کۆبوونەوەی پەرلەمان و رێککەوتنەکەی گۆران
2/19/2019 2:49:00 PM
د. هەڵەت رەشید
_ یەکێتی و پارتی رۆژی ۲/۱۸ بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریکرد و پرسیان بە گۆران نەکرد، گۆرانیش لای ئاسایی بوو، چوونکە بریاری هەر حیزبێک لەدەستی سەرکردایەتی ئەو حیزبە خۆیدایەو چۆنی بووێت بەو شێوازە سیاسەت دەکات، دانیشتنی پەرلەمانیش بێ گۆران تەواو دەبوو چونکە نەوەی نوێ و كۆتاکان بەشدار ئەبوون و کاندیدیان بۆ پۆستەکان هەبوو .
_ بەشێکی زۆر لەوانەی داوای ئەوە دەکەن گۆران دەبێت لە شەقام بێت، ئەوانەن تا ئێستا ئامادە نەبوون بێنە شەقام دژی ستەمی دەسەڵات قسەیان هەبێت، تەنانەت تا ئێستا داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان کە مووچە و ئاو و کارەبایە نەکردووە، هەر ئەمانەش بوون داوایان ئەکرد گۆران واز لەشەقام بێنێت و خەڵکی بێزار بووە لەم سیاسەتە، جگەلەوەش تۆمەتیان بۆ ئەوانە هەڵدەبەست کەلەشەقام بوون .
_ ئەو بەناو رۆژنامەنوس و کەسەیاتیانەش کەداوای بایکۆت و نەچوونی خەڵکیان دەکرد بۆ دەنگدان، وەکو هەڵوێست وەرگرتن، ئێستا رەخنەی ئەوە دەگرن بۆ سەرجەمی دەسەڵاتەکان لای پارتیە، بیری چووە خۆی هۆکار بووە بۆ ئەوەی پارتی یەکەمی هەڵبژاردن بێت، بە بەرکەوتەی هەڵبژاردنیش بێت پارتی ئەو پۆستانەی بەردەکەوێت، بیرتان نەچێت هەر ئەم رۆژنامە نووسانەبوون، کاتێک گۆران داوای دواخستنی هەڵبژاردنی کرد ووتیان گۆران دژ بە دیموکراسیە .
_ نیگەرانی و هەڵوێستی ئەوانەش لە جێی خۆیدایە کە بەگومانن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان گۆران و پارتی، چونکە پێشتر گۆران رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەبووەو هیچ لایەکیان راستگۆ نەبوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنیان لەگەڵ گۆران، بۆ ئەم رێککەوتنەش پێویستە چاوەرێی کاتبین، بزانین پارتی دەگۆرێ و رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات، یان وەکو جاری پێشوو کاتێک گۆران دەست بۆ بابەتە هەستیارەکان دەبات پارتی لەرێککەوتنەکە پەشیمان دەبێتەوە .
_ هەندێک وای دەبینین گۆران وەکو تۆڵە ئەمەی بەرامبەر یەکێتی کردبێت، ئەمەش دروست نییە چونکە ئەگەر رێککەوتنەکە بخوێنیتەوە هیچ خاڵێکی دژی هیچ لایەنێک تێدا نییە و هەمووی لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و داهاتووی هەرێمی کوردستانە، خاڵی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتیش پۆستی سەرۆک کۆمارو پارێزگاری کەرکوکە نەوەک بەرنامە و کاری داهاتووی حکومەت .
_ کەسانێک رەخنەی ئەوە دەگرن پارتی دەبوو داوای لێبوردن لە کاک نەوشیروان بکات لەپای ئەو بێویژدانییەی بەرامبەر رەوانشاد کردیان، بەڵام هیچ کات نە کاک نەوشیروان نە گۆرانیش کێشەی شەخسیان لەگەڵ هیچ و کەس و لایەنێک نەبووە تا بەداوای لێبوردنێک کێشەکان چارەسەر بێت ئەگەر ئەو کارەبکرێت کەواتە کێشەکان شەخسی بوون، بۆ بیرهێنانەوەش کاک نەوشیروان پاش ئەوەی زۆربەی هاورێ و هاوسەنگەرەکانی بەدەستی قیادە مؤقتە کوژران، بەدوای تۆڵەدا نەگەرا، کە گۆرانیشی دامەزراند پارتی ئەوەی لەدەستی هات بەکاک نەوشیروان و گۆرانی کرد،کاتێک وویستی لەگەڵ پارتی رێککەوتن بکات بەتەنیا سەردانی بارزانی کرد و رێککەوتنی کردو باسێکیش لە ئارادا نەبوو سەبارەت بەداوای لێبوردن .
گۆران سیاسەت لە پێناو چاکەی گشتیدا دەکات و رق وکینە ناکات بەبنەمای کارکردن لە سیاسەتدا .