سیاسه‌تمه‌دارێکی ناودار و ناکام
5/22/2023 10:27:00 PM
د.فەرەیدون نوری
بۆ یادی شادڕەوان
نەوشیروان مستەفا ئەمین
له 22ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1944 له دواساڵه‌کانی جه‌نگی دووهه‌می جیهانیی له سلێمانی، که ماوه‌ی دوو ده‌یه پێش له‌م ڕێکه‌وته، ناوه‌ندی حوکمڕانیی تێپه‌ڕ و کاتیی مه‌لیک مه‌حموودی به‌رزنجی(حه‌فید) بوو؛ له بنه‌ماڵه‌یه‌کی سه‌ر به چینی ناوه‌ڕاست منداڵێک چاوی به دونیا هه‌ڵێنا که چاره‌نووسی ئه‌وه بوو پاش داگه‌ڕان و په‌یوه‌ستبوون به چالاکییه سیاسییه‌کان و ئه‌ندامێتی له حیزب و ڕه‌وته جیاوازه‌کان که بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده هه‌وڵ، خوێندن، ڕۆژنامه‌نووسی، کاری ڕێکخراوه‌یی و خه‌باتی سیاسیی و چالاکیی پارتیزانی دژی داگیرکه‌رانی کوردستان و له هه‌مووش گرینگتر مێژوونووسیی و شیکاریی کاکڵ و ناوه‌رۆکی سامانی که‌لتووریی کورده‌کانی به‌دواوه بوو، ببێت به یه‌کێک له ڕوخسار و ناوه کاریگه‌ره‌کان له پانتای سیاسه‌تی کوردستان و عێراقدا.
ئه‌ندامێتی له یه‌کێتیی خوێندکارانی کورد له سه‌رده‌می گه‌نجی و هه‌روه‌ها ئه‌ندامێتی و ڕێبه‌رایه‌تیی ڕه‌وتی چه‌پخوازی ((کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران)) پردی په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و بوو بۆ دونیای پڕ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی سیاسه‌ت، و دامه‌زراندنی حیزبی ((گۆڕان)) دوا وێستگه‌ی چالاکیی کاریگه‌ر و پڕ هه‌وراز و نشێوی که‌سایه‌تییه‌که که ناسینی سامانی هزری، ئه‌ندێشه‌کان، خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و هه‌ڵوێسته‌ی ڕه‌خنه‌گرانه و به‌ویژدانی ژیان و خه‌بات و شیکاریی وردی ڕۆڵ و کارامه‌یی به‌ڕێزیان له مێژووی خه‌باتی سیاسی و پارتیزانیی کورده‌کان نه‌ک ته‌نها ده‌توانێت له ڕوونکردنه‌وه و تۆزته‌کاندن له به‌شێکی سه‌رنجڕاکێش له‌و ڕووداو و گۆڕانکارییه ناوخۆیی و هه‌رێمییانه‌ی که له بزووتنه‌وه‌ی کوردستاندا ڕوویان داوه، کاریگه‌ر و سوودبه‌خش بێت، به‌ڵکوو ده‌کرێت به دڵنیاییه‌وه بڵێین که به بێ په‌رژانه سه‌ر ئه‌ندێشه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی کرده‌وه و جووڵانه‌وه‌ی مه‌یدانی و کرداره نه‌رێنی و ئه‌رێنییه‌کان و لێکدانه‌وه‌ی کارنامه‌ی به‌ڕێزیان وه‌کوو یه‌کێک له کاریگه‌رترین ڕێبه‌رانی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان، خستنه‌ڕوو و نه‌خشاندنێکی دروست و نێزیک له واقیع له بزووتنه‌وه‌ی کوردی ناپۆڕێت و ده‌ست نادات.
