکردنی مەلا مستەفا بارزانی دا. ئاوەها سیاسەتێک کوردەکانی هەژاندەوە و دڵنیای کردنەوە لەوەی کە بەعسیه کان پابەندی ڕیککەوتنەکە نابن .بیگومان بارزانی ماوەیێک پێشتر لەگەڵ شا و ئامریکا و وڵاتەکانی دیکەدا لە پەیوەندیدا بوو و سەبارەت بە وەرگرتنی یارمەتی بەرانبەر بەغدا، داوکارییەکانی پێشکەش کردبوو. تەنانەت کاتی ئاخاوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی واشێنگتۆن پۆستدا، بەڵێنی دا: "ئەگەر ئامریکا ئێمە لە بەرانبەر گورگەکاندا بپاریزیت و پشتگیری مان بکات
ئێمە ئامادەی خۆ سازدان لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکە داین. ئەگین پشتیوانییان لە ئاستێکی بەرزدا بێت، ئێمە دەتوانین مەیدانە نەوتییەکانی کەرکوک داگیر بکەین و ڕادەستی کۆمپانیایێکی ئامریکای کەین تاکو تیایدا بەرهەم پێک بێنن."
ڕێک لەئەم بارودۆخەدا و لە ساڵی ۱۹۷۲ زایینیدا شا و کسینجێر داڕێژە و بەرنامەی خۆیان بۆ کەڵکاژۆ لە کارتی کوردەکانیان لە ئێراقدا جێبەجێ کرد و بە پابەند نەبوونی بەعسیه کان لە ئاست بڕگەکانی پەیماننامەیان لەگەڵ کوردەکاندا و بی متمانه یی و دڵەڕاوکی کوردان کەڵکی یان وەرگرت و یارمەتی و پشتیوانی دارایی و چەکداری سنوورداریان ڕادەستی کوردەکان کرد و دیسانەوە بارزانی‌یان بۆ دەسپێکردنی شۆڕشێکی نوێ لە بەرانبەر بەعسەکاندا هان دا.
 
چالاکی و دەستێوەردانی نهێنی و ئاشکرای شا  و ئامریکاییەکان و پەیوەندی نیوەچڵ و لەرزۆکی کورد و بەعسەکانی زیاتر به ره و هه ڵدێر و ڵیڵ بوون برد و بوو بەهۆی ئەوەی کە دوایین هیواکان سەبارەت بە ئاسایشی و ئارامی خۆنەگر لەنێو کوردستان و ئێراقدا بۆ بێهیوایی بگۆڕێت.
دەرەنجام لە مانگی مارسی ۱۹۷٤ زایینیدا بازرانی بە پشتیوانی شای ئێران و ئامریکا پێکدادانێکی نوێی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئێراقدا دەسپێکرد کە لە دەسپێکدا سەرکەوتنی مەزنی بە شوێنەوە بوو.
ڕاپۆرتی چڕوپڕی ئۆتیس پایک نوێنەری نیۆیۆرک لەنێو کۆنگرەی ئە مەریکادا سەبارەت بە چۆنیەتی دەستێوەردانی ئامریکا و سیا و ڕۆلی کسینجێر لەنێو شەڕەکانی کورد و بەغدا و نامەی نهێنی کسینجێر بۆ ڕیچارد هۆلمز باڵیۆزی ئەو کاتەی ئامریکا لە ئێراندا - کە ئەم ساڵانەی دوایی لەلایەن پەڕتوکخانەی نیکسۆندا بڵاو کراوەتەوە - سەبارەت بە چۆنیەتی و ئاستی یارمەتی بە کوردەکانی باشوور، دوو بەڵگەی گرنگی مێژوویین کە منهۆ و ناوەڕۆکیان ڕوونکەرەوەی سیاسەت و ڕامیاری دێوزەمەییانەی کسینجێر و شا لە ئاست شۆڕش و پرسی کوردەکان لە ئێراق دان.
نامەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه مەریکا بۆ هۆلمز لە ساڵی ۱۹۷٤ زایینیدا ئاشکرا دەکات کە شا و کسنجێر خوازەری شەڕی گشتداگر یان تەفروتونای ئێراق نەبوونە، بەڵکو دەیانویست ئێراق بۆ هاوکاری نەکردن لەگەڵ ڕووسەکاندا ناچار بکەن و بەئەم کارەیان بۆ دیتران ڕوون بکەنەوە کە پاڵدانەوە بە ڕووسیا بەکەڵکی هیچ نایێت. سەرەڕای ئەمەش شا هەوڵی دەدا تاکو نیشان بدات کە ئێران بەهێزترین هێزی ناوچەی کەنداوی فارس و ئەرێنیترن و باوەڕپێکراوترین هێز وەکو ژاندارمی ناوچەکە بۆ بەدیهێنانی ڕامیاری و سیاسەتەکانی ئامریکایە و دەیویست گرێبەستی سەعداباددا کە بەگوێرەی بڕگەکانی ئەو گرێبەستە سەرجەم ڕێگای شەتولئەرەوی (شگ العرب) نێوان دوو دەوڵەتەکە بە ئێراق درابوو، هەڵوەشێنێتەوە.
کسینجێریش ڕیچارد هۆلمز دەکات بەردەنگ و وێڕای پێداگری شێلگیرانە سەبارەت بە پێویستبوونی هەماهەنگی لەگەڵ شا و ڕادەستکردنی هەرچەشنە یارمەتیێک لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە زۆر ڕاشکاوانە ڕادەگەیێنێت: "پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و خودموختاری کورد لە ئێراقدا و چەشنێک دابەشکردنی هەمیشەیی ئەم وڵاتە، بەرهەم و بەرژەوەنی درێژخایەنی ئابوری بەشوێنەوە نابێت و هەروەها نە ئێران نە ئامریکاش نایانەوێت سەرجەم درگاکانی پێوەندی خۆیان لەگەڵ ئێراقدا کە بێگومان بەرهەمی ئەرێنی فراوانی بۆ دوو وڵاتەکە بەشوێنەوەیە، داخەن."
ساڵی ۱۹۷٥ ساڵێکی یەکلاکەرەوە بوو. لەحاڵیکدا کوردەکان بە پاڵپشتی ئێرانییەکان و ئەو یارمەتییانەی کە لەلایەن ئامریکاوە پێیان دەگەییشت، سەرکەوتنی مەزنیان بەدەس هێنابوو و دەیان هەزار پێشمەرگەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا بە پشتیوانی چەکداری و چەکخانەیی شا تەنگیان لە ئەرتەشی ئێراق هەڵچنیبوو و بەعسەکان ڕووبەڕووی ترسناکترین مەترسی و هەوەری مێژوویاندا بووبوونەوە، لەناکاوێکدا دەنگۆ و هەواڵی تاکوتەرا بریتی لەوەیکە دانوستاندنی نهێنی لەنێوان ئێران و ئێراقدا دەستی پیکردوە بڵاو کرایەوە. وەکو شتێ ساداتیش ئەگەری ڕێککەوتنی سەدام و شا بە گوێی نوێنەرانی بارزانیدا ڕادەگەیێنێت و ڕاشکاوانە پێشنیاریان پێ دەکات کە لەگەڵ سەدامدا ڕێک بکەون.
بەڵام بارزانی وێڕای بێ متمانەیی تەواوی خۆی بە شا، پەیوەندی لەگەڵ ئامریکا و وەرگرتنی پشتیوانی دارایی واژۆیێک بۆ دۆماندن و بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکان دەزانێت و چەشنێکی ناژیرانە و مەترسیدار فریوی پاڵپشتییەکانی ئامریکا و کسینجێر خواردبوو.

دانوستاندنی سەرکردەکانی ئۆپێک لە ئەلجەزایردا بە ئامادەبوونی شا و سەدام کۆتایێکی دڵتەزێنی بۆ پەیوەندییەکانی بارزانی و کوردەکان لەلایێکەوە و شا و کسینجێر و سیا لەلایێکی ترەوە بەدی هێنا و وەکو شەوەیێکی ترسناک بۆ کوردەکانی لێ هات.
شا و سەدام بەناڤبژی بومدین یەکتریان لە ئامێز گرت و شا کوردەکانی وەکو دەسوەشانەی ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ دژمنە دێرینەکەیدا لێکرد.
