ئایا ئەمریکا دەتوانێت دۆلار لەدژی عێراق بەکاربێنێ؟
1/31/2023 1:42:00 PM
د. بەھرۆز جاف
ئەمریکا تاسەر ناتوانێت دۆلار بەهۆکارێکی فشار
بەرامبەر بە عێراق، یا وردتر بەرامبەر بە حکومەتی هاوپەیمانێتی چوارچێوە، یان ناڕاستەوخۆ
بەرامبەر بەئێران، بەکاربێنێ. بۆ؟
لەڕاستیدا، فشاری ئەمریکا بۆ گەیاندنی هاوپەیمانێتی
سێقۆڵی بۆ سەر دەسەڵات، بەهەموو هەوڵەکانی بەقاڵبدانی یاسای هەڵبژاردنی نوێ و
سپاردنی سۆفتوێری پرۆسەی هەڵبژاردن بە کۆمپانیا سیخوڕییەکانی ئیماراتی عەرەبی و
هاوکارییە سیاسی و داراییە ئیقلیمییەکان بەتایبەتی سعودی و تورکی و ئیماراتی و میسری
و ئەردنی و بەکارهێنانی تابووری پێنجەمی بەعسی و نانەوەی پشێوی و هێنانەسەرواجیهەی
کچی سەدام و بەستنی کۆنگرەی حیزبی بەعس لەهەولێرو رەشبگیری جاشانی ئەلکترۆنی، هەمووی
فەشەلی هێنا، کە زۆر زۆر لە فشاری ئێستای دۆلار بەهێزتر بوو.
خۆ پیلانی پێشتری پارێزگاری بانکی مەرکەزی (سەدرییە)-عەلاوی
(زاوای سەدرە)-سەدر- کازمی( پاڵپشتیکراو لەلایەن سدرەوە) بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار
بەرامبەر بەدینار، بەبڕیارێکی دارایی حکومی، هۆکارێکی فشاری دیکە بوو، کە بۆ مەبەستی
دەوڵەمەندکردنی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی بوو، بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئەنجامەکەی ئەوەیە
کە دەیبینین؛ هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی و سیناریۆی دەستلەکارکێشانەکەی وەزیری
دارایی و ئاشکراکردنی دزییەکەی سەدە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و کێشەکانی ئێستای
پارێزگای ئەنبار بوو. تا مەسەلەکەی نازم زەهاویش ئاماژە هەیە کە بەشێک بێت لەو
شکستانە، کەئەمەش لەئایندەی نێزیکدا رەنگدانەوەی لەعێراقدا دەبێت کەدەبێتە مایەی
شکستی زیاتر بۆ لایەنەکانی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی.
عێراق، بەگوێرەی توانا مرۆیی و ئابووری و فەرهەنگییە
شاراوەکانی، هەزار بژاردەی بەدیلی بۆ کێشەی دۆلارو غەیرە دۆلار هەیە، هەزار جاریش لە ئەسفەهان بدرێت، یان نەدرێت،
کەڵکی نابێت، کە لەڕاستیشدا کێشەی دۆلار کێشەی هاوڵاتیانە نەک حکومەت.
راستییەکیش لەسەر ئەرزی واقیعدا هەیە کەئەوەش عێراق
تائێستا لەسەر یەک پێ وەستابوو ئێستا خەریکە لەسەر هەردوو پێی خۆی بوەستێت.
سەبارەت بە کوردیش، دەبێ لەسەر بنەمای ئەو حەقیقەتە
کار بکەن، کە عێراق لەکۆتاییدا لەسەر هەردوو پێی خۆی دەوەستێت، بۆیە پێویستە واز لە
جێبەجێکردنی ئەجیندای تورکیاو غەیرە تورکیا بێنن، لەگەڵ حکومەتی بەغداش، کە تێیدا
خۆیان پێکهێنەری سەرەکین، هەماهەنگی بکەن، بەڕێگەی پابەندبوونیان بە دەستوورو خزمەتکردنی
هاووڵاتیانیان و رووانین لە ئایندە، نەک لە ئێستا.