جه‌خار که داوه‌ریکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی که‌سایه‌تیی به‌ڕێزیان له ناو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی سیاسه‌تن و ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی کوردستان له ژێر کاریگه‌ریی داگه‌ڕان و خواسته سیاسییه‌کان، هاوسۆزیی، گرێدراوێتی خۆشه‌ویستان، هاوحیزبیه‌کان و هه‌ندێ ده‌روێشانی بۆ به‌ڕێزیان له لایه‌ک و دژایه‌تی و چه‌واشه‌کاریی دوژمنان، دژبه‌ران و کێبڕکێکه‌رانی ناو حیزب و ده‌ره‌وه‌ی حیزب له لایه‌کی دیکه‌وه، بووته هۆی ئه‌وه‌ی تاکوو سیمای ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕوخسار و ناوه کاریگه‌ره که هه‌ڵسوکه‌وت و شێوه‌ژیانی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی زۆری سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێمی کوردستان جیاواز بوو، به‌شیوه‌ی شایسته و شیاو نه‌خوێنرێته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ڕق و خۆشه‌ویستی و که‌مبێژی و زیادبێژی لێکدانه‌وه‌ی بۆ نه‌کرێت و خودی ڕاسته‌قینه و که‌سایه‌تیی سه‌ره‌کیی ئه‌و له پشتی په‌رده‌ی وێنه‌کان و گێڕانه‌وه دژواز و لێکدژه زاڵکراوه‌کان له به‌ڕێزیان، تا ڕاده‌یه‌ک به شاراوه‌یی و ژێره‌وانکێ بمێنێته‌وه.
له ساڵی 1379ی هه‌تاوی بۆ خستنه‌سه‌ریه‌ک و نووسینه‌وه‌ی نامه‌ی ماسته‌ره‌که‌م له ژێر ناوی: ((ڕۆڵی بارزانیی له گۆڕانکاریی بزووتنه‌وه‌ی کوردی‌دا)) له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م و نووسراوه‌کانی به‌ڕیزیان ئاشنا بووم و تێگه‌یشتم که ئه‌و یه‌کێک له جیددیترین دژبه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی ڕێبه‌رایه‌تیی بارازنی و میراتگرانێتی که ئه‌گه‌رچی داوه‌ریکردنه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی له‌باره‌ی کارنامه‌ی ئه‌م که‌سایه‌تییه کاریزماییه له ژێر کاریگه‌ریی شێوه ڕوانینی سیاسی، پێگه‌ی حیزبی و کێبڕکێ و ململانێ ناوخۆییه‌کانی حیزبه کوردییه‌کان، به‌ده‌ر نه‌بووه له لایه‌ندارێتی و دژبه‌رێتی؛ به‌ڵام به‌و ڕاده‌یه‌ش هه‌ڵگری ویژدان و زیره‌کییه که خۆی دانی به‌م لایه‌نداریانه‌دا ناوه و هیوای خواستووه که ڕۆژێک کارنامه و ژیانی سیاسیی ژه‌نڕال بارزانی له ده‌ره‌وه‌ی که‌وانه‌ی ڕق و خۆشه‌ویستییه‌وه و به وه‌سواس و هه‌ستیارییه‌کی زانستییه‌وه بخرێته به‌ر لێکدانه‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ریکردنی زانستی. هیوا و ئاواتێک که نه‌ک ته‌نها له‌باره‌ی ڕه‌وانشاد بارزانی به‌ڵکوو له‌باره‌ی تاڵه‌بانی و خۆیشی تا ئێسته به ئاکام نه‌گه‌یشتووه و زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که له‌باره‌ی ژیان و کارنامه‌یان سه‌ریه‌ک خراوه و نووسراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌ندارێتییه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کاندا بووه و له خستنه‌ڕووی وێنه‌یه‌کی ڕوون و نێزیک له واقیعی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕوخسارانه ناکام ماون و شکستیان هێناوه. ئه‌و هاوکات له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رایه‌تیکردنی مه‌یدانیی یه‌کێک له گرینگ‌ترین حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان له کوردستانی عێراق، هه‌رگیز له گرینگیی و نرخی کاری فه‌رهه‌نگی و هزری غافڵ نه‌بوو و یه‌کێک له پڕبه‌رهه‌مترین، وردبینترین، جیدیترین و شاره‌زاترین نووسه‌ران و خاوه‌نڕایانی کورد له بواری مێژوو، که‌لتوور و ئه‌ده‌ب، سیاسه‌ت و ڕۆژنامه‌نووسی له مێژووی هاوچه‌رخی کورده‌کانه، که ده‌کرێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ڕا و بۆچوونه‌کانی نه‌بین و هه‌ندێک له داوه‌رییه‌کانی به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی ململانێ و مشتومڕه ناوخۆییه‌کانی کورد به چاوی گومانه‌وه ببینین و ڕه‌خنه‌ی بکه‌ین، به‌ڵام قه‌ت ناکرێت نکۆڵی له کاریگه‌رییه سوودمه‌نده‌کانی هه‌وڵ و دۆزینه‌وه‌کانی بکه‌ین و دووره له ویژدان ئه‌گه‌ر بۆ ڕێزلێنان له ڕه‌نج و ماندووبوونه‌کانی له ڕێگه‌ی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌ی و پاراستنی سامانی که‌لتووریی کورده‌کان، هه‌ڵنه‌سینه سه‌ر پێ و ده‌ست به سینگه‌وه نه‌گرین بۆی.
له ماوه‌ی پانزه سالی ڕابردوودا هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م که‌ڵه پیاوه‌م خوێندووه‌ته‌وه و چه‌ندین جار هه‌لی دیدار، وتووێژ، گفتوگۆ و فێربوونم له خزمه‌تیان بۆ ره‌خساوه. به‌ڕێزیان به کاتژمێر به سینگفراوانییه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی منی داوه‌ته‌وه که هه‌ڵگری ڕه‌خنه‌ی په‌تی و ڕووت و ته‌نانه‌ت ڕاشکاو و بێپه‌رده بوونه له‌باره‌ی کارنامه زه‌نگین و ڕه‌نگینه‌که‌ی و له‌باره‌ی بابه‌ت و مژاره مێژوویی و سیاسییه‌کان گفتوگۆی دوورودرێژم له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان هه‌بووه و له‌م گفتوگۆ و دانوستانه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه جیاوازه، ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره قسه‌له‌ڕوو و ڕاشکاوه و ئه‌م نووسه‌ره جیدییه شتی زۆر فێر بووم. هونه‌ری ئه‌و گوێگرتن له‌و هه‌موو ڕاده‌ربڕین و بۆچوونانه بوو که هه‌ندێ جار نیوه‌چڵ و خۆنه‌گرتوو و هه‌ندێ جاریش فۆرمێکی ئامۆژگارانه‌یان هه‌بوو که له لایه‌ن به‌ره‌ی گه‌نج و به‌جۆش و خرۆشمانه‌وه بۆ به‌ڕێزیان ده‌خرایه ڕوو و ئه‌ویش به‌رده‌وام ئاماده‌ی دیدار بوو! ئه‌و به پشوودرێژییه‌وه گوێی ده‌گرت و هه‌ندێ جاریش به‌هۆی زه‌خت و ئالنگارییه‌کان تووڕه ده‌بوو. دوور به‌جێیه گه‌ر بڵێم له هه‌ر دیدارێکدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان مرۆڤ ده‌توانێت شتی نوێ فێر ببێت و به‌ربڵاویی زانیارییه‌کان و زاڵبوونی به‌سه‌ر گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که و پێشبینی و شیکاریی ورده‌کارانه‌ی له ڕووداوه‌کان دوای ڕوودانیان مرۆڤی تووشی حه‌په‌سان و سه‌رسووڕمان ده‌کرد. نه‌وشیراوان هه‌ڵبه‌ت زیاتر له نێو هه‌ڤاڵانی خۆیدا غه‌ریبکه‌وته بوو و له لایه‌ن به‌شێکی زۆر له‌و که‌سانه‌ی که ڕۆژگارێک به هیوای له ئامێزگرتن شایه‌تی هێز و ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌بوون له پێکهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، له پاش ده‌رچوون و ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌ی به‌ڕیزیان له جێگریی تاڵه‌بانی له یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان و دامه‌زراندنی گۆڕان له ساڵی 2007 بوون، په‌یوه‌ست ببوون به‌وه‌وه تاکوو له پێکهاتی ده‌سه‌ڵاتدا ئاماده بن، له حاڵێکدا ئه‌و سه‌ودا و خه‌ونی گۆڕینی خشته‌ی تایبه‌تمه‌ندییه سیاسییه‌کانی حوکمڕانیی هه‌رێمی هه‌بوو، به‌شێک له‌م گه‌نجانه‌ی که ئاره‌زووی ده‌رکه‌وتن و ناوبانگیان هه‌بوو و له سه‌ودا و خه‌ونی سه‌رۆکایه‌تی و ئاماده‌یی له ده‌سه‌ڵاتدا بوون و له سۆنگه‌ی خۆیانه‌وه ببوون به یاوه‌ری نه‌وشیروان...
به‌شداریی به‌په‌له و به‌تاڵووکه‌ی گۆڕان له کابینه‌ی هاوپه‌یمانیی له پاش 2014، بوو به هۆی ده‌سپێکردنی ململانێ نێوخۆییه‌کان و کێبڕكێ و دژایه‌تیکردنی ڕووخێنه‌ر و کوشنده‌ی هه‌ندێ له هه‌ڤاڵان و هاوڕێێانی ئه‌و بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵات و سامان، و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش دژایه‌تیی حیزبه ڕکابه‌ره‌کان و به‌تایبه‌تی دژبه‌ریی یارانی دێرین له پاڵ ڕۆڵی ڕووخێنه‌ری میدیاکان و به‌ڕێوه‌به‌رانی که‌ناڵی میدیاییان له بردنه‌سه‌ره‌وه و هه‌ڵاوساندنی چاوه‌ڕوانییه گشتییه‌کان و خستنه‌ڕوو و گه‌ڵاڵه‌کردنی دروشمه پوپولیستییه‌کان له‌باتی ڕه‌خنه‌ی دروست و به‌جێ، ورد، سازێنه‌ر و زانستیی له پێکهاتی خواروخێچ و نوقسانی حوکمڕانیی و سپاردنی هه‌ندێ له پله و پۆسته سه‌ره‌کییه‌کان له پشکی خۆیان له ده‌سه‌ڵات و کابینه به که‌سانی نه‌شیاو و بێ ئه‌زموون و کاڵفام له پاڵ جیاوازیی بیر و بۆچوونی ڕوخساره کاریگه‌ره‌کانی گۆڕان و هه‌ڤاڵانی له شاخ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان، له‌مپه‌رێکی له به‌رده‌م گه‌شه و به‌ربڵاوبوونه‌وه‌ی کاریگه‌ریی گۆڕاندا دروست کرد و خستییه دۆخی ناچالاکی و ناکارامه‌ییه‌وه. ئه‌مه ڕێک له‌و کاته‌دا بوو که ململانێ ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌وپه‌ڕی خۆیدا بوو و ئه‌ویش به نه‌خۆشییه‌وه ده‌یناڵاند و هه‌روه‌ها له دۆخی گشتیی هه‌رێم بێهیوا و له هه‌ڤاڵانیشی زامچه‌شتوو و بریندار و له چاکسازیش نا‌ئومێد بووبوو. مه‌رگی ئه‌و له ڕیکه‌وتی 19/5/ 2017 به مه‌وادی که‌متر له یه‌ک ساڵ پاش کۆچی دوایی هاوسه‌ره وه‌فاداره‌که‌ی دواهه‌مین خه‌سار و لێدانی به‌ر جه‌سته‌ی حیزبه‌که‌ی خست و نه‌بوونی ئه‌و هاوکات ململانێ نێوخۆییه‌کانی میراتگرانی مادی و مه‌عنه‌وی و یاسایی و نایاسایی ئه‌و، ئه‌م حیزبه‌ی به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی داڕمان و داڕزان برد و ئه‌نجامی دواهه‌مین هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌ڕله‌مانی عێراق پیشانی دا که زۆربه‌ی زۆری لایه‌نگرانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له نه‌بوونی بونیاتنه‌ر و تیۆریداڕێژه‌ره‌که‌یدا بێ هیوا بوونه و هه‌ندێکیش له هه‌ڵکێشراوان و پاشکۆکانی به‌ڕێزیانیش که به شوێن دۆزینه‌وه‌ی پشکێک له ده‌سه‌ڵات بوون، ئێسته چوونه‌ته ڕیزی دژبه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانییه‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌شه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی کۆچی دوایی ئه‌م خه‌باتگێڕه چه‌پ و ئایدیالیست و فه‌رمانده نه‌شکاو و سازشنه‌که‌ره، دژه گه‌نده‌ڵی، نووسه‌ره وشیار، بیسه‌ره ورد و پرسیارکه‌ره جیدییه‌یه که له دواهه‌مین ده‌یه‌ی ژیانی خۆی و له‌وپه‌ڕی کامڵ‌بوون و پێگه‌یشتووییدا به ده‌ربازبوون و مه‌وداوه‌رگرتن له تێڕوانینی ئایدلۆژیکی، هه‌ڵوه‌دای چاکسازیی له حوکمڕانی له هه‌رێم و ئافراندنی گه‌ڵاڵه‌یه‌کی نوێ له پانتای سیاسه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌خشه‌ڕێگه‌ی پێداگریی له‌سه‌ر شه‌فافییه‌ت و ڕاشکاوی و پاراستی مافی هاووڵاتیبوون و حوکمڕانییه‌کی لیبراڵدا بوو. ئه‌و له گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته و به‌دیهاتنی ئه‌م خه‌ونه ناکام ما و له‌م ناکامیه‌شدا ڕۆڵی هاوڕێیان و ده‌عیه‌دارانی هۆگریی له ئه‌و، که‌متر له دژبه‌رانی نییه و خودی خۆیشی له سپاردنی کاروباره‌کان و متمانه به هه‌ندێک ڕووخسار و سیما، ڕێگه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی بڕی، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو چیرۆکه‌که نییه. ئه‌و به‌دڵنیاییه‌وه و به بێ هیچ گومانێک یه‌کێک له ڕوخسار و سیما هه‌رماو و نه‌مره‌کانی مێژووی هاوچه‌رخی عێراق و کوردستانه و به شایه‌تیی هاوڕێیان و دژبه‌رانی سیاسیشی، ڕۆڵێکی به‌نرخی له سه‌ریه‌کخستنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی نوێی عێراقی فیدراڵ و زه‌قکردنه‌وه و به‌رهه‌ستکردنه‌وه‌ی مافی کورده‌کان له‌م به‌ڵگه گرینگه‌دا گێڕاوه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئێستا 6 ساڵه به ڕواڵه‌ت و به ڕوخسار له نێو ئێمه‌دا نه‌ماوه؛ به‌ڵام سامانی هزری و مێژوویی ئه‌و-به چاوپۆشیکردن له هه‌ندێک له گێڕانه‌وه‌کانی له‌باره‌ی ململانێ ناخۆییه‌کانی کورد- و شێوه‌ژیانی تاکه‌که‌سی، دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵی و ژیانی ساده‌ی خۆی هۆکارێک بوو بۆ مانه‌وه‌ی ناو و یاد و بیروه‌ره‌یی خه‌باتگێڕێکی سوسیالیستی که نیو سه‌ده بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌ی خه‌باتی کرد و له ماوه‌ی هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا له هه‌وڵ و بیرکردنه‌وه بۆ خوێندنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی مێژوو و که‌لتووری نه‌ته‌وه‌که‌ی ته‌نانه‌ت له‌و ساتانه‌ش که بستێک له‌گه‌ڵ مه‌رگ مه‌ودای هه‌بوو، قسوور و غه‌فڵه‌تی نه‌کرد.
یادی به‌خێر و ڕه‌وانی شاد بێت.