ڕاگەیاندنی کوردی و قەبەکردنی وەهمی مەترسییەکانی سەدساڵەی لۆزان
7/25/2022 9:21:00 AM
د.فەرەیدون نوری
چەند
ساڵێکە لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی تەممووز(ژووەن)، هەندێک میدیای کوردی بە تایبەتی لە
هەرێمی کوردستان مانشێت و هەواڵ و شەرۆڤەی تایبەت بە ڕێککەوتنامەی لۆزان بڵاو
دەکاتەوە، جێگای داخە کە زۆربەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێ ئەوەی لێکدانەوەی
زانستی و هەڵسەنگاندنی مێژوویی و یاسایی بۆ دەقی ئەم ڕێکەوتنە 147 مادەیە بکەن
هەراسانی و دڵەڕاوکەیەکی بەرفراوان بڵاو دەکەنەوە کە گوایە دوای تێپەڕبوونی سەدساڵ
بەسەر مێژووی پەیمانی لۆزاندا تورکیا دەستی کراوە دەبێت بۆ داگیرکردنی هەرێمی
کوردستان، کەرکووک، مووسڵ و قوبرس گرتنی ڕاڕەوەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل و زۆر شتی
دیکە. پێش هەموو شتێک دەبێت بزانین ئەمە وەهمێکی ناڕەوایە و لە بێ ئاگایی بەشێک لە
میدیاکاران و بە ناو نووسەرانی کورد سەرچاوە دەگرێت و شارەزایانی مێژوویی هاوچەرخی
ڕۆژهەڵاتی ناوین دەزانن کە ئەم جۆر نووسەرانە ناوڕۆک و بەندەکانی پەیماننامەی 147
خاڵی لۆزان بە وردی و بە دیققەت نەخوێندبێتەوە و هەڵسەنگاندنێکی دروستیان بۆ
نەکردووە.
واقیعییەت کە ئەوەیە کە 99 ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژی1923/7/24 پەیمانی لۆزان لە نێوان دەوڵەتانی بە شەڕهاتووی جیهان بەسترا. بەپێی
ئەو پەیماننامە کە لە 147 بەند پێکهاتووە جێگای پەیمانی سێڤری گرتووەتەوە کە لە
ئابی 1920 لە نێوان دەوڵەتانی براوەی شەڕ و دەوڵەتی عوسمانی مۆر کرابوو، لە
کاتێکدا سوڵتان دەسەڵاتی تەنیا بەسەر هەندێک گەڕەکی ئیستەنبوڵەوە هەبوو دیارە
ئەتاتورک و ئەنجوومەنە نیشتمانییەکەی لە ئانکارا دانیان نە بە پەیمانی سیڤەرو و نە
بە هیچ بڕیارێکی دوو ساڵی دواتری دەوڵەتی عوسمانی دانەنا کە دەوڵەتەکەی ئەوانی لەت
و پەت و دابەش کردبوو. پەیمانی لۆزان بە گشتی سنووری ئێستای تورکیای چەسپاند، جگە
لەمە پرسی ناوچەی ئەسکەندەروون و کێشەی مووسڵیش(باشووری کوردستان) بە چارەسەر
نەکراویی مایەوە.
بەگوێرەی
بەندێکی پەیماننامەکە نۆ مانگ کاتیان بە بەریتانیا و تورکیا دابوو کە یا خۆیان کێشەی
مووسڵ چارەسەر بکەن یان بۆ یەکلاییکردنی بابەتەکە بخرێتە بەردەم کۆمەڵەی گەلان،
کە وەک یەکەمین ڕێکخراوی جیهانی بە تازەیی دامەزرابوو. واقعییەت ئەوەیە ڕێککەوتنی
لۆزان ئەوەیە تورکیای پابەند کردووە کە ڕێز لە خاڵەکانی ناو پەیماننامەکە بگرێت،
بە وەشەوە لە کاتی شەڕ و ئاشتی هەر دوو کەناڵەکانی ناو شاری ئیستەنبوڵ(بۆسفۆڕ و
دەڕدەنیل)، بۆ هەموو جۆرە کەشتییەک ئاوەڵا بێت. بە هیچ شێوەیەک لە هیچ بەندێکی
پەیماننامەکەدا، سەد ساڵ زەمان دیاری نەکراوە تا دەست و پەلی تورکیا بەرەڵا بکرێت
و چی ویست بیکات.
بێگومان
تورکەکان دەتوانن بە کەڵەگایی پەلاماری ئەو شوێنانە بدەن کە وەک هەرێمی کوردستان
لاواز و بێ هێزی تۆکمەی بەرگرین و دەست بخەنە ناو کاروباریان.
مێژووی
هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تورکیا لەسەد ساڵی ڕابردوو لە قوبرس، هەرێمی کوردستان، سووریا
و لیبیاش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە خەون و نوستالژیای ئاڵۆزی تورانیگەری پاشاکانی
دامەزرێنەری تورکیا بەسەر مێشک و ئاکاری حاکمانی ئێستای ئەم وڵاتە و بەتایبەت
شەخسی ئەردۆغاندا زاڵە. کتێبێکی قووڵایی ستراتیژی تورکیای داود ئۆغلو سەرۆک
وەزیرانی پێشووی تورکیا ئاماژەی زۆری تێدایە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی
تورکیا خەون بە چییەوە دەبینن. کێشەی ئەسکەندەروونەیان بەوە چارەسەر کرد کە
دەوڵەتێکی ڕەمزیان تێیدا درووست کرد و دواتر بە دەنگدان خاکەکەیان خستە سەر تورکیا
و لە قوبرسیش دیارە کە چۆن هێشتا ململانێ و کێشە بەردەوامە و گەڕان و بشکنینی
تورکیا بۆ نەوت و غاز کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆرینەی دەوڵەتانی لێ کەوتووەتەوە و
بێ ئاکام بووە.
سەبارەت
بە کێشەی هەرێمی کوردستان یان مووسڵ واقیعەت ئەوەیە کە هەر دوو لای کێشەکە کە ئەو
کاتە تورکیا و دەوڵەتی کۆلۆنیالی بەریتانیا لە عێراق بوون ڕێککەوتن تا مۆڵەتی نۆ
مانگەکە لە ڕۆژی 1923/10/5ز، دەست پێ بکات. دوای تێپەڕبوونی ماوەی
نۆ مانگەکە بەریتانیا ڕۆژی1924/8/6 کێشەکەی خستە بەردەم کۆمەڵەی گەلان، تا
بڕیاری نیهایی لە سەر بدات. کۆمەڵەی گەلانیش بڕیاری دانا هەر لایەک جارێک لە شوێنی
خۆی بمێنێتەوە و هیچ کار و جموجۆڵێکی سەربازیی نەکەن تا لیژنەیەک بۆ ناوچەکە
دەنێرێت بۆ وەرگرتنی ڕای گشتی دانیشتووانی ویلایەتەکە، ئیدی دوای ماوەیەک لیژنەی
تایبەتی کۆمەڵەی گەلان بۆ وەرگرتنی بۆچوونی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە سەرۆکایەتی
دیپلۆماتی سوێدیی، م. ئێف. ڤێرسن گەیشتە ناوچەکە، هەر دوو لای
کێشەکەش هەر یەکە و دوو نوێنەری دیاری کرد تا لەگەڵ لیژنەکە بن، سەیرەکە ئەوە بوو
تورکیا دوو نوێنەری خۆی بۆ لیژنەکە دیاری کردبوو کە هیچیان خەڵکی تورکیا نەبوون
ئەو دوو کەسە یەکێکیان فەتاح بەگی زاوای شێخ مەحموود هەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی
کوردستانی باشوور بوو، بەڵام جل خوارێکی ناسراوی سلێمانی بوو، ئەوەی دیکە نازم نەفتچی
گەورەی بنەماڵەی تورکمانە نەفتچیەکانی کەرکووک بوو. هەر دوو کەسیان لەلایەن
حکومەتی تازەی ئەتاتورک لە ئەنکارا، وەکوو نوێنەری ویلایەتی مووسڵیش دەستنیشان
کرابوون. بێگومان بەریتانییەکان بە دانانی ئەو دوو کەسە ڕازی نەبوون و بە لیژنەکەی
کۆمەڵی گەلانیان ڕاگەیاند کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقیین
و ناتوانن نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی بێگانە بکەن.
لیژنەکە
دوای گەڕان و سووڕانەوە بە شارەکانی کوردستان و ئیالاتی مووسڵدا ڕاپۆرتێکی تێر و
تەسەلی ئامادە کرد. گرنگترین بڕگەی ناو ڕاپۆرتەکە، بریتی بوو لە:(دڵنیا بووین
لەوەی کە ئەو ویستەی دانیشتووانی سەرجەم هەرێمەکە دەریان بڕی، بریتییە لە بە
پەسەندتر زانینی عێراق لە تورکیا.)
ڕۆژی1925/12/16ز، کۆمەڵەی گەلان بڕیارەکەی خۆی لەمەڕ لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە
دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقەوە پەسەند کرد، واتا لەم ڕۆژەوە باشووری کوردستان بە
عێراقەوە گرێدا و خەونی بنیادنانی دەوڵەتی کوردی لەبار درا. دەسەڵاتدارانی تورکیا
لە دژی بڕیارەکە وەستان و دانیان پێدا نەنا. بەریتانییەکان پێشنیازێکیان دا بە
تورکیا کە ئەگەر واز لە داواکردنی ویلایەتەکە بهێنێت ئەوا بەریتانیا ئامادەیە کە
١٥٪ لە نەوتی ئەو ویلایەتەیان پێ بدەدات.
دوای
شەش مانگێک و لە ڕۆژی 1926/5/11ز، تورکەکان بەو پێشنیازە چەورەیە
ڕازی بوون و بە ڕەسمی دەستیان لە هەموو مافێکی خۆیان لەو ویلایەتی مووسڵ هەڵگرت.
هاوکات دانیان بە سنووری تازەیان لەگەڵ عێراق دانا، لەبەرامبەر یەک گۆڕانکاری
بچووک لە پێشنیازە بنەڕەتییەکەی بەریتانیا داواکارییەکەیان ئەوە بوو کە دەیانەوێت
پارەی بڕە نەوتە پێدراوەکەیان هەموو بە یەک جێ و بە پێی نرخی ئەو ڕۆژە پێ بدرێت،
تا لە خاوەندارێتی ١٥٪ لە نەوتی ویلایەتەکەش دەست هەڵبگرن و بە یەکجاریی کۆتایی بە
بابەتەکە بهێنن.
بەم جۆرە
تورکەکان نا ئاگایانە لە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت و بڕی نەوتی ژێر زەوی
کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش لە بەرامبەر نیو ملیۆن پاوەندی بەریتانیایی،
دەستبەرداری ١٥٪نەوتی دەرهێنراو و ژێر زەوی کەرکووک و مووسڵ و شارەکانی دیکەی
باشووری کوردستان بوون. دوای ئەوە بەگوێرەی پەیمانی لۆزان، سنوورەکانی تورکیا
لەگەڵ هەموو هاوسێکانی جێگیر کراوە و بە تێپەڕینی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵیش،
یەکلایەنە بۆی نییە پەل بۆ دەرەوەی سنووری خۆی بهاوێژێت ئەگەر کارێکی واش بکات
ئەوە پێشێل کردنی پرانسیبە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕەچاو نەکردنی ئەسڵی
سەروەری خاکی دەوڵەتانی ئەندامە و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان دانی پێدا نانێن. بۆیە
پێویست و ڕەوا نییە بەو وەهمە کە لە دەرەنجامی نەخوێندنەوەی بەندەکانی لۆزانەوە
سەرچاوەی گرتووە خەڵک و هاووڵاتی کورد تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ناحەق بکەن.
مەترسی
گەورەی ئێستا بو کورد بە گشتی و بۆ هەرێم بەتایبەتی ناتەبابوونی ناو ماڵی کوردی لە
هەرێم و دژایەتی و ململانێ ناتەندروستی ئەحزابی کوردییە کە وای کردووە دەست
تێوەڕدان، سنوور بەزاندن، تۆپ باران و کوشتنی مرۆڤی کورد و هاووڵاتی سڤیل بۆ
تورکیا ببێتە کارێکی ڕووتین و هیچ سنوورێک بۆ عەنتەریاتی تورکیا لە هەرێمی
کوردستان دیاری نەکرێت، بۆیە پێویستە میدیاکاران و نووسەرانی کورد لە باتی
بڵاوکردنەوەی وەهمی مەترسییەکانی سەد ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی لۆزان خەسارناسی
ناتەبایی ئەحزابی کوردستانی و کاریگەری ململانێ نا تەندروستی ناوخۆیی لەسەر پرسی
نەتەوەیی گەلی کورد بکەنە ئەولەویەتی کاری میدیایی خۆیان.