ڕه‌خنه له نێوان بونیاتنان و داڕماندا! (خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌کانی سه‌ر کۆنگره‌ی مه‌ولانا خالید)
7/1/2023 10:39:00 AM
د.فەرەیدون نوری
به‌ڕێوه‌چوونی
کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ((مه‌والانا خالید شاره‌زووری)) له دواهه‌مین ڕۆژه‌کانی
زستانی ساڵی ڕابردوو له شاری سلێمانی، سلێمانییه‌ک که ڕووگه و قیبله‌گای ئه‌وین
و ئاواتی مه‌ولانا بوو، به ئاماده‌بوونی سه‌دان که‌سایه‌تیی له سه‌رتاسه‌ری
کوردستان و ده‌یان لێکۆڵه‌ری دیار و پیتۆڵ له وڵاته ئه‌ورووپی، عه‌ره‌بی و
ئاسیاییه‌کان، له چینه‌وه تاکوو هۆڵه‌ندا و فه‌ره‌نسه و ئا‌ڵمانیا ڕووداوێکی
پیرۆز و دره‌وشاوه بوو. له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا به پێشکه‌شکردنی ده‌یان وتار و
لێدوانی پسپۆڕانه و زانستی له پانێله تایبه‌ته‌کان و باس و خواس و ڕاگۆڕینه‌وه‌ی
ئازادانه و خستنه‌ڕووی پرسیاری نوێ و جیدی له‌باره‌ی بابه‌ته پێشکه‌شکراوه‌کان،
هه‌نگاوێکی بنه‌مایی و قاییم و قورس به ئاڕاسته‌ی ناسین و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه،
جیهانبینیی، سلووک و کارنامه‌ی مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووری هه‌ڵگیرا و گه‌ردوتۆزی
بێبه‌شی و پشتگوێخران تا ڕاده‌یه‌ک له ڕوخسار و سیمای ئه‌م که‌سایه‌تییه دیاره‌ی
مێژووی زانست و عیرفان سڕایه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت پێشتر و له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی
ڕابردوو له مێژوو و که‌لتووری ئێمه‌دا له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی کوردستان، له‌باره‌ی
مه‌ولانا خالید باسی زۆر کراوه و زۆریان قه‌ڵه‌م خستووه‌ته گه‌ڕ و سه‌دان وتار،
ده‌یان کتێب به چه‌ندین زمان له باره‌ی که‌سایه‌تیی به‌رێزیان و ڕۆڵێکی دیار که
به‌ڕێزیان له بووژانه‌وه و گه‌شه‌پێدان و گۆڕانکاریی له عیرفانی نه‌قشبه‌ندیدا
هه‌یبوو نووسراوه، به‌ڵام ڕاستییه‌که ئه‌مه‌یه که ئه‌م پیاوه ده‌ورانساز و هه‌ڵبه‌ت
ناکامه وه‌کوو پێشوو، به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو نه‌ناسراوه و ئه‌مه هه‌مان ئه‌و
ڕاستییه‌یه که ئێمه‌ی کورد ده‌بێ له‌سه‌ری به‌ئاگا بین و واده‌زانم ئاگاداربوون
له‌م بابه‌ته گرینگه و تێگه‌یشتن له‌م واقیعه، فه‌لسه‌فه و هۆکاریی سه‌ره‌کیی
به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م کۆنگره مه‌زن و پڕبه‌هایه بوو و گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وت و
هونه‌ری ئه‌م کۆڕبه‌نده زانستییه‌ش هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی گه‌ردوتۆز له ڕوخساری
ئه‌م جه‌مسه‌ر و ڕووگه گه‌وره‌یه‌ی ته‌ریقه‌ت بوو که ئه‌گه‌ر به‌پێی ویژدان و
ئینسافه‌وه قسه بکه‌ین ده‌بێت بڵێین په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته هه‌ندێک له وتار و
بابه‌ته پێشکه‌شکراوه‌کان هه‌ڵگری خاڵی نوێ و ناوازه بوون و به‌گشتی کۆنگره هه‌نگاوێکی
پته‌و و قاییم و جووڵه‌یه‌کی شیاو و هه‌روه‌ها شایسته‌ی پێگه و جێگه‌ی به‌رز و
بڵندی مه‌ولانای کورده‌کان و عارفان بوو و به بێ هیچ گومان و دوودڵییه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی
پێویست و شیاویش بوو، به‌شێک له ئه‌رکی ئێمه‌ی به‌نیسبه‌ت حه‌زره‌تی مه‌ولانه‌وه
به‌جێ گه‌یاند و نه‌ک ته‌نها توانی پاش دوو سه‌ده کۆچ و هیجره‌تی به‌ڕێزیان له
سلێمانی ڕۆحانه‌تی ئه‌و له‌گه‌ڵ عاشقان و ئه‌وینداران و هۆگران و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک
له ڕه‌خنه‌گرانیشی بۆ شارێک که ڕووگه‌ی خه‌ون و ئه‌وینی بوو، بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵکوو
وه‌کوو زه‌نگێکی هۆشیارکه‌ره‌وه و ڕاچه‌نینێک بۆ زۆرێک له بانگه‌شه‌که‌ران و ده‌عیه‌دارانی
ڕۆشنبیریی له نێو کورد و به تایبه‌تی هه‌ندێک له که‌سایه‌تییه ده‌عیه‌داره‌کانی
میراتگری ته‌ریقه‌ت و عیرفان له کوردستان، بوو و به خستنه‌به‌رده‌م هه‌ندێ له
پرسگره مێژووییه‌کان و دووباره‌خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوانێکی هه‌رچه‌ند تاڵ به‌ڵام
ڕاسته‌قینه، بووه هۆی ده‌رخستنی ناوی ڕوخسارانێکی گه‌وره و نه‌مری دیکه وه‌کوو
شێخولمه‌شایخی ته‌ریقه‌تی قادریه جه‌نابی شێخ مارف نۆدێ(ر.ه)، شێخ کاک ئه‌حمه‌دی
سلێمانی، ده‌سه‌ڵاتدارانی بابان، شێخه‌کانی سیراجه‌دینی بیاره و ڕاپه‌ڕینه‌کانی
حه‌قه‌ی شه‌مزینان و بارزان و...که ئه‌مه‌ش له پله‌ی خۆیدا شتێکی پیرۆز بوو. به‌ڵکوو
هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م کۆنگره‌یه‌وه زه‌مینه‌یه‌ک هه‌موار بکرێت تاکوو ژیان،
بیرکردنه‌وه و ئه‌ندێشه‌کان و کارنامه‌ی هه‌ندێک له‌م که‌سایه‌تییه کاریگه‌ر و
که‌متر ناسراوانه‌ی سه‌رده‌می ئێمه، به شێوه‌ی ورده‌کارانه و زانستی و دوو له
ده‌مارگرژی و لایه‌نگرێتی بخوێنرێته‌وه و ئه‌وانه‌ش که ساڵانێکه له سه‌ر خوانی
وجود و به‌خشنده‌یی ئه‌م گه‌وره زاتانه هه‌ڵنیشتوون، ئه‌رکی خۆیان به نیسبه‌ت
ئه‌م که‌سایه‌تییانه به‌جێ بگه‌یه‌نن. ڕوون و ئاشکرایه که ئه‌م کۆنگره‌یه‌ش وه‌کوو
هه‌ر ڕووداوێکی که‌لتووریی دیکه له ڕووی فۆرم و ناوه‌رۆک و شێوه‌ی به‌رێوه‌بردنه‌وه،
هه‌ندێ که‌موکووڕیی هه‌بوو و ڕه‌خنه‌ی به‌ویژدانانه‌ی دروست و زانستی له‌باره‌ی ئه‌م
که‌موکوڕیانه‌وه شتێکی پێویست و شایسته‌یه و ده‌بێت به ئه‌رێنی وه‌ربگیرێ و به‌ره‌و
پیرییه‌وه بچین.
ئێمه مه‌ولانا خالید ته‌نها وه‌کوو
شێخێک یان ڕووگه‌یه‌کی ته‌ریقه‌تی عیرفانی ڕێز لێ نانێین، به‌ڵکوو ئه‌و که‌سایه‌تییه‌کی
چه‌ند ڕه‌هه‌ندی و بێ وینه و ده‌ورانساز و هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی
ناوازه و کاریگه‌ریی تایبه‌تمه‌نده که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ئێمه پێملی ئه‌وه
ده‌کات ڕێزی لێ بگرین و یادی زیندوو ڕاگرین و هه‌وڵ بده‌ین تاکوو ئه‌و له‌گه‌ڵ
سامانی گه‌وره و مه‌زنی فیکری و مه‌عریفیی بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ زێد و نیشتیمانه‌که‌ی،
ئه‌و شوێنه‌ی که له ژیانی پڕبه‌رهه‌م و پڕپیت به‌ڵام کورتی خۆیدا تێیدا نامۆ و
غه‌واره بوو.
هه‌ندێک له کاریگه‌ری و چالاکی و ده‌سکه‌وته
دره‌وشاوه و ناوازه‌کانی به‌ڕێزیان بریتیین له: سه‌رکه‌وتن له گواستنه‌وه‌ی ناوه‌ندی
ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له ده‌لهییه‌وه بۆ سلێمانی، دروستکردنی گۆڕانکاریی جیدیی
و جێگیر له سیسته‌می ناوه‌کیی و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر بژارده‌کارانه(کاستی) و
میراتگرانه‌ی ته‌ریقه‌ت و شێخایه‌تیی زاڵ له کوردستان، زیره‌کیی و وریاریی له
گۆڕینی ململانێ و جیاوازییه‌کان و ڕکابه‌رییه هه‌ندێ جار دوژمنکارانه‌کانی دژبه‌رانی
بۆ وتووێژ و ڕاوڕاوێژی نڤیسکارانه و هۆکارێک به ئاراسته‌ی به‌سه‌ریه‌که‌وه‌نانی
ده‌ق و تێکستی کوردی، کاریگه‌ریدانان له ڕووبه‌رێکی جوگرافیی گه‌وره‌ی زۆر سه‌رووتر
له سنوور و که‌وشه‌نه‌کانی کوردستان واته له حیجازه‌وه تاکوو ئه‌سته‌مووڵ و له
به‌غداوه بۆ شام و داغستان، ئیلهامبه‌خشبوون بۆ ڕێبه‌رانی دواتری بزووتنه‌وه
ڕزگاریخوازانه‌کانی کوردستان؛ هه‌ر له شێخه‌کانی نه‌هرییوه تاکوو شیخ سه‌عیدی
پیران و شێخه‌کانی بارزان و بزووتنه‌وه‌کانی حه‌قه، گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام و
جێگیری زانسته ئایینییه‌کان له‌ڕێگه‌ی باڵی هه‌ورامانی خه‌لیفه و مه‌شایه‌خانی
سیراجیدین، بونیاتنانی به‌ردی بناغه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی هه‌ڵبه‌ست به زاراوه‌ی
سۆرانی له موناجاته‌کانی خۆیدا که به هه‌وڵ و تێکۆشانی شاعیرانی بابان وه‌کوو
نالی، سالم، کوردی و به‌رده‌وامبوونی ئه‌م هه‌ڵبه‌ستوانییه و...ڕێگه‌ی بۆ
دروستبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیی به‌رز و واڵا کرده‌وه و به‌رهه‌مانێکی
داهێنا که له‌م دوو سه‌ده‌یه‌دا له‌سه‌ر ترۆپکی شاخی شیعر و ئه‌ده‌بی کوردستان وه‌کوو
خۆره‌تاوێک ده‌دره‌وشانه‌وه و ئه‌مه‌ش خۆی به تاقی ته‌نها شۆڕشێکی که‌لتوورییه
که ئه‌رکه له سه‌ر ئێمه ڕێزی لێ بگرین و شوێنپیی پته‌و و به‌رده‌وامبوونی گه‌ره‌نتی
بکه‌ین و بیکه‌ن به په‌یژه‌ی سه‌رکه‌وتن و سه‌رووترچوونێک به‌ره‌و زمانێکی پاقژی
پاڵێوراوی ته‌واو و ستانداردی کوردی که گرینگ‌ترین هۆکاری هه‌رمان و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانه
و ئێمه هێشتا له هه‌بوونی بێبه‌ش و ده‌ستبه‌تاڵین و له‌م بواره‌شدا هێشتا له‌سه‌ره‌تای
ڕێگاداین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که وترا دانان و نووسینی چه‌ندین به‌رهه‌می به‌پێز و
نامیلکه‌ی گرانبایی له بابه‌ته جۆراوجۆره‌کان له هه‌ر دوو بواری شه‌ریعه‌ت، و
ته‌ریقه‌ت و عیرفان سامانێکی گرینگی دیکه‌یه که ده‌بێت قامکی له‌سه‌ر دابنرێت و
به‌بۆنه‌ی ئافراندن و خوڵقاندنی ئه‌م سامانه به‌پیت و پڕبه‌رووبوومه‌ی مه‌عریفه
و به‌رهه‌می ئایینی، عیرفانی، زانستی و که‌لتووری دروود و سڵاو بنێرین بۆ ڕۆحی به‌رزی
مه‌ولانا و له پێناو پاراستن و خوێندنه‌وه‌یدا له هیچ هه‌وڵێک خۆ نه‌بوێرین. ئه‌م
سامانه، خه‌زێنه و پاشه‌که‌وتێکی به‌بایه‌خ و هه‌رماوه بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه، چ بۆ
هه‌نووکه‌و و چ بۆ داهاتوو و نه‌وه‌کانی دواتر و ته‌نانه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌کانی
دیکه‌ش: چون مه‌عریفه به‌رز و واڵا مرۆییه‌کانی ئه‌و سنوور ناناسێت و مه‌ولانا له‌م
بواره‌دا به هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆی گه‌یشتووه‌ته سه‌ر ترۆپکی به‌رزی که‌ماڵ و پله‌ی
پته‌وی ئیرشاد و ڕێنوێنی و له بواری سلووک و ڕێچکه‌بڕینی عیرفانیشدا هه‌موو پله‌کانی
عیرفانی و سلووکی تا پله‌ی فه‌نا فی الله و دیدار له‌گه‌ڵ زاتی حه‌ق پێواوه و
بووه به خاوه‌نی وه‌ها ناوبانگ و ڕاکێشه‌ری و ڕه‌تکه‌ره‌وه‌ییه‌کی هاوکات، که ئه‌وی
له‌ڕیزی به‌ناوبانگترین و کاریگه‌رترین سیماکانی مێژووی دیانه‌ت و عێرفانی
کوردستان له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی سێزده‌هه‌م داناوه و سه‌دان هه‌زار مورید و
دڵبه‌دوا و دڵخوازی له هه‌موو گۆشه و قوژبنێکی جیهانی ئیسلام و به‌تایبه‌تی قه‌ڵه‌مڕه‌وی
ئئمپراتۆریی عوسمانی هێناوه‌ته ناو بازنه‌ی هۆگران و موریدانی ئه‌ندێشه و
جیهانبینیی ئه‌وه‌وه. به‌شێوه‌یه‌ک که خه‌رمانه و تیشکی به‌خت و شانسی له
کاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر دڵه‌کان و ئه‌ندێشه‌کان له بازنه و سنووری کاریگه‌ریدانان
له‌سه‌ر دژبه‌ران، ڕه‌خنه‌گران، و دوژمنه‌کانی سه‌رووتر رۆشتووه و زێده‌بێژی و بێجێ
نییه گه‌ر بڵێین هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه تاکوو کۆتایی سه‌ده‌ی
سێزده‌هه‌م له پاش سوڵتان سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی ئه‌و ناودارترین و کاریگه‌رترین
ڕوخسار و سیمای مێژووی کورد و کوردستانه،. هه‌ر بۆیه ڕێزلێنان و یادکردنه‌وه‌ی
مه‌ولانا ڕێزلێنان له یه‌ک که‌س و قسه‌کردن له‌سه‌ر ڕووداوێک نییه، به‌ڵکوو به‌رزڕاگرتن
و به‌رزیادکردنی که‌لتووری قورئانی، ئیسلامی، عیرفانی، ئینسانی و ئه‌ده‌بی و
کوردستانییه و پاراستن و پاسه‌وانیکردنی به‌شێکی گه‌وره‌یه له سامانی مه‌عنه‌وی
ئه‌و ئه‌ندێشه ناوازانه‌ی که سامان و که‌لوپووری نه‌ته‌وه‌یی و عیرفانیی ئێمه‌ی زاخاو
داوه و پڕ پیت و پاراوی کردووه و ئه‌م سامان و میراته هه‌رماو و جێگیره له
کرده‌وه و ڕه‌وشت و شێوازه‌کانی ئیرشاد و ڕێنوێنی و له به‌رهه‌مه‌کان، نووسینه‌کان،
نامیلکه‌کان، و ڕوونتر و بێخه‌وشتر له هه‌موو ئه‌مانه له هه‌ندێک له شیعر و
چامه‌کانی ئه‌م زاته مه‌زن و مێژووسازه‌دا، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و به باشترین و
جوانترین زمان، هاتۆته ده‌ربڕین.
هه‌ر بۆیه ئه‌رکه له‌سه‌رمان که له‌پێناو
ڕێزلێنان و به‌رزڕاگرتنی یادی ئه‌م که‌سایه‌تی و سیما هه‌رمانه‌ی مێژووی خۆمان
تێ‌بکۆشین و له‌ڕێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه زانستی و ئاکادیمییه‌کان و به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌کان
و یادکردنه‌وه شایسته‌کان، ده‌ست بکه‌ین به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌کانی به‌ڕێزیان
و که‌سایه‌تییه‌کانی دیکه و پیاوان و ژنان ده‌ورانسازی خۆمان و گه‌ردوتۆزی فه‌رامۆشی
و نامۆیی له ڕوخساری دره‌وشاوه‌یان بسڕینه‌وه و له‌م ڕێگایه‌شدا له باسکردنی
ڕاستییه‌کان و وتنی واقیع و ڕاستییه تاڵ و شیرینه‌کان و ڕه‌خنه‌ی زانایانه و
ڕینیشانده‌رانه له‌باره‌ی کارنامه‌یانه‌وه، خۆ نه‌بوێرین و نه‌په‌شۆکێین و له‌بیر
نه‌که‌ین که مه‌ولانا و ڕکه‌به‌رکانی و دژبه‌رانی پێش هه‌ر شتێک مرۆڤ بوون و هه‌ر
به‌م هۆیه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هه‌ڵه و په‌ڵه‌وه دانانرێن. وه‌کوو قوتابی و
خوێندکارێکی مێژوو، ساڵانێکه درکم به بلیمه‌تی و نامۆبوونی هاوکاتی ئه‌م که‌سایه‌تییه
کردووه و له ساڵی 2016 له دیدار له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی زانا که به‌ڕێوه‌به‌ری
گشتیی که‌له‌پووری سلێمانی بوو، پێشنیازی ئه‌وه‌م کرد که به‌ڕێوه‌بردنی
کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه، ئه‌ندێشه
و ژیانی مه‌ولانا خالید به ئاماده‌یی و به‌شداریی تامه‌زرۆیانی زانست و پیتۆڵان و
لێکۆڵه‌رانی ناودار وه‌کوو پێویستییه‌کی مێژوویی، پلانی بۆ دابنرێت و ئاماده‌یی
خۆیشم ڕاگه‌یاند تاکوو وه‌کوو چاکه‌یه‌کی تاکه‌که‌سی به بێ هیچ چاوه‌ڕانییه‌ک و
خۆبه‌خشانه هه‌ر ئه‌رکێک که بۆم دیاری بکرێت شان بده‌مه ژێری و تامه‌زرۆیانه
به ئاکامی بگه‌یه‌نم تاکوو وه‌کوو هۆگرێکی مه‌ولانا به ئه‌رکی خۆم له هه‌مبه‌ر
ئه‌م ڕوخساره دیار و دره‌وشاوه‌یه‌ی مێژووی عیرفان و که‌لتووری کوردستان هه‌ستایبێتم
و ڕامپه‌ڕاندبێت.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م پێشنیازه نه‌گه‌یشت
به ئاکام و ئه‌و خه‌ونه‌ی ئێمه هه‌ڵه‌په‌سێردراو و بێوه‌ڵام مایه‌وه و هه‌راوهۆریا
سیاسییه‌کان و ململانێ ناوخۆییه‌کانی حیزبه‌کان و سستی و داهێزراویی زاڵ به‌سه‌ر
فه‌زای فیکری و که‌لتووریی کوردستان و بێهێزی و بێهازیی وه‌زاره‌تی که‌له‌پوور
هیوای ئێمه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئاوه‌ها کۆنگره‌یه‌ک پووچه‌ڵ کرده‌وه تاکوو ئه‌وه‌ی
که له زستانی ساڵی ڕابردوودا به‌دره‌نگه‌وه ئاگادار بوومه‌وه که گوایه مه‌لی
به‌ختی ئێمه که‌وتووه‌ته با‌ڵه‌فڕه و دامه‌زراوه‌ی زانستیی ڕه‌وانشاد پرۆفیسۆر
عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ به پشتگیریی و پشتیوانیی بێدرێخی برای به‌ڕێزیان و
بریکار و جێگره‌وه‌ی شایسته‌ی مامۆستا سه‌فوه‌ت جه‌نابی به‌ڕێز کاک فاروق، پاش چه‌ند
ساڵ هه‌وڵ و به‌دواداچوونی بێ‌وچان و ماندوونه‌ناسانه، هه‌موو زه‌مینه و
ئاسانکارییه پێویسته‌کانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مه‌ولانا
خالیدی شاره‌زووری به ئاماده‌بوونی ناسراوترین لێکۆڵه‌ران و سیما زانستییه‌کان له
هه‌موو گۆشه و قوژبنه‌کانی دونیا فه‌راهه‌م کردووه، کۆنگره‌یه‌ک که شایسته‌ی
پێگه‌ی والا و به‌رزی ئه‌م گوندییه به‌رز و بڵند و زانستمه‌نده‌یه که له ژێر
تیشکی هه‌وڵ و شایسته‌ییه‌کانی خۆی له‌سه‌ر ترۆپکی عیرفانی نه‌قشبه‌ندییه‌ی
خالیدییه هه‌ڵنیشتووه و له 5 ته‌ریقه‌تی گرنگی دونیای عیرفان ئیجازه‌دراو و ڕێگه‌پێدراوی
ئیرشاد و ڕێنوێنی و هیدایه‌تی موریدان بووبوو.
به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه له‌م ڕۆژگاره
پڕ هه‌راوهۆریایه‌دا که هه‌موو شتێک له ژێر ڕکێفی ئایدۆلۆژیا حیزبییه‌کان و دابه‌شکارییه
لایه‌ندارانه و ده‌سته و گرووپییه‌کاندا له هه‌ناسه‌دان که‌وتووه و تامه‌زرۆیانی
که‌لتوور زیاتر له هه‌ر سه‌رده‌مێکی دیکه مه‌لوول و خه‌مبار بوونه، هێشتا که‌سانێک
هه‌ن که به هیمه‌تی به‌رز و جوامێریی و دابینکردنی تێچووکان له‌سه‌ر حسێبی خۆیان،
له خولیا و ئه‌ندێشه‌ی ڕیزلێنانی میرات و سامانی مه‌عنه‌ویی نه‌ته‌وه‌ی خۆیانن و له‌م
ڕێگایه‌شدا نه له هه‌ڵگرتنی ئه‌رکی تێچووه‌کان خۆیان دزییه‌وه و نه له ترسی
سه‌رکۆنه و سه‌رزه‌نشتی بیرته‌سکانیش دڵیان داخورپا و ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و
کڵاوڕۆچنه‌یه‌ی هیوایه که لێیوه کۆنگره‌کان و دانیشتنه زانستییه‌کان و
پشکووتنه نوێ فیکرییه‌کان، دێنه ژووره‌وه و هه‌لی ده‌رکه‌تنیان بۆ ده‌لوێت و
هیوا و ئیلهام ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ تامه‌زرۆیانی زانست و پیتۆڵی و مه‌عریفه. هیچ
گومانێکم نییه به‌هه‌مان شێوه که له په‌یامه کورت و سوودمه‌نده‌که‌ی کاک
فاروقدا هاتبوو و پێداگریی له‌سه‌ر کرابوو، ئامانجی سه‌ره‌کیی کۆنگره پێناسه‌کردن
و ناساندنی ئه‌م که‌سایه‌تییه دیار و گۆڕانسازه بوو به به‌ره‌ی نوێ و ئه‌مڕۆی
کورد و هۆگرانی لێکۆڵینه‌وه و خاوه‌نڕایانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه تاکوو هه‌م به‌ره‌ی
نوێی ئێمه مێژووی ڕابردوو و گه‌وره‌پیاوه سه‌رده‌مسازه‌کانی خۆی بناسێت و هه‌میش
دنیا بزانێت که له ناو کورده‌کانیشدا که‌سایه‌تییه گرنگه‌کان و زانایان و
عاریفانی پایه‌به‌رز ده‌رکه‌وتوون که سه‌رچاوه‌ی خزمه‌تی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی
به مرۆڤه‌کانن و هۆکارێکی کاریگه‌ر به ئاڕاسته‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی لێبوورده‌یی و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن
و خستنه‌ڕووی ڕێگه‌چاره و ڕێبازه ڕه‌حمانییه‌کان و خوێندنه‌وه ئه‌خلاقییه‌کان
له دین بوونه و ئه‌مه بۆ کورده‌کان فه‌زیله‌ت و سه‌رێتییه‌که که نابێ به ئاسانی
و ڕووکه‌شانه به به‌رده‌میدا تێپه‌ڕین و بهێڵین گه‌ردۆتۆزیی فه‌رامۆشی له‌سه‌ر
روخساری ئاوا که‌سایه‌تییه‌ک بنیشێت. گه‌یشتن به وه‌ها ئامانجێک بێگومان پێویستیی
به خوێندنه‌وه‌ی زانایانه و ڕوونی مێژووی ژیانی پڕ هه‌ڵبه‌زودابه‌زی ئه‌م جۆره
که‌سایه‌تیانه‌یه و هه‌وره‌ها په‌رژانه‌سه‌ر ئه‌و ئالنگاری و کێشانه‌یه که له سۆنگه‌ی
دژبه‌ری، ڕکابه‌ری و هه‌ندێ جار دوژمنایه‌تیی پیاوانی دیکه و ده‌عیه‌دارانی ڕێبه‌رایه‌تی
و ڕێنوێنی، له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سایه‌تییانه هاتووه‌ته ئاراوه و ته‌نگیان به‌م که‌سایه‌تیانه
هه‌ڵچنیوه. ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه ئه‌م لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وانه به دڵی هه‌ندێ
که‌س نه‌بێت و ببێته هۆی په‌شۆکان و په‌رێشانیان، به‌ڵام نابێت له‌یاد بکه‌ین که
به بێ په‌رژانه سه‌ر ئه‌م ڕاستیانه به‌ها و بایه‌خی زانستیی وه‌ها ڕووداوانێک
نیشانه‌ی پرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر داده‌نرێت و ڕوونیشه که مێژوو ئه‌و شته‌یه
وا ڕووی داوه، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێمه حه‌زی پێ ده‌که‌ین!
خستنه‌ڕووی وێنه‌یه‌کی ڕاست و ورد له
که‌لتووری پڕپیتی کوردستان و ئاوس به پلۆرالیزم له پاڵ زه‌قکردنه‌وه‌ی ڕۆحی
لێبورده‌یی و ئایینته‌وه‌ریی عارفانه و پێکه‌وه‌هه‌ڵکه‌رانه له نێو کورده‌کاندا
بۆ دونیا له ڕۆژگارێکدا که هێشتا جیهان له مۆته‌که‌ی داعه‌ش ڕزگاری نه‌بووه و
شه‌وه و تارمایی خوێندنه‌وه هاوبه‌شه‌کان وه‌کوو هه‌ورێکی ڕه‌ش له ئاسۆی ناوچه‌که‌دا
ده‌گرمێنیت و لایه‌نگری زۆریشی هه‌یه، یه‌کێکی تر له ئامانجه گریمانه‌کراوه‌کان
و ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م کۆنگره‌یه بوو. سه‌رباری ئه‌مه‌ش کۆنگره هه‌وڵێک بوو بۆ
زه‌قکردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و کاریگه‌رییه به‌رده‌وام و هه‌رماوه‌کانی شاری سلێمانی له
گه‌شه‌پێدان و گۆڕانکاریی پێشڤه‌چوونانه‌ی که‌لتووری کورده‌کان و ئاشناکردنی خاوه‌نڕایانی
بیانی له‌گه‌ڵ پوتانسیه‌ل و توانسته که‌لتوورییه‌کانی کورد و خستنه‌ڕووی وێنه‌یه‌کی
که‌لتووریی هیواخولقێن و جیاواز له دۆخی بشێوکه و ناله‌باری سیاسیی زاڵی ئێسته
له‌سه‌ر ئه‌م پێکهاته سیاسییه بۆ خوازیاران و تامه‌زرۆیانی که‌لتووری کورد، که
نه‌بوون و پێواریی دامه‌زراوه له‌ئه‌ستۆگر و به‌ڕێوه‌به‌ره که‌لتوورییه‌کان وه‌کوو
زانکۆ، وه‌زاره‌تی که‌لتوور و...له ئاوه‌ها ڕووداو و بۆنه‌یه‌کی گرنگدا خۆی له
دیارترین و زه‌قترین نیشانه‌کانی بشێوی و ناله‌بارییه هیواکوژه‌کان له ناو خشته
و قه‌واره‌ی حوکمڕانیی ناکارای ئێستای هه‌رێمه. ئه‌م ئامانج و کارکردانه ده‌کرێت
به‌گشتی وه‌کوو هه‌وڵ و تیکۆشانێکی وشیارانه بۆ بووژانه‌وه‌ی((متمانه‌به‌خۆبوون))ی
کورد بێت که به‌هۆی کاریگه‌ریی بارودۆخی سیاسیی زاڵ له‌سه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌که
خه‌سار و برینی به‌رکه‌وتووه، و هه‌نگاوێکیش بێت به ئاڕاسته‌ی گه‌ڵاله‌کردنی سه‌رنموونه
و ڕه‌مزه ئیلهامبه‌خش و پته‌وکه‌ره‌کان بۆ به‌هێزکردنی ته‌بایی و هاوکۆکیی ناوه‌کیی
و ناوخۆیی کۆمه‌ڵگای کوردی که له‌م ساڵانه‌دا به‌هۆی ململانێ و مشتومڕه حیزبییه‌کان
و ده‌سته‌به‌ندییه سیاسییه ئازارده‌ر و ناکارامه‌کانی نموونه‌ی سه‌یر و سه‌مره‌ی
حوکمڕانیی له هه‌رێمدا به خه‌ستی تووشی لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه و بشێوی و لێک‌دابڕان
بووه و له ناو دوالیزمێکی به‌ده‌وی و ململانێ کوشنده تێکه‌ڵاوه‌کان به
دوژمنایه‌تی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و به‌شخوازییه ئازارده‌ره‌کان، ده‌ناڵێنێت.
و ئه‌مه‌ش هه‌مان په‌یوه‌ندیی ماناداری
مێژووی ئه‌مڕۆی ئێمه له‌گه‌ڵ ڕابردوو و په‌یوه‌ندیی ماناداری مرۆڤی ئه‌مڕۆی کورد
له‌گه‌ڵ ڕابردووی خۆی و به‌شێک له که‌سایه‌تییه‌کان و چاوگ و بنه‌ما شوناسبه‌خشه‌کانی
ئه‌وه که نابێت بوار بدرێت ئه‌م به‌رده‌وامی و لێكهه‌ڵپێکرانه تووشی دابڕان و
لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه ببێت. داوه‌ریکردن له‌سه‌ر ئاست و ڕێژه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م کۆنگره‌یه
له پێکانی ئامانجه باسکراوه‌کان ئاسان نییه و پێویستیی به هه‌ڵسه‌نگاندن و
نرخاندنی ورد و لێکدانه‌وه‌ی زانستی و دوور له لایه‌نگرییه.
ڕوون و ئاشکرایه که ئه‌م کۆنگره‌یه
له‌گه‌ڵ هه‌موو باشی و خاڵه سه‌رکه‌وتووه‌کانی له هه‌ر دوو به‌شی جێبه‌جێکردن و ڕووکاردا(پێکهاته)،
و ناوه‌رۆک و ماناشدا، وه‌کوو زۆربه‌ی دانیشتنه زانستییه‌کان به‌ده‌ر له نوقسان
و که‌موکوڕی و بۆشایی و گرفت نه‌بووه و هه‌روه‌کوو وتیشمان ده‌کرێت له ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی
بونیاتنه‌ر، زانستی، ورده‌کارانه، ڕێنیشانده‌ر و دوور له گریمانه و زه‌ینیه‌ته
دۆگم و چه‌قبه‌ستووه‌کان، باسی که‌موکووڕی و کێشه‌کانی بکرێت و له‌ڕێگه‌ی خستنه‌ڕوو
و گه‌ڵاله‌کردنی ئایدیا و بیرۆکه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه به بێ تێکه‌ڵکاریی و شه‌خسیکردنه‌وه‌ی
بابه‌ته‌کان به ئاڕاسته‌ی به‌رزڕاگرتن و گه‌یاندنه ترۆپک و به‌پیتکردنی زیاتری
ئاوه‌ها کارانێک، هه‌نگاو هه‌ڵبگیرێت.
زۆر به‌داخه‌وه و سه‌د مه‌خابن زۆربه‌ی
ئه‌و بابه‌تانه‌ی که به ناوی ڕه‌خنه‌وه له‌باره‌ی کۆنگره‌وه وتراوه و
نووسراوه هه‌ڵگری لانیکه‌می ستاندارده پێویسته‌کان بۆ ڕه‌خنه‌ی بونتیاتنه‌رانه
نه‌بووه و لێکدانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌م یادداشت و بیروڕایانه ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن
که زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی به‌ڕێز به تووڕه‌یی و لایه‌نگرییه‌کی تاکه‌که‌سی و نه‌بوونی
ئاگاداری و وشیاریی پێویست له‌باره‌ی بابه‌ت و وتاره پێشکه‌شکراوه‌کان له‌م
کۆنگره‌یه، بیروبۆچوونیان ده‌ربڕیوه و تووڕه‌یی و جۆش‌وخرۆش له هه‌موو نووسینه‌کانیاندا
شه‌پۆلان ده‌دا.
وه‌کوو نموونه خاتوو شیوا که‌سنه‌زانی له باسه ئازاده‌کانی ئه‌م
کۆنگره‌یه به خستنه‌ڕووی ئه‌م ده‌عیه‌یه که گوایه زۆربه‌ی بابه‌ته پێشکه‌شکراوه‌کان
له‌م کۆنفرانسه‌دا جگه له وتاری به‌ڕێز هاشمی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به عیرفان و
ته‌سه‌وفه‌وه نییه له بازنه‌ی ویژدان ده‌رچوون و بانگه‌شه و ده‌عیه‌یه‌کی به‌پێچه‌وانه‌ی
وایقیع ده‌ربڕیوه. چاوخشاندنێک له‌سه‌ر وتاره پێشکه‌شکراوه‌کان و پێشینه‌ی
زانستیی که‌سایه‌تییه ئاماده‌بووه‌کان له کۆنگره‌که‌دا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که
به‌ڕێزیان داوه‌رییه‌کی دروستیان نه‌کردووه، ئه‌و له‌لایه‌ک ڕه‌واییدان به
گێڕانه‌وه‌ی ئیدمۆندز له‌باره‌ی جیاوازیی شێخ مارف و مه‌ولانا خالید (اعلی الله
مقامهما) به‌هۆی لایه‌نگریی نه‌رێنی و دوژمنایه‌تیی ئه‌و له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموود و
دوژمنکاریی ڕۆژهه‌ڵاتناسان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ران، شه‌رمه‌زار ده‌کرد و له لایه‌کی
دیکه‌وه هاتبوو تاکوو له نێو مێوانانی کۆنگره‌دا ژماره‌یه‌ک هه‌ر له‌م لێکۆڵه‌ره
ڕۆژئاواییانه بۆ وتووێژێک له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بانگهێشت و داوه‌تی ته‌کیه‌ی که‌سنه‌زانی
بکات. له هه‌مان کاتیش‌دا سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی و پله یه‌که‌م که سه‌ربورده‌ی
دژایه‌تی و دژبه‌ریی شێخی مارف و په‌یڕه‌وکارانی له‌گه‌ڵ مه‌ولانا و هیجره‌ت و کۆچی
نهێنی مه‌ولانه له سلێمانی ده‌خاته ڕوو، بیره‌وه‌ری و سه‌فه‌رنامه‌ی کلۆدیس ڕیچه
که خۆی له هه‌مان ڕؤژی ڕووداوه‌که‌دا له سلێمانی بووه و له یادداشته‌کانیدا
هه‌مان ڕۆژ ئاماژه‌ی به‌م بابه‌ته کردووه.
جه‌نابی دوکتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌دی به‌رزنجیش
له یادداشتێکدا له ژیر ناوی((کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شیخ خالیدی نه‌قشبه‌ندی
بۆ؟)) له‌باتی ڕه‌خنه‌ی زانستیی وتاره‌کان و بابه‌ته پێشکه‌شکراوه‌کان له
کۆنفرانس‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ئیجتیهادێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره و له ناو
بازنه‌ی بیرۆدزی "وه‌همی پیلان"دا به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفرانسی به هه‌وڵێک
بۆ شێواندنی ماڵباتی به‌رزنجییه‌کان زانیوه و دواتریش ده‌ڵێت که شێخ خالید سۆفی
و زاهیدێک بووه و وه‌کوو سۆفیانی گۆشه‌نشین و دونیابێز بووه و خستنه‌ڕووی هه‌ر
جۆره بابه‌تێک له‌باره‌ی ئه‌ندێشه‌ی نیشتماندۆستانه و دانوستانه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی
مه‌ولانا خالیدی وه‌کوو بوختان زانیوه و...
سه‌ره‌تا ده‌بی بگوترێت که به‌پێچه‌وانه‌ی
باسه‌کان و ده‌ربڕینه‌کانی جه‌نابی دوکتۆر به‌رزنجی، مه‌ولانا خالید هه‌رگیز
سۆفییه‌کی گۆشه‌نشین و دونیابێز و خۆخۆر نه‌بووه و یه‌کێک له گرینگ‌ترین بنه‌ماکانی
ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و خالیدی((خه‌ڵوت له کۆڕ))دایه که هه‌وڵ و تێکۆشان و
چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌پاڵ سه‌یر و سلووک و ڕێ و ڕێباز پشتڕاست ده‌کاته‌وه.
ژیانی کورت به‌ڵام پڕ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی مه‌ولانا خالید و شێوه‌ی په‌یوه‌ندیی مه‌ولانا
له‌گه‌ڵ ئه‌میره‌کانی بابان، والییه‌کانی به‌غدا، وه‌زیره‌کانی ده‌رباری فه‌تحعه‌لیشای
قه‌جه‌ر و ناوه‌رۆکی نامه ده‌ره‌وه‌سته‌کانی به‌ڕێزیان به پاشا و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان
به ڕوونی ده‌رخه‌ر و ڕوونکه‌ره‌وه‌ی چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و دانوستانی
وشیارانه و ژیرانه‌ی ئه‌وه له‌گه‌ڵ پاشا و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌م.
به‌پێچه‌وانه‌وه نامیهره‌بانی و بێبه‌ڵێنی پاشای بابان و بێده‌نگی و هاوده‌ستیی پاشا
له‌باره‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی دژبه‌ران له‌گه‌ڵ مه‌ولانا که بوو به‌هۆی هیجره‌تی له
سلێمانی، نیشانده‌ری ترس و له‌رزلێنیشتنی جیدیی پاشا له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاستی
کاریگه‌ری و ئیعتیباری مه‌ولانایه و ئه‌گه‌ر مه‌ولانا به‌و پێیه‌ی که به‌ڕێزیان
ده‌عیه و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن سۆفییه‌کی خۆخۆر و گۆشه‌نشین بووه که‌واته
هۆکاری دژایه‌تیی ڕکابه‌ره‌کان و ته‌کفیرکردنی ئه‌و چ بووه؟! سه‌رباری ئه‌مه‌ش
ئاڕاسته‌ی ژیانی مه‌شایخانێکی گه‌وره‌ی وه‌کوو شێخ ئه‌بووسه‌عیدی ئه‌بولخه‌یر، نه‌جمه‌دینی
رازی، عومه‌ر سۆره‌وه‌ردی، شیخ سه‌فیه‌دینی ئه‌رده‌بیلی، شای نه‌قشبه‌ند، مه‌ولانا
خالید، شیخ عوبه‌یدوڵا نه‌هری، شیخ سه‌عیدی پیران، شێخ عه‌بدوسه‌لامی بارزان، شیخ
کاک ئه‌حمه‌دی سلێمانی، شیخ سه‌عیدی به‌رزنجی و شێخ مه‌حموودی مه‌زن؛ پاشای ناکامی
کوردستان ده‌رخه‌ر و ڕوونه‌که‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌یه که عارفان، مه‌شایخ و سۆفییه‌کان
به‌پێی هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می خۆیان و به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆیان یان له‌گه‌ڵ پاشای
سه‌رده‌مدا که‌وتوونه‌ته په‌یوه‌ندی و دانوستان یان وه‌کوو شێخ عوبه‌یدوڵلا نه‌هری،
شێخ سه‌عید بارزانی و شێخ مه‌حموودی حه‌فید بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م ده‌ستیان
له‌گیان و ماڵی خۆیان شوشتووه. ئێسته ده‌بێت له دوکتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د ئه‌م
پرسیاره بکرێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک و به‌پێی کام به‌ڵگه و ده‌ستنووس بانگه‌شه‌ی
ئه‌وه ده‌کات که مه‌ولانا خالید سۆفییه‌کی گۆشه‌نشین و دونیابێز بووه؟! تکایه
جارێکی دیکه نامه و نووسراوه‌کانی ئه‌م چاکسازه گه‌وره‌یه بخوێننه‌وه و چاوێک
به ڕێبازی ژیانیدا بخشێنن تا تێبگه‌ن ئه‌و گۆشه‌گیر و خه‌ڵوه‌تنشین نه‌بووه.
بانگه‌شه‌ی د.سه‌ید ئه‌حمه‌د ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی مێژووی هاتن و ڕۆڵی ماڵباتی به‌رزنجی
له گۆڕانکارییه‌کانی کوردستان ورد و دروست نین. ئه‌و ده‌نووسێت: ((ئەوانەى قین و
ڕقى خۆیان لەم کۆنگرەیەدا بەسەر سەیدەکانى کوردستاندا بەتایبەتى سەیدەکانى
بەرزنجەدا و سەید معروفى نۆدێی بەرزنجى دا باراندووە ، دڵنیایان دەکەمەوە کە سەیدەکانى بەرزنجە بەشێکى ڕەسەنن لە
نەتەوەى کورد‌و زیاتر لە (800) ساڵە ئوپوزسیونى دەسەڵاتى ئەمەوى و
عەباسى و عوسمانى و .......... هتد بوون و لێرەو لەوێ شۆڕش و ڕاپەڕینیان لەدژى زوڵم و داگیرکارى کردووە و، لەم ڕێگایەشدا هەرزانترین شت گیانیان
بووە ،سەیدەکانى بەرزنجە لەدواى سەدەى چوارى
کۆچى دا لەسەردەمى ((المعتصم بأمر اللە )) کۆتا خەلیفەى عەبباسى ڕویان لە
کوردستان و ئێران کردوە و لەو کاتەوە پێشەنگى هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى کوردستان
و ناوچەکە بوون بەرامبەر داگیرکەرى عەرەب و تورک و مەغۆل و.....)) هه‌ر له‌م په‌ره‌گرافه‌دا(جیاواز
له‌هه‌ڵه‌ی ڕێنووسی و خاڵبه‌ندی له نووسینه‌که‌دا و هه‌ڵپه‌ی داڕشتن و ڕسته‌سازیی
که پیشانده‌ری سایکۆلۆژییه‌کی به‌تاڵووکه و به‌له‌زی پشت نووسینه‌که‌یه) چه‌ندین
هه‌ڵه‌ی زه‌ق و بانگه‌شه‌ی نادروست به‌رچاو ده‌که‌وێت: حکومه‌تی ئه‌مه‌وی له سه‌ره‌تای
سه‌ده‌ی دووهه‌می کۆچی و له ساڵی 132 (کۆچی-مانگی) که‌وتووه و ڕووخاوه و سێزده
سه‌ده و قیچێک به‌سه‌ر داکه‌وتن و له‌ناوچوونی تێپه‌ڕیوه، چۆنچۆنی ده‌پۆڕێت و ده‌کرێت
به‌رزنجه‌کان که به وته‌ی ئێوه 8 سه‌ده‌یه هاتوونه‌ته کوردستان، ئۆپۆزیسیۆنی
ئه‌مه‌وییه‌کان بووبێتن که 13 سه‌ده پێش ئێسته داکه‌وتوون و له‌ناو چوون؟! المعتصم
بالله (۲۱۸-۲۲۷)
دواهه‌مین خه‌لیفه‌ی عه‌باسیی نییه به‌ڵکوو هه‌شته‌مین خه‌لیفه له نێو 31 خه‌لیفه‌ی
ئه‌م ماڵباته‌یه و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سێهه‌مدا ژیاوه. عه‌باسییه‌کانیش له
کۆتایی سه‌ده‌ی چواره‌مدا نه‌ڕووخاون به‌ڵکوو له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 7 و له ساڵی
656(کۆچی-مانگی) له سه‌رده‌می خه‌لافتی المصتعسم باالله (656-640) له لایه‌ن مه‌غۆله‌کانه‌وه
ڕووخاون. نه موعته‌سه‌م دوا خه‌لیفه‌ی عه‌باسییه و نه عه‌باسییه‌کانیش له
کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی 4 داکه‌وتوون و نه ساداتی به‌رزنجه‌ش له‌م مێژوو و ڕێکه‌وته‌دا
هاتوونه‌ته کوردستان و نه بۆ ماوه‌ی 8 سه‌ده‌ش ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌مه‌وی، عه‌باسی و
عوسمانی بوون. کاتێک زانیارییه‌کانی که‌سێک له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته ڕوون و ڕؤشنه،
دروست و ورده‌کارانه نییه چۆن ده‌کرێت به‌رگری له مێژوویه‌ک بکات که هیچی لێ
نازانێت و فڕی به‌سه‌رییه‌وه نییه؟! هیچ مرۆڤێکی هۆگری مێژوو و هیچ ئینسانی به‌ویژدان،
حاشاکه‌ری خزمه‌ته شایسته‌کان و مێژووی ماڵباتی به‌رزنجه له قۆناغه جیاوازه‌کانی
مێژوودا نییه و نموونه‌کانی شێخ مارف و کاک ئه‌حمه‌د بێگومان له شانازییه‌کان و
گه‌وره‌پیاوانی ده‌ورانسازی مێژووی ئێمه‌ن و خزمه‌ته‌کانیان وه‌کوو ڕۆژی ڕووناکن و
پێویست به به‌ڵگه‌هێنانه‌وه ناکات. گه‌وره‌ترین شانازی ئه‌م ماڵباته و کورده‌کانیش
شێخ مه‌حموودی مه‌زنه که ناو و ناوبانگی به‌هۆی فیداکارییه‌کانی له پێناو
ڕزگاری نه‌ته‌وه‌که‌یدا له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری مێژووی ئێمه‌ی ته‌نیوه و وه‌کوو مه‌ولانا
خالید هه‌م شێخ و عارف و هه‌میش نیشتیماندۆست و دژه‌سته‌م بووه.
ئێسته ده‌بێت له دوکتۆر به‌رزنجی
بپرسین: چۆنچۆنی خه‌بات له پێناوی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ ماڵباتی به‌رزنجه به
شانازیی هه‌ژمار ده‌کرێت و هه‌ڵبه‌ت هه‌ر واشه و تاکوو ئێسته‌ش که‌سانێکی وه‌کوو
به‌ڕێزتان له سۆنگه‌ی ئیعتیبار و پێگه‌ی گه‌وره‌پیاوانی ئه‌م سیلسیله‌یه خوانتان
ڕازاوه‌یه و له‌سه‌ر ئه‌و خوانه ده‌خۆن؟! به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک به تێچوو و هه‌وڵی
خۆی کۆنگره‌یه‌ک بۆ ناساندنی مه‌ولانا خالید به‌ڕێوه ببات و ژیان و ئه‌ندێشه‌کانی
به‌پێی به‌ڵگه به‌رده‌سته‌کان و نووسینه‌کانی خودی مه‌ولانا له‌باره‌ی
نیشتماندۆستی و هه‌وڵ و ڕێبازی ژیان و کرده‌وه‌ی بۆ ڕزگاریی کورده‌کان له خۆبه‌بچووکبینی
له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی و قه‌جه‌ری بخاته به‌ر خوێندنه‌وه به
گوێره‌ی ئێوه‌وه هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی پیلان و نه‌خشه‌یه‌که بۆ لاوازکردنی به‌رزنجه‌کان؟
ده‌یه‌وێت ڕیزه پێکه‌وه هه‌ڵپێکراو و یه‌کگرتووه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له به‌ر
یه‌ک هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه؟!!!جه‌نابی دوکتۆر به‌رزنجه مه‌به‌ستت کام ڕیزی یه‌کگرتوو
و پێکه‌وه‌هه‌ڵپێکراوه؟ ده خوله‌ک له گه‌ڵ خۆت کۆ ببه‌وه و بیر بکه‌ره‌وه و
بزانه له ده‌وروبه‌ری ئێوه‌دا چ ڕوو ده‌دات؟! بارودۆخی سیاسی، که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی
و...هه‌رێم و سلێمانی چۆناوچۆنه؟ چیمان به‌سه‌ر خه‌ڵک هێناوه که سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی
هه‌رێم و ڕه‌وایی و مه‌شرووعبوونی حکوومه‌ت گه‌یشتووه به نزمترین ئاستی خۆی؟ ئه‌مانه
کاریگه‌رییه‌کانی کۆنگره‌ی مه‌ولانا خالیدن یان ده‌رئه‌نجامی نه‌بوونی عه‌قڵانییه‌ت
و هزر و...ن له حوکمڕانیدا؟ سی ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی حکوومه‌تی هه‌رێمدا تێده‌په‌ڕێت،
له‌سه‌ر کاربه‌ده‌ستانی کاروباری که‌لتووری و سیاسیی هه‌رێم و که‌سانی وه‌کوو به‌ڕێزتان
که له‌سه‌ر خوانی که‌ره‌می شێخه پایه‌به‌رزانێکی وه‌کوو شیخ مارف تا شێخ مه‌حموود
دانیشوون، ئه‌رک و ئامانج وابوو که بۆ به‌رزڕاگرتن و به‌رزیادکردنی خزمه‌ته هه‌رماو
و له‌جێکانی ئه‌وان چه‌ندین کۆنگره ببه‌ن به‌ڕێوه، بۆچی واتان نه‌کرد؟ کێ پێشی
پێ گرتوون و بووته له‌مپه‌ر له به‌رده‌متان؟ ژماره‌ی که‌سانی وه‌کوو ئێوه‌مانان
و ئیمکانیاتتان بێگومان ده‌ره‌قه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئاوه‌ها کۆنگره‌یه‌کی گه‌وره
دێت. قسه‌کردن له مه‌ولانا خالید شێواندنی ماڵباتی به‌رزنجه و شیخ مارف(علی مقامه)
نییه. ئه‌گه‌ر کۆنگره‌ی مه‌ولانا خالید ته‌نها و ته‌نها ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که
ئێوه و ئێمه هه‌موو پێکه‌وه و به یارمه‌تی یه‌کدی زه‌مینه‌ی وه‌ها
دانیشتنانێکی زانستی بۆ لێکدانه‌وه‌ی خزمه‌ته‌کان، ئه‌ندێشه و کارنامه‌ی گه‌وره‌پیاوانێکی
وه‌کوو شێخ مارف، کاکه ئه‌حمه‌دی شێخ و میراتگری به‌رحه‌ق و شیاویان شێخ مه‌حموود
هه‌موار بکه‌ین و له‌سه‌ر‌یان بیر بکه‌ینه‌وه و جێبه‌جێی بکه‌ین، ده‌بێت سپاس و
دروود بۆ پشتیوانان و پشتگیرانی کۆنگره بنێرین و ده‌سخۆشییان لێ بکرێت. جه‌نابی
به‌رزه‌نجی ئیشه‌ڵلا به‌ڵینه‌که‌ی خۆتان ببه‌نه سه‌ر، نیگه‌ران مه‌بن و مه‌په‌شۆکێن،
شێخ مه‌حموود و شیخ مارف به‌ڕاده‌یه‌ک گه‌وره و مه‌زنن که به خستنه‌ڕووی هه‌ندێ
بابه‌تی مێژوویی له وتارێکدا یان کورته فیلمێکدا وێنه‌کانیان بڕووشێن و خه‌ساریان
به‌ر که‌وێت. ئه‌وان مه‌زنن و به مه‌زنی ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام با ئه‌وه‌ش له‌بیر
نه‌که‌ین شێخ مارف و مه‌ولانا خالیدیش مرۆڤ بوونه و جیاوازییان هه‌بووه، مه‌گه‌ر
له نێو خوله‌فای ڕاشده‌یندا جیاوازیی ڕاوبۆچوون نه‌بووه؟ له نێوان موهاجیر و ئه‌نساردا
چی؟ له نێو عه‌شه‌ره‌ی موبه‌شیره‌شدا جیاوازیی و ناکۆکیی هه‌بووه، چون مرۆڤ بوون
و مه‌عسووم و بێگه‌رد نین، مه‌ولانا و شیخ مارفیش نه مه‌عسووم بوون و نه له ئه‌سحابانی
ڕه‌سولی خودا‌ش ئیمانداتر و پاکترن. ئه‌و شته‌ی وا خه‌سار به‌ر ڕوخسار و پێگه‌ی
مرۆڤه مه‌زنه‌کان و باپیره پاکه‌کان ده‌خات ڕه‌خنه نییه، به‌ڵکوو خراپ به‌رگریکردن
لێیانه. ئاگادار بین بۆ شوشتنه‌وه و پاککردنه‌وه‌ی خۆمان ڕه‌مز و هێماکانی سه‌رزه‌مین
و وڵاتمان داگیر نه‌که‌ین و نه‌یکه‌ینه قه‌ڵغان. به‌م شێوه‌یه داوه‌ریکردن له‌باره‌ی
ڕووداوێکی زانستی ڕه‌خنه نییه، شێواندن و سووککردنی ڕه‌خنه‌یه. یه‌کێکی دیکه
له‌و به‌ڕێزانه‌ی که له ڕه‌خنه‌ی کۆنگره‌دا بابه‌تی نووسیبوو جه‌نابی کاک ناسری
حه‌فید بوو. له سه‌ره‌تای بابه‌ته‌که‌ی به‌ڕێزیان لۆژیکێکی دروست له ڕه‌خنه و
ڕه‌خنه‌گرتنی ناوه‌رۆکته‌وه‌رانه زاڵه و له‌باره‌ی گێڕانه‌وه پێشکه‌شکراوه‌کانیش،
له‌باره‌ی جیاوازی و ناکۆکیی نێوان هه‌ر دوو شێخ و ئه‌و که‌راماتانه‌ی دراونه‌ته
پاڵ مه‌ولانا خالید، بابه‌تی گشتیی که‌رامات، خستنه‌ڕووی خورافه له مێژووی ئایین
و ته‌ریقه‌ته‌کان، ڕه‌خنه‌ی ورده‌کارانه و پرسیارانێکی جیدی ده‌خاته ڕوو که زانایانه
و ژیرانه‌یه و ده‌شێت که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێت. سه‌رباری ئه‌مه‌ش په‌رژاوه‌ته سه‌ر
خوێندنه‌وه‌ی کورتی په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕێبه‌رانی هه‌ر دوو ته‌ریقه‌ته‌که له دوو
سه‌ده‌ی ڕابردوودا و کۆمه‌ڵێک فاکتی به‌نرخی خستووه‌ته به‌رده‌ست و له‌م ڕووه‌وه
به نۆره‌ی خۆم سوپاسی کاک ناسر ده‌که‌م و بریا کۆی هه‌ر ئه‌م قسه دروستانه له
کۆنگره‌دا ده‌خرانه ڕوو و ده‌بوونه هۆی پڕپیت و پاراوکردنی کۆنگره. به‌داخه‌وه
له درێژه‌ی نووسینه‌که‌دا کاک ناسر له‌سه‌ر ئه‌سپی نوسین گلاون و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی
له دڕکه‌جاڕی تووڕه‌یی و شۆره‌کاتی شێواندندا ڕێگای ڕسته ده‌پێوێت و به فۆکۆسکردنه
سه‌ر کورته فیلمێکی تاڕادیه‌ک پرۆفیشناڵی پیشاندراو له‌م کۆنگره‌یه‌دا و گێڕانه‌وه
پێشکه‌شکراوه‌کان تێیدا، به‌سه‌ر هه‌موو باسه سوودمه‌نده پێشکه‌شکراوه‌کانی
کۆنگره باز ده‌دات و به شه‌خسیکردنه‌وه‌ی پرسه‌کان و کردنی پرسیاری بێجێ و
گومانکردن له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی دارایی و داهاته‌کانی ئیسپانسه‌ری کۆنگره و باسکردنی
پێشینه‌ی سیاسیی و گرێدراوێتی و سۆزادریی به ڕه‌وتی چه‌پ له کاتی لاوێتیدا، ده‌که‌وێته
ناو سه‌فسه‌ته و تێکه‌ڵکارییه‌کی نادروسته‌وه و به زمانێکی زبر و تاڵ هێرش ده‌کاته
سه‌ر به‌ڕێزیان و ده‌پرسێت چۆناوچۆنه که که‌سێک به پێشینه‌ی ئه‌ندامێتی له
فڵان حیزب له بیر و هزری به‌رزڕاگرتن و ڕێزلێنان له مه‌ولانا خالیددایه؟ ئاوه‌ها
پرسیارێک به ته‌واوه‌تی بێبنه‌ما و بێجێیه و ڕه‌خنه ده‌باته به‌ره‌و ئاقاری داڕمان
و شێواندندا ده‌بات و له پله‌ی زانستی ڕه‌خنه‌گر ده‌دات. مه‌گه‌ر ئه‌ندامێتی له
حیزبێکی سیاسیی ئه‌وه‌ش له ڕۆژگاری زاڵێتی گوتاری چه‌پدا گوناهی لێبورده‌هه‌ڵنه‌گر
و که‌بیره‌یه که دوای ساڵانێک هێشتا که‌سێک به تاوانی ئه‌و گوناهه لێپرسینه‌وه
بکرێت؟
با ئه‌وه‌شمان له‌بیر بێت به‌شی زۆری
سامان و میراتی که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌کانی هه‌ر
ئه‌م ئه‌ندامانه و ڕێبه‌رانی حیزبه چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کانه، و کاک ناسر ئه‌م
ڕاستیانه به‌باشی ده‌زانێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئایا گه‌ر که‌سێک سێ ده‌یه پێش تا
ئێسته چه‌پخواز بووبێت ده‌بێ تا کۆتایی ته‌مه‌نی هه‌ر به یه‌ک ئاڕاسته و له یه‌ک
فۆرمی بیرکردنه‌وه‌دا بمێنێته‌وه یان مرۆڤه‌کاندا ده‌توانن و ده‌شێت گۆڕانیان به‌سه‌ردا
بیت؟ به‌گیروگرفتکردن و دروستکردنی ئالنگاری له‌به‌رده‌م ده‌سکه‌وت و ده‌رئه‌نجامه‌کانی
کۆنگره‌یه‌کی زانستی به گه‌ڵاڵه‌کردنی پرسیار له ڕابردوو و سه‌رچاوه داراییه‌کانی
سپۆنسێره‌که‌ی تۆڵه‌کردنه و ته‌سویه‌یه‌کی شه‌خسییه و ته‌نانه‌ت ئه‌مه ده‌بێته
هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێ خاڵی دروست و ورده‌کارانه‌ی ده‌رکه‌وتوو له یادداشته‌که سووک
و چرروک و بێبایه‌خ ببن.
ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م لۆژیکه بێت
ژیانی هه‌مووان و له‌وانه‌ش هی کاک ناسریش ده‌شێت پرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر
دابنرێت و له زاری خه‌یام و به زمانی هه‌ژاری موکریانییه‌وه ده‌بێ بڵێین: ((خۆزیه
وه‌کوو مه‌ی درۆ و دزیش مه‌ستی ئه‌کرد/ مه‌ردێکم ئه‌ویست که بیگوتا وشیارم))، .جه‌نابی
حه‌فید! هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی که له کۆنگره‌دا ئاماده بوون چاوی عه‌قڵ و ئاوه‌زیان
داخراو و کوێر نییه و ده‌ستوپێوه‌ندی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سامانه‌کان نین. له‌م
کۆنگره‌یه‌دا که‌سانی شه‌ریفی زۆر هه‌بوون که به‌دوای حه‌قیقه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی
زانیاری و مه‌عریفه‌دان و هه‌مووان به تیغی شمشێری جه‌فا و گرێدراوێتی، قوربانی
مه‌که‌ن که ئه‌مه نه کارێکی دروسته و نه شایسته‌ی که‌سێکی وه‌کوو ئێوه به‌و
ئاسته له ئاگایی و ئه‌زموون و زانسته‌وه که له نوسینه‌کانتان به‌دیده‌کرێت.
من بۆ یه‌که‌مین جار له نێزیکه‌وه و له‌م کۆنگره‌یه‌دا کاک فاروقم بینیوه و ڕهه‌نگه
قه‌ت ده‌رفه‌تی دیداری دیکه‌ش نه‌یه‌ته کایه‌وه، چون پێویستێک به‌وه نییه، به‌ڵام
وه‌کوو مامۆستایه‌کی مێژوو و هۆگری مه‌ولانای کورد له به‌ڕێزیان به‌هۆی فه‌راهه‌مکردنی
زه‌مینه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئاوه‌ها کۆنگره‌یه‌ک سوپاسی ده‌که‌م. له‌سه‌ر ئه‌م کۆنگره‌یه
و به‌تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رانی، بێگومان ڕه‌خنه‌ی جیدی له‌ئارادابوو به‌ڵام هه‌نگاوێکی
پته‌و و قاییم و جێگر بوو و شیاوی ڕێز و ستایش.