سەرنجی یاسایی لەبارەی پێشنیازە یاسای ( ڕێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان)
8/14/2020 10:12:00 AM
دانا دارا حسین
- ڕاستە لە هەرێمی
كوردستان چەند یاسایەك هەندێك لە بواری كاری ئەلكترۆنی ڕێك دەخەن وەك : یاسای ژمارە
6ی ساڵی 2008 ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی
كوردستان – عێراق , و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان
, و یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 ی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان , بەڵام
ڕێكخستنی كۆی بوارەكانی ئەم شۆڕشە مەعلوماتیە تا ئێستا بەیاسایەكی سەربەخۆ نەكراوە
.
- ئاستەنگەكانی بەردەم
ئەم پێشنیازە یاسایە :
1. تەقنین كردنی
ئەم بوارە ووریاییەكی زۆر باشی دەوێت , لەبەر ئەوەی سەرجەم بوارەكانی تەكنەلۆجیا
سنورەكان ناناسێت , وە شكۆی وڵات و سەروەریەكەی و تایبەتمەندی كۆمەڵگاكان ڕەچاو
ناكات , تەنانەت باز دەدات بەسەر سەروەری یاسا و ڕەهەندە نیشتیمانیەكانیشدا .
2. ڕێكخستنی بوارێك
كە سەرچاوەكەی لەبەردەستی تۆنیە , كارێكی زۆر قورس و گرانە .
3. تۆڕەكانی ئینتەرنێت
سەرجەمیان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی و بەڕێوە دەبرێن , وە بەشێوەیەكە كە
كەرتی حكومیش وەك هاوڵاتیان بەشدارن و یەكێكن لە كڕیارەكانی .
4. زۆری بوارەكانی
ڕێكخستنی ئەم بوارە وادەكات كە خودی دادگاكان تا ڕادەیەك دەست بەستراو بن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی وەك لادان یاخود تاوانە ئەلكترۆنیەكان , ئەنجام دەدرێن .
5. ڕێكخستنی ئەم
بوارە بەیاسایەك بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكار بۆ تەسك كردنەوەی بواری ئازادی ڕادەربڕین ,
پێویستە یاسادانەر هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی داب و سیستەمی گشتی لەلایەك و
پاراستنی ئازادیەكان بەتایبەت لە نێو میدیاو تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی بەم یاسایە بپارێزێت
و یاساكە نەكاتە قەدەغە كردن بە پشتیوانی یاسایی .
6. ئەو ئەزمونانەی
لە پێشن بۆ ڕێكخستنی ئەم بوارە بەم شێوەیەن ( ئەزمونی میصریەكان كە لەنێو وڵاتە عەرەبیەكاندا
بە یەكەم ئەزمون دادەنرێت , پاشان ئەزمونی تونسە لەم بوارەدا , پاشان وڵاتانی تریش
بەدوایاندا هاتن : ئەردەن , مەغریب , جەزائیر
, كوەیت , عێڕاق ) .
7. نمونەی ڕێكەوتننامە
و یاساكانی ئەم بوارە بریتین لەمانە :
- ڕێكەوتننامەی بۆدابست
2001
- ڕێكەوتننامەی عەرەبی
بۆ قەڵاچۆكردنی تاوانە ئەلكترۆنیەكان .
- یاسای ڕێكخستنی
ڕاگەیاندنی ئەلكترۆنی كوەیتی ژمارە 8ی ساڵی 2016
- ڕەشنوسی یاسای
تاوانە ئەلكترۆنیەكان ی عێڕاق .
8. ڕەشنوسی یاسا
عێراقیەكە بەناوی ( قانون الجرائم المعلوماتیة العراقی ) كە ساڵی 2011 لە ئەنجومەنی
نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و تا ئێستاش نازانرێت كە چارەنوسی چۆنە , ڕەخنە
و سەرنجی زۆری لەسەر وترا , نمونەی وەك ڕێكخراوی (هیومان رایتس ۆچ ) زۆرترین سەرنجی
هەبوو لەسەری و لەبارەیەوە ڕاپۆڕتێكی بڵاوكردەوە بەناوی ( قانون سيء الصياغة و
عقوبات وحشية تنتهك حقوق و اجرائات التقاضى السليمة و حرية التعبير ) .
+سەرنجەكان لەسەر
پێشنیازە یاساكە :
1. پێشنیازە یاساكە
لەبری پەنا بردن بۆ هەمواری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم ,
هاتوە یاسایەكی نوێ ی بۆ ئەم بوارە دەركردوە كە بەهۆیەوە جۆرێك لە فەوزای تەشریعی
دروست دەكات , وەك زانراویشە كە پێشنیازەكە بۆ ڕێكخستنی بواری میدیای ئەلكتۆنیە ,
نەك سەرجەم بوارەكان بەتایبەت تاوانە ئەلكترۆنیەكان .
2. سەبارەت بە
ناونیشانی تەشریعەكە , ئەگەر بویسترێت كە تەواوی چالاكیە ئەلكترۆنیەكان بگرێتەوە ,
ئەوا دەبێت ناوی تەشریعەكە بە شێوەیەك كە گونجاو بێت دەستكاری بكرێت .
3. ماددەی 1 كە پێناسەی
چەمك و دەستەواژەكانە , تیایدا خزمەتگوزاری بە یان لەگەڵ ڕیكلامی بازرگانی كراوەتە
دوو شتی جودا . پێویستە چاك بكرێت , هەروەها بەبازاڕكردن و كڕین و فرۆشی ئەلكترۆنی
و پاشان بە خاڵێكی جودا چەمكی (حكومەتی ئەلكترۆنی ) پێناسە و بۆ زیاد بكرێت .
4. ماددەی 4 ی پێشنیارە
یاساكە كە تەرخانە بۆ (بواری جێبەجێكردنی یاساكە ) دەبێت لەڕوی ڕیزبەندیەوە بخرێتە
دوای ماددەی یەكەمەوە .
5. وە سەبارەت بە
خاڵی كۆتایی هەمان ماددە , كە حوكمەكانی ناو ئەم یاسایە لاپەڕەی ناو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان
دەگرێتەوە , پێویستە بنوسرێت كە ( ئەوانەی بەناوی خاوەنی ڕاستەقینەیانەوەن ) و و
پاشان پێویستە كەلە هەمان بڕگەدا ناوی سەرجەم ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانە بهێنرێت كە
حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیان گرێتەوە .
6. ماددەی 5ی پێشنیارەكە
ببرێتە بەشێكی كۆتایی بەناوی (حوكمە كۆتاییەكان)ی یاساكە .
7. ماددەی 6 و 7 ی
پڕۆژەكە لە مەرجی خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەردا , تەمەنی 21 ساڵی وەك تەمەنی یاسایی
و كامڵ بونی ئەهلیەت داناوە , ئەمەو لەكاتێكدا بەپێی یاسای شارستانی عێراقی بەركار
تەمەنی یاسایی تەواوكردنی تەمەنی 18 ساڵیە .
8. ماددەی 9 لە پێشنیارەكە
دەستەواژەی (بیفرۆشێ) بكرێتە وشەیەكی تر .
9. ماددە 11 مافی
پۆزش هێنانەوە بۆ هەموو كەس بنوسرێت , هەروەها دەستەواژەی (بەدرۆخستنەوە ) بۆ دەقی
تەشریعی جوان نییە پێشنیار دەكەم بگۆڕێت .
10. ماددەكانی
12+13+14 لە پێشنیارەكە , بكرێت بە بەشێكی سەربەخۆ بەناوی (حوكمە سزاییەكان) ەوە .
11. ماددەی 15 كە
دوو مافی ژماردون و زۆر بە كورتیە , بەبێ ئەوەی كە ناونیشانێكیش بەناوی ئەركەكان
دیاربێت , پێویستە بخرێتە سەرەتای بەشەكەوە و ناونیشانیش وەربگرێت .
12. ماددەی 16 پێویستە
ناونیشانی حوكمە سزاییەكان وەربگرێت و بڕگە بگە بكرێت .
13. لە بڕگەی یەكەمی
ماددەكە , دەستەواژەی (پەلامار ) بكرێت بە (دەست درێژی ) .
14. وە دێڕەكانی
چوارەم و پێنجەم بكرێت بە بڕگەی سەربەخۆ چونكە لێك جودان , وە تەواوی بڕگەكانی ئەم
ماددەیە وەك حوكمی سزایی داڕشتنەوەی بۆ بكرێتەوە .
15. ماددەی 17 لە
پێشنیارەكە كە ماوەی 3 مانگی بۆ تەقادومی هەر تاوانێكی ئەلكترۆنی داناوە وەك تاوانی
تەشهیری ڕۆژنامەنوس , ئەوا باش و گونجاوە , بەڵام پێویستە پرسی (شروعیش ) لە ماددەكەدا
باس بكرێت .
16. ماددەی 22 كە
تەرخانە بۆ ماددە پڕۆتۆكۆلیەكان و ڕاستەوخۆ دوای بڵاوكردنەوە جێبەجێ دەكرێت ,
گونجاوە كە بنوسرێت دوای 30 ڕۆژ لە بڵاوبونەوەی , ئەمەش لەپێناوی ئەوەی كە بگات بە
عیلمی تەواوی هاوڵاتیان .
17. لەكۆتایدا هۆیەكانی
دەرچون بكرێت بە هۆكارە پێویستەكان , كە یاساییە و وەرگێڕانی دەستەواژە عەرەبیەكەشە
بەشێوەیەكی زانستی .
*ڕاوێژكاری پەڕلەمانی كوردستان