273وتار

لەدوای سەندوقی کۆمەکی تووشبووانی شێرپەنجە نۆرەی دەستگرتن بەسەر سەندوقی داھاتی زانکۆی سلێمانی!

6/21/2021 11:05:00 AM
د. بەھرۆز جاف

لەم رۆژانەدا ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی، کە سەرکەوتووترین و پێشەنگترین زانکۆی گشتییە لەھەرێمدا، لەبواری سەربەخۆیی دارایی، ناچار بوو دوو بڕیاری مەترسیدار دەربکات، کەکاریگەری نەرێنی زۆر خراپی لەسەر ئاستی زانستی و چالاکی پراکتیکی و بەڕێوەبردن و باری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ژینگەو کەلتووری زانکۆ دەبێت. دوو بڕیارەکە بریتیبوون لە راگرتنی وەرگرتنی خوێندکارانی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا بەشێوەی پاراڵیڵ و داخستنی خوێندنی ئێواران و داخستنی مەڵبەندی رۆشنبیری زانکۆی سلێمانی وخەرجنەکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرەکانی!

لەساڵی ٢٠٠٧، بیرۆکەی سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان و پێشەنگبوون لەو بوارەدا ھاتەئاراوە، کەپێشبینی دەکرا وا لەزانکۆکان بکات ھەموو مەرجەکانی ئاژانسە جیھانییەکانی داننان بەزانکۆکان جێبەجێ بکات بۆ وەرگرتنی ئیعتمادی ئەکادیمی جیھانی (Accreditation)، کەسەربەخۆیی دارایی یەکێکە لەگرنگترین مەرجەکانی و کەوا لەزانکۆکان دەکات دەیانخاتە ریزی زانکۆ پێشکەوتووە جیھانییەکاندا.

لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی و دەرکەوتنی دیاردەی داعش، وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەساڵی ٢٠١٤، پرۆژەیەکی پێشکەش بەئەنجوومەنی وەزیران کرد، بۆ سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان، پشتبەست بە مادەی (١٠)ی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا، پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراو پەیڕەویش کرا، کە بریتیبوو لە دامەزراندنی سەندوقی داھاتی زانکۆ کە (٧٠٪‏)ی بۆ خودی زانکۆکە دەبێت و باقییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی ھەرێم.

زانکۆی سلێمانی، وەک گەورەترین زانکۆی گشتییە (حکومی) لەھەرێمی کوردستاندا، پێشەنگ بوو لەسەربەخۆیی داراییدا، کەوای کرد، وێڕای قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی بودجەی پێویست بۆی، پشتی بەسەندوقی داھات ببەستێت و لەھەموو ئاستەکانی توێژینەوەو رانکینگ و خزمەتکردنی کۆمەڵگە ھەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە بنێت، کەپێشبینی دەکرا لەگەڵ نەمانی قەیرانی دارایی و بەردەوامبوون لەپڕۆسەی سەربەخۆیی داراییدا زانکۆی سلێمانی ببێتە نمونە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراقدا.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە، حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی دەرکردووە بەوەرگرتنی پارەی سەندوقی داھاتی زانکۆو مەحرومکردنی زانکۆ لێی، کەداھاتەکان بەرەنجامی پەرەپێدانی بەردەوامی توانستەکانی زانکۆو کاری سەرەڕای مامۆستایان و فەرمانبەران و داھاتەکانی ئەملاک و چالاکییەکانی دەرەوەی کەمپی زانکۆ.

زانکۆی سلێمانی لەئێستادا خاوەنی چەندین سەنتەری  فێرکردنی خێراو چەندین ھۆبەو بەڕێوەبەراتی کارو چالاکی و خزمەتگوزاری و نووسینگەی راوێژکاری زانستی و ئەندازیاری و کە کاریش دەستی پێ کردووە بۆ دامەزراندنی کلینیک و خزمەتگوزاری تەندروستی راوێژکاری، کەداھاتەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەندوقی زانکۆ، بەڵام بەم بڕیارەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێ ھەموو ئامانج و کارو شەکەتییەکانی ستافی مامۆستایان و فەرمانبەران و جوھدی سەرەڕای کاڕگێڕی و ھونەری زانکۆ، کەداھاتێکی مەعنەوی گەورەشە بۆ زانکۆو شاری سلێمانی، بکرێتە قوربانی حکومەتێکی شکستخواردوو، کەگەیشتۆتە ئاستی ھەوڵدان بۆ بەھەژارکردنی زانکۆکان، بەتایبەتی زانکۆی سلێمانی، وەک چۆن زیادەرەوی لەمامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ سەندوقی کۆمەک بۆ نەخۆشەکانی شێرپەنجە، یان چاوپۆشی کردن لەخراپی بەڕێوەبردنی، گەیاندییە رادەی بیرۆکە شاراوەکەیە، کە گواستنەوی نەخۆشخانەی ھیوا بۆ کەرتی تایبەت.

زانکۆی سلێمانی، بۆ یەکەم جارە، لەمێژوویدا، تووشی بارودۆخێکی ناھەمواری لەم جۆرە دەبێت، کە ئەگەر حکومەت لەسەر بڕیارە سەقەتەکەی بەردەوام بێت، دوور نییە چارەنووسی پەیوەست دەبێت بەبیرۆکەی چارەنووسی نەخۆشخانەی ھیوا، ھەمووشمان دەزانین کەزانکۆی سلێمانی یەکێکە لەگەورترین و گرنگترین سیمبۆڵە مێژوویی و کەلتووری و رۆشنبیری و زانستی شاری سلێمانییەو سەرکەوتنی لە سەرکەوتنی شارەکەیەو کەپێچەوانەکەشی راستە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن