پلەی گەرمی راستەقینەو پلەی گەرمی هەست پێکراو (Real Feel)
2/12/2020 10:10:00 PM
د. هەڵەت رەشید
زانینی پلەی گەرمی هەوا یەکێکە لەو رەگەزانەی کەش کە مرۆڤ گرنگی پێدەدات، چونکە پەیوەندی و کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر جەستەی مرۆڤ و چالاکیەکانی مرۆڤ و روەک و ئاژەڵ.
پلەی گەرمی راستەقینە پلەی گەرمی هەوایە لە بوارێکی کراوە (ژینگەیەکی سروشتی کراوە)، ئەم پلەیە بە گەرمی پێوی تایبەت کە لەشوێنێکی تایبەت دائەنرێت دەپێورێت، پێوانەکەی بە تێرمۆمەترە لە بەرزی (120سم بۆ 2م)، دادەنرێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک خۆر و (با) بە راستەوخۆ لێی بدات و زەوی ژێر پێوەرەکەش (گڵ)ی ئاسایی بێت، بۆ دیاریکردنی پلەی گەرمی راستەقینەی هەوا لە وێستگە کلاسیکییەکان گەرمی پێوەکە لەناو سندوقی لەدار دروستکراو کە رەنگی سپی بێت دادەنرێت.
پلەی گەرمی راستەقینە پلەی گەرمی هەوایە لە بوارێکی کراوە
ئەو پلەی گەرمییەی رۆژانە لە لایەن وێستگە و دەزگاکانی کەشناسی بڵاودەکرێتەوە پلەی گەرمی راستەقینەی هەوایە و بەم پێوەرانە دەپێورێت، وە پێشبینیکردنی پلەی گەرمیش ئاماژەیە بۆ هەمان پێوەر.
گەرمی هەستپێکراو ئەو پلەیەیە کە لە بارودۆخی جیاوازی شێی هەوا و خێرایی با هەستی پێ دەکرێت
گەرمی هەستپێکراو ئەو پلەیەیە کەمرۆڤ لە بارودۆخی جیاوازی شێی هەواو خێرایی با هەستی پێ دەکات، بۆ نمونە ئەگەر پلەی گەرمی راستەقینەی هەوا (1)°سەدی بێت و خێرایی با (4)مەتر/چرکە بێت، ئەوا هەستکردن بەپلەی گەرمی لەنێوان (-7 بۆ -9) دەبێت، واتە وەکو ئەوە وایە پلەی گەرمی -9 بێت.
ئەگەر پلەی گەرمی بەرز بێت و شێ زۆر بێت هەستکردن بە پلەی گەرمی بەرزتر دەبێت
هۆکاری ئەم جیاوازییەش ئەوەیە کە جەستەی مرۆڤ لەئەنجامی خواردن و چالاکی جەستەیی گەرمی بەرهەم دەهێنێت لەچواردەوری جەستەی کۆدەبێتەوە، بەڵام (با)یەکە دەبێتە هۆی لابردنی ئەو چینە گەرمە و جەستە سارد دەبێتەوە، لەهەمان کاتدا ئەگەر هاتو پلەی گەرمی بەرز بێت و شێ زۆر بێت ئەوا هەستکردن بە پلەی گەرمی بەرزتر دەبێت بۆ نمونە ئەگەر هاتو پلەی گەرمی (45)° سەدی بێت رێژەی شێ لە (45%) ئەوا هەستکردن بەپلەی گەرمی (70)°سەدی دەبێت، بەڵام ئەگەر پلەی گەرمی (45)° سەدی بێت و رێژەی شێ (15%)، ئەوا هەستکردن بە پلەی گەرمی (40)°سەدی دەبێت، (هاوینی هەرێمی کوردستان پلەی گەرمی بەرزەو دەگاتە 45° سەدی، بەهۆی ئەوەی شێ کەمەوە کە لە (20%)، تێناپەڕێت هەستکردن بە پلەی گەرمی بەردەوام کەمتر دەبێت لە پلەی گەرمی راستەقینەی هەوا، بەڵام شوێنێکی وەکو باکوری ئێران و کەناری دەریایی قەزوین لە هاوین پلەی گەرمی بگاتە 45°، بەهۆی ئەوەی رێژەی شێ بەرزە هەستکردن بەگەرمی هەندێ جار 70° تێ دەپەڕێ نێت، یان وڵاتانی ئەورپا کاتێک پلەی گەرمی راستەقینە دەگاتە 30°سەدی، بەهۆی بەرزی ڕێژەی شێ کەلە50% زیاترە هەستکردن بەگەرمی دەگاتە 40°سەدی و زیاتر).
هۆکاری ئەم هەستکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کاتێک مرۆڤ پلەی گەرمی هەوا لەپلەی گەرمی جەستەی مرۆڤ(37) بەرزتر دەبێتەوە، جەستەی مرۆڤ بۆ دەربازبون لەو گەرمییە دەست بەعارەق کردنەوە دەکات، کاتێک کە شێی هەوا زۆر بێت مرۆڤ ناتوانێت عارەق بکاتەوە، کەواتە مرۆڤ گەرمی وەردەگرێت، بەڵام ناتوانێ بیداتەوە، بۆیە گەرمی لە جەستەیدا کەڵەکە دەبێت و هەستکردنی بە گەرمی زۆر دەبێت (لە هەرێمی کوردستان لە هەندێ رۆژی بەهار ئەم دیاردەیە هەستی پێ دەکرێت، یان لە هاوین کاتێک هەور بێت).
بەهیچ شێوەیەک گەرمی پێوی نێو ئۆتۆمبێل یان مال، ئاماژەیەک نیە بۆ پلەی گەرمی راستەقینە و هەستپێکراو، چونکە هیچیان پێوەرەکانی تۆماری پلەی گەرمیان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە، هەربۆیە کاتێک هاوڵاتی ئاماژەی گەرمی پێوی نێو ئۆتۆمبێلەکەى دەبینێت هەست بە جیاوازییەکە دەکات لەگەڵ ئەوەی لە وێستگەکان و دەزگای کەشناسی بڵاو دەکرێتەوە.