لە ماکرۆن ماکرۆنیتر کێن؟
10/27/2020 10:28:00 PM
محەمەد حەکیم
ژمارەیەك كەس كە لە نێویاندا خەڵكێكی تێدایە خۆیان بە داكۆكیكار لە ئازادی
و دیموكراسی دەزانن، بەڵام زۆر ناڕەحەتن بە یاداشتنامەیەکی بەشێک لە پەرلەمانتارانی
کوردستان، کە تەسلیم بە کونسوڵخانەی فەرەنسا کراوە لە ھەولێر، وە پێیانوایە ئەمە
زەرەر لە ئاسایشی نيشتمانى و پەیوەندی نێودەوڵەتی کورد دەدات! كە ئەمە پاساوێكی
ساویلكانەیە بۆ بەرگری لە ناڕەوایی.
ئەوەی بینرا ھەندێک کۆمێنت و بابەتی سەیری ئەوانەبوو
کە سەد تانەو ڕەخنەی نابەجێ لە یاداشتنامەکە دەگرن، کە خودی قونسوڵی فەرەنسا بە
کارێکی مەدەنیی و جوان لە قەڵەمی داوە، كەچی ئەمان لەبری فهرنسا نیگەرانن.
* بەڵێ، لە ماکرۆن ماکرۆنیتر ئەوانەن کە ناڕەزایەتی
موسوڵمانان لە بێ ڕێزییکردن بە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)، دەدەنە پاڵ ئیخوان،
بەتەنیشت ناخ ڕەشی خۆیانەوە بەرانبەر بە
ئیسلام، ئیخوان وەکو کۆمەڵێک تاوانکارو تیرۆریست لە قەڵەم دەدەن و بەحساب خۆشیان
بە دیموکراتخواز و ئازادیخواز پێناسە دەکەن، كەچی ڕای ئازادی كەسیان قبوڵ نیە!
باشە ئیخوان جگە لە زوڵم و زیندان و کوشتن و دەربەدەری بەشی چی بووە!! لەڕێی دیموکراسییەکەی
ئێوەوە ھاتنە پێش، بەڵام بە دەبابەی کودەتاچی و جنڕاڵ و ستەمکاران لابران و
کوژران و خرانە ژووری تاریکی بەندیخانەکانەوە.
* ئەوەی ڕوونە ئەوەیە
كە ئەگەر ئەو چینە دەستیان بڕوات لە ماکرۆن خراپتر دەکەن، کە پێیانوایە چی کێشەی
میللەتی ئێمە ھەیە ئیسلامیی سیاسییە (بەقسەی ئەوان، ئەگەر نا من لەگەڵ بەکارھێنانی ئەم چەمکە نیم بۆ پارتە ئیسلامییەکان)،
لەبەر ئەوەی ئەمانە ناڕەزایەتی ھاوڵاتیانی کوردستان و پەرلەمانتاران بەرانبەر بە
بێ ڕێزییکردن بە پێغەمبەرەکەیان (صلی اللە علیە وسلم)، ئەوەندە ماکرۆنیەكانی
کوردستانی نیگەران کردووە، كە چاویان خەڵكی ئاسایی موسڵمان نابینن كە سەدان هەزار
خەڵكی ڕوو لە قیبلەیە، كەچی پێیانوایە نیگەرانیەكە هی پارتە ئیسلامیەكانە و ئەوان
وەك تاوانبار سەیردەكەن، لە كاتێكدا ئەو بەرگرییە شانازییە.
بەداخەوە ئەمانە لایان ئاساییە جنێو بە خواو بە پێغەمبەری خۆشەویست بدرێت
و لایان ئاساییە ماکرۆن پشتیوانی بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری گاڵتەئامێز بکات لەسەر
پێغەمبەری خۆشەویست، وە دەڵێن ئەو کارە لە فەرەنسا یاسا ڕێی پێداوە، كەچی بیرناكەنەوە
كە هیچ یاسایەك ڕێی نەگرتووە لەوەی موسوڵمانانی کوردستان بەشێوازی ئاسایی و یاسایی
خۆشەویستی بۆ پێغەمبەرەکەیان دەربڕن و ئەوە لە چوارچێوەی مومارەسەی ئازادیداییە
و پێچەوانەكەی لە چوارچێوەی پێشێلكردنی ئازادییە ئاینیەكاندایە، ئیتر تۆ بۆ ناڕەحەت
و بۆ قەڵسی!
ئەگەر لانیکەم لە ناختدا خۆت بە موسوڵمان دەزانیت، خۆ تۆ نابێت چاوەڕێ بیت
گاڵتە بە پێغەمبەر بکرێت و موسوڵمانانی کوردستان تەنھا بڵێن ( oh my god)!