کورد لەبەردەم هەباشەی سیاسەتی ئەمریکا، نێچیر دەبێت یان ڕاوکەر
8/30/2020 4:24:00 PM
یهحیا بهرزنجی
پەیوەندی کوردو ئەمریکا بە چەندین دۆخدا گوزەر بووە، من دەمەوێ لە ئێستای ئەو پەیوەندییە بدوێم، وەک لەوەی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی رابردوو، کە تژییە بە بەسەرهاتوو بابەتی سەرنج راکێش، شایستەی لەسەر وەستانە.
ناولێنانی ئەو پەیوەندییە وەک خۆی زۆر گرنگە، من ناتوانم وەک دەمی هەرسیاسییەکی کورد دەکەیتەوە کە دەڵێن هاوپەیمانی ئەمریکاین، ناوی ئەوەی لێ بنێم.
کورد هاوبەشی ئەمریکایە واتە پارتنەرە، نەوەکو هاوپەیمانێکی ستراتیژی، رەنگە هەندێک جار لە زاری هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم وشەیە وەکو هاوسۆزی دەرببڕن، هاوپەیمانە کوردەکانمان، بەڵام ئەوە سیاسەتی ئیدارەکە نییە.
لەدووای دەستتێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە عێڕاق و ئەفغانستان سیاسەتێکی باو رای شەقام وسیاسەتی ئەم وڵاتەی داگیر کردووە، نە ناردنی سەربازەکانی و بەکارهێنانی هێزی ناوچەیی بۆ رووبەڕووبونەوەکان، ئەوەش بەڕوونی دیار بوو لە سەروەختی شەری داعش لە عێراق و سوریاش.
لە سوریا، کۆی شەڕی داعشی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد، لە عێراقیش، سەرەڕای هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکانیشی بەکارهێنا، لەسەر زەمین رووبەرووی داعش وەستانەوە.
لەو شەرە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەپشگیری لۆجستیی و ناردنی راویژکارو مەشقپێکەر و پشتگیری ئاسمانی بەشداربوون، ئەڵبەتە کۆی پرۆسەکەش وێڕای قوربانی دانی گیانی زۆر لە ریزی هێزە شەڕکەرەکان، بە کۆتایی هاتنی سەربازی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریاو عێڕاق کۆتایی هات.
ئێستا دۆخێکی لەبار لەبەردەم هەرێمی کوردستان و کوردانی رۆژئاواشدا لە ئارادایە، بۆ پتەو کردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەتی لەئاکامی ریفراندۆمەکەی ساڵی 2017 پەیوەندی نێوان ئەمریکاو هەرێمی کوردستانی بە ئاقارێکی خراپدا چووە.
پشت تێکردنێکی روونی ئەمریکا دیاربوو بە رێگەدان بە هێرشکردنە سەر پێگەی هەرێمەکەو خستنەوەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کە بەدەست کوردەوەبوون بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغداد.
هەروەها لە سوریاش، کشانەوەی لەپڕی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیاو هێرشیان بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر قەڵەمڕەوی شەڕواناندا بوو، تاڕادەیەک پەیوەندی نێوان پەیەدەو ئەمریکای بە تەواوەتی بەرەو ساردی و بێمتمانە برد.
هەرچەندە ئەو هەڵویستە تاکلایەنانەی ئیدارەی ترهمپ، گۆمی رەخنەی لە ئەمریکادا شڵەقاند، تەنانەت لەشەقامی ئەمریکاش بۆنی پشت تێکردن لە دۆستەکانت و خیانەت ناوزەدیان دەکرد و رای سیاسیش لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوتای رای شەقام بوو .
بە گشتی فرسەتێکی دی لەو دوو جێگایە لە ئارادایە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پەیوەندییە کە ماهییەت و گرنگی خۆی هەیە، بۆ کورد دۆخەکە چاوەروانی راوکەرە، ژینگە سیاسییەکەش لەبارە، بەرژەوەندی ئەمریکا ئەوە دەخوازێت، ئیدی روو نییە پاراستنی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانیان لە ئایندەدا بەرەو کوێی تر لەنگەر بگرێت.
بەگشتی دوا بەدوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێڕاق دەنگە ئەرێکانی دژ بەدەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێڕاق بەرزبۆوەو بنبیڕ نەکردنی هێرشە ساروخێکانی میلیشیاکان بۆ سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان لە بەغداد، بیرکردنەوەیەکی لەسیاسەتی سەربازی ئەمریکادا زاڵ کرد، جێ نەهێشتنی عێڕاق بۆ ئێران، هەروەها پاراستنی کارمەندەکانیشیان، بەڵام چۆن و لە کوێ؟
بەپێی زۆرێک لە زانیارییەکان رەنگە هەرێمی کوردستان بەدیلەکە بێت، بەڵام بەو نێوماڵە شپرزەیە، کورد دەتوانێت گەمەکەرێکی سیاسی باش بێت !
هەرچەندە هێشتا ئەمریکا بێ ئومێد نەبووە لە یەکخستنەوەی هێزەکانی حەفتاو هەشتای پارتی و یەكێتی، وا ساڵانێکە لە هەوڵدایە، تەنانەت هێشتا بیست هەزار پێشمەرگە، ئەمریکا موچەیان بۆ دابین دەکات و مەشق و راهێنانیان بەردەوامە. کەوابوو ئەمریکا رژدە لەسەر بوونی هێزێکی تۆکمە کە وەلای بۆ حیزب نەبێت و بۆ ئەوان بێت.
ئێستا سەرکردەی سیاسی بەگشتی ئەوەی پێویستیان پێیەتی بەهای مەعنەویییە، واتە نیشاندانی جێدەستی سیاسی لە دۆزی کورددا، وەک لە دەسکەوتی ماددی کە لەچەندین ساتی گرنگدا لەگەڵ ئەمریکا، دەسکەوتی مادی و چەک و پێداویستی سەربازی، خەیاڵبەر بووە.
هەرێمی کوردستان لەبەر دەم ئەوەدایە، گەورەترین پێگەی ئەمریکا لەوێ بچەسپێت، هاوشێوەی بنکەکانیان لە ئیسرائیل و سعودییەو ئیمارات. ئەگەر سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێ کە تارادەیەکی زۆر هاوئاوازی ئەمریکایە، رای ئەمریکا نەگۆڕێت، بەوەی کە سیاسەتەکانی دوورە لە سەنگەرەکانی ئێرانەوە و پابەند دەبێت بە نەهێشتنی ئەو هێرشانەی جارجارە دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا کایەکە لەبەرژەوەندی کورددایە.
لە دنیادا سیاسەت گریمانەیە، ئەوەش گریمانەیەکە کورد دەبێت ئامادە بێت بۆ قۆستنەوەی، کە زۆر جار رویداوە هەر گریمانەیەو بووەتە واقعێکی بەرجەستەکراو.
لە رۆژئاواش راگەیاندنی یەکەم گرێبەستی وەبەرهێنانی نەوت لە لایەن لیندسی گراهان سیناتۆری سەر بەکۆمارییەکان و نزیک لە سەرۆک ترهمپ لە ئەنجومەنی نوێنەران و لەبەردەم وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکاوە، خۆبەخۆی ئاشتکردنەوەیەکی لایەنی بەرامبەرەو دەستگرتنە بەسەر وزەی ناوچەکەو دوور خستنەوەی ئێران و روسیایە لەوبوارە، هەروەها مانەوەو بەهێزبوونی پێگەی ئەمریکایە لە خۆرهەڵاتی فورات، بەشێوەیەکیش تارادەیەک دەتوانین بڵێین دانپێدانانێکی شاراوەی سیاسییە بە ئیدارەی خۆسەری، هەرچەندە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەستەڵەکێکە زەحمەتە بە هەڵاوی ئەو پەیوەندییەی نێوان پەیەدەو ئەمریکا بتوێتەوە، وێڕای ئەوەش ئەمریکا لە هەوڵەکانی نەوەستاوە بە دوور خستنەوەی پەیەدە لە پەکەکە و دروستکردنی رێکەوتنێک لە نێوان شەڕکەرەکانی دوێنێ و دۆستەکانی ئەورۆی سەرخوانی نەوت.
کورد نەگبەت نییەو کەم فرسەتیش نەبووە، کەسیش خیانەتی لێ نەکردووەو پشتیشی تێ نەکردووە، هەموو قۆناغێک سەرکردەی سیاسی خۆی دەوێت، دەشتوانێت راوچی بەرژەوەندییەکان بێت یان هەموو نەتەوەکە بکاتە نێچیر.