1275وتار

دارستان، دەرامەتێکی سروشتی نوێبوەوە

6/11/2022 11:51:00 AM
د. هەڵەت رەشید

 

دارستان یەکێکە لەدەرامەتە سروشتیە نوێبوەکان و لەسەر ئاستی جیهان گرنگی زۆری پێ ئەدرێت، چونکە رووبەرێکی سروشتی جوان و سەرنج راکێش دەبەخشێت بەرووی زەوی و سەرچاوەی سەرەکی ئۆکسجین و پاککردنەوەی هەوایە،  هەروەها لە هەندێ ناوچەی جیهان بەرهەمەکەی وەکو خۆراک و لە هەندێ شوێنی تر وەکو کەرەستەی خاوی پیشەسازی بەکاردەهێنرێت، بۆیە بەشدارییەکی کارای هەیە لە پێکهێنانی ئابوری و داهاتی نەتەوەیی ووڵات و هەرێمەکان .

 

دارستان زیاتر لە ئاوهەوای گەرم و شێدار گەشەدەکەن و ئەو ناوچانەی هەمیشە گەرم و شێدارن دارستانەکانی جۆراو جۆر و چر و بەرز و هەمیشە سەوزن، ئەم بارودۆخەش لە ناوچەی یەکسانی و هەرێمەکانی ئاوهەوای وەرزی و بەشێک لەکەناری دەریا و زەریاکان رەخساون و بۆیە ئەو ناوچانە زۆرترین رێژەی دارستان و گەورەترین دارستانیان هەیە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام ناوچە ساردەکانی وەکو جەمسەر کە پلەی گەرمیان لە (10°) سیلیزی کەمترن دارستانی لێ ناروێت و بەهەمان شێوە ناوچە گەرم و ووشکەکان بەهۆی کەم بارانیەوە بێ دارستانن، ناوچە مام ناوەندەکانی وەکو هەرێمی کوردستانیش بەهۆی گۆرانی وەرزی لەئاوهەواکەی بوونی وەرزی ووشک و وەرزی سارد، دارەکانی کورت و گەڵا وەریو و جۆراو جۆری و چرییان کەمە، کەواتە ئاوهەوا هۆکارە بۆ نەبونی دارستانی چر و هەمیشە سەوز لەهەرێمی کوردستان، جگە لەوە  بەهۆی شۆرشەکانی کورد و شەری ئێران_عێراق و دواتریش گەمارۆی ئابوری دارستانەکان  توشی زیانی گەورە بوون و رووبەریان کەمی کردوە، هەرچەندە لە ئێستادا گەشەیان کردوەو رووبەرییان زیادی کردوە، بەڵام ئەم گەشەکردنە خاوە و بەهۆی ئاوهەواوە ئەگەر توشی گرفتی مرۆیش نەبن گەشەکردنیان وەکو پێویست نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رووبەرەی لەدارستان کەلە هەرێمی کوردستان هەیە نەتوانراوە زانستیانە سودی لێ وەربگیرێت و بکرێت بە سەرچاوەی داهات بۆ هاوڵاتیان و کەرەستەی خاوی پیشەسازی، بەم بۆهۆیەوە ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ کرینی کەرەستەی لەدار دروستکراو لەداهاتی هاوڵاتیان دەچێتە دەرەوەی هەرێم، دەکرێت بەزاڵبون بەسەر گرفتەکان و دانانی پلانی گونجاو سود لەدارستانەکان وەربگیرێت و بکرێت بەسەرچاوەی پیشەسازی و داهات بۆ جوتیار . لە دیارترین گرفتەکانی دارستان لەهەرێمی کوردستان، گرفتی ئاووهەوا و کەمی ئاوو و نەبونی ئیدارەدانی زانستی دارستان و خراپ بەکارهێنانی ئەم کەرتەیە، جگە لەوەی هۆشیاری تاک بەرامبەر ئەم کەرتە لاوازە .

 

دارستان بونی گرنگە و هەوا پاک دەکاتەوە و  رێگرە لەبەرزبونەوەی پلەی گەرمی ....، بەڵام نابێت بڵێین بەکاهێنانیشی قەدەغەیە!،چونکە دارستان سەرچاوەی پیشەسازییەو بەکارهێنانی پێویستە، بۆیە پێویستە ئەم کەرتە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و بکرێت بەسەرچاوەی داهات، بۆ ئەم کارەش پێویستە رێگەی زانستی و توێژینەوەی ورد هەبێت، بەڵام دەکرێت هەندێک هەنگاوی خێراش بگرینە بەر بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە،لەوانە زیادکردنی کشتوکاڵی باخداری دەتوانرێت بکرێت بەرێگەیەکی باش بۆ گەشەپێدانی دارستان و زیادکردنی روبەری سەوزایی، باشترین نمونەیش لەم بوارە ووڵاتی گواتیمالایا کە لەرێگەی 40 هەزار خێزان و 52 میلیۆن داری بەردار لەسەر روبەری 240 هەزار دۆنم چێندراوە، ئەمەش جگەلە زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی توانای هەڵمژینی کاربۆنی ساڵانەی 387 هەزار تەنە .

 

کەواتە ئەگەر بمانەوێت کەرتی دارستان لە هەرێمی کوردستان گەشەپێبدەین پێویستە بیر لە زیادکردنی رووبەری باخ بکەینەوە، بەتایبەت ئەو دارانەی کەلەگەڵ ئاوهەوای کوردستان دەگونجێن و گەشە دەکەن لەوانەش خورما و زەیتون و فستق کەبەرگەی ووشکی و کەم ئاوی دەگرن و بەرهەمی ئابوری گرنگیان هەیە، چونکە داری سروشتی بەهۆی بارودۆخی ئاوهەواوە گەشەی خاوەو ناتوانرێت سودێکی ئابوری لێ وەربگیرێت .

▪️دکتۆرا لە جوگرافیایی سروشتی


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن