لافاو
2/21/2020 11:05:00 AM
د. هەڵەت رەشید
لافاو یەکێکە
لەو کارەساتە سروشتیانەى کە لە (35) ساڵى کۆتایى سەدەى رابردوەوە رودانى زیادى
کردوەو پێشبینیشکراوە بەهۆى ئەو گۆڕانەى لەسیستمى دابارینى زۆر ناوچەى جیهاندا
دروست بوە رودانى لە سەدەى بیست و یەکدا زیاتر بکات، ساڵانە زۆر ناوچەى جیهان ڕوبەڕوى
کارەساتى لافاو دەبنەوە، چ ناوچەی روبار و حەوزی روبارەکان بێت یان ناوچەی دەشت و
دۆڵەکان بێت، دروست بونی لافاو لە ناوچەکانی دەرەوەی حەوز و لقی روبارەکان لە ئەنجامى
بارینى بڕێکى زۆرى بارانە لە ماوەیەکى کورت دا یان لەئەنجامى رودانى گەردەلولى
خولگەیى کە بڕێکى زۆر ئاو لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگریت و دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى ئاستى
ئاو و داپۆشینى کێڵگە کشتوکاڵیەکان و لەوەڕگاکان و خانو و رێگاکانى هاتوچۆ، کە بە
ملیۆنان دۆلار زیان بەو ناوچانە دەگەیەنێ، زۆر جاریش دەبێتە هۆى گیان لەدەستدانى دەیان
کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە.
هەرچەندە
لافاو بەکارەساتێکى سروشتى دەژمێردرێ و بەهۆى چەند هۆکارێکى سروشتی و مرۆییەوە رودەدات
و تەنها بڕو جۆرى دابارینەکە کار ناکاتە سەر دروستبونى لافاو بەڵکو جۆرى خاک و لێژی
ناوچەکەش هۆکارێکە بۆ رودانى لافاو خاکى قوڕین زو تێر ئاوەبێ ئاو بەسەریدا رێ دەکات
بەبەراورد بەخاکى لمین کە رێگە بە چونە خوارەوەى ئاو دەدات، بۆیە ئەگەرى رودانى
لافاو لەو ناوچانەی پێکهاتەىخاکى قوڕینە زۆر زیاترە، هەروەها لافاو لەو ناوچانەی کە
لێژییان زۆرە زیاتر رودەدات، چونکە بارانی ناوچە بەرزەکان لە ناوچە نزمەکان کۆ دەبێتەوە
دەبێتە هۆی دروست بونی لافاو، بەجۆرێک وەکو ئەوە وایە دو هێندە باران لەو ناوچانە
باری بێت، بۆ نمونە بارینی بڕی (1ملم) باران لەسەر روبەری یەک هێکتار زەوی(10000م2)
وەکو ئەوە وایە (10000) لتر ئاو لەو ناوچەیە باریبێت، کەواتە بونی بەرزاییەک بە
روبەری یەک هێکتار بێت ئاراستەی لێژییەکەی بە ئاراستەیی نزماییەکی دراوسێی بێت و بەهەمان
روبەری (1) هێکتار، وەکو ئەوە وایە بڕی (2) ملم باران بە قەبارەی (20000) لتر ئاو
لەسەر ناوچە نزمەکە باران باریبێت، لەسەر ئەم بنەما جوگرافیە ئەو شار و ناوچانەی لەدەشتەکانن
وەکو هەولێر و کەرکوک دەبێت رودانی لافاو تیایاندا کەمتر بێت بەراورد بە هەردو شاری
سلێمانی و دهۆک، کەواتە رودانی لافاو لە شارێکی وەکو هەولێر خراپی و نەبونی ئاوەڕۆیە
نەوەک هۆکارە سروشتی کەبەرپرسانی ئیداری ئاماژەی پێ دەکەن.
سەرەڕاى گەورەیى
کارەسات و زیانە گیانى و مادییەکانى لافاو کە لە هەمو ژینگە جوگرافیەکان داڕودەدات،
مرۆڤدەستەوسانە لە رێگرتن لە رودانى. هەرچەندە بەهۆى پێشکەوتنى زانستەوە زۆر
کارکراوە بۆڕێگرتن لە رودانى لافاو و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى، بۆیە رودانى ئەم
کارەساتە بەردەوامە و لە دواى ساڵى (1975) سەدەى رابردوەوەتا ساڵى (2009) زیاتر لە
(341) لافاو لە جیهاندا رویداوە و زیاتر لە (195000) کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە،
جگە لە زیانە مادییەکانى کە بە ملیۆنان دۆلاربوە، زۆربەى ئەم روداوانەش لە کیشوەرى
ئاسیادا بوە. کە زیاترلە (140000) کەسیان لە ئاسیادا بوە، ئەو لافاوەى لەساڵى
(1998) لە وڵاتى چین رویدا بوە هۆى گیان لەدەستدانى (5500) کەس وە نزیکەى (21) ملیۆن
کەس بێ ماڵ بون.
هەرچەندە کاریگەرى
لافاو جیاوازە بەپێى جیاوازى جوگرافى و پێشکەوتنى ئەو ناوچانەى کە لافاوى تێدا رودەدا،
بەڵام پێویستە بۆ رێگرتن لە رودانى لافاو یاخود کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانىچەند رێگەیەک
بگیرێتەبەر وەکو:
1- توێژینەوەیەکى ورد بۆ ئەو ناوچانەى کەلافاویان تێدا رودەدا و دەستنیشانکردنى
ئەو هۆکارانەى دەبنە هۆى رودانى و دیاریکردنى سەرچاوەکانى. لەگەڵ کۆکردنەوەى داتاى
هایدرۆمۆرفۆلۆجى پێویست دەربارەى ناوچەکە بەمەبەستى رێگرتن لە رودانى لافاو.
2- دروستکردنى بەربەست و بەنداو بۆ کۆکردنەوەى ئاو لە وەرزى
لافاودا، لەو ناوچانەى مەترسى لافاویان لێدەکرێ. یان لەسەر ئەو لقانەى روبارەکان کە
مەترسى بەرزبونەوەى ئاستى ئاویان لێدەکرێ وە کردنەوەى ئەوبەنداو و بەربەستانە لەپێش
وەرزى لافاو.
3- قوڵکردن و فراوانکردن و پاککردنەوەى بەردەوامى چەمو جۆگە و کەناڵ
و ئاوەڕۆکان و دروستکردنى دیواربەند بۆیان، بۆ ئەوەى تواناى پێدا رۆشتنى ئاو بەناویاندا
زیاتربێ.
4- دروستکردنى جۆگە و ئاوەڕۆى نوێ لە دەشتەکان و ناوچە نزمەکان و
ناوچە لێژەکان بەمەبەستى دابەشکردنى ئاوى بارانا و رێگرتن لەکۆبونەوە و بەرزبونەوەى
ئاستى ئاو لەناوچەکەدا.
5- دروستنەکردنى بیناو شوێنى گەشتیارى لە ناو دۆڵ و چەمەکان و دیاریکردنى
ماوە و دورى پێویست لە کەنارە ئاوى و لێوارى دۆڵ و چەمەکان بۆ دروستکردنى شوێنى نیشتەجێبون
و گەشت و گوزارى تا لە مەترسى بردن و ژێرئاو کەوتن دوربن.
6- دروستکردنى بنکەى تایبەت بۆ ئاگادارکردنەوە و دانانى ئامرازى خۆپاراستن
و چۆڵکردنى خێرا لەو ناوچانەى کەمەترسى رودانى لافاویان لێدەکرێ، بۆکەمکردنەوەى زیانەکانى
لافاو.
7- زیادکردنى روبەرى سەوزایى لە ناوچە لێژەکان و ناوچەکانى نزیک چەم
و جۆگەو لقى روبارەکان بۆ کەمکردنەوەى رۆشتنى ئاو بەسەر زەویدا.