ماوەیێکی کورت پاش ئەوەیکە ئێراق پابەندی بڕگەکانی نێو ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایر لە ساڵی ۱۹۷٥ زایینیدا کە کاتبەندی کرابوو، ڕاهات، شا و ئامریکا یارمەتییەکانیان (وەکو یارمەتی خوردوخۆراک) بۆ کوردەکانی باشوور ڕاگرت و سنووری ڕۆژهەڵات و باشووریان گرت و ڕێگای پاشەکشە کردنی کوردەکانیان هەڵپێکا. کوردەکان هەرگیز بە میشکیاندا نەدەهات کە بەمجۆرە و زۆر سووک و ئاسان پشگوێ بخرێنن. بەڵام دەوڵەتی ئێراق دەیزانی ئێران و ئامریکا لە بەرانبەر ڕێککەوتن و ڕاهاتنی ئێراق لەگەڵیاند، پشتیوانی خۆیان لە کوردەکان دەبڕن و دەسی بەغدا بۆ سەرکوتکردنیان ئاوەڵا دەکەنەوە.
 
کوردەکان و سەرکردایەتی شۆڕش کە زۆر گەشبینانە باوەڕیان کردبوو کە هەبوونی ئامریکا "واژویێکە لە بەرانبەر خیانەتی شا" بەرانبەر بە کوردەکانە، زۆر دێر بۆیان ئاشکرا بوو کە ڕاستیێکی تاڵ و تفت و گێژکەرە کە لەنێو داڕێژەی وەیشوومەی شا و کسینجێردا ئەوەیە کە ئەوان تەنیا دارەدەست و ئامرازێک بوونە، پەردەی کۆتایی ئەم شانۆ دڵتەزێنە بە  بێوەری کردنی کردنی کوردەکان لە پاڵپشتی ئێران و گرتنی سنوورەکان لەلایەن ڕژیمی شاوە جێبەجێ کرا. هێزە کوردەکان لەپێکدادنەکانی دوایی دا تەفروتونا کران و بە زەخت و گوشاری شا بارزانی لە کاتی خەمناکترین ڕۆژەکانی ژیانیدا ئەمری ڕاگرتنی بەرخودانی (ئاش بەتال )بە هێزەکانی خۆی ڕاگەیاند و بڕی ۱٥۰ هەتا ۳۰۰ هەزار مرۆڤی کورد ناچار بوون بۆ خاکی ئێران هەڵبێن.
ئامریکا زۆر کاوەخۆ خیانەتی لە هاوپەیمانە کوردەکانی کرد، بەڵام بەگوێرەی دەربڕینی پایک ناخپیسی ئامریکا لە ئاست هاوپەیمانە کوردەکەیدا هێشتا بە ئاستی هەرەبەرزی خۆی نەگەییشتبوو! بارزانی نامەیێکی بۆ کسینجێر نڤیسا و دڵمەندانە و بە پاڕانەوە داوای یارمەتی لێدەکرد. بەڵام کسینجێر تەنانەت زەحمەتی وەڵامی نامەکەی بە خۆی نەدا. لەنێو ئەو نامەیانەیدا کە دواتر بارزانی لەئەو سەردەمەیدا کە بۆ چارەسەری نەخۆشینەکەی لە ئامریکادا بوو، بۆ سەرۆککۆماری نوێی ئامریکا واتا کارتر و نوێنەرانی کونگێرەی نڤیسا؛ چەشنێکی تاڵ و بێهیوایانە سەبارەت بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئامریکاییەکان لە بەرانبەر شۆڕشی کورددا سکاڵای کرد. ئەو وەکو پایک پێی وابوو کە شا و کسینجێر خیانەتیان پێ کردووە.
بێگومان ئامانجی ئەمریکا سەرکەوتنی کوردەکان یان دابینکردنی مافی چارەنووس بۆ کوردەکان نەبوو. ڕێکخراوی سیا لەوە دەترسا کە ئەم ڕەوتە هۆکاری درێژەپێدانی شۆڕشەکە بێت و لەئاکامدا هەستی سەربەخۆیی لەنێو کوردەکاندا پەرە بسێنێت و ئەم مژارە دەرفەتێک بۆ ڕووسیا بڕەخسێنێت تاکو بۆ هاوپەیمانانی ئامریکا (تورکیا و ئیران) گێرە و کێشە چێ ببێت.
هەروەهاکە لە کاتی ڕێفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧لە هەرێمی کوردستاندا، ئامریکاییەکان نەتەنیا پاڵپشتییان لە مافی چارەنووس و سەربەخۆییان نەکرد، بەڵکو بەگوێرەی دەربڕینەکانی بارزانی کاتی وتووێژ لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرەدا، تریلسۆن وەزیرە دەرەوەی ئەو کاتەی ئامریکا ڕاشکاوانە
دژایەتی خۆی ڕاگەیاند و وتبووی بێتو ڕێفڕاندۆم جێبەجێ بکرێت، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم بۆ سنوورەکانی ۱۹۹۱ سنووردار دەکەن. ڕووداوەکانی پاش ۱٦ ئۆکتوبێری ئەو ساڵە ڕوونکەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە بنەماکانی سیاسەتی ئامریکا لە ساڵی ۱۹۹۱ و لەبارەی کوردستانەوە هێشتاکە لەگەڵ بینۆگەکانی کسینجێردا زۆر نەگۆڕاوە.ڕاپۆرتی چڕوپڕی پایک لەبارەی چۆنیەتی دەستێوەردانی ئامریکا لەنێو بەسەرهاتی کوردەکاندا ڕوونکەرەوەی سیاسەتی نەئاکارییانە و ئەندێشە و بیرۆکەی ماکیاوەلیستی کسینجێر وەکو داڕێژەری ئەم داڕێژە نەهات و بێ دەرەنجامەیە. پایک بڕوای وایە کە: "هیچکام لەئەو وڵاتانەی کە یارمەتی کوردەکان دەدەن، زۆر حەزیان لە بەدیهاتنی دۆزەکانی نەتەوەی کورد و پێکهاتنی ولاتێکی سەربەخۆ نین. شا وئامریکا بەشوێن لاواز کردن و ماندوو کردنی (دەوڵەتی) ئێراقن. 
بەگوێرەی بەڵگە و پەیڤەکانی سیا، ئەوان چەشنی "پشکی یاری" سەیری کوردەکان لە بەرانبەر ئێراقدا دەکەن و هەروەها میناکی ئامرازێکی ئەرێنی بۆ لاواز کردنی ویستە نهێنییەکانی ئێراق ڕەچاویان دەگرن."
هەربۆیە ئامریکا ئەمری کرد کە سەبارەت بە پاڵپشتی چەکداری کوردەکان "پێداگرانە" هەڵسوکەوت بکرێت و هەرگیز ئەوندە تەقەمەنی و چەکخانەیێک کە بتوانن زیاتر لە سێ ڕۆژ بدۆمێن پێیان نەدرێت. تاکو هەروەختێک ویستیان بتوانن بەرەنگاریان ببنەوە. ئۆتیس پایک لەئاکامدا بۆی  ئاشکرا دەبێت کە: "سەرۆککۆمار و کسینجێر و شا هیوادار بوون کە کوردەکان سەرنەکەون، ئەوان پێیان باشتر بوو شۆڕشگێڕان هەتا ئەو شوێنانەی بچنە پێشەوە کە بۆ لاوازکردنی ئێراق بەس بێت. کوردەکان کە لەلایەن ئێمەوە بۆ شەڕ هان درابوون، هەرگیز لە راستی ئەم سیاسەتە ئاگادار نەکرانەوە."
پایک دەڵێت: "ئەگەر ئامریکا و شا سەبارەت بە شۆڕش هانیان نەدەدان، پێدەچوو کوردەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئێراق ڕێک بکەون، کە لانیکەم ئاستێک لە سەربەخۆیی دەستەبەر بکەن و خوێنی زۆرتر لەئەم نێوانەدا نەڕژێت. لەباتیدا کوردانی هاوپەیمانی ئێمە شەڕیان کرد، خەسار و لێکەوتەی گیانی و دارایی زۆریان بەسەردا هات و بڕی ۲۰۰ هەزار نەفەریان ئاوارە و پەنابەر بوون. سەرەڕای ئەمە بەغداش چەشنێکی بەربڵاو دەستی بە تۆڵە کردنەوە لە کوردەکان کرد و بڕی ۲٥۰ هەزار مرۆڤی کوردی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاس و باشووری ئێراق شاربەدەر کرد و لە هەندێک ناوچەشدا ئەرەوەکانی لەجیاتی کوردە شارەودەر کراوەکاندا دانا و نیشتەجێی کردن. کسینجێر کە هەرگیز ئامادەی "داوای لێبووردن" بەهۆی هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانیەوە نەبوو بە گالتە و هەروەها ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆکی هینکاری و لێکۆڵینەوەکانی کومێسونی پایکدا وتی:«ئیوە ئوپوراسیونی ئەمنی و کاری خەیرخوازی تان وەک یەک هاتوەتە پێش چاو…»پایک لە وەلامدا ووت «تەنانەت لە چوارچێوەی چالاکی نهێنیدا، وەئەستۆگرەنەکانی ئێمە لەگەڵ نیەتی خراپدا بوو."
 
ڕێزی پلەداران و سیاسەتوانانی ئامریکا بۆ کسینجێر و کەڵکوەرگرتن لە ڕاوێژ و ڕێچکەکانی ئەو لەماوەی نیوسەدەدا و لە بواری سیاسەتی دەرەودا و هەروەها کاردانەوەی هیرایان بەهۆی کۆچی دوایی ئەم دوایین پاشماوەی دەستەی وەزیرانی نیکسۆن، ڕوونکەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە ئامریکاییەکان وێڕای جیاوازی بیروڕایان، پێزان و ڕێزگری خزمەتی بلیمەت و کەسایەتییە باندۆرەکان لەبۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکان. بەلام ڕەوتی گۆڕانکاری شۆڕشەکانی گەلی کورد و ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵسوکەوت و کاردانەوەی حزبەکان و سەرکردەکان و ئاریەن و ئەزموونی سێ دەیە حوکمڕانی کوردەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئەمەمان پێدەگەیێنێت کە کوردەکان سەبارەت بە درک و فامی مێژوویان کاردانەوە و هەڵسوکەوتی نائۆمیدانەیان هەیە. نیو سەدە دوای ڕێککەوتنی مارسی ۱۹۷۰ و سەرەڕای شۆڕشە خوێناوییەکان و تێچو و لێکەوتەی ئێگجار و بەرفراوانی ئاستی دەسکەوتەکان و ڕووبەری حوکمڕانی کوردەکان پاش ۱٦ ئۆکتۆبێر و پێشهاتەکانی پاش ڕێفراندۆمی ۲۰۱۷ لە ماف و بڕگە ئەرێنییەکانی نێو ئەو ڕێککەوتننامەی١٩٧٠ ئەولاتر نەچووە و وێڕای نەبوونی شا و کسینجێر لەنێو شانۆی سیاسیدا هێشتا ئاوڕدانەوە لە بابێنی و میراتی نەهاتی ئەوان سەبارەت بە هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان و هەرێمی کوردستاندا لەلایەن یاریکەرانی سیاسی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە و لە سەرەوەی هەموویاندا ئامریکا دەدۆمێت و بەردەوامە.
پەڕینەوە لە بابێنی و میراتی نەهات و وەیشوومە و پڕتاوان و داوی مێژووی شا و کسینجێر بۆ کوردەکان، پەیوەستی بە خوێندنەوەی چڕی مێژووی گۆڕانکارییەکان و کۆتایی هێنان بە دوبەرەکی زیانباری نێوان حزبەکان، ئاڵوگۆڕی سەرەکی لەنێو بینۆگەی سیاسی ڕێبەرە کوردەکان بەسەر پەیوەندی و ترازە نێودەوڵەتییەکان، بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە بەرانبەر بەرژەوەندییە حزبییەکاندا، درک و لێکدانەوەی ئەرێنی سەبارەت بە ئاڵوگوڕەکان کە لە دنیای ئەوڕۆدا چەشنی بروسکەن و ناسینی لەپڕ و ڕێکوپێکی بەرژەوەندییەکانی یاریکەرانی زاڵ و حازربوون و بەشداری کردن لەنێو هاوپایمانی باندۆر و بەدیهینەری گۆڕانکاریدا و بەکورتی فێر بوونی وانە لە مێژوویە. سەرجەمی ئەم فاکتەرانە لەتەنیشت یەکدیدا دەتوانن سەرکەوەنی کوردەکان لە ئێراق و ناوچەکەدا لە پلەی ئامراز و کارتیکی گۆشار بو  یاریکەرێکی باندۆر و خاوەن پشک و دەسکە وت لە گۆڕانکارییەکان، بەرز بکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن