1093وتار

ژیان دوای کۆڕۆنا

4/30/2020 4:37:00 PM
فواد سدیق

ئێستا پرسیارێک تەواوی جیهانی سەرقاڵی خۆی کردووە، ئەویش ئەوەیە ژیان دوای کۆڕۆنا چۆن دەستپێدەکاتەوە؟، ئاخۆ مرۆڤایەتی بەرەو کوێ مل دەنێ ؟ کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان ،کەرامەتی  ئینسان، خۆشەویستی، ئەمانەو دەیان زاراوەی دیکە، چ گۆڕنێکیان  بەسەردا دێت؟ ئایا لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری تەکنۆلۆژیا ئەمانەش ئاراستەیەکی باشتر وەردەگرن، یان بە پێچەوانەوە، مافی مرۆڤ کودەتایەکی سپی بەسەردا دەکرێت و ئیتر ژیان دەکەوێتە دۆخێکی پڕ مەترسیدارترەوە ؟ چونکە کۆڕۆنا کۆتایی بە مرۆڤی کۆن و ئەقڵی کۆن و بە سیستەمی کۆنی ئابووری و سیاسی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و زانستی و...هتد  دەهێنێت ، لەجێگەیاندا، ئەقڵێکی نوێ و سیستەمێکی نوێ جێگیردەبێت، بەڵام ئاخۆ چەند لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا دەبێت، ئەوەیان گرنگە.  ساڵی 1932 ئەلبێرت ئەنشتاین و ئینجا ئیرنست راژر فورد و هەروەها نیلز بوهر ، بنچینەی فیزیایان بۆ دروستکردنی وزەی گەردیلە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دانا ، کە بتوانرێ گەشت بۆ سەر ئەستێرەو هەسارەکانیش بکرێت، بەڵام هەر لە دووەمین شەڕی جیهانییەوە تا ئەمڕۆ ئەم دۆزینەوەیە هەر بۆ مووشەک و نارنجۆکی ئەتۆمی بەکارهێنراوە.  مەترسییەکی زۆر هەیە، کۆتاییهێنانی کۆڕۆنا، کۆتاییهێنان بێت بە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ، چونکە تەکنۆلۆژیا چەندی پێشبکەوێت شوێنەواری خراپ  بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی دروستدەکات. بەپێی ئەو تۆژینەوانەی لە چین بڵاودەکرێنەوە، ئێستا چین لە رێگای خوێنی مرۆڤەکانەوە، بێئەوەی ئەو مرۆڤە بچێتە تاقیگە(مختبر)، بەڵکو لەرێگای ئەو دەمامکەی دەیبەستێ دەتوانێ لە رێگای خوێنەوە، بزانێت بەرانبەرەکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای گرتووە یان نەیگرتووە، تۆ ئەمە ورد بکەوە، سبەی حکومەتەکان، هەر کەسێکیان بوێت، پێویست بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ناکات، لەرێگای خوێنییەوە دەزانن لە کوێیە؟، قسە لەگەڵ کوێ دەکات؟، کوێی بینیوە؟،خاوەنی چ پڕۆژەیەکە؟،  تەنانەت رەنگە بزانن چۆنیش بیردەکاتەوە!!، لێرە پرسیارە قوڕسەکە ئەوەیە، ئەی چارەنووسی ئۆپۆزیسیۆن چی بەسەر دێت ؟ ئەی رێکخراوەکانی ناحکومی چۆن دەتوانن بمێنن؟  ئەی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ ؟ ئەی تام و چێژ وەرگرتن لە ژیان؟ راستە ئەوکات شێوازی ژیان بەجۆرێکی تر دادەڕێژرێتەوە، بەڵام بەهایەک بۆ کەرامەتی مرۆڤ دەمینێتەوە ؟! 
  ئێستا  کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەهۆی کەرەنتینەو خۆ پاراستن لەم ڤایرۆسە، وەکوو سۆفی لە خەڵوەتدایە، بەڵام ئەوەی باسمان کرد، ڤایرۆسێکی دیکەیە دەوڵەت  بەرامبەر بە هاووڵاتی بەکاریدەهێنێت.    تا پەتای کۆڕۆنا بەردەوام بێت، شوێنەواری  قووڵی قەیرانەکان بە وردی روون نییە، بەڵام کە کۆڕۆنا کۆتاییهات و ژیان ئاسایی بووەوە، ئەوکات دەزانرێ هەر وڵاتەو دەکەوێتە چ دۆخێکی دژوارەوە، کە تا بڵێی پڕە لە ئاستەنگی قووڵ. 
  کەم نین رای ئەو تۆژەرانەی پێشبینی ئەوە دەکەن، دوای کۆڕۆنا چین ناوەندی یەکەم وەردەگرێت و هەریەک لە هیندو ئەندۆنیسیاو مەکسیک و بەرازیلیش بەشێوەیەکی بەرچاو دێنە پێشەوە  وەک بڵێی لەسەر ئاستی جیهان لە دە وڵاتە پێشکەوتووەکەی ئابووری دەبن ،ئەمە ئەگەر ئەو پێشبینییە راستیش بێت، نابێ ئەوەندە سادەو ساویلکە بین پێمانوابێت چین باشترە لە ئەمریکا، هەردووکیان دوو رووی یەک دراون، جیاوزییەکەیان ئەوەندەیە، ئەمریکا بەهێزی سەربازی خۆی دەسەپێنێ و وەک پۆلیس رەفتاریکردووە، چینیش بە هێزی نەرم، بەڵام لە رێگای ئابوورییەوە خۆی هەژموونی خۆی فراوانکردووە و، وەکوو گا هەڵتدەلووشێ. ئێستا بازاڕی چین لەسەرتاسەری ئەم جیهانە هەیە، لەم چەند ساڵەی دواییدا بازاڕی چینی لە ئەوروپاش  باش گەرم بووە.هەر ئەم بازاڕ گەرمبوونەیە وایکردووە چین بێتە ریزی پێشەوە.لەم دوو سێ ساڵەی دواییشدا، بودجەیەکی یەکجار زۆری بۆ کاروباری سەربازی تەرخانکردووە!!.
   دوای کۆڕۆنا بەهۆی پەڕپووتبوونی ئابووری زۆر وڵات ، رێژەی بێکاری و  تاوان و دزی و توندوتیژی زیاتر دەبن،تەکنۆلۆژیا لە رابردوو زیاتر  دەکەوێتە پێشبڕکێوە، هەموو ئەمانە لەسەر حسابی هاووڵاتییەکانیان دەبێت، بەڵام لەولایشەوە دۆخی تەندروستی بە گشتی گرنگی زیاتری پێدەدرێت و هەوڵدەدەن بتوانن رووبەڕووی هەر کارەساتێکی دیکەی وەک کۆرۆنا ببنەوە، خوێندن و پەروەردە دەچێتە قۆناخێکی پێشکەوتوو تر، کولتوورو رۆشنبیری وڵاتان، زیاتر لە رابردوو خۆپارێزی تێدا دەکرێت و هەر وڵاتەو گەشە بە کولتورو رۆشنبیریی وڵاتەکەی خۆیدەدات، شێوازی هاوکاریکردن تا رادەیەک بەرکەنار دەکرێت.
    تاکە خاڵێک کە دوای کۆڕۆنا جێگای خۆشحاڵییە، ئەوەیە ئیتر هەموو وڵاتەکانی جیهان، دەبێت لە خەمی ئەوەدا بن هیچ نەتەوەو کۆمەڵگایەک بە ژینگەکەیەوە فەرامۆش نەکرێت، چونکە پەتای کوشندە لە مرۆڤێکەوە دەستپێدەکات و بە خێراترین شێوە دەگاتە سەرتاسەری جیهان، بینیمان کۆڕۆنا وابوو، لە شاری وهانەوە چۆن هەموو جیهانی لەماوەیەکی زۆر پێوانەییدا تەنی. بۆیە پێویستدەکات دۆخی تەندروستی بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی گرنگی پێبدرێ، دەنا بەردەوام پەتایەک، ڤایرۆسێک، لە مرۆڤێکەوە بۆ هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بڵاودەبێتەوە. کەواتە لە رووی زانست و  زانستی تەندروستییەوە، جۆرێک لە هاوکاری نێوان وڵاتان و هەماهەنگی نێوانیان دروستدەبێت. ئەمەشیان لە ناچارییە.
    گوتاری سیاسی و ئایینی دوای کۆڕۆنا، نەرمتر دەبێت و زیاتر بە ئاراستەی  واقیعبینیدا دەڕوات، نەک لەسەر بنەمای درۆو  وەهم،وەک چۆن ئەمڕۆ خەڵک بە دروشمی شۆڕشگێڕانە ناژی،نان و ئازادی دەوێ، ئاوەهاش خەڵک بەدوای وەهم و درۆ ناکەوێت، بەڵکو بەڵگەی دەوێت بەڵگەی زانستی. بێگومان جیهان پێویستی بە پیاوی ئایینی دەبێت، بەڵام ئەوانەی  چاکەخوازن و  لێبوردەیی دەگەیەنن، نەک ئەوانەی هەمیشە مایەی فیتنەو دڵەروکێ و بڵاوکردنەوەی ژەهرن بەسەر هەست و بیرکردنەوەی خەڵکیدا. هیچ کۆمەڵگایەک پێویستی بەوە نییە لە رێگای گوتاری سیاسی و ئایینەوە، ترس و دڵەراوکێ بڵاو بکرێتەوە. وا پێدەچێ ئیتر فاڵگرەوەی سیاسی و ئایینی و ...هتد فاڵگرتنەوەکەیان بەتاڵ بێتەوە، عەرەب گوتەنی( انقلب السحر على الساحر)، کوبا جوانترین نموونەی مرۆڤایەتی پێشکەش بە جیهان کرد، کاتێ وتیان ئێمە موشەک و فڕۆکە بۆسەر گەلان و وڵاتان نانێرین، بەڵکو پزیشکیان بۆ دەنێرین، لەکاتێکدا کوبا  لەوەتەی بۆتە دەوڵەت لەلایەن ئەو وڵاتانەوە گەمارۆی خراوەتە سەر. ئەوەی کوبا کردی، نموونەیەک بوو لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکاو ئینجا ئەوروپاشی شەرمەزار کرد، کە (60)ساڵ زیاترە گەمارۆیان لەسەر داناوە. بۆیە ئەم قەیرانی کۆڕۆنایە، کودەتایەک بوو بەرانبەر بە چەمکەکانی بەها،بەرانبەر بە  سیستەمی ئەخلاقی و سیاسەت و  ئابووری و کۆمەڵایەتی.
جۆرج ئۆرێل  بە رۆمانە بەناوبانگەکەی1984  کە لە ساڵی 1948 نووسیویەتی،ساڵی 1949 چاپیکردووە.پێشبینی جوانی کردبوو،بەوەی حیزبە تۆتالیتارەکان، دوورن لە بەها مرۆییەکان و لە حزبی تۆتالیتاریدا ئەم زاراوانە بەدیدەکرێن، برا گەورە، تاوانی فکر، 2+2=5 بیرکردنەوەی ئیزدواجیانە، سیستەمی سەرکوتکار بەردەوام دوژمن دروستدەکات  و زۆر بابەتی دیکە، گرنگی ئەم رۆمانە لەوەدا بوو روانینێکی ئاییندەیی بوو نەک رابردوو. گەورەیی رۆمانیش ئا لێرەدایە نەک رۆماننووس ببێتە حیکایەتخوان. هەروەها(راسل چاکوبی)ش لە کتێبە جوانەکەی(کۆتایی یۆتۆپیا) کە جەختی لەسەر جیهانی بێ موبالات و نیشتمانپەروەری لاوازو کەمی حیکمەت بەڵام  سەرشێتی زۆرو، زۆر شتی تر کردۆتەوە، راستە ئەم کتێبانە دەمێکە نوسراون، بەڵام هێزی ئەمجۆرە کتێبانە لەوەدایە(هەڵبەت ئەمانەو چەندین کتێبی دیکە)، ئەوەمان بۆ رووندەکەنەوە، دوای کۆڕۆنا،ئەو ئاراستانە دەگۆڕدرێن و بەرپرسیارێتی  شوێنی خۆی دەگرێت. چۆن یەکێتی سۆڤێت لەبەرانبەر فیکری رۆژئاوا دۆڕاندی و کەوت، ئەمجارەش ئەمریکا بەرانبەر بەهاکانی مرۆڤایەتی و دادپەروەری و متمانەدان بە دۆست و هاوپەیمانەکانی خراپ دۆڕاندی.
پەتای کۆڕۆنا، لە هەموو پەتاکانی دیکەی سەدەی بیستەم دژوارترە،تا ئێستا زیانی مادی زیاتر لە (6) تریلیۆن دۆلار بووە،دوای کۆڕۆنا کۆتاییهاتنی مێژووی رابردووەو دەستپێکی مێژوویەکی نوێیە، واتا جیهان لە دوای کۆڕۆنا لە نوێوە خۆی رێکدەخاتەوە،ئەو کەلێنانەی بە  ئاراستەی ژینگەو تەندروستیدا هەن، چار نییە چارەسەردەکرێن، زانست و تەندروستی و فێربوون، تەنیا هۆکارن بۆ مانەوەی مرۆڤ بە بەختەوەری، دەنا هەموو ئایدیۆلۆژیاکان جۆرێک لە ڤایرۆس و پەتا بوون بەناو کۆمەڵگادا بڵاو بوونەتەوە، ئەو ئایدیۆلۆژیایانە بوونەتە هۆی کوشتنی دەیان و بگرە سەدان ملیۆن کەس، تەنیا  لە سەدەی 20 ، دوو شەڕی گەورەی جیهانیشیان بەرپا کردووە، هاتنی کۆڕۆناو بڵاوبوونەوەی و بەردەوامبوونیشی، بەهۆی گرنگی نەدان بووە بە زانست و تەندروستی و فێربوونەوە. بۆیە لە ئاییندە دۆخی تەندروستی و زانست و فێربوون باشتر دەبێت. 
    فەلسەفەی رۆشنگەری جەختی لەسەر گەڕانەوە بۆ ئەقڵ  دەکردەوە، بەڵام تا ئێستا قوتابخانەیەکی فەلسەفی سەریهەڵنەداوە لە ماناو رەهەندەکانی مرۆڤایەتی بکۆڵێتەوەو لە مانای بوونی مرۆیی بدوێ،ئەوکاتانەی مرۆڤەکان زیندوون، بەڵام رۆحیان  وشک بۆتەوە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیە سەرتاپایان رۆحیان وشک هەڵگەڕاوە، بەڵام بەردەوامیشن لە ژیانی ئاسایی خۆیان، رەنگە کۆمەڵگای کوردی یەکێک لەو کۆمەڵگایە رۆح وشک هەڵگەڕاوانە بێت.
 ئەو رۆژئاوایەی هەموو تەکنۆلۆژیاو فەلسەفەو ژیان و پێشکەوتنی بۆ خۆی کۆنتڕۆڵ کردبوو، ئەمریکایەک ببووە پۆلیس بەسەر هەموو جیهانەوە، کۆڕۆنا چۆکی پێداداو، بینیمان توانای هاوکاری مرۆیی بەپێی پێویست نەبوو، ئەو متمانەیەی لەدەستدا کە یەکەمی بێ رکابەرەو سەرکردایەتی جیهان دەکات، ئەمجارە  رۆژهەڵاتیش رۆڵێکی زۆر کارای دەبێت و ئەفسانەی رۆژئاوا وەکوو پێش کۆڕۆنا نامینێتەوە، ئالان تۆرین یش جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئیتر ئەمریکا  دەبێت لە سەرکردایەتیکردنی جیهان خۆی بکشێتەوە دواوە. بەڵام بە تەنیا چین ناچێتە پێشەوە، بەڵکو لەگەڵیدا ، تایوان، مالیزیا، سەنگافورە، کۆریای باشور، یابان، ئەندەنووسیا، هیند ،هەر یەکەو بە رێژەی جیاواز هەنگاوی گەورە دەهاوێن.
  دابڕانی کۆمەڵایەتی بەهۆی ئینتەرنێتەوە خۆی لە خۆیدا مەترسییەکی گەورە بوو بەڵام وڵاتانی جیهان گرنگیان بەو مەترسیە بۆ سەر ئایندەی ئەمڕۆ نەدەدا، تا گەیشتە ئەوەی کە دەرکەوت مرۆڤ هێشتا بوونەوەرێکی لاوازەو لە هەر کاتێکدا بۆی هەیە تووشی پەتایەکی کوشندە ببێتەوەو ژیان لەدەست بدات. 
 راستە هێشتا ئەمریکا کارتی زۆر گەورەی بەدەستەوەیە، بەڵام زۆرجار نەیتوانیوە بە باشی سوودی لێ وەربگرێت،.ئەوەتا تا ئێستاش لەم قەیرانە قووڵەدا هاوکاری هاوپەیمانەکانیشی نەکردووە،تەنانەت خۆیشی پشکی شێری لەو قەیرانە قووڵە بەرکەوتووە بۆیە دەبینین خەریکە هاوپەیمانەکانی لەدەستدەدات و متمانەیەک لەنێوانیان نامینێ.هەروەها سەقامگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی لەباریەکهەڵوەشاندۆتەوەو زمانی هەڕەشەو سزا بەکارهێنان جێگەی گرتۆتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن