550وتار

شەڕی پەکەکە و پارتی لەقازانجی کێدایە؟

11/10/2020 9:10:00 AM
شەنکار عەبدوڵا

مێژووی ململانێی پارتی و پەکەکە دێرینترە لەم رووداوەی چەند رۆژی پێشوو؛ کەگرژییەکان نزیکبونەوە لە ئاستی پێکدادان. 

خۆشبەختانە ئەمجارە دەنگی دژە شەڕ یان دژی شەڕی براکوژی لەهەموو کات بڵندتربوو، رەنگە چیتر شەڕ ڕەواجی نەمابێ؛ چونکە هەمووان لە نەهامەتی و لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ گەیشتوون؛ لە 
حەفتاکانی سەدەی پێشووە هەتا 1996.

ئەوەی بەم دوواییە روویدا لەنێوان پەکەکە و پارتیدا؛ کە پەکەکە لوغمی دانابوو؛ بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک شەهیدبوو، لەگەڵ برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی تردا زەنگێک بوو بۆ شەڕ، بەڵام خۆشبەختانە نەگەیشتە شەڕی گەرم؛ یان هەر سارد ماوەیە، ئەمەش ئاهێکی بەبەر هەموو کوردستانیەکی دڵسۆزدا هێنایەوە،کە رەنگە ئەگەر هێزێکیش بیەوێ شەڕ بەرپا بکات، ئەوە هێزەکەیتری بەرامبەری ئامادەی ئەو شەڕە نەبێ، ئەمەش کارێکی یەجگار عەقڵانی بوو. 

لەئێستادا؛ کە دۆخی کوردستان و عێراقیش لەرووی ئابورییەوە باش نییە؛ هەڵیسانی هەر شەڕێک لەبەرژەوەندی کورددا نیە و کەس نازانێ ئەنجامەکەی چی دەبێ.
لەلایەکی تریشەوە برایانی پەکەکە دەبێ موراعاتی بارودۆخی هەرێم بکەن و بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە بکەن، چونکە هەرێم تاکە شوێنێکە بۆ کوردانی هەرچوارپارچەکە؛ کەبتوانن بەئازادی تیایدا بژین؛ لەم سۆنگەیەشەوە ئەرکی ئەخلاقی هەموومانە،کە پارێزگاری لێبکەین و نەی ئاڵێنین، بە جەنگی دوژمنانەوە. 

چونکە مەعلومی هەموومانە؛ کە لەماوەی؛ پێشوودا رەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا بەڕاشکاوی وتی، پەکەکە لەهەرکوێ بێ؛ ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنە و خوێنی سەربازێکمان لەهەر شوێنێ برژێ، لەوێ ناکشێینەوە؛ ئەم پەیامەی ئەردۆگان دروست بۆ هەرێم بوو؛ چونکە ئەردۆگان لە ئێستادا لەژێر فشاری پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا (مەهەپە) دایە، ئەو حزبە بەردەوام ئەردۆگان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەو دەرفەتی زیاد لەپێویستی بەکوردەکانی هەرێمداوە و دەبێ ئەو دەسەڵاتە بەجۆرێ لاوازبکرێ، کەهیچکات بیر لەدەوڵەت نەکاتەوە. 

برایانی پەکەکە دەبێ باشتر بیربکەنەوە؛ لەوە تێبگەن؛ پەلهاویشتنیان بۆ قوڵایی هەرێم؛ جگە لە بیانودان بەدەستی تورکیاوە و هیچ شتێکی تر سەوز ناکات، بەڵکو لەقازانجی دوژمنانە. 
بەیاننامەی هەریەکە لە ئەمریکا و عێراق و فەرەنسا بۆ پشتگیری هەرێم و دژی پەکەکە دەبێ پەکەکە بەئاگا بهێنێتەوە، کەهەرێم کیانێکی دەستوورییە و بەئاسانی بەقوڕگی هیچ دەوڵەتێکدا ناچێ، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ هەموومان نەفرەت لە جەنگی کورد کوژی بکەین و سەرزەشتی ئەو کەس و لایەنانە بکەین، کەهانی شەڕی ناوخۆ دەدەن، چونکە لەم شەڕانەدا؛ جگە لە دووژمن، هیچ کوردێ سودمەند نابێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن