587وتار

گۆڕان دەگۆڕێت

3/12/2019 5:49:00 PM
ئاوات عەبدوڵا

لە راستیدا بەشداریكردن یاخود بوون بە ئۆپۆزسیۆن هەردووكیان بۆ گۆڕان كێشەن، بەڵام بەشێكی هەرە زۆری رەخنەگران تەنیا باس لە كێشەی بەشداریی گۆڕان لە حكومەت دەكەن، من پێموایە دەبێت ئاستەنگو دەرهاویشتەكانی بەشداری نەكردنیش گرنگییان پێبدرێت.


رەخنەگران پێیانوایە حكومەتی هەرێم یان راستتر پارتیو یەكێتی هەرگیز ناتوانن یان نایانەوێت چاكسازیو خزمەتگوزاری ئەنجام بدەنو لەبەر ئەم فاكتەرەش نەدەبوو بەهیچ شێوەیەك گۆڕان بڕیاری بەشداری لە حكومەتێك بدات كە پارتیو یەكێتی تیایدا باڵادەستبن، بێگومان ئەم جۆرە تێڕوانینو بۆچوونە تاڕادەیەكی ئێجگار زۆر ڕاستو دروستەو پشت ئەستورە بە بنەمایەكی مێژووییو ڕووداوگەلێكی زۆر كە لە رابردوودا یەكێتیو پارتی بەسەر خەڵكی كوردستانیان هێناوە، بۆیە نەك تەنیا بۆ گۆڕان، بەڵكو بۆ هەموو هێزو تەنانەت كەسایەتیەكی سیاسیو ڕۆشنبیری موجازەفەیەكی گەورەیە گەر بەناوی چاكسازیو پاكسازی بكەوێتە ژێر ڕكێفی تێكەڵ بوونو رێككەوتن لەگەڵ ئەو دوو هێزە، ئەمە دیوە روونو دیارەكەی پرسەكەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا گۆڕان دەیتوانی بەشداری نەكات یان دەیتوانی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، بێگومان دەیتوانی بەڵام جارێكیتر جەوهەری پرسیارەكە ئەوەیە لەكاتی ئۆپۆزسیۆن بووندا گۆڕان دەیتوانی چی بەدەست بێنێت، دەیتوانی چی بۆ خەڵك بكات.

 

وەك ئەو وتە سادەیەی بەشێكی خەڵك كە دەڵێن گۆڕان بە 25 كورسیو بەئامادەیی نەوشیروان مستەفا نەیتوانی یەكێتیو پارتی لەدەسەڵات دووربخاتەوە، ئێستا بە 12 كورسیو بە غیابی نەوشیروان مستەفا وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دەیتوانی چی بكات؟ ئەوە جگە لەوەی لەماوەی رابردوودا گۆڕان هاوپەیمانی دوو هێزی دیكەی وەك یەكگرتوو و كۆمەڵ بوو، ئەو دوو هێزەش لە رابردوودا خاوەنی سەنگو دەنگێكی بەهێزترو كاریگەرتربوون وەك لەئێستا، ئێستا ئەو دوو هێزە گۆڕانكاریو هەڵبەزو دابەزێكی زۆر لە دەنگو پەیوەندیو بڕیارو كاریگەریەكانیاندا روویداوە، كەواتە ئەگەر گۆڕان بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی بدایە، بە پلەی یەكەم دەبوو كاری لەگەڵ هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی گوماناوی نوێ بكردایە، كە پێی دەڵێن جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەرەكیترین هێزێك كە ئێستا خۆی وەك نمایندەی ئۆپۆزسیۆن خۆی نمایش دەكات جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، جوڵانەوەیەك چەند كەس وەك ئۆپۆزسیۆنو هێزێكی سەربەخۆ لەقەڵەمی دەدەن، دوو هێندەش هەن كە بە ئۆپۆزسیۆنێكی موزەیەفو هەندێكجار دروستكراوی یەكێتیو پارتی دەزانن!


هەموو ئەم لێكدانەوەو گریمانانە نامانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بەشداریكردنی گۆڕان دەتوانێت عاقیبەتێكی خێری هەبێتو ئایندەی ئەو هێزە سیاسییە بەرەو ئاقارێكی گەشتر لەوەی ئێستای بەرێت، بەڵام لە كۆتاییدا گۆڕان بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێم داوەو ماوەیەكیشی دیاری كردووە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو خاڵو مەرجو بەرنامەیەی كە تەسلیمی پارتی كردووە، بە بۆچوونی من هەق وایە لایەنگرانو هەڵسوڕاوانو دەەنگدەرانی گۆڕان دانبەخۆیاندا بگرنو چاوەڕێی كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە بكەن، كە گۆڕان وەك وادەی چاكسازی بۆ بیانووی بەشداریكردنی لە حكومەت دایناوە، من پێموایە لەئێستادا تانەو گازندەو وازهێنان لە گۆڕان هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێتو هیچ كێشەیەكیش چارەسەرناكات، بەڵكو بڕیاری ڕاستو دروست ئەوەیە، خەڵك دەنگی بەگۆڕان داوە بۆئەوەی گۆڕانكاری بۆ بكات، وەك ئەو پەندەی كە دەڵێت خەڵك كاڵەك خۆرن نەك بێستان ڕن، هەڵەیەكی ئێجگار گەورەیە گەر دەنگدەرو هەڵسوڕاوانی گۆڕان پێیان وابێت تاكە دەروازەو میكانیزم بۆ پراكتیك كردنی بەرنامەی هێزەكەیان تەنیا لەڕێی كاری ئۆپۆزسیۆنی یان حوكمداریەوە جێبەجێ دەكرێت.

 

گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی بەرنامەیەكی سیاسیو ئیداری پێشكەش خەڵكو دەنگدارانی كردووە، لەڕاستیدا كاری خەڵك ئەوەیە داوای جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە بكات، بەڵام ئەوە كاری خەڵك نیە سنورو ڕێگا بۆ گۆڕان دابنێت چۆنو بەچی ڕێگایەك ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەكات، لەڕێی حكومەتەوە یان پەرلەمان، بەفشاری سیاسی یان مەدەنی، بەئۆپۆزسیۆنی یان حوكمداری، بەڵكو دەرئەنجام گرنگە، كە ئەویش ڕاستگۆیی گۆڕانە لەگەڵ خەڵكو دەنگدەرەكانی، ئەوەش بە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەبێت كە پێش هەڵبژاردن بۆ خەڵكی بەیانكردووە.


بەبڕوای من لەئێستا بەدواوە كۆمەڵێك تەحەدیاتو ڕوداوو پێشهاتی جۆراوجۆر، رووبەڕووی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتەوە، ناشتوانرێت هیچ یەكێك لەو پێشهاتانە بەباش یان خراپ مەزەندە بكرێن، بەهێندەی ئەوەی مامەڵەو دەستوپەنجە نەرمكردن دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات گۆڕان دەتوانێت سەركەوتووبێت یاخود نا، ئەگەر دەرفەت هەبوو هەوڵ دەدەین لەداهاتوودا بەشێك لەپێشهاتو تەحەدیاتەكانی بەردەم گۆڕان باس بكەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن