741وتار

شەپۆلی سەرما

1/14/2020 4:54:00 PM
د. هەڵەت رەشید

شەپۆلى سەرما و نزمبونەوەى پلەى گەرمى کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەیە لەسەرمرۆڤ و چالاکیەکانى، بەتایبەت چالاکی گواستنەوەو بازرگانی، لەم ڕوەوە زیانەکانی سالانە بەدەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، هەروەها کاریگەرى دیارى هەیە لەسەر روەک و ئاژەڵ بەتایبەتى گەر شەپۆلەکە بەفربارینى لەگەڵدابێ،بەڵام هەموو نزمبونەوەیەکى پلەى گەرمى یان بەفربارینێک ناتوانرێ بەشەپۆلى سەرما دابنرێ،تەنها ئەو شەپۆلانە نەبێ کەدەبێتە هۆى نزمبونەوەى نزمترین پلەى گەرمى ئەو ڕۆژە بە 5 پلەى سەدى لەناوەندى نزمترین پلەى گەرمى مانگەکە و بەردەوامبونى نزمبونەوەکە بۆ سێ ڕۆژى لەسەر یەک و ڕۆژەکانیش بەدوای یەکدا هاتبن .
هەرچەندە ڕۆژە ساردەکان لەساڵدا بەڕێژەى 75% بەهۆى بەرزبونەوەى پلەى گەرمى زەویەوە کەمیکردوە ، بەڵام ماناى نەمانى شەپۆلى سەرما و بەستن ناگەیەنێ،لەبەرئەوەى تائێستا بەهۆى ئەوگۆڕانەوە هیچ مۆدێلێکى نوێى ئاووهەوا لەسەر زەوى دروست نەبوە کە بەشێوەیەکى یەکجارى کاریگەرى بارستە جەمسەرییەکانى بەسەرەوە نەمابێ . شەپۆلەکانى سەرماو بەستنیش لەوناوچانەدا ڕودەدەن کەکاریگەرى بارستە جەمسەرییەکان(ووشکانى ، دەریایى) دەیانگاتێ،بەپێى پۆلێنەکەى جۆن هایدەر کەلەساڵى 1966بۆپۆلێنکردنى کەش و هەواى جیهان دایناوەو لەپۆلێنکردنەکەداپشت بە کاریگەرى بارستە هەواییەکان و پلەى زاڵبونیان دەبەستێ جیهانى دابەشکردوە بۆ 9 مۆدێلى ئاووهەوایى.کە شەش لەو مۆدێلانە کاریگەرى بارستە جەمسەرییەکانى بەسەرەوەیە .کەواتە زۆرترین ناوچە لەجیهاندا ڕوبەڕوى شەپۆلەکانى سەرما دەبنەوە، بەڵام کاریگەرى شەپۆلى سەرما لەسەر هەرێمە مام ناوەندەکان لەهەموو هەرێمەکانى تر زیاترەچونکە ئەم هەرێمانە نامۆن بەنزمبونەوەى پلەى گەرمى زۆر بەبەراورد بەناوچە ساردو نیمچە ساردەکان .
شەپۆلى سەرماو نزمبونەوەى زۆرى پلەى گەرمى دەبێتە هۆى خراپبونى بارى تەندروستى مرۆڤ بەگشتى و بەتایبەت ئەوکەسانەى کە نەخۆشى پەستانی خوێن و کۆئەندامى هەناسەیان هەیە هەروەها بەرکەوتنى، بەساڵاچوان و منداڵان زۆرترین ڕێژەى قوربانیانى شەپۆلەکانى سەرما پێکدەهێنن . بەشێوەیەکى گشتى شەپۆلى سەرما و نزمبونەوەى پلەى گەرمى زۆر جار کارەساتى گەورەى لێدەکەوێتەوە، بەڵام لەهەندێ ناوچە بەهۆی نەبوونی دەزگای تایبەت بەرودانی کارەساتە سروشتیەکان زیانە مرۆیی و مادییەکانی باس ناکرێت و نازانرێت، بۆ نمونە لە شوێنێکی وەکو شاری سلێمانی ژمارەی ڕوودانی شەپۆلەکانی سەرما بەپێی پێوەری رێکخراوی کەشناسی جیهان(wmo)،39 شەپۆل بووە لە نێوان ساڵانی (1992 _ 2015)بەڵام هیچ کارێک نەکراوە بۆ تۆمارکردن و خەمڵاندنی زیانەکانی ئەم شەپۆلانە، لەکاتێکدا لە ووڵاتان بەم شێوە نیە و زیانەکان تۆماردەکرێت، بۆ نمونە لەینایرى 2004 ویلایەتەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا توشى شەپۆلێکى سەرمابوو لەماوەى 114ساڵى ڕابردویدا بێ وێنەبوو،کەبەهۆیەوەزیاترلە 150سانتیمەتر بەفربارى و 13کەس گیانیان لەدەستداو سەدان ملیون دۆلار زیانى بەئابورى ویلایەتە یەکگرتوەکان گەیاند . وەلە سەرەتاى مانگى یولیۆى 2007 ووڵاتى ئەرجەنتین توشى شەپۆلێکى سەرمابو بوە هۆى بارینى بەفرێکى زۆر کە بەهۆیەوە 33 کەس گیانیان لەدەستدا، وەشەپۆلى سەرماو بەفربارین زۆرجار دەبێتە هۆى ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانیەکان و داخستنى ڕێگاکانى هاتوچۆو لەکارخستنى خزمەتگوزارییەکانى کارەباو ئاو لەشارەکاندا کەزیانەکانى بە دەیان ملیۆن دۆلار ئەخەمڵێندرێ ، وەکو ئەوشەپۆلەى کە لە دوا هەفتەى ساڵى 2013 و سەرەتاى 2014 زۆربەى ووڵاتانى ئەورپاى گرتەوە بوە هۆی گیان لەدەستدانى 90کەس، وەتەنها لەووڵاتى بەریتانیا زەرەرو زیانى کەرتى بازرگانى بەهۆى داخستنى فڕۆکە خانەو ڕێگاکانى هاتو چۆوە 750ملیون پاوەندبوو .
بەهەمان شێوە شەپۆلى سەرما کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر ڕووک و بەروبومە کشتوکاڵیەکان ، هەرچەندە ڕوەکەکان جیاوازن بەپێ ى جیاوازى جۆرەکان و قۆناغەکانى گەشەیان لە خۆڕاگرتنیان بەرامبەر شەپۆلى سەرما ونزمبونەوەى پلەى گەرمی، هەندێ ڕوەک و بەروبوم بەرگەى نزمبونەوەى زۆرى پلەى گەرمى دەگرن وەکو سێو و قۆخ و گوێز و سنەوبەر بەپێچەوانەوە زۆربەى ڕوەک و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بەنزمبونەوەى پلەى گەرمى بەرهەمیان کەم دەکات یان دەبێتە هۆى دواکەوتنى وەرزى پێگەیشتنیان و هەڵوەرینى گەڵاکانیان، بەڵام بەردەوامبونى شەپۆلى سەرما بۆ چەندڕۆژێکى لەسەر یەک بەشێوەیکى گشتى زیانى گەورە بەکێڵگە کشتوکاڵیەکان دەگەیەنێ هەندێجار دەبێتە هۆى لەناوچونى بەرهەم، وەکو ئەو شەپۆلە سەرمایەى زستانى 2008بەشێک لە ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گرتەوە زەرەرو زیانى کەرتى کشتوکاڵى بەدەیان ملیۆن دۆلار دانرا، تەنها لە سعودیە زیانى ئەم کەرتە 7ملیۆن دۆلار بوو.
شەپۆلى سەرما تەنها کاریگەرى لەسەر مرۆڤ و ڕوەک و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان نیە بەڵکو کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر ئاژەڵ بەتایبەتیش ئاژەڵى ماڵى وەکو مانگا و مەڕو بزن ...هتد، لەناوچە مام ناوەندەکاندا کە ڕانەهاتون لەگەڵ شەپۆلى سەرماى بەهێزدا کەزۆرجار ئەبێتە هۆى لەناوچونى ژمارەیەکى زۆر لەو ئاژەڵانە . وەکو ئەوشەپۆلە سەرمایەیى کە لەساڵى 2000 ناوچەى ئەتڵەسى لە جەزائیر گرتەوەو بەهۆیەوە دەیان هەزار ئاژەڵ لەناوچوو .

ڕاوێژکاری زانستی